وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Thursday, October 28, 2004
خه باتکارانی مۆنیکا


(1)
جوانترین دیمه‌ن له‌ ئان و ساتی سه‌رگرتنی شۆرشه‌کاندا به‌ سه‌ربه‌رزی گه‌رانه‌وه‌ی نه‌وه‌ یاخی و شۆرشڤانه‌که‌ی دوێنێیه‌ که‌ به‌ دڵێکی گه‌رمه‌وه‌وبه‌ که‌مێک له‌ خۆبایی بوونه‌وه‌ له‌ززه‌ت له‌ بینینی ئازادی وه‌رده‌گرێت و به‌ ده‌م فرمێسک هه‌ڵوه‌راندنه‌وه‌ به‌ نێو ئاپۆرای خرۆشاوی خه‌ڵکدا سه‌ر به‌ کۆنه‌ که‌لاوه‌که‌یدا ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ستی ئه‌و پیره‌ دایکه‌ راده‌موسێت که‌ ئه‌وی پێگه‌یاند،ئینجا دێته‌ ده‌ره‌وه‌وله‌ قوڵایی ناخیه‌وه‌ سوپاسی خه‌ڵک ده‌کات و به‌ڵێنی خزمه‌تکردنیان پێده‌دات، هه‌ر زووش به‌ هه‌مان رۆحه‌ شۆرشگێرییه‌که‌یه‌وه‌ هاوار ده‌کات: (خه‌ڵکینه‌ هێشتا شۆرش به‌ کۆتا نه‌هاتووه‌ ، قۆناغی دیکه‌مان ماون ..).
ئا له‌م ساته‌دا جه‌ماوه‌ر له‌ به‌ر ئه‌و هه‌موو سۆز و خۆشه‌ویستیی یه‌ی ده‌هه‌ڤبه‌ر ناوی شۆرشڤانه‌ سه‌ربه‌رزه‌ تازه‌ گه‌راوه‌که‌دا هه‌یانه‌ چه‌پڵه‌یه‌کی به‌ هێزی بۆ لێده‌ده‌ن و له‌ زه‌ینیاندا وێنای ئه‌و به‌رنامه‌ چاک و جوانانه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ پاش شۆرشدا ، له‌ جێی ماڵکاولکردن و راگواستن و شوێنبزرکردن و کوشتن و بڕین ده‌خرێته‌ به‌رده‌میان !، ئه‌و ساتانه‌ جه‌ماوه‌ر هێنده‌ به‌ ساده‌یی له‌ داڵغه‌ شیرینه‌کانیدا رۆده‌چێت که‌ ناتوانێت به‌ هیچ کلۆجێک گومان له‌وه‌ بکات که‌ جارێکی دیکه‌ تووشی مه‌رگه‌سات ده‌بێته‌وه‌ ، ئاخر ئه‌و هه‌موو باڵه‌خانه‌ و ئاواییانه‌ی که‌ له‌ پاش سه‌رکه‌وتنی شۆرشدا –به‌ خه‌یاڵ!!- دروست ده‌کرێن و ئه‌و هه‌موو ده‌رفه‌تی کاروپه‌یدا کردنی بژێوی یه‌ی که‌ ده‌خرێته‌ روو هیچ بوارێک بۆ ره‌شبینی ناهێلێته‌وه‌ ..له‌و ده‌مانه‌دا هه‌موو شته‌کان جوانن ، ته‌نانه‌ت _ درۆ _ یش.

(2)


