
ئاکۆ محه‌مه‌د ، سه‌رنووسه‌ری رۆژنامه‌ی میدیا
له دوو هه‌فته پێش ئێستاوه قسه‌م ده‌گه‌ڵ نه‌کردووه ، دوایین جار که قسه‌مانکرد ، باسی مه‌سه‌له‌ی ( زاناگێت ) و چۆنیه‌تیی چاره‌دۆزی بۆ دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌یه‌مانکرد ، باسی نووسینی پرۆژه‌ی ( سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگیی حوکمه‌تی کوردستان ) م ده‌گه‌ڵکرد ، ئه‌و وه‌ک هه‌میشه هانیدام و پێشیگوتم : په‌له‌ی تێدابکه ، ئه‌زیش وه‌خۆکه‌وتم و تا ئێستا نه‌متوانیوه ته‌واوی بکه‌م ، من سه‌رقاڵی نووسینی پرۆژه‌که‌م ، به‌ڵام ئه‌و له‌سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی راپرسییه‌ک له زیندان تووندکراوه و که‌ی دێته ده‌رێ ؟ ، وه‌ڵڵاهوئه‌عله‌م ! .
* * *
دوای نیوه‌ڕۆی دوێنێ 18ی گه‌لاوێژ ، له کاتێکدا که ژماره 203 ی رۆژنامه‌ی میدیا، هێشتا بۆنی مره‌که‌بی تازه‌ی چاپی لێهاتووه ، پۆلیسی خانه‌قا هه‌ڵیانکوتاوه‌ته سه‌رماڵی ( ئاکۆ محه‌مه‌د ) ی رۆژنامه‌نووس و ده‌ستگیریانکردووه ، وه‌ک ده‌گوترێ ، پۆلیسه‌کان نه ئاگادارینامه‌ی سه‌ندیکای خه‌وتووی رۆژنامه‌نووسانیان پێبووه و نه له کاغه‌زی تاوانبارێتیی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌شدا گوناهێکی گه‌وره‌تر له ( بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامی راپرسییه‌ک ) خوێندراوه‌ته‌وه! . ده‌ڵێن ئاکۆ تۆمه‌تبارێکی دیکه‌شی له‌گه‌ڵه که نێوی ( مو‌سا ئه‌حمه‌د ) ه‌و ئه‌ویش له تاوانی مه‌زنی راپرسیکردندا هاوکاربووه ، ده‌شڵێن مو‌سا ش ، وه‌ک ئاکۆ ، وه‌زیرێکی ده‌سترۆیشتووی تووڕه‌کردووه و ئه‌ورۆ باجی تووڕه‌کردنه‌که ده‌داته‌وه .
* * *
دیوێکی جوانی حوکمه‌تکردن ، پاراستن ورێکخستنی ماف و ئازادییه‌کانی هاووڵاتییانه ، حوکمه‌تی باش - بۆ ئه‌وه‌ی سه‌قامگیری و دووره تاوانی بچه‌سپێت - هه‌وڵده‌دات کۆمه‌ڵگایه‌کی رێزله‌یه‌کدیگرتوو دروستبکات ، حوکمه‌تی چاک ، به روونی هه‌ستده‌کات که بۆ سازکردنی جڤاکێکی داماڵراو له گه‌نده‌ڵی و بۆ خۆده‌ربازکردن له پاشخانێکی ئیداری و سیاسیی بۆگه‌نبوو ، پێویستیی مکومی به رۆژنامه‌نووسانی به هه‌ڵوێست و راستیبین هه‌یه ، له‌و شوێنه‌دا که رۆژنامه‌نووسی هه‌قیقه‌ت نووس ده‌بێته چاوی هه‌میشه ئاوه‌ڵای گه‌نده‌ڵیبینین ، حوکمه‌ت ده‌توانێ ئاسووده‌تر و باوه‌ڕبه‌خۆبووتر پێنگاڤ هه‌ڵێنێ ، له‌و شوێنه‌شدا که رۆژنامه‌نووسی راستیویست بێده‌نگده‌کرێ و ته‌نانه‌ت ئیجازه‌ی بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامی راپرسییه‌کیشی نادرێتێ ، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که حوکمه‌ت ، له گه‌نده‌ڵییه‌کی که‌مه‌رشکێندا نغرۆ بووه و نایه‌وێت له رێگای راپرسییه جه‌ماوه‌رییه‌کانه‌وه حه‌یای بچێ ! . * * *
به‌ر له بڵاوبوونه‌وه‌ی راپرسییه‌که‌ی ( میدیا ) و (په‌یمانگای کوردستان )یش هه‌موومان ده‌مانزانی که وه‌زاره‌تی ناوخۆی حوکمه‌تی کوردستان ، که‌مته‌رخه‌مترین وه‌زاره‌ته ، به‌رله‌وه‌ی ئاکۆ و مو‌سا ، ده‌ره‌نجامی راوه‌رگرتنه‌کانیان بڵاوبکه‌نه‌وه ، بیستبوومان که پاش ئه‌و هه‌موو ته‌قینه‌وه و نائارامیخوڵقێنییه‌ی هه‌ولێری گرتبۆوه ، ئه‌وه‌ی ده‌سته گڵاوه‌کانی ئاشکراکرد ، زیره‌کی و چه‌له‌نگیی کارمه‌نده ئاسایشپارێزه‌کانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ نه‌بوو ، به‌ڵکو جه‌ربه‌زه‌ییی زارۆکێکی ده‌ستبه‌سه‌رکراو بوو ، که بوو به خدری زینده و به راکردن و ئاشکراکردنی شوێنی رۆنیشتنی دێوه‌کان ! ، ئاسایشه ده‌ستوپێسپییه‌که‌مانی له‌و ده‌سته‌وه‌ستانی و هه‌راسانبوونه رزگارکرد ، که کۆمه‌ڵێک نێرباز بۆیان خوڵقاندبوو ! . به‌ر له بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و راپرسییه‌ش ، زۆربه‌مان چاوه‌ڕێمانده‌کرد - وه‌زیری ناوخۆ - وه‌ک رێزگرتنێک له بێزاریی خه‌ڵک ، ده‌ست له‌کاربکێشێته‌وه و به راشکاویشه‌وه دان به ناسه‌رکه‌وتووییی خۆیدابنێت ، به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌ک هه‌ر ئه‌وه رووینه‌دا ، به‌ڵکو به گرتنی ( ئاکۆ ) و ( مو‌سا ) ، بزمارێکی دیکه له ده‌رگای کڵۆمدراوی ( ئازادیی راده‌ربڕین ) درا .
