( .... ) ی ئازیز ..
- پرسیوته : له روانگه‌ی خوێنه‌رێکه‌وه، بۆم بنووسه که شێوازی نووسینم چۆنه و چه‌ندیش ده‌توانم په‌یامێک بگه‌یه‌نمه خه‌ڵکی ؟
- وه‌ڵامی من ئاوایه :
* وه‌ک خوێنه‌رێک ، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی که ده‌تبینم ده‌نووسی ، واملێده‌کات که قه‌درت بگرم و به حورمه‌ته‌وه له نووسینه‌کانت بڕوانم .. زمانی نووسینتم پێ پاراوه ، لێ نایشارمه‌وه که هێشتاش کێماسیی تێدادهبینم .
* بۆ نووسه‌ر یان بلاگنووس زۆر گرنگه که به زمانی خۆوه‌ڵاتی بنووسێ ، یانی به زمانێک که ئاسوودانه ده‌توانێ ئاخافتنی پێ‌بکات ، پێتڤییه چه‌ندی ده‌کرێ هه‌وڵ بده‌ی وشه‌کانت خۆشئاواز بن و شایسته‌ی ئه‌و شوێن و کاته‌بن که به‌کارتهێناون ، هه‌ق نییه قه‌ت خۆت زۆر به ده‌ربڕینی کلێشهییهوه ببه‌ستییه‌وه ، چونکه خوێنه‌ری ئێستا ، که خوێنه‌ری ئینته‌رنێتییه و پشت به خێرایی له حاڵیبووندا ده‌به‌ستێ ، ڕقێکی گه‌وره‌ی له کلێشه‌یی خوێنییه .
* ئه‌وه‌نده‌ی بۆتدهکرێ درێژدادڕی مه‌که ، ئه‌وه‌ی ده‌توانی له دوو وشه‌دا بیڵێی ، بۆ به ده وشه ده‌ریده‌بڕی ؟! ، هێنده‌ی ده‌توانی رێزی وشه بگره و به خۆرایی به‌کاریان مه‌هێنه ، هه‌ر وشه‌یه‌ک خاوه‌نی سه‌نگ و که‌سایه‌تیی خۆیه‌تی و تۆی نووسه‌ر پێویسته ئه‌و که‌سایه‌تییه‌ی بپارێزی و ناچاری شتێکی نه‌که‌ی که هه‌ق نییه بیکات!! .
* ئه‌وه‌ی پێویسته نووسه‌رێک له بیری نه‌کات ، جیاوازی کردنه له نێوان هه‌قیقه‌ت و واقیعیه‌تدا ، هه‌قیقه‌ت شتێکه پێویسته ببێ ،وه‌لێ واقیعیه‌ت شتێکه که هه‌یه ، تۆ وه‌ک نووسه‌ر به‌رپرسیاری له‌وه‌ی که به قسه‌کردن ده‌رباره‌ی هه‌قیقه‌ت ، پێوه‌ندی و نێزیکییهک ده‌گه‌ڵ واقیعیه‌تدا به‌رقه‌رار بکه‌ی ، تۆ به‌رپرسیاری له‌وه‌ی که نه‌هێڵی ، خه‌ڵک به‌رامبه‌ر واقیعیه‌ت به چۆکدابێن و هه‌قیقه‌تیان له‌بیر بچێته‌وه.
* پاراستنی دیدی بێلایه‌نانه ، هۆکارێکی دیکه‌ی گرنگی گه‌یشتنی په‌یامی تۆیه به خه‌ڵک ، مه‌به‌ستم له دیدی بێلایه‌نانه ، بێهه‌ڵویستی نواندن نییه ، به‌ڵکو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ده‌رباره‌ی که‌سێکی تێرۆریستی وه‌ک ( ئاغای ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد ) یش بیربکه‌یه‌وه و بنووسیت ، ته‌نیا دیوێکی روخساری ئه‌و که‌سایه‌تییه مه‌بینه ، به‌ڵکو له هه‌موو لایه‌نه‌کانه‌وه شه‌ن وکه‌وی بکه و دواجاریش رای تایبه‌تیی خۆتی ده‌رباره بڵێ .. له بیر مه‌که که خوێنه‌ره‌کانت هه‌موو جۆره که‌سێکن و مه‌رج نییه هه‌موویان به ته‌واوی له‌و باسه یان بڕوا فیکرییه تێگه‌یشتبن که تۆ پێیگهیشتووی ، بۆیه‌ش پاراستنی دیدی بێلایه‌نانه ، زه‌روره‌ته .
