وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Monday, August 15, 2005
ئاخوند و رۆژنامه نووس



سه‌ربورده‌ی ته‌شقه‌ڵه‌کردنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی ئێران به‌ رۆژنامه‌نووسان ، مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه‌ و یه‌کێکه‌ له‌و دۆسییانه‌ی ، به‌رده‌وام به‌ هۆیه‌وه‌ ، ئێران وه‌ک سه‌رکوتکاری مافویستنه‌ مه‌ده‌نییه‌کان ده‌هێنرێته‌ ناساندن ، رێکخراوه‌ی رۆژنامه‌نووسانی بێسنوور ، له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی خۆیدا ، به‌ فۆنتێکی گه‌وره‌ نووسیویه‌ : ئێران ، گه‌وره‌ترین زیندانی رۆژنامه‌نووسانه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی نێویندا . هه‌روه‌تر ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ و رێکخراوه‌کانی دیکه‌ی پاراستنی مافی مرۆڤ ، ده‌وڵه‌تی ئێران ، وه‌ک خاوه‌نی ناخاوێنترین مه‌له‌ف له‌ بواری دژایه‌تیکردنی نڤیسکاران و رۆژنامه‌نووسانی راجیاواز ، دێننه‌ ناساندن .
ئه‌نجومه‌نه‌کانی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی ئێرانیش ، هه‌میشه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز داوای ده‌فریا که‌وتنی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه‌ ده‌که‌ن ، که‌ ئاخونده‌کان ، ده‌یانه‌وێ به‌ که‌یفی وان بنووسن و بیر بکه‌نه‌وه‌ !.
لێ پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه‌ که‌ : ئایا ده‌ستێکی نه‌جاتبه‌خش هه‌یه‌ ، که‌ رۆژنامه‌نووسان له‌ چه‌نگاڵی مه‌لایان رزگار بکات؟!

* * *
له‌و دواییانه‌دا ، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی دنیای به‌لای ئێراندا راکێشا ، دوور له‌ کێشمه‌کێشی په‌ره‌پێدان و په‌ره‌پێنه‌دانی وزه‌ی ئه‌تۆمی، باسێکی تراژیدیی دیکه‌ بوو . رۆژنامه‌نووسێک به‌ر له‌ زۆرتر له‌ پێنج ساڵ ، - له‌‌ رواڵه‌تدا - به‌ تۆمه‌تی به‌شداریکردن له‌ کۆنفراسێکی ده‌نگه‌ ناڕازییه‌ ئێرانییه‌کان له‌ به‌رلین و - له‌ راستیشدا - به‌ هۆی سه‌رکێشییه‌ رۆژنامه‌ڤانییه‌کانی ، بۆ ئاشکراکردنی ئه‌و ده‌ستانه‌ی له‌ کوشتنی زنجیره‌ییی کۆمه‌ڵێک روناکبیر و چالاککاری فه‌رهه‌نگیدا ئاڵوده‌ بوون و پله‌و پایه‌ی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌تیشیان هه‌یه‌ ، له‌ زیندان تووندکرا .
ئه‌وێڕۆژێ ، دنیا ئه‌و رووداوه‌ی وه‌ک به‌شێک له‌ ململانێی نێوان هێزه‌ ریفۆرمیسته‌کان و موحافه‌زه‌کاره‌کان سه‌یرکرد و زۆر خۆی پێوه‌ به‌خه‌منه‌کرد ، لێ ئیراده‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ بۆ مانه‌وه‌ له‌ سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانی ، وایکرد که‌ ( ئه‌کبه‌ر گه‌نجی ) ببێته‌ ره‌مزی ئابڕووچوونی ده‌وڵه‌تی ئێران و خۆی بخزێنێته‌ نێو هه‌ر قسه‌وباسێکه‌وه‌ که‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا سه‌باره‌ت به‌و وڵاته‌ دێته‌ گۆڕێ .