* * *
ئه‌وانه‌ی له‌و ساڵانه‌دا رۆژنامه‌ی میدیا یان خوێندبێته‌وه ، چاکده‌زانن که جێپه‌نجه‌ی ئاکۆ چه‌نده به‌سه‌ر رۆژنامه‌نووسیی بابه‌تییانه‌ی کوردییه‌وه دیاره ؟ ، وه‌بیرمه چوارساڵ پێش ئێستا ، نووسینگه‌ی رۆژنامه‌ی میدیا ، ژوورێکی چکۆله‌ی نێومه‌کته‌بی سیاسیی ( یه‌ندک ) بوو و بودجه‌که‌شی شتێکی زۆرناچیز بوو ، لێ له‌وێوه هه‌ولێر و شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان ، رۆژنامه‌یه‌کیان هه‌مبێزده‌کرد که تێیدا حورمه‌تی وشه ده‌گیرا و هه‌ر له هه‌واڵه‌وه بیگره تا ده‌گاته نووسین و راده‌ربڕینه‌کان ، زۆر که‌م ئینشا ده‌بیندرا . له‌م دواییانه‌دا ، ئاکۆ ده‌یگوت : له‌وه‌ته‌ی ئێوه لێره‌نین ، میدیا ره‌وشی باشتربووه و ئێستا نووسینگه‌ی سه‌ربه‌خۆمان هه‌یه ! ، له‌دڵی خۆمدا ده‌مگوت : حیزبه‌کان بوودجه‌ی خه‌یاڵی بۆ ماشێنی راگه‌یاندنه‌کانیان سه‌رفده‌که‌ن ، که‌چی هێشتاش ده‌نگیان ناڕه‌سایه ، دڵخۆشیی زۆربه‌ی راگه‌یاندکاره حیزبییه‌کانیش به معاشێکی چاتر و پارچه زه‌وی و ئۆتۆمبێله ، که له حیزبی دایک وه‌ریده‌گرن، که‌چی رۆژنامه‌نووسێکی بلیمه‌ت ، به بودجه‌یه‌کی زۆرکه‌م ، یه‌کێک له با‌شترین رۆژنامه کوردییه‌کان ده‌رده‌چوێنێ و ده‌بێ به‌وه خۆشحاڵ بێت که نووسینگه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی بۆ رۆژنامه‌که‌ی داناوه ! ، دیسان ده‌دڵی خۆمدا ده‌مگوته‌وه : تڕحێو له‌و ئازادییه ، تف له‌و خۆشبه‌ختییه .......
* * *
تا ئێستا که 19ی گه‌لاوێژه و کاتژمێر 10 یه به کاتی ئه‌وروپا ، ئاکۆ و مو‌سا له زینداندان ،- وه‌ک رۆژنامه‌نووسێک - چاوه‌ڕێده‌که‌م وه‌زیری ناوخۆ هه‌ست به هه‌ڵه‌ی خۆی بکات و ئه‌و دوو هاوکاره‌م ، سه‌ره‌ڕای لێبوردن لێخواستن ئازادبکات . ئه‌گه‌ر نه‌یکات ، ته‌نێ من نا ، به‌ڵکو ژماره‌یه‌ک رۆژنامه‌ڤان و نووسه‌ری دیکه‌ش ، ناچاری پرۆته‌ستۆنامه نووسین و ئیمزاکۆکردنه‌وه و تێگه‌یاندنی ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی پارێزه‌ری مافی مرۆڤ و مافی رۆژنامه‌نووسان ده‌بین . بێگومان ئه‌وه‌ش بۆ وه‌زیری حوکمه‌تێک که وه‌زاره‌تی مافی مرۆڤی هه‌یه و زووزووش خۆی وه‌ک نموونه‌ی بێنموونه له رۆهه‌ڵاتی ناڤین‌دا دێنێته ناساندن ، ده‌ره‌نجامێکی باشی نابێ . هه‌روه‌تر وه‌ک کوڕه پێشمه‌رگه‌یه‌کیش داوا له‌وه‌زیری به‌ڕێزی ناوخۆ ده‌که‌م ،که ده‌ست له‌کاربکێشێته‌وه و با به‌سبێت تووڕه‌یی و بێزاریی خه‌ڵک ، له ئاسایشپارێزه که‌مته‌رخه‌مه‌کان . جه‌نابی وه‌زیر .. ئیستیقاله بده
|