* زمان باسێکی یه‌کجار گرنگه ، به داخه‌وه لای ئێمه به هۆی هێرشی فه‌رهه‌نگیی ناڕه‌وای داگیرکه‌رانی کوردستانه‌وه ، جۆرێک له ده‌مارگیری به‌رامبه‌ر زمان دروست بووه ، ئه‌وانه‌ی کوردن و به عاره‌بی یان فارسی یانیش تورکی قسانده‌که‌ن ،له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا له جیاتی ئه‌وه‌ی زمانی خۆیان لا شیرین بکرێ ، له کۆڕی روناکبیراندا ده‌بوغزێندرێن ، به‌ڵام من وا بیرناکه‌مه‌وه و پێموایه : سه‌ڕه‌ڕای هه‌موو ناههموارییهکیش که به‌ده‌ست ئه‌و هاوسێ نامیهرهبانانهوه کێشاومانه ، به‌ڵام دواجار مه‌حکومین به‌وه‌ی که ده‌گه‌ڵیان بژین و کارتێکه‌ریی فه‌رهه‌نگیی وانمان له‌سه‌ربێ و ئێمه‌ش کاریان تێبکه‌ین . مرۆی کوردی ،به خۆدوورگرتن له فه‌رهه‌نگه‌کانی دیکه و به تێکه‌ڵاونه‌بوون ده‌گه‌ڵ گه‌لانی تر ناتوانێت سه‌رده‌مییانه بژیت و دنیا بناسێت ، قبوڵ بکه که له نووسینیشدا ره‌نگدانه‌وه‌ی پۆزه‌تیڤانه‌ی فه‌رهه‌نگێکی غه‌یره کوردی ، به مه‌رجێک بتوانێت قاوغه کوردییه‌که‌ی بپارێزێ ،نه‌ک هه‌ر گوناه نییه ،به‌ڵکو خزمه‌تیشه به کولتوری نه‌ته‌وه‌یی خۆت .
* نووسه‌ر یان بلاگنووسی چاک ،قه‌ت ناچێ باسی شتێک یان مه‌سه‌له‌یه‌ک بکات که هیچی له‌باره‌وه نازانێت ، به‌شی زۆری نووسه‌رانی ئێمه ده‌که‌ونه ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌وه و بۆیه‌ش نووسراوه‌کانیان بۆنی ناکامڵی و وڕێنهگۆییی لێدێ ، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت خوێنه‌ره‌که‌ت پێتنهڵێت : وڕێنهگۆ ، قه‌ت قسه له‌شتێکدا مه‌که که هیچی له‌باره‌وه نازانیت ، یان هه‌ستێک و ناسینێکت بۆی نییه .
* له هه‌مووشی گرنگتر ، قه‌ت بۆ قسه‌کردن ،ئیزن له‌که‌س مه‌خوازه، تۆ خۆتی و راکانیشت هی تۆن ، هیچ که‌سێک و لایه‌نێک بۆی نییه ،فێرت بکات که چۆن قسه‌بکه‌ی و چۆن بیربکه‌یه‌وه ، به بڕوای من ،هیچ شتێک له دنیادا له سه‌ربه‌خۆییی تاکه‌که‌سی گرنگتر نییه بۆ مرۆڤ ، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ئه‌و سهربهخۆییهت پارێزراو بێت ، جورئه‌تی ئه‌وه بکه ، که له‌پێناویدا بجه‌نگێی و باجه‌که‌شی قبوڵ بکه‌ی .
.............................. وه‌ک خوێنه‌رێک ، قسه‌ی دیکه‌شم زۆرن که بۆ تۆی بلاگنووس بیکه‌م ،به‌ڵام با ئه‌و جاره هه‌ر هێنده به‌س بێ و نووسراوه‌کانی ئاینده‌ت ببینین! .
ده‌شمه‌وێ ئیزنی ئه‌وه‌ت لێبخوازم،که ئه‌گه‌ر پێتباشبێ ، ئه‌و نامه‌یه له وێبلاگهکانماندا بڵاوبکه‌ینه‌وه ، تا بلاگنووسانی دیکه‌ش بیبینن و له‌هه‌ڵه‌کانمان ئاگادارمان بکه‌نه‌وه .
به هیوای سه‌رکه‌وتن و به‌رده‌وامی .....
هاوزمانت هێمن عه‌بدوڵڵا
...........................................................
تێبینی : ئه‌م نامه‌یه ، وه‌ڵامی ئیمایلی بلاگنووسێکی ئازیزه ، که له‌سه‌ر داوای ئه‌و ، ناویم نه‌نووسیوه و نامه‌که‌ش ته‌نیا لێره‌دا بڵاوکراوه‌ته‌وه . . |