وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Monday, June 27, 2005
ئا‌مسته‌ردام به‌ جێدێڵم



هه‌فته‌ی دادێ ئا‌مسته‌ردام به‌ جێدێڵم ، به‌ ته‌مام ئه‌و شاره‌ی نێزیکه‌ی سێ ساڵ تێیدا ژیام و بیره‌وه‌ریی تاڵ و شیرینم ده‌گه‌ڵ زۆرن، به‌ جێبێڵم و بۆ خوێندن بچمه‌ شارێکی دیکه‌ی هۆڵه‌ند . به‌ خۆمده‌ڵێم : ئه‌رێ فڵانی ، ئه‌وه‌ چ چاره‌نووسێکه‌ بۆتدانراوه‌ ، هه‌ر رۆژه‌ی له‌ شوێنێکی و هه‌ر ساڵه‌ی خه‌ڵکی شارێکی ؟! .
به‌ڵام زوو دڵخۆشیی خۆمده‌ده‌مه‌وه‌ و ده‌ڵێم : مادام کوردێکی بێوه‌ڵاتی ، چاوه‌ڕوانی ئه‌و ماڵبه‌کۆڵییه‌ش بکه‌ .
* * *
ئا‌مسته‌ردام به‌ ناو پایته‌ختی شانشینیی هۆڵه‌نده‌ ، به‌ڵام نه‌ حکومه‌ت و نه‌ پارله‌مێنت له‌و شاره‌دا نین و ماڵی شاژنی لێده‌رچێ ، ده‌زگایه‌کی ده‌وڵه‌تیی زۆر گرنگی تێدا نابینی .
هه‌ندێک خه‌ڵک ئێره‌ به‌ ( نیویۆرک ) ی دووه‌م ناودێنن ، وه‌لێ ئه‌گه‌ر ئامسته‌ردام نیویۆرک بێت ، ئه‌وا نیویۆرکێکی خوه‌دیی باڵه‌خانه‌ سه‌ر به‌ هه‌وا گه‌یشتووه‌کان و شاری هه‌میشه‌ نائارام و پڕ له‌ ئالارمی پۆلیسه‌ ماندووه‌کان نییه‌ ، به‌ڵکو ئێره‌ شارێکی قه‌ره‌باڵغی ، هه‌میشه‌ ئارامه‌ .
* * *
ئه‌وه‌ی له‌و شاره‌دا حوکمفه‌رمایه‌ ، ره‌نگاوره‌نگیی رووخساره‌کان و پێکه‌وه‌ ژیانێکی دوور له‌ توندوتیژییه‌ ، ئێره‌ وه‌ک فه‌رهاد پیرباڵ ده‌رباره‌ی پاریس فه‌رموبووی : شاری پڕ له‌ حه‌یوانات نییه‌!! ، به‌ڵکو شاری ئاده‌میزاده‌ فه‌رهه‌نگ جیاواز و نه‌ریته‌ وێکنه‌چووه‌کانه‌ .
ئه‌گه‌ر به‌ ناوه‌ندی بازاڕدا پیاسه‌بکه‌یت و بته‌وێ له‌ زمانی هه‌موو ئه‌و بنیاده‌مانه‌ تێبگه‌ی که‌ به‌ڕێوه‌ ده‌ئاخڤن ، ئه‌وه‌ ناچاری حه‌وت وشه‌دانی گه‌وره‌ له‌کۆڵنێی و هه‌ر خه‌ریکی پاچڤه‌کردنی قسه‌ی ئه‌وانه‌ بیت، که‌ به‌ ئاوازی جودا و به‌ شێوازی هه‌مه‌جۆر ده‌میان ده‌بزوێ ! .
ره‌نگه‌ به‌ ده‌م رێگاوه‌ کچۆڵه‌یه‌کی قژڕه‌شی ئیسپانی ببینیت ، که‌ به‌ هۆی هۆڵه‌ندینه‌زانینه‌وه‌ پێتبڵێ : بۆیناس دیاس (1) . یان ده‌کرێت به‌ رێکه‌وت تووشی ئیتاڵیاییه‌ک بیت که‌ به‌ده‌م هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ پیتزافرۆشیه‌کدا ، به‌ خاوه‌نه‌که‌ی بڵێت : گراسیاس (2) . یانیش ده‌شێت ئیسرائیلییه‌ک به‌ره‌ورووت بێ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ شێوه‌ی ده‌موچاوته‌وه‌ به‌ جوله‌که‌ت تێگه‌یشتبێ ، زۆر به‌رێزه‌وه‌ پێتبێژێ : شاللۆم ئالێخۆۆم (3) . یان ئه‌گه‌ر هیچیه‌ک له‌وانه‌ نه‌بینی ، ئه‌وه‌ له‌ چێشتخانه‌یه‌کی میسرییه‌کاندا ، گوێت له‌ ده‌نگی نه‌شازی گه‌نجێکی قژلوولی ڕه‌شداگه‌ڕاو بێ ، که‌ بێ گوێدانه‌ مه‌زاجی میوانه‌کانی ، هاوار بکات : یا حه‌ماده‌ ، ته‌عاله‌ یه‌خوویه‌ (4).
* * *
