
وه‌ک هه‌ڤوه‌ڵاتییه‌ک ، سه‌ربورده‌ی گوناهکردن و بێبه‌زه‌ییێتیی( شێخ زاناکان)م له کوردستان تێ ڤێ وه دیت . دامنابوو ، ئه‌و هه‌فته‌یه ، ده‌رباره‌ی منداڵان و خه‌مه‌کانی وان بنووسم ، به‌ڵام باری دڵته‌نگی و وردبوونه‌وه له شێخه‌کان و هه‌وڵدان بۆ تێگه‌یشتن له هۆکاره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی وا دڕندانه له جڤاکی کوردی‌دا ، هێنده سه‌نگینیی له‌سه‌رشانم دروستکرد ،که نه‌متوانی گۆشه‌ی ئه‌و هه‌فته‌یه‌ی بۆ ته‌رخاننه‌که‌م و نه‌پرسم : شێخ زاناکان کێن ؟ ، خه‌ڵکی کوێن ؟ و په‌روه‌رده‌ی کام جڤاک و جێن ؟.
* * *
که زانیم یا شێخ هاوزمانمه ، خه‌م دایگرتم ، که بیستم هه‌ولێرییه ، دڵگران بووم ، که گوتیشیان : ته‌مه‌نی سی و پێنج به‌هاریی له خوێندنگاکانی کوردستاندا گوزه‌راندووه ، خه‌ریکبوو بته‌قم ! . تا ئێستا ئه‌وه‌ی وایلێده‌کردم که‌مێک دڵم به ساغله‌میی جڤاکی کوردی خۆشبێ ، سه‌رهه‌ڵنه‌دانی تێرۆری زۆر دڕندانه و بڵاونه‌بوونه‌وه‌ی ئایدیای ئاییندارێتیی به‌ربه‌رییانه بوو ، هه‌میشه ده‌مگووت : تێرۆرکردنی رۆژنامه‌نووسێک و کوشتنی ژنێک و هه‌ڕه‌شه‌لێکردن و ترساندنی مامۆستایه‌ک و تێزابڕشتن به قاچوقولی ڕووتی کچۆڵه‌یه‌کدا ، نیشانه سه‌ره‌تاییه‌کانی به ئیرهاب ئاوسبوونی کۆمه‌ڵگان ، بۆیه‌ش چاره‌سه‌رێکی سه‌ره‌تاییی کارسازانه‌م پێ به‌سبوو بۆ چاره‌کردنیان . لێ ئه‌وکاته‌ی بیستم و بینیم که تێرۆریستی کورد زۆر له هاوشانه‌کانی واوه‌تر رۆیشتووه و نێربازی و مێخه‌ڵه‌تێنی و بۆتێست سه‌ربڕینیشی هێناوه‌ته ده‌فته‌ری چه‌له‌نگییه‌کانی ئیرهابییانه‌وه ، ستۆپێکم کرد و په‌شیمانیی خۆم له بیرۆکه‌ی ( ساغله‌مبوونی جڤاکی کوردی ) گه‌ڵاڵه‌کرد .
* * *
به راشکاوییه‌وه ده‌ڵێم : جڤاکی مه ناساغله‌مه ، که وابێژم ، مه‌به‌ستم هه‌ست بریندارکردنی که‌س نییه ،به‌ڵام ئه‌وه هه‌قیقه‌تێکه و له‌په‌نای وشه‌به‌وشه‌ی ده‌ربڕینه‌کانی شێخ زاناکانه‌وه هه‌ستمپێکرد . له جڤاکێکی ساغله‌مدا ،که‌سێک که تاوانده‌کات ،دوایێ که گیرا و تاوانه‌که‌ی ئاشکرابوو ،شه‌رم له خۆیده‌کا و زۆرجار له پرمه‌ی گریانده‌دات ، به‌ڵام شێخ زاناکانی مه ،نه‌ک هه‌ر نه‌گریان ، به‌ڵکو وه‌ک هه‌ر کارێکی دیکه‌ی رۆژانه ، چالاکیی سه‌ربڕینه‌کان و سێکسکردنه ئیماندارانه و جیهادییه‌کانیان ! ، به خوێنساردییه‌وه بۆ گێڕاینه‌وه . ئه‌و ئارامییه زۆر و دڵته‌نگییه که‌مه‌ی به روخساری شێخه‌کانه‌وه بوو ، نیشانیداین که مرۆڤێکی کورد ،گه‌یشتۆته کوێ له دڵڕه‌قیدا !! ، بۆیه‌ش هاوارمان لێهه‌ڵستا و به ده‌نگی به‌رز پرسیمان : چۆن ده‌کرێ به‌ر به‌و دڵڕه‌قییه بگرین و ئاخۆ ده‌وایه‌کی شیفابه‌خشیش ده‌ستده‌که‌وێ بۆ ناساغییه‌که‌مان ؟
* * *
ده‌رمانی ده‌ردی مه، داڕشتنی سیاسه‌تێکی فه‌رهه‌نگیی بایه‌خپێدراوه ، ئێمه پێویستمان به‌وه‌یه که له به‌رامبه‌ر تێنوێتیی تاکه‌کانی جڤاک، بۆ چه‌له‌نگی نواندن و خۆنومایانکردن ، سیاسه‌تێکی فه‌رهه‌نگیی جوابگۆمان هه‌بێت . پێویسته هه‌ڵمه‌تێکی فراوانی ئاگاییبه‌خشین به هاونیشتمانییه‌کانمان ده‌ستپێبکرێ ، پێتڤییه بزاڤێکی وه‌رگێڕانی ئامانجدار هانبدرێ ،که هه‌م که‌لێنی گه‌وره‌ی بێ کتێبیی ده‌رونناسی و ژیانزانی پڕبکاته‌وه و هه‌میش خه‌ڵک حاڵیبکات که دوور له توندوتیژی ، جۆرێکی دیکه‌ی پێکه‌وه هه‌ناسه‌کێشان هه‌یه ، که پێیده‌وترێ : ژیاندۆستی .
* * *
پێشموایه : ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی، به نیازپاکییه‌وه بیه‌وێت رێگه‌بگرێ له دووباره‌بوونه‌وه‌ی دیارده‌ی شێخ زاناکان ، ئه‌وه ده‌بێ له په‌له‌کردن له داڕشتنی سیاسه‌ته فه‌رهه‌نگییه ئامانجدار و بایه‌خپێدراوه‌که‌وه ده‌ستپێبکا و به سه‌رتاپای پرۆگرامه توندوتیژی خوڵقینه‌کانی قوتابخانه‌کانیشدا بچێته‌وه ، ئاخر هه‌م یا شێخ و هه‌م مامۆستا( مافی مرۆڤ پارێز!!) ه‌که‌ی هاوکاری و هه‌م ته‌واوی شێخ زاناکانی دیکه‌ش ، په‌روه‌رده‌ی ئه‌و قوتابخانانه بوون، که به قه‌ولی بیرمه‌ندێکی عاره‌بی : له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پڕبوون له کتێبی ئیرهابیساز ، قوتابییه‌کانیشی ئیرهابویست ده‌رچوون ! .
|