وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Friday, December 16, 2005
چاره ی ئه م گرێ ده روونییه چییه ؟



ئێواره‌ی دوایه‌مین رۆژی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی ئێراق ، کۆمه‌ڵێک هاوڕێی دانیشتووی هۆڵه‌ند م ته‌له‌فۆنیان بۆ کردم و داوایانکرد که‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئوترێختم ، شوێنی ده‌نگدانیان پێشانده‌م ، ئه‌زیش ده‌گه‌ڵیان چووم و له‌ ده‌رێ چاوه‌ڕوانم کردن تا له‌ ده‌نگدان بێنه‌وه‌ ..
ئه‌وان چوونه‌ ژورێ ، منیش بۆ چاوه‌ڕوانکردن ، له‌ نزیک ئاپۆرای ئه‌و خه‌ڵکه‌ وه‌ستام که هوتافیان ده‌کێشان و به‌ ئاڵا گه‌وره‌ و پۆسته‌ره‌ ره‌نگاوره‌نگه‌کانیانه‌وه‌ ، وه‌ک بازاڕی له‌نگه‌فرۆشان ، بانگه‌شه‌ی چاکتربوون و هه‌رزانیویستیی لیسته‌کانیان ده‌کرد ! .
به‌ڵام پێده‌چوو ئه‌و بانگه‌شانه‌ ، یه‌کدی تووڕه‌کردنێکیشی به‌دوادا بێت .

* * *

سه‌ره‌تای یه‌کتر تووڕه‌کردنه‌که‌ له‌و ده‌سته‌لاوه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد که‌ به‌ ئاڵایه‌کی شینی مانگ و ئه‌ستێره‌ له‌سه‌رنه‌خشاو ، هاواریان ده‌کرد : - یاشاسن تورکومان ( 1).
دوای وان ، له‌وبه‌ره‌وه‌ ده‌سته‌یه‌ک گه‌نج به‌ ئاڵایه‌کی کوردستانه‌وه‌ و به‌ قامکڕاوه‌شاندن ده‌یانگوت : بژی کوردستان .. بژی پارتی ، په‌که‌که‌ !!.
به‌ دوای واندا ، پۆلێک کوڕی گه‌نج و کچی له‌چکبه‌سه‌ر ، به‌ ئاڵایه‌کی ئێراقیی ئه‌ڵڵاهوئه‌کبه‌ر له‌سه‌رنه‌خشاو و وێنه‌یه‌کی ئایه‌توڵلا ئه‌لحه‌کیم و چه‌ند په‌رچه‌مێکی ( یا حوسێن ) تێدا نووسراو ، هاتن و وه‌ک مه‌راسیمی یادکردنه‌وه‌ی حه‌سه‌نی به‌ غه‌درکوژراو ، ده‌ستیان به‌ره‌و له‌شکره‌که‌ی به‌رامبه‌ریان که‌ کورد بوون ڕاداشت و هاواریان کرد : لبیک یا عراق .. لبیک یا عرب (2) .

* * *

پۆلیسی هۆڵه‌ندی ، له‌ لێواری شۆسته‌ که‌ ، به‌ده‌م ئاماده‌باشییه‌وه‌ راوه‌ستابوون ، ئه‌وان پێنه‌ده‌چوو چاوه‌ڕوانی شتێکی ترسناک بکه‌ن ، چونکه‌ وه‌ک دیاربوو ، هوتافکێشانه‌کان ، زۆرتر له‌ هوتافی کێبڕکێ و شه‌ڕه‌په‌ڕۆی هه‌ڵبژاردن ده‌چوون ، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌وان له‌ بیریانکردبوو که‌ تێکه‌ڵبوونی له‌شکری تورکمان و شیعان و راوه‌ستانیان به‌رامبه‌ر کوردان ، زۆرتر له‌وه‌ی کێبڕکێی هه‌ڵبژاردن بێت ، وێکهه‌ڵنه‌کردن و یه‌کدیقبوڵنه‌کردنێکی دیرۆکییه‌ ‌ ..

* * *

پاش ئه‌وه‌ی عاره‌ب ئاڵای ئێراقییان راوه‌شاند ، کورده‌کان به‌ ئاڵای کوردستانه‌وه‌ هاتنه‌ پێشێ و ده‌ستیانکرد به‌ هاوارکردن : ئای له‌ڤ یو بووش .. ئای له‌ڤ یو ئامریکان (3) ، ئیدی پێده‌چوو لێکنزیکبوونه‌وه‌که‌ ‌ گه‌یشتبێته‌ راده‌ی پێکهه‌ڵپژان ، پێکهه‌ڵپژانێک که‌ زۆرتر شه‌ڕه‌شیری زه‌مانی کافر و موسوڵمانانت وه‌بیربێنێته‌وه‌ و کۆتاییه‌که‌ی به‌ سه‌رشکان و شه‌ل و سه‌قه‌ت بوونی چه‌ند جه‌نگاوه‌رێکی هه‌ردوولا ته‌واو بێت ! ، بۆیه‌ش پۆلیس هاتنه‌ نێوه‌ندی ئاپۆراکه‌وه‌ و به‌ هۆی دروستکردنی دیوارێکی مرۆییانه‌وه‌ ، رێگه‌یان له‌ هه‌ڵایسانی ئه‌و شه‌ڕه‌ ته‌قلیدییه‌ گرت ! .

* * *
ئه‌ز له‌ پشت له‌شکری عاره‌ب و تورکمانانه‌وه‌ راوه‌ستابووم ، کۆمه‌ڵێک گه‌نجی تووڕه‌ی عاره‌ب ، هاتنه‌ ته‌نیشتمه‌وه‌ و که‌وتنه‌ قسه‌کردن ، یه‌کێکیان ده‌یگوت : ئه‌و کوردانه‌ ، سه‌د ساڵی دیکه‌ش تێپه‌ڕێت ، ناتوانن عاره‌بیان خۆشبوێن ، ئه‌وانه‌ گرێی ده‌روونیان هه‌یه‌ ! ، ئه‌وانی دیکه‌ش به‌ سه‌رڕاوه‌شاندنه‌وه‌ ده‌یانگووت : زۆر راسته‌ .. زۆر راسته‌ ! .

* * *

کاتێک هاوڕێکانم هاتنه‌وه‌ ، ورده‌ورده‌ به‌ره‌و ماڵ گه‌ڕاینه‌وه‌ ، ئه‌وان له‌ بیری ئه‌وه‌دا بوون که‌ هاوپه‌یمانێتیی کوردستان چه‌ند کورسیی پێویسته‌ تا له‌ پارله‌مێنتی ئێراقێدا خاوه‌نی قسه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بێت ؟ ، ئه‌زیش له‌ بیری ئه‌وه‌دا بووم که‌ کورد دوای ئه‌و سه‌د ساڵه‌ی که‌ گه‌نجه‌ عاره‌به‌که‌ باسیکرد ، ده‌بێ چه‌ند ساڵی دیکه‌ی پێویست بێت تا گرێی ده‌روونیی
( سه‌ربه‌خۆییخوازی و وڵاتپارێزی ) چاره‌سه‌ربکات و به‌ بێده‌نگی و بێ کێشه‌ ، له‌ بنده‌ستی برا داگیرکه‌ره‌کانیدا بژیت ؟!! .

----------------------------------------------------------------------------

(1) بژی تورکمان . (2) بۆت بمرم ئێراق .. بۆت بمرم عاره‌ب . (3) خۆشمده‌وێی بووش .. خۆشمده‌وێی ئه‌مریکا .

نووسه‌ر Hemn له‌ Friday, December 16, 2005
0 Comments:
    Post a comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links