ئامسته‌ردام ، به‌ باڕ و دیسکۆتێکه‌ دڵڕفێنه‌کانی به‌ ناوبانگه‌ ، له‌و شاره‌دا ناوچه‌یه‌ک هه‌یه‌ که‌ سه‌رتاسه‌ر سۆزانیخانه‌یه‌ و هه‌میشه‌ له‌به‌ر سه‌ردانکه‌ره‌ گه‌شتیاره‌کان جمه‌ی دێت ، من نێوم له‌و شوێنه‌ ناوه‌ ( کۆڵانی کچه‌ ته‌نهاکان ) ، چونکه‌ کاتێک بۆ پیاسه‌ و سه‌یرکردن به‌وێدا تێبپه‌ڕیت ، به‌ده‌ستخۆت نابێت ، سکت به‌و مێیینه‌ ته‌نهایانه‌‌ ده‌سووتێت ، که‌ به‌ مایۆیه‌کی ته‌نک ، له‌ پشت شووشه‌یه‌کی به‌ گڵۆپی سوور رووناککراوه‌ ، په‌نجه‌ت بۆ راده‌کێشن و به‌ بێتاقه‌تییه‌وه‌ ده‌ڵێن : که‌مان به‌یبی! (5) .
له‌وێ سه‌یرت پێدێ که‌ ئه‌و کچۆڵانه‌ چۆن تاقه‌تی هاوپێخه‌فییان هه‌یه‌ ده‌گه‌ڵ پیاوێک ، که‌ به‌ بۆنی حه‌شیشه‌که‌ی کاس ده‌بیت و یه‌کێکی دیکه‌ش که‌ هێنده‌ی وێسکی و بیره‌ و ڤۆدکا خواردۆته‌وه‌ ، که‌ له‌ دووره‌وه‌ ناچارتده‌کات ده‌ست به‌ لووتته‌وه‌ بگریت ؟! ، له‌وێ چه‌نده‌ نیگا سێکسییه‌کان ده‌توروژێنن ، هێنده‌ش چاوی ماندووی کچه‌ منداڵکاره‌کان ئازارتده‌ده‌ن .
* * *
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆڵه‌ند خاکێکی فشۆڵی هه‌یه‌ ، که‌متر چاوت به‌ باڵه‌خانه‌ی به‌رز ده‌که‌وێ ، ده‌نێو زۆربه‌ی شاره‌کانیشیدا ، رووبار به‌ نێوماڵاندا دێ .
له‌ ئامسته‌ردامیش ، هه‌ر له‌ وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه‌ تا شوێنه‌کانی دی ، به‌له‌مه‌ چکۆله‌ و رازاوه‌کان ئاماده‌ن پیاسه‌ی ناوشارت پێبکه‌ن ، له‌ میانی ئه‌و پیاسانه‌شدا ، ره‌نگه‌ حه‌زبکه‌ی سه‌ر له‌ مۆزه‌خانه‌ی ( فان خۆخ ) یان مۆزه‌خانه‌ نیشتمانییه‌که‌یان بده‌ی ، یانیش ره‌نگه له‌ مۆزه‌خانه‌ی ( مه‌دام توساد ) چاوت ئه‌بڵه‌ق بێ ، که‌ چۆن چۆنی هیتله‌ر و سه‌ددام به‌رامبه‌ر لینین و گاندی ، له‌ قالبی په‌یکه‌ری زۆر ورده‌کاریتێداکراودا‌ چاویان لێک بزکردۆته‌وه‌ ! .
* * *
هه‌فته‌ی دادێ ، ئامسته‌ردام به هه‌موو جوانی و ناشیرینییه‌کانییه‌وه‌ به‌جێدێڵم ، له‌ ماوه‌ی سێ ساڵ مانه‌وه‌دا‌ له‌و شاره‌ ، فێربووم که‌ پێکه‌وه‌ژیانی فه‌رهه‌نگه‌کان مه‌حاڵ نییه‌ و ته‌نێ پێویستیی به‌ کرانه‌وه‌ به‌ رووی یه‌کدیدا هه‌یه‌ .
له‌ ئامسته‌ردام ، فێربووم که‌ ئیشکردن نه‌نگی نییه‌ ، به‌ڵکو خاکه‌ڕایی و ئازاییه‌ ، بۆیه‌ش که‌ له‌سه‌ره‌تای هاتنمدا بۆ ئێره‌ ، هه‌ندێ شه‌و به‌ هۆی ئازاری ده‌سته‌خووساوه‌کانم له‌ سابوونی قاپشۆریی چێشتخانه‌کاندا خه‌وم لێنه‌ده‌که‌وت ، هێنده‌ دڵخۆشبووم که‌ شام نه‌ده‌کرده‌ پاسه‌وانی خۆم ! .
هه‌روه‌تر فێریش بووم که‌ دانیشتن له‌ سه‌ر به‌ڕه‌ی خه‌ڵکی ، ئه‌گه‌ر ساڵ و مانگگه‌لی زۆریش درێژه‌ بکێشێ ، رۆژی له‌سه‌رهه‌ڵستانی هه‌یه‌ و قه‌تیش له‌ کوێستانێ ، دارخورما ناتوانێ وه‌ک به‌ڕوو گه‌وره‌ بێ ! .