دوای زه‌مه‌نێکی کورت که‌ چیی وا له‌ ده‌ ساڵ پتر نی یه‌ ئه‌و نیشتمانه‌ی شۆرشی له‌ ئامێز گرتبوو ، جلێکی دیکه‌ ده‌پۆشێت و زۆر دوورتر له‌و خه‌ون و خولیایانه‌ی که‌ له‌سه‌رده‌می سه‌رکه‌وتنی شۆرشدا هه‌بوون ، وه‌ک شۆخێکی سڵی عه‌یار خۆی نمایش ده‌کات ، ئیتر نیشتمان قه‌ڵس نی یه‌ به‌ درۆی شۆرشڤانه‌کانی ، چونکه‌ ئه‌ویش بۆ خۆی بۆته‌ درۆزن و هه‌موو رۆژێک سه‌دان رۆڵه‌ی ناسک به‌ درۆ له‌ خۆی ده‌تۆرێنێ و هه‌ر به‌ درۆش سه‌دانی دیکه‌ له‌ خۆی نزیک ده‌کاته‌وه‌ ، پێویستیش ناکات خه‌می که‌سی هه‌بێت ، چونکه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ری ده‌ژین هه‌ر که‌سه‌یان له‌ خه‌می خۆیدایه‌ و هیچیان تاقه‌تی گوۆ راداشتن له‌ خه‌مه‌کانی ئه‌وی تریان نییه‌ ، نه‌وه‌ی نوێش بێئاگا له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌کانی مێژووی دووری خۆی به‌ دوو درۆی شیرین له‌ خشته‌ ده‌بردرێت و له‌ سه‌ختترین چیاکاندا به‌ ده‌ستی براکه‌ی به‌ کوشت ده‌درێت . ره‌نگه‌ ئه‌م نیشتمانه‌ پڕ له‌ درۆیه‌ جوانترین شوێنێک بێت که‌ شه‌یتان بریاری مانه‌وه‌ی تێدا دابێت ، لێ هه‌ر رۆژێکه‌ و ئه‌ویش به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو درۆیه‌ ناگرێت و بنه‌و بارگه‌ی به‌ره‌و ئاقارێکی دیکه‌ تێک ده‌نێت .
پاش ده‌ ساڵ له‌ زیندوو راگرتنی خه‌ونه‌ ئه‌رخه‌وانی یه‌کان ، ناچار هه‌موان گۆرێکی به‌ کۆمه‌ڵ هه‌ڵده‌که‌نن و هه‌رچی گوڵ و په‌پوله‌یه‌ ده‌یخه‌نه‌ ناوی یه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ جارێکی دیکه‌ که‌س گۆرانی لاواندنه‌وه‌ی گوڵیان بۆ بڵێت و نه‌ که‌سیش په‌یامی فریادره‌سیی خۆی له‌ ژێر گه‌رده‌کانی باڵی په‌پوله‌دا بوه‌شێنێ.

(3)

له‌ قۆناغی سه‌رکه‌وتنی شۆرشدا ، به‌ڵێنی نانی چاکتر و پتر به‌ خه‌ڵک ده‌درا ، به‌ڵێنی نه‌مانی ئازار و سڕینه‌وه‌ی فرمێسکه‌ هه‌زار به‌ هه‌زاره‌کانی سه‌رکوڵمه‌ی دایکان ده‌درا،به‌ڵێن ده‌درا که‌ تۆقاندن نه‌مێنێ .. که‌ چی هه‌رزوو نانی چاک و پتر تایبه‌تێندرا و به‌ شێوازێکی دیکه‌ ئازار زیندوو کرایه‌وه‌ و به‌ ملیۆنان فرمێسکی دیکه‌ش به‌ دایکان رژێندران ، ته‌نێ له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی کورسیی یه‌کی ره‌ق و ته‌ق بکه‌وێته‌ ده‌ست یه‌کێک له‌ شۆرشڤانه‌ رۆهسوکه‌کانی دوێنێ ..ئه‌و کورسی یه‌ نه‌گبه‌تی یه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بزه‌ی سه‌ر لێوی منداڵان زیاتر بکات ، تاساندنی و زۆری بێباوک کردن و زۆر هاوسه‌ریشی به‌ یه‌کجاری لێک جوێ کردنه‌وه‌ ، ئه‌و کورسی یه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی خێزانه‌کان لێک کۆ بکاته‌وه‌ په‌رش و بڵاوی کردن و به‌زه‌ییشی به‌ که‌سدا نه‌هاته‌وه‌ .
چار نه‌ما .. ئیتر شۆرشڤانه‌کان به‌زه‌یی یان به‌ خه‌ڵکدا هاته‌وه‌ و ئه‌م کورسییه‌یان کرد به‌ دوو پارچه‌وه‌ ، دوو پارچه‌ی وه‌هایان لێ داتاشین که‌ بتوانن له‌ سه‌ری رۆنیشن و له‌ گه‌ڵ خۆ هه‌ڵسوراندندا بسکه‌ی سمێڵیان بێت !!، هه‌موو کاره‌ساته‌کانیش له‌م دوو که‌رتبونی کورسی یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌که‌ن .