* * *

ئه‌کبه‌ر گه‌نجی ، زۆرتر له‌ پێنج ساڵی له‌ زیندانێکی هاوشێوه‌ی مه‌حه‌ته‌ی هه‌ولێر دا گوزه‌راندووه‌ ، له‌و پێنج ساڵه‌دا ئه‌وانه‌ی به‌ تۆمه‌تی مرۆڤکوشتن و دزیکردن و سه‌رپێچییه‌ یاساییه‌ناله‌باره‌کانی دیکه‌ گیراون ، ده‌گه‌ڵ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی که‌ تاوانه‌که‌ی ته‌نیا قه‌ڵه‌موه‌شێنییه‌ ، هاوزیندان بوون ، ئه‌وان مافی ته‌له‌فۆنکردن و به‌ ئیجازه‌چوونه‌وه‌ بۆ ماڵیان هه‌بووه‌ ، لێ گه‌نجی ئه‌و مافه‌شی وه‌ک پێویست نه‌بووه‌ . ئه‌وان توانیویانه‌ خه‌ون به‌ ده‌رچوون له‌ زیندانه‌وه‌ ببینن ، لێ گه‌نجی – وه‌ک به‌ نووسینه‌کانی نێو زیندانییه‌وه‌ دیاره‌ - نائومێدییه‌کی ته‌واو باڵی به‌سه‌رداکێشاوه‌ .
بۆیه‌ش کاتێک وێنه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ، به‌ر له‌ زیندانیکردن ده‌بینین ، گه‌نجێکی پڕ له ‌وزه‌مان دێته‌ پێشچاو ، به‌ڵام له‌ دوایین وێنه‌کانیدا ، پێره‌مێردێکی بڕستلێبڕاو ده‌بینین ، که‌ زوڵمی ناتێگه‌یشتووییی ده‌سه‌ڵاتداران ، تووشی دنیایه‌ک نه‌خۆشیی کردووه‌ .


* * *
مخابن ئه‌وه‌ی له‌ په‌یامی رۆژنامه‌نووسان تێناگا و واده‌زانێ سه‌رکوتکردن و زیندانیکردن ، توانای بێده‌نگکردنیانی هه‌یه‌ ، ته‌نیا ده‌وڵه‌تی ئێران نییه‌ ، به‌ڵکو به‌شێکی زۆری حوکمه‌ته‌کانی وڵاتانی جیهانی سێ ، ئه‌وه‌ ته‌رزی بیرکردنه‌وه‌یانه‌ .
بۆیه‌ش ده‌ڵێم : ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی رۆژنامه‌نووسان له‌ زیندان تووندبکات ، ده‌بێ چاوه‌ڕێی دووباره‌بوونه‌وه‌ی داستانی گه‌نجییه‌کانیش بکات .

* * *


ئه‌وڕۆ یه‌کێتیی ئه‌وروپا ، ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ، رێکخراوه‌کانی پاراستنی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی ئازادیی رۆژنامه‌نووسان ، به‌ جددی پێ له‌سه‌ر ئازادکردنی گه‌نجی داده‌گرن و ده‌وڵه‌تی ئێرانیش به‌ قووڵی هه‌ستی به‌و گۆبه‌نده‌ کردووه‌ ، که‌ گرتنی رۆژنامه‌ڤانێک به‌ قه‌ڵه‌مێکه‌وه‌ بۆیخوڵقاندووه‌ ، لێ کێشه‌که‌ له‌و شوێنه‌دایه‌ که‌ ئازادکردنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ، هێنده‌ی له‌ زینداندا هێشتنه‌وه‌ی کێشه‌ی به‌دواوه‌یه‌ و هه‌رچۆنێک بێت ، بووه‌ته‌ ره‌مزی پرسینه‌وه‌ له‌ نادادگه‌رییه‌ک که‌ حوکمی مه‌لاکان و گوێگرتن لێیان له‌ ده‌سه‌ڵاتداریدا هێناویه‌ته‌ ئاراوه‌ .
بۆیه‌ ، ئازادکردن یان نه‌کردنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ، هیچ گۆڕانێکی له‌و نێوزڕانه‌دا پێناکرێ ، که‌ ئێران بۆخۆی دروستیکردووه‌.
نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, August 15, 2005
0 Comments:
    Post a comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links