(1) رۆژ باش(2) سوپاس(3) سه‌للاموعه‌لێکووم(4) حه‌مه‌ ، ده‌وه‌ره‌ کاکی خۆم!(5) وه‌ره‌ بچکۆل!
نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, June 27, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Tuesday, June 21, 2005
سه رۆکه که مان ناناسم !

ده‌ستنیشانکردنی سه‌رۆکی باشوری کوردستان ، یه‌کێک بوو له‌ جوانترین و دڵوه‌خورپه‌هێنه‌رترین بوویه‌ر ، که‌ له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا بینیم و بیستم .
ئه‌و رووداوه‌ بۆیه‌ جوان بوو ، چونکه‌ پیشانی دنیایدا، که‌ سه‌رده‌می ناوریاییی کورد به‌سه‌رچوو و چیدی قازانجویستیی خۆویستانه‌ی گروپێکی دیاریکراو ، ناتوانێت به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو میلله‌ت به‌ قوربانی خۆی بکات .
بۆیه‌ش دڵوه‌خورپه‌هێنه‌ر بوو ، چونکه ‌تێگه‌یشتم ، چیدی نه‌وه‌ی تازه ، که‌ ده‌گه‌ڵ بێگانه‌یه‌کدا که‌وتنه‌ قسه‌ ، ناچارنابن‌ بۆ ‌ وه‌ڵامی پرسیاری : سه‌رۆکه‌که‌تان کێیه‌ و وڵاته‌که‌تان له‌ کوێیه‌ ؟ ، خۆیان بدزنه‌وه‌.