(4)

شۆرشڤانه‌کان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ خه‌ڵکیان گوتبوو که‌ هێشتاش شۆرش ته‌واو نه‌بووه‌ ..! راستیان ده‌کرد، چونکه‌ ئه‌وه‌تا پاش پتر له‌ ده‌ساڵ له‌ سه‌رکه‌وتنی شۆرش هێشتاش بڵێسه‌وتینی له‌ ده‌ست نه‌داوه‌وبه‌ شێوازێکی نوێتر و له‌ قالبێکی شایسته‌تردا خۆی ده‌رده‌خات.. ئه‌مرۆ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی قسه‌ی ته‌قلیدی له‌ شۆرشڤانه رۆح سوکه‌کان ببیستین _ وه‌ک جاران _ !! ، گوێبیستی چه‌ندین چه‌مکی سیاسی و ده‌سته‌واژه‌ ده‌بین که‌ ناچارمان ده‌که‌ن هه‌رچی فه‌رهه‌نگ و وشه‌دان هه‌یه‌ بگه‌رێین تا له‌ ماناکه‌ی بگه‌ین .. ئه‌مرۆ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی که‌ شۆرشڤانه‌کانمان به‌ خاکه‌ڕایی و ساده‌یی هه‌ڵسوکه‌وت و جل و به‌رگه‌کانی یه‌وه‌ بناسینه‌وه‌ _ وه‌ک جاران _ ، به‌ گرانبه‌هایی پێڵاوه‌کانیان و شیکپۆشی و به‌ ده‌عیه‌ و ده‌مار بوون ده‌یانناسینه‌وه‌ ..
ئه‌ورۆ ئه‌گه‌ر ناچار بکرێین بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفتێکمان په‌نا وه‌به‌ر به‌رپرسێکی هه‌نوکه‌یی و شۆڕشڤانێکی دوێنێکه‌یی ببه‌ین ، پێویست ناکات هێنده‌ خۆمان ماندوو بکه‌ین که‌ ژوور به‌ ژووری باره‌گایه‌ک بگه‌رێین تا بزانین چووه‌ته‌ کوێ ؟ ، چونکه‌ ئێستا _ مامۆستا !! _ شوێنی ده‌ستنیشانکراوه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌شاره‌زاش بین ده‌شێت به‌وه‌وه‌ بزانین له‌ کوێیه‌ ، که‌ هه‌ر ده‌رگایه‌ک له‌ به‌رده‌میدا خانمێکی خڕکه‌ڵه‌ی ناسک دانیشتبوو ئه‌وا دیوه‌که‌ی تری _ مامۆستا!! _ لێی دانیشتووه‌ .. ئه‌مرۆ که‌س توشی موفاجه‌ئه‌ نابێت به‌وه‌ی که‌ لێی تێک بچێت و له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانی ئیشێکی ناشایسته‌ خۆی له‌ شۆفێری ئۆتۆمبێلی به‌رپرسێک تووره‌ بکات ، چونکه‌ ئه‌مرۆ ئۆتۆمبێلی به‌رپرسه‌کانمان شره‌سه‌یاره‌کانی جاران نین ، به‌ڵکو هه‌ڵگری ناوی خانمانی نه‌شمیل و نازدار و ‌ جوانن و _ مۆنیکا و له‌یلا عه‌له‌وی و نه‌جوا که‌ره‌م _ هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ هاوار ده‌که‌ن !!..
هه‌ربۆیه‌شه‌ خه‌ڵک زوو زوو به‌ ته‌وسه‌وه‌ ده‌بێژن : ئه‌مانه‌ شۆرشڤانه‌کانی دوێنێ و خه‌باتکارانی تازه‌ مۆدێلی ئه‌مرۆن ..!!، ناهه‌قیان نییه‌ ئه‌م خه‌ڵکه‌ ئه‌گه‌ر تێنه‌گه‌ن ، چونکه‌ نازانن شۆرش قۆناغێکی مه‌زنی بڕیوه‌، ره‌نگه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا هه‌ر به‌ بیریشیان نه‌مابێت که‌ شۆرش به‌ کۆتا نه‌هاتووه‌ !!!!. تێبینی : ئه‌م بابه‌ته‌ دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ رۆژنامه‌ی میدیا ی ژماره‌ 115 ی 12/رێبه‌ندانی 2701 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست ده‌که‌م هێشتا مانای خۆی له‌ ده‌ست نه‌داوه‌ بڕیارمدا جارێکی دیکه‌ لێره‌دا بڵاوی بکه‌مه‌وه‌ هه‌روه‌سا ده‌مه‌وێت ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی پێشتر له‌ولا و له‌ولادا نوسیومن لێره‌دا ئارشیڤیان بکه‌م .
نووسه‌ر Hemn له‌ Thursday, October 28, 2004
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links