وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Saturday, March 18, 2006
قسه گه لێک ..ده رباره ی هه موو شتێک و هیچ شتێک !



په‌یامبه‌ری له‌ززه‌ت

ئه‌و رۆژانه‌ نووسینێکم سه‌باره‌ت به‌ ( مه‌زده‌ک ) خوێنده‌وه‌ ، که‌سایه‌تیی ئه‌و مرۆڤه‌م زۆر که‌وتۆته‌ به‌ردڵ ، چونکه‌ که‌سێک بووه‌ چاک تێگه‌یشتووه‌ که‌ چۆن رووناکبینیی خۆی وه‌ک دیارییه‌ک ببه‌خشێته‌ هاوڕه‌گه‌زه‌کانی و به‌ چ شێوازێکیش ئه‌و کاره‌بکات.
مه‌زده‌ک دۆستی نزیکی شاهه‌نشای هه‌خامه‌نشیی ئێرانی که‌ڤنار بووه‌ ، ئه‌و به‌وه‌ ناسراو بووه‌ که‌ رێفۆرمێکی قووڵی له‌ ده‌زگای خواپه‌رستیی زه‌رده‌شتییانه‌دا کردووه‌ و کاریگه‌رییه‌کی هونه‌رمه‌ندانه‌شی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئه‌وده‌مه‌وه‌ هه‌بووه‌.
مه‌زده‌ک خۆی وه‌ک په‌یامبه‌ر نه‌ناساندووه‌ ، به‌ڵام فه‌لسه‌فه‌ و ئایدیاکانی وی هیچی له‌و په‌یامانه‌ی که‌ په‌یامبه‌رانی دیکه‌ هێناویانه‌ - ئه‌گه‌ر زۆرتر نه‌بووبێت - که‌متر نه‌بووه‌ .
ئه‌و گوتوویه‌تی : مرۆڤه‌کان ده‌بێ له‌و دنیایه‌دا شادبن و ئه‌وه‌شیان قبوڵبێت که‌ ئه‌گه‌ر خوایه‌ک هه‌بێت ئه‌وه‌ ئه‌و خوایه‌ له‌ ناخی خودی ئاده‌میزاده‌کاندایه‌ نه‌ک له‌ شوێنی دی .
مه‌زده‌ک پێیوابووه‌ که‌ دنیای ئێره‌ بۆ چێژوه‌رگرتن و خۆشگوزه‌رانییه‌ ، وه‌لێ مه‌رجیشه‌ که‌ خه‌ڵک هۆشیان هه‌بێت بۆ ناسینی چاک و خراپ ،جا توانای هه‌ڵبژاردنی چاکه‌کانیان هه‌بێت و بیناسنه‌وه‌ و دواجاریش چێژ له‌ ژیان وه‌رگرن .
به‌ کورتی لای وی ژیان چوار قۆناغه‌ ( هۆشمه‌ندی ، توانای هه‌ڵبژاردنی چاکه‌ ، هه‌بوونی زه‌ین بۆ ناسینه‌وه‌ی چاکه‌ و دواجاریش چێژوه‌رگرتن ) .
ئه‌وه‌ی جێی داخیشه‌ ، ئه‌و رێفۆرمیست و بیرمه‌نده‌ مه‌زنه‌ی دیرۆکی مرۆڤایه‌تیش وه‌ک زۆری دیکه‌ به‌ پیلانێکی دزێو کوژراوه‌.




دۆڕاوی ئه‌وجاره‌ کێیه‌؟

هه‌رچه‌نده‌ ده‌زانم که‌ ره‌وشی عێراقی عاره‌بان زۆر ناله‌باره‌ و لێره‌وله‌وێش ده‌نگۆی هه‌ڵایسانی شه‌ڕی نێوخۆیی له‌ ئارادایه‌ ، به‌ڵام هه‌رچه‌ندی ده‌که‌م ناتوانم بڕوابکه‌م که‌ ئه‌و بارگرژییانه‌ ده‌گه‌نه‌ حاڵه‌تی ته‌قینه‌وه‌ی یه‌کجاری .
ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له‌ به‌غدا رووده‌دات ، مانۆڕێکی خۆنوێنانه‌ی هێزه‌شیعییه‌کانه‌ بۆ پاوانکردنی زۆرتری پۆسته‌گرنگه‌کانی ده‌وڵه‌ت و پێشده‌چێت دۆڕاوی ئه‌وجاره‌ی گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتبازیی پاش رووخانی سه‌ددام ، له‌ نێوان کورد و عاره‌بی سوننه‌دا ، شێر و خه‌تی بۆ بکرێت!.

چۆنه‌ ئێوه‌ شێت نابن؟!


نووسین بۆ من دڵه‌ڕاوکێییه‌کی قووڵه‌ .. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی زۆریشه‌ نه‌منووسیوه‌ ، هه‌ستده‌که‌م خۆم ونکردووه‌ و له‌بیرمچۆته‌وه‌ که‌ کێم ؟ ، بۆیه‌ش ده‌پرسم : ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی وه‌ک من که‌مدوێن ، نه‌یانتوانیبا بشنووسن، ده‌بوو چییان لێهاتبا ؟ ، یان به‌ڕاست ئه‌وانه‌ی ئێستا وان و نه‌ده‌نووسن و نه‌زۆریش ده‌لێن ، چۆن ته‌عبیر له‌ خواسته‌ ده‌روونییه‌کانیان ده‌که‌ن و چۆنیشه‌ شێت نابن ؟!.