* * *
ئه‌وکاته‌ی له‌ کا‌مپێکی په‌نابه‌راندا بووم ، له‌ خولێکی کورتی ناسینی زمانی هۆڵه‌ندیدا به‌شداریم کرد ، له‌وێ مامۆستا فێریده‌کردین، که‌ چۆن هۆڵه‌ندییه‌ک حاڵی بکه‌ین خه‌ڵکی کوێین؟ ، هاوزمانێکم ، که‌ کۆمۆنیستێکی ده‌مارگیربوو‌ و ئێستا نووسه‌ریشه‌ ، لێیپرسیم : ده‌ڵێی خه‌ڵکی کوێم ؟ ، به‌ خه‌نده‌وه‌ گوتم : کوردستان ، لێ ئه‌و به‌ تووره‌ییه‌وه‌ جوابیدامه‌وه‌ : ئه‌وان چوزانن کوردستان کوێیه‌؟! ، بێژه‌ ئێراق و بڕایه‌وه‌! .
به‌ڵام که‌ مامۆستا نێوی ( کوردستان) ی بیست ، ئه‌تڵه‌سی سه‌رمێزه‌که‌ی هه‌ڵگرت و نیشانیداین ، که‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به‌ ره‌نگی قاوه‌یی، له‌سه‌ر نه‌خشه‌که‌ و له‌ نێوان چوارده‌وڵه‌تدا زه‌قکراوه‌ته‌وه‌ ، وڵاتێکه‌ ناوی ( کوردستان ) ه‌ و هێشتا سه‌رخۆبوونی وه‌رنه‌گرتووه‌ .

* * *

دووه‌مین شت که‌ مامۆستا ویستی فێرمان بکات ، چۆنیه‌تیی زانیاری به‌خشین بوو به‌ هۆڵه‌ندییان ده‌رباره‌ی وڵاته‌کانمان ، ده‌بوایه‌ بێژین : ئاڵاکه‌مان چۆنه‌؟ ، سه‌رۆکه‌که‌مان کێیه‌؟ ، به‌ چی به‌ناوبانگین و به‌ کام زمانیش ده‌ئاخڤین ؟ .
قوتابییه‌کانی دی ، به‌ کۆمۆنیستی هاوزمانی ئێراقیشمه‌وه‌ ، بێ کێشه‌ هه‌موو شته‌کانیان گوت ، به‌ڵام من که‌ گوتم ‌ : (سه‌رۆکه‌که‌مان ناناسم، چونکه‌ ئێمه‌ ، زۆرتر له‌ سه‌رۆکێکمان هه‌یه‌ ! ) ، هه‌موویان تاسان .

* * *

که‌ هه‌فته‌ی رابردوو ، زانیم به‌شێکی وڵاتی منیش ، خاوه‌نی سه‌رۆکێکه‌ ، خۆزگه‌مده‌خواست ، جارێکی دیکه‌ ، بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئه‌و رۆژه‌ی سه‌رۆکه‌که‌م نه‌ده‌ناسی و پێیان بێژم : ئه‌زیش وه‌ک هه‌ر جیهانییه‌کی دی‌ ، سه‌رۆکێکم هه‌س ! ، حه‌زمده‌کرد لێمبپرسن : بۆ وا شادی؟ ، تا پێیان بڵێم : له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاش سی ساڵ ، سه‌ره‌ڕای هه‌موو کێماسییه‌ک ، ئومێدێکم په‌یدا بۆته‌وه‌‌ بۆ‌ ئازادی .

* * *
هاوڕێیه‌کم ده‌پرسێ : ئه‌و رۆژانه‌ ، شتێک هه‌یه‌ دڵت لێی بترسێ ؟ ، یه‌ژم : ئه‌رێ ، ئه‌وه‌ی دڵم زۆر لێیده‌ترسێ ، ئه‌وه‌یه‌ که‌ پاش نێزیکی چوارده‌ساڵ له‌ ئه‌زمونی تاڵ و به‌سوێ ، میلله‌تی من هه‌ر بێده‌نگ بێ و له‌ کێماسییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی نوێش نه‌پرسێ ! ، ده‌پرسێته‌وه‌ : جا میلله‌ت چیی له‌ده‌ستدێ ؟ ، ده‌ڵێم : پێیده‌کرێ ده‌ سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵاتی نوێوه‌ ڕامێنێ و که‌ هه‌ڵه‌ی دیتن( ئاگری ناڕازیبوون هه‌ڵایسێ ) .

