
له برۆکسه‌له‌وه ده‌گه‌ڕامه‌وه ئامسته‌ردام ، له‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌دا که ئێمه‌ی هه‌ڵگرتبوو ، مرۆڤی جیا ، له میلله‌تی جیای تێدابوون ، بۆیه‌ش به درێژاییی رێگا ، گوێم له‌و هه‌موو گفتوگۆ هه‌مه‌زمانانه گرت ، که رێبواره‌کان پێکیانده‌گۆڕییه‌وه . به‌رامبه‌رم زارۆکێکی چکۆله‌ی قسه‌که‌ر دانیشتبوو ،له ته‌نیشتیشم ، پیره‌ژنێک که به دامێن و چاکه‌ته مه‌خمه‌لییه سووره‌که‌ی و کڵاوه کلاسیکییه‌که‌ی و ده‌ستکێش و ماکیاجه زۆر تۆخه‌که‌یه‌وه ، زۆرتر له شاژن ده‌چوو ، نه‌ک له هاووڵاتییه‌کی ساده ، دانیشتبوو . زارۆکه چکۆله‌که ، یه‌کجێ قسه‌یده‌کرد و هه‌راسانی کردبووم ، به‌ڵام هاوڕێکه‌ی ، که هه‌مان پیره‌ژنه شیکپۆشه‌که‌ی ته‌نیشتم بوو ، به بایه‌خه‌وه گوێی بۆ راده‌داشت و بۆچوونی ده‌گه‌ڵ ده‌گۆڕینه‌وه .. به خۆممگوت : ئێمه ده‌بووایه ، به‌رامبه‌ر گه‌وران ، له‌سه‌رچۆکدانیشین و قسانیش نه‌که‌ین ، لێ منداڵی ئێره نه‌ک هه‌ر قسانده‌که‌ن ، به‌ڵکو مافی راده‌ربڕینیشیان هه‌یه ! .
* * *
منداڵیی مه ، منداڵیی کۆمه‌ڵێک بنیاده‌می له‌خه‌مدا پیربوو بوو ، ئێمه که چاومانکرده‌وه ، ده‌نگی ته‌قه گوێی کاسکردین و ناڵه‌ی رۆحده‌رچوونی پیاوێکیش که له ژێر دیواری کۆڵانه‌که‌ماندا تێرۆرکرا ، فێری گۆرانیی غه‌مگینی کردین . ئێمه هێشتا چکۆله‌بووین که بێئه‌وه‌ی بزانین بۆ ؟ ، فێریانکردین ته‌حیه‌تولعه‌له‌م (1) بۆ ئاڵایه‌کی زوڵمخوڵقێن بکه‌ین ، هێشتا گه‌رمیی باوه‌شی دایکمان ، وه‌ک تامی هه‌ڵووژه‌یه‌کی ترش ، به‌سه‌ر زمانی رۆحمانه‌وه مابوو ، که ناچارکراین سێ کتێب بۆ ( ئه‌ده‌ب و رێزمان و خوێندنه‌وه ) ی عاره‌بی ده‌بن هه‌نگڵنێین و بۆ زمانه‌که‌ی خۆشمان به کتێبۆکه‌یه‌ک بۆ هه‌مووان قایلبین . ئێمه پرسیارمان زۆربوون ، لێ زلله‌ی باوکمان بێده‌نگیکردین .