به‌و دوعایه‌ ناڵێم ئامین ..

پاش ده‌یه‌یه‌ک له‌ له‌به‌ریه‌کترازان ، حوکمه‌ته‌ لۆکاڵییه‌که‌ی باشووری کوردستان خه‌ریکه‌ ده‌بێته‌وه‌ یه‌ک . ئومێدمده‌کرد که‌ پاش ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ له‌ به‌به‌ریه‌کداهه‌ڵشاخان و دوژمنایه‌تیی بێئه‌نجام ، هه‌ردوو حیزب به‌وه‌ که‌فاره‌تی گوناهه‌کانیان بده‌نه‌وه‌ که‌ حوکمه‌تێکی به‌هێز و خاوه‌ن پلانی کرده‌یی دامه‌زرێنن ، وه‌لێ مخابن ئه‌وه‌ی تێبینیکراوه‌ له‌ ئێستاوه‌ کۆنه‌ ئه‌ندام و لێپرسراوه‌ مادامولعومره‌کانی سه‌رکردایه‌تیی دوو پارته‌که‌ مرخیان له‌ پۆسته‌کان خۆشکردووه‌ ، بێگومان به‌وه‌ش لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه‌ی درێژکراوه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی پیشووتری دیرۆکی ناکاراییی ده‌سه‌لاتی راپه‌راندنی کوردستان هه‌لده‌درێته‌وه‌.
ئه‌ز نه‌ خۆشحاڵم به‌و ئه‌گه‌ره‌ و نه‌ موباره‌کباییشی لێده‌که‌م .




ئه‌گه‌ر خزمه‌تکار نیت ، هاوڵاتیکوژیش مه‌به‌ !

تۆ که‌ خوێنه‌رێکی کوردیت و هاوڵاتییه‌کی کوردستانیشی ، ئه‌گه‌ر وا بیربکه‌یته‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ روویدا ، ته‌نێ بوویه‌رێکی چکۆله‌ی راپه‌ڕینی خه‌ڵک بووه‌ به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی ، ئه‌وه‌ مخابن تووشی هه‌ڵه‌ بوویت، چونکه‌ ئه‌وه‌ی له‌وێ روویدا قسه‌ی دڵی زۆربه‌ی کورد ، له‌ زۆربه‌ی ماڵه‌کوردییه‌کاندا بوو .
نازانم لێدوانی ئه‌و کچۆڵه‌یه‌ی ده‌یگوت :( مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه‌ ، به‌ڵای گیانی ئێمه‌یه‌)ت چۆن لێکدایه‌وه‌؟ ، ده‌زانی ، ئه‌و کاته‌ی ئه‌و رسته‌یه‌م خوێنده‌وه‌ گوتم : حوکمه‌تی کوردی و هه‌ڵه‌بجه‌ی راپه‌ریو ، زۆرتر له‌و منداڵ و زڕدایکه‌ ده‌چن ، که‌ کاتێک خه‌ڵک و خوێش دیاربن ، زڕدایک ده‌بێته‌ فاتیمه‌ی زه‌هرا ! و که‌ که‌سیش دیارنه‌ما با زارۆک له‌ ده‌ردی بێدایکی و بێ خزمه‌تکاریی خۆیدا بتڵیته‌وه‌ ! . کاتێک کچۆڵه‌یه‌کی چوارده‌ساڵه‌ بێژێت : مۆنۆمێت به‌ڵای گیانمانه‌ ، ئه‌وه‌ نیشانه‌ی وه‌ده‌رکه‌وتنی ئه‌و ئازاره‌یه‌ که‌ زارۆک له‌ کاتی فرمێسک رشتنی تیمساحییانه‌ی زردایکدا ده‌یچیژێت .
حوکمه‌تی کوردی ، ئه‌گه‌ر گیرفانی هه‌ڵسوڕێنه‌ره‌ گه‌وره‌کانی پرده‌کا ، ئه‌گه‌ر له‌ کاتێکدا خه‌ڵک بێکاره‌با و سووته‌مه‌نین خه‌مێکی زۆر جددییان لێناخوا ، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی چوکه‌ڵه‌ به‌ پاره‌ی گه‌ل دنیایه‌ک تڕومنه‌ت له‌ ته‌له‌فزوێن و میدیاکانییه‌وه‌ به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ده‌کات،ئه‌وه‌ ده‌بێ چاوه‌ڕوانی رابوونی نه‌ته‌وه‌یه‌کیش بکا ، که‌ هێشتا برینه‌ به‌ سوێکانی ته‌قینه‌وه‌ به‌ رووی زۆرداره‌کانی دیکه‌دا به‌ جه‌سته‌وه‌یه‌وه‌ قه‌تماغه‌ی نه‌به‌ستووه‌‌ .

.خاوه‌نشکۆکان ... ئه‌گه‌ر خزمه‌تکار نین ، هاوڵاتیکوژیش مه‌بن‌ !.

نووسه‌ر Hemn له‌ Saturday, March 18, 2006
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links