* * *

ئه‌گه‌ر به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ باوه‌شی ئێراق ، سه‌رکردایه‌تیی کورد تووشی هه‌ڵه‌ی نه‌به‌خشراو
بووبێ . ئه‌گه‌ر به‌ دڵسۆزییه‌وه‌ هه‌وڵدانی ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌ ، بۆ سه‌رله‌نوێ بنیادنانه‌وه‌ی وڵاتێک، که‌ سه‌د پینه‌ و په‌ڕۆش نایکاته‌وه‌‌ یه‌کپارچه‌، وه‌ک گوناهی گه‌وره‌ سه‌یر بکرێ . ئه‌گه‌ریش شه‌ڕی براکوژی په‌ڵه‌یه‌کی نه‌نگی بێ و به‌ نێوچه‌وانی ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌وه‌ نووسابێ . ئه‌وا یه‌کده‌نگی و هاوڕێزیی ئێستایان ، ده‌ستپێکی شانازینامه‌یه‌که‌ ، که‌ هه‌موو کورد دڵی پێی خۆشه‌ ، بۆیه‌ش چاویان لێیه‌ ، تۆماری شانازینامه‌که‌یان، به‌ هه‌ڵوێستی کوردانه‌ ته‌ژی بێ .






نووسه‌ر Hemn له‌ Tuesday, June 21, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Monday, June 13, 2005
یاخیبوون یانی چی ؟!


پاڵه‌وانی نێو نامه‌که‌م ، جگه‌رگۆشه‌که‌مه‌ ، جگه‌رگۆشه‌یه‌ک که‌ نه‌ ناوی ده‌زانم ، نه‌ دایکی ده‌ناسم ، نه‌ ده‌شزانم که‌ی و چۆن و له‌ کوێ دێته‌ دنیاوه‌ ، ته‌نها شتێک که‌ ده‌یزانم ئه‌وه‌یه‌ ‌ : ده‌غده‌غه‌یه‌کی ده‌روونی لێمده‌خوازێ نامه‌یه‌ک بنووسم‌ ، که‌ی ده‌خوێندرێته‌وه‌ و به‌ ده‌ستی کێ ده‌گات؟ ، ‌ گرنگ نییه‌ .

* * *

ده‌مێکه‌ سه‌رقاڵی نووسینی ئه‌و نامه‌یه‌م ، به‌ڵام هێشتا نه‌لواوه‌ ‌ بیخه‌مه‌ سه‌ر کاغه‌ز ، هه‌ندێجار گوێ له ترپه‌کانی دڵم ده‌گرم ، ئه‌وان پاڵمپێوه‌ده‌نێن نامه‌که‌ بنووسم‌ ، به‌ڵام هه‌میشه‌ ترسێک ، که‌ پێده‌چێ هی زه‌مانی مردنه‌ ته‌واونه‌کراوه‌که‌م له‌نێو وڵاتدا بێ ، له‌و کاره‌ په‌شیمانم ده‌کاته‌وه‌ .

* * *
نامه‌که‌م ، ده‌یه‌وێ جوابی ئه‌و هه‌موو پرسیاره‌ ترسناکانه‌ بداته‌وه‌ ، که‌ جگه‌رگۆشه‌ هێشتا له‌ دایکنه‌بووه‌که‌م ، ره‌نگه‌ پاش بیست ساڵی دیکه‌ ، یانیش که‌مێک زۆرتر ، له ‌( بابه‌) ی بکا .
ئه‌و پرسیارانه‌ی ، زۆرتر له‌وه‌ی جوابویست بن ، گوناهبارکه‌ر و ئازارده‌رن .
پرسیارگه‌لێک ، که‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی ( بابه‌) ناچاری تێڕامان و به‌ره‌ودوێنێ گه‌ڕانه‌وه‌ بکه‌ن ، وایلێده‌که‌ن به‌ ئاره‌قه‌ی شه‌رماویی سه‌ر ته‌وێڵ و کوڵمه‌کانی هه‌راسان بێ و زۆۆر به‌ هێواشی به‌ جگه‌رگۆشه‌که‌ی بڵێ : من‌ نازانم بڵێم چی !! .