* * *
که دڵته‌نگده‌بم ، هیچ دیمه‌نێک له دیمه‌نی ئه‌و زارۆکه به نیعمه‌تشادبووانه شیرین‌تر نییه له لام ، که لێره ، له کیشوه‌ری نوێیه‌تییه‌کان ، پڕبه‌دڵ قاقا لێده‌ده‌ن . لێره سه‌رنج له شه‌ڕی مافویستیی زارۆکانده‌ده‌م ، ده‌بینم شه‌ڕی وان هه‌مان ئه‌و شه‌ڕه نییه که ئێمه ده‌بووایه بیکه‌ین ، ئه‌وان شه‌ڕی ئه‌ودیو خۆشگوزه‌رێنی ده‌که‌ن ، به‌ڵام ئێمه شه‌ڕی گه‌یشتن به خۆشگوزه‌رانیشمان نه‌کرد . لێره که منداڵ له دایکده‌بێ ، به‌ر له‌وه‌ی بێت ، به‌رنامه‌ی بۆ دانراوه .. په‌روه‌رده‌یه‌کی تۆکمه ، سیستمێکی خۆراکیی ساغڵه‌م ، بایه‌خپێدانێکی تایبه‌ت و به چاوی بنیاده‌می ته‌واو سه‌یرکردن و ....هتد . لێره منداڵ که له‌دایکبوو ، یه‌کسه‌ر ژوورێکی پڕ له له‌یستۆکی بۆ جیاده‌کرێته‌وه ، به‌مه‌ش به بێئه‌وه‌ی شه‌ڕی رێکخستنی ده‌ستوور و دانیشتن له‌گه‌ڵ جه‌عفه‌رییه‌کاندا بکات ، فێده‌ڕالیزمی خانه‌واده‌گی وه‌رده‌گرێت ! ، ئه‌و فێده‌ڕالیزمه‌ش هه‌تاهه‌تایه نییه و پاش هه‌ژده‌ساڵ ، به بێ رێفراندۆم و به بێ ترسان له ناڕه‌زایی و کێشه‌سازیی هاوسێیان ده‌بێته ( سه‌رخۆبوون ! ) . ده‌مگوت : ئێوه چه‌ند خۆشبه‌ختن ، که به فێده‌ڕالیزم رازینین ، ده‌یانگوته‌وه : به بێ سه‌رخۆبوون مرۆڤ کامڵ نییه !.
* * *
ئێمه منداڵبووین ، که‌س لێی نه‌پرسین : حه‌زتان له کوێیه بۆ ژیان ، بۆیه‌ش که له‌سه‌ره‌تای راپه‌ریندا ، ماڵمان چووه‌وه بۆ قه‌ڵادزێ ، جگه له داروپه‌ردووی خانووه تێکدراوه‌کانی شارێکی رووخا‌و ، شوێنێکی دیکه‌مان شکنه‌ده‌برد بۆ یاریکردن . له‌یستۆکی مه ، پارچه بلۆک و له‌ته شیش و ورده بزمار و قاپۆڕی گولله بوون ، له یه‌که‌م رۆژیشه‌وه نه‌ک هه‌ر فێده‌ڕالیزم باسێکی نه‌بوو ، به‌ڵکو ده‌بووایه ، به تاکده‌سه‌ڵاتیی بێزه‌بر و زه‌نگی باوکیشمان زۆر شوکر بین ! .
* * *
ئێمه که حه‌سره‌تی ماڵی خۆهه‌بوون و وه‌ده‌ستهێنانی سه‌رخۆبوونمان ده‌کێشا ، به پارچه بلۆکه‌کان چواردیوارێکمان دروستده‌کرد ، له‌ته شیشه‌کانمان ده‌کردنه کاریته‌ی چواردیواره‌که و ورده بزمار و قاپۆڕی گولله‌کانیش ده‌بوونه ( گوڵ و گوڵدان ! ) . ده‌مایه‌وه ( پیاو ) و ( که‌یبانوو ) ی ماڵ، ئه‌ویش ئاسانبوو ، ئازاترین کوڕمان ده‌بوو به ( زاوا ) و جوانترین کچیش – به مه‌رجێک که‌س به دایکی نه‌ڵێت ! – ده‌بووه ( بووک ) . ئیتر ئاهه‌نگێکی خنجیلانه‌شمان سازده‌دا و ده‌ستمانده‌کرد به هه‌ڵپه‌ڕکێیه‌کی ناڕێک و به‌یه‌کدیپێکه‌نین ، ئێمه له شادی‌دا رۆده‌چووین ، لێ بایه‌ک ده‌هات و له‌ته شیش و نایلۆنی له‌سه‌ر چواردیواره‌که هه‌ڵده‌داین و که‌مێک دیواره‌که‌شی ده‌ڕووخاند . ئێمه که ده‌ماندیت ، ( با ) ره‌نجی به‌باداین ، کزه له‌جه‌رگمانه‌وه ده‌هات ، به‌ڵام دیسانیش پێده‌که‌نینه‌وه و سه‌رله‌نوێ تێهه‌ڵده‌چووینه‌وه .
* * *
منداڵیی مه ، ئاوابوو ، ( با ) ره‌نجی به باداین و کزه له جه‌رگمانه‌وه هات ، به‌ڵام پێکه‌نین و سه‌رله‌نوێ تێهه‌ڵچووینه‌وه . ........................................... (1) سڵاو بۆ ئاڵا ..
|