* * *
ده‌کرێ ( جگه‌رگۆشه‌که‌م) گله‌ییی بێده‌نگی و بێهه‌ڵوێستیی خۆم و هاوته‌مه‌نه‌کانم ، له‌ زه‌مانی گه‌نجێتیمانمدا لێبکات ، ئه‌و که‌ ته‌واوی بوویه‌ره‌ تاڵ و شیرینه‌کانی زه‌مانی منی ، له‌ رێی کتێبه‌کانه‌وه‌ خوێندوونه‌وه‌ ، سه‌ری سوڕماوه‌ که‌ ئێمه‌ چ نه‌وه‌یه‌کی ده‌سته‌مۆ و گوناه بووین ؟! ، ئه‌و که‌ شتێکی که‌م ده‌رباره‌ی شه‌ڕه‌به‌رده‌کان و هه‌رای کۆڵان به‌ کۆڵانی سه‌رده‌می منداڵیم و ئه‌و هه‌موو کوڕه‌ ئازایانه‌‌ی له‌وێڕۆژێدا ده‌سته‌چیله‌ی به‌ر ئاوری شه‌ڕی ناوخۆ بوون ده‌زانێ ، له‌ پڕ پێمده‌ڵێ : ئێوه‌ چ بێجورئه‌ت بوون .. بابه‌ ! ، منیش به‌ ده‌ستماڵه‌ گوڵداره‌که‌م نێوچه‌وانم ده‌سڕمه‌وه‌ و ده‌ڵێم : من نازانم جورئه‌ت یانی چی ؟! .

* * *

دوای بیست ساڵ ، یان که‌مێک زیاتری دیکه‌ ، زارۆکێک , بڕیاری ئه‌وه‌ ده‌دا ، که‌ نهێنیی ئه‌و پاشڤه‌ڕۆییه‌ فه‌رهه‌نگی و زانستییه‌ی جڤاکه‌که‌ی ویی داپۆشیوه‌ بزانێ ، ده‌یه‌وێ تێبگات که‌ له‌و وڵاته‌ی هه‌میشه‌ باوکه‌که‌ی به‌ (به‌هه‌شتێکی پڕ له‌ میوه‌ی حه‌رام) ده‌یشوبهێنێ ، کام جۆری کیسه‌ڵ باری قورس و پڕ کێشمه‌کێشی ( گۆڕان ) ی له‌ کۆڵناوه‌ ؟ و گه‌نجه‌کانیشی چاوه‌ڕوانی کام فریادڕه‌سیان کردووه‌ تا ئاگریان بۆ بدزێ ؟ .
ئه‌و که‌ پرسیاری زۆر زۆرن ، جگه‌ له‌ (بابه‌) که‌سێکی دیکه‌ شک نابا ، بۆیه‌ش ده‌چێ ده‌پرسێ : تۆ که‌ گه‌نج بوویت، ده‌تزانی یاخیبوون یانی چی ؟ ، باوکیش گه‌روی وشکده‌بێته‌وه‌ و ده‌ڵێ : من هێشتاش نازانم یاخیبوون یانی چی ؟! .

* * *

کاتێ جگه‌رگۆشه‌که‌م ده‌زانێ سه‌ر به‌ چ نه‌وه‌یه‌کی بێده‌نگ و بێڕه‌نگ بووم ، به‌ نیگاکانی حاڵیمده‌کات که‌ ( جحێڵبوون به‌ بێ یاخیبوون ، یانی ژیان به‌ بێ بوون ) .
تکایلێده‌که‌م نامه‌که‌م بخوێنێته‌وه‌ ، پێیده‌ڵێم : پڕ له‌ دانپیانانی بوێرانه‌یه‌ ! ، لێ ئه‌و پێده‌که‌نێ و ده‌پرسێ: ده‌گونجێ نه‌وه‌ی نایاخی ، دانپیانی بوێرانه‌ی هه‌بووبێ ؟! .
زوو هه‌ست به‌ هه‌ڵه‌که‌م ده‌که‌م و پێیده‌ڵێم : من ‌نازانم ، نه‌وه‌ی نایاخی ، پێویسته‌ چیی
گوتبێ ؟! .

نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, June 13, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Friday, June 10, 2005
خه‌ڵاتی جاویدانی یان سه‌رزه‌نشتی ئه‌رخه‌وانی ؟


ده‌ڵێن : شه‌ڕاب تا کۆنتر بێ ، تامی خۆشتر ده‌بێ ، به‌ڵام واده‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌رێمه‌ دوو قوتبییه‌که‌مان ، تا کۆنتر ده‌بوو ، تامی ناخۆشترده‌بوو .
خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌وجاره‌شیان ده‌ستمان به‌ هێواشی له‌سه‌ردڵمان لابرد و کابوسی یه‌کدیکوشتنه‌وه ،‌ نه‌یتوانی هه‌راسانمان بکاته‌وه .‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌توانێ تا ئێستاش له‌ ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ردا بمانهێڵێته‌وه‌ ، ئه‌و راستییه‌ نه‌شاردراوه‌یه‌یه‌ که‌ : دوو زلحیزبه‌کان ، هه‌رچه‌نده‌ خۆشیان وایپێشانده‌ن که‌ رێککه‌وتنه‌کانیان ریشه‌یین و دڵنه‌واییمان بده‌نه‌وه‌ ، به‌ڵام ناتوانن حاشا له‌وه‌بکه‌ن که‌ بچوکترین لێکحاڵینه‌بوون ، توانای نانه‌وه‌ی قه‌یرانی قوڵی سیاسی و ئیفلیجکردنی ره‌وڕه‌وه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی له‌ وڵاتدا هه‌یه‌ .

* * *

ئه‌و رۆژانه‌ ، که‌ دیم ده‌رباره‌ی یاسای سه‌رۆکایه‌تیی کوردستان ، گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه‌ هه‌یه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ له‌ ره‌وشه‌که‌م ده‌ڕوانی‌ ، به‌ڵام درێژه‌کێشانیم پێباشتربوو، له‌وه‌ی که‌ دیسان به‌ په‌له‌په‌ل پێکبێنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ پێکنه‌یه‌ن .
مخابن ، له‌ چه‌ندساڵی رابردوودا، شاهێدی هه‌موو ئه‌و پێکهاتنه‌ به‌ په‌لانه‌ بووین، که‌ ده‌ره‌نجامه‌کانیان خۆشحاڵیان نه‌کردین ، هه‌ر له‌ دوای راپه‌رینه‌وه‌ ، زلحیزبه‌کانمان پێکهاتن ، به‌ڵام دواترێ شه‌ڕی ناوخۆیان کرد و په‌رله‌مانێکی پیر و نه‌وه‌یه‌کی ماندوو و سه‌رگه‌ردانیان به‌دوادا هێنا . له‌ دوای رووخانی سه‌ددامیش ، له‌سه‌ر هه‌موو شتێک پێکهاتن و پاشترێ ده‌رکه‌وت که‌ رێککه‌وتنه‌که‌یان به‌ په‌له‌په‌ل ‌بووه‌ و به‌ قه‌ولی خۆیان : باسی ته‌فاسیله‌کانیان تێدا نه‌کردووه‌ ! ، بۆیه‌ ئه‌وجاره‌یان که‌ پێکهاتنه‌که‌یان ماوه‌یه‌کی زۆرتری خایاند تا گه‌یشته‌ ئه‌نجام ، به‌ دڵه‌ڕاوکێوه‌ له‌ خۆمم پرسی : تۆ بڵێی ئه‌مجاره‌ش ‌ باسی ته‌فاسیله‌کانیان نه‌کردبێ ؟! .

* * *


ئه‌وه‌ ته‌نها پرسیارم نییه‌ ، پرسیارگه‌لی دیکه‌ش هه‌ن که‌ هه‌میشه‌ به‌ خۆیانه‌وه‌ مژۆڵمده‌که‌ن و به‌ دوای ده‌لیڤه‌یه‌کدا ده‌گه‌ڕێم بۆ وه‌ڵام وه‌رگرتنه‌وه‌ ، ده‌پرسم : میلله‌تێک که‌ حازربێ به‌ چاک و خراپی سه‌رکرده‌کانی بسازێت ، میلله‌تێک که‌ قبوڵبکا رۆژێک مژده‌ی سه‌رخۆبوونی بدرێتێ و رۆژی دواتر ئیمزای فێده‌ڕاڵیی پارێزگاکانی بۆ بکرێ ، میلله‌تێک له‌ جیاتی رژانه‌ سه‌رشه‌قام ، له‌ کاتی قه‌یران و لێکدیگرژبوونی حیزبه‌کاندا ، له‌سه‌ر به‌رماڵ دۆعای خێر و ئاشتیخوازی بخوێنێ ، میلله‌تێک نزیکی پانزه‌ساڵ ته‌حه‌ممولی ئه‌قڵی پاوانخوازیی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی بکات ، ده‌بێ شایسته‌ی خه‌ڵاتێکی جاویدانی بێ ، یان سه‌رزه‌نشتێکی ئه‌رخه‌وانی ؟! .

* * *

بڕیار وایه‌ که‌ تا چوارساڵی دیکه‌ ، پێکهاتبین که‌ شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات نه‌که‌ین و خه‌ریکی نێوماڵ رێکخستنه‌وه‌ بین ، ده‌شێ له‌و چوارساڵه‌دا ، بناغه‌یه‌ک بۆ خۆئیداره‌کردنێکی جوانتر دانێین ، ده‌شێت چیدی په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی تاکه‌حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار قبوڵنه‌که‌ین ، ده‌شکرێ به‌ جددی بیر له‌ قووڵکردنه‌وه‌ی رۆحی یه‌کدیویستن و په‌راوێزنه‌کردنی ئه‌قڵه‌ کاراکان و رێزگرتن له‌ ڕای خه‌ڵک بکه‌ینه‌وه‌ ، یانیش له‌بیرمان نه‌چێت که‌ : پێویستمان به‌ په‌له‌کردن هه‌یه‌ ، له‌ دانان و په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تێکی فه‌رهه‌نگیی تۆکمه‌ ،که‌ بتوانێ له‌و بێئاگاییه‌ سه‌نگینه‌ ‌ ده‌ربازمان بکات که‌ ئه‌وڕۆ تێیدا ده‌ژین .

* * *

به‌هه‌رحاڵ ، له‌ ئێستاوه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێکی دیرۆکیی تایبه‌تدا ده‌ژین ، چونکه‌ کۆمه‌ڵێک شه‌ڕی پۆله‌تیکی و ره‌نگه‌ ناپۆله‌تیکیشمان له‌ پێشبن ، ئه‌رکی سه‌رشانی زلحیزبه‌کانیش زۆر سوک نییه‌ ، چونکه‌ ناچارن ، ئه‌گه‌ر بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ناهه‌قییانه‌ش بێت ، که‌ ده‌رهه‌ق به‌ میلله‌ته‌که‌یان کردوویانه‌ ، پێداگیری بکه‌ن له‌سه‌ر ستاندنی ئه‌و مافه‌ که‌مه‌ی هێشتا به‌ زۆرخۆبه‌نیشتمانکردووه‌کانمان پێمانی ره‌وانابینن .
چه‌نده‌ ئه‌وان به‌و ئه‌رکه‌ هه‌ڵده‌ستن و نامانکه‌نه‌ قوربانیی ده‌ستکه‌وتێکی چکۆله‌ی حیزبیی دیکه‌ ؟ ، پرسیارێکه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌کی نادووردا ، جوابه‌که‌ی ده‌بیستین .
نووسه‌ر Hemn له‌ Friday, June 10, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
About Me
ناو: Hemn
شوێنی ژیان
سه‌باره‌ت به‌ من
See my complete profile
Previous Post
Archives
Links