وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Wednesday, May 17, 2006
چیرۆکی په رله مانتێرێکی درۆزن ..



ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆژانه‌ مێدیا و خه‌ڵکی هۆڵه‌ندای به‌خۆیه‌وه‌ مژۆڵ کردووه‌، بوویه‌رێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو و ئاشکرابوونی ریسواییه‌کی سیاسیی گه‌وره‌یه‌ ، ئه‌و رۆژانه‌ خه‌ڵکی هۆڵه‌ندا هه‌م تووڕه‌ و هه‌م حه‌په‌ساو له‌ کێشه‌ و مشتومڕه‌کانی نێو په‌رله‌مانه‌که‌یان ده‌ڕوانن و به‌ کۆمه‌ڵێک پرسیاره‌وه‌ چاوه‌ڕوانی روونکردنه‌وه‌ له‌ ده‌سته‌ڵاتداران ده‌که‌ن .
به‌ر له‌هه‌رشتێکیش ده‌پرسرێ : ئایا ئه‌وه‌ی‌ رووده‌دات ، گه‌مه‌یه‌کی سیاسییه‌ ، یان به‌ڕاست
دزه‌کردنی زانیاریی شاردراوه‌یه‌ له‌ رێگای مێدیاوه‌ بۆ نێو خه‌ڵک ؟

* * *

ئێواره‌ی رۆژی 11ی مای 2006 یه‌کێک له‌ که‌ناڵه‌ ته‌له‌فزیۆنییه‌کانی هۆڵه‌ند ، به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تیی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتێری هۆڵه‌ندیی به‌ره‌چه‌ڵه‌ک سۆماڵی ( ئه‌یان حیرسی عه‌لی ) په‌خشکرد .
له‌و به‌رنامه‌یه‌دا له‌رێگه‌ی که‌س و کار و شووی پێشووی خانمی ناوبراوه‌وه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ کرابوو که‌ ئایا په‌رله‌مانتێره‌ ( ئه‌نتی ئیسلامی ) یه‌که‌ی هۆڵه‌ندا کاتی خۆی به‌ رێگای یاسایی و زانیاریی راست ودروسته‌وه‌ داوای مافی په‌نابه‌رێتیی کردووه‌ یان نا ؟ ، دوایێش ئه‌وه‌ پرسرابوو که‌ : ئایا نێوبراو له‌ترسی ئه‌وه‌ی که‌ به‌زۆر به‌شوو بدرێت و به‌پێی ئه‌وه‌ی که‌ خۆی نێویلێده‌نێت
( کولتوری ئیسلامی ) بکوژرێت ، وڵاته‌که‌ی به‌ جێهێشتووه‌ یان هۆکاری دیکه‌ له‌پشت ئه‌و به‌جێهێشتنه‌وه‌ بوون ؟ .
ئه‌وه‌ی له‌ راپۆرته‌که‌دا و له‌ دانپێدانانی خۆیشیدا ده‌ر‌که‌وت ، ئه‌یان ی ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ درۆی سه‌باره‌ت به‌ مێژووی له‌دایکبوون و له‌ چیرۆکی په‌نابه‌رێتییدا کردووه‌ و له‌راستیدا شتێکیش به‌نێوی به‌زۆربه‌شوودان و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن له‌گۆڕێ نه‌بووه!.

* * *

له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ته‌وژمێکی دژه‌ ئیسلامی که‌ به‌ گوته‌ی خۆیان : ئه‌رکیان ئاشکراکردنی رووی دزێوی ئیسلامیی کۆنسێرڤاتیسته‌ ، له‌ هۆڵه‌ندا سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌و ته‌وژمه‌ بوون و هێشتاش هه‌ن باوه‌ڕمه‌ندن که‌ ئیسلام ئایینی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ نییه‌ و دێموکراسیش به‌و دینه‌ نائاشنایه‌، بۆیه‌ش قسه‌کردن سه‌باره‌ت به‌ ئیسلام و هه‌ندێکجاریش تانه‌وته‌شه‌ردان له‌ موسوڵمانان دوو خه‌سڵه‌تی جیاکه‌ره‌وه‌ بوون که‌ ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی پێده‌ناسرانه‌وه‌ و ده‌ناسرێنه‌وه‌.
ئه‌یان حیرسی عه‌لی یش یه‌کێک له‌ رێبه‌رانی ئه‌و ده‌سته‌ سیاسه‌توان و رووناکبیرانه‌ بوو که‌ زۆرترین قسه‌وباسی ده‌رباره‌ی ئیسلام له‌ کۆمه‌ڵگای هۆڵه‌ندیدا ده‌وروژاند، ئه‌و هاوکار و هاوبیری رۆژنامه‌نووسی تێرۆرکراو ( تێیۆ فانخۆخ ) بوو، کاتێکیش پارساڵ فانخۆخ له‌سه‌ر فیلمێک که‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌یاندا سه‌باره‌ت به‌ ئیسلام ده‌ریهێنابوو ، له‌لایه‌ن گه‌نجێکی موسوڵمانی فه‌نده‌مێنتالیسته‌وه تێرۆرکرا، نامه‌یه‌ک له‌سه‌رسنگی ئه‌و پیاوه‌دا به‌جێمابوو که‌ تێیدا نووسرابوو : ئه‌یان نۆره‌ی تۆش دێت ! .
بۆیه‌ش ئه‌وکات و پێشتریش ئه‌یان له‌ ژێر چاودێریی توندی پۆلیس و ده‌زگای هه‌واڵگریی هۆڵه‌ندیدا ژیانی ده‌برده‌سه‌ر و کاری په‌رله‌مانتێریی ده‌کرد.
وێنه‌ی ئه‌و خانمه‌ش له‌ وڵاتی ئازادیی راده‌ربریندا وێنه‌ی مرۆڤێک و ژنێکی بوێر بوو که‌ ناچاربوو به‌ هۆی بۆچوونه‌کانییه‌وه‌ له‌ ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی هه‌میشه‌ییدا بژیت، ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ گوتبووی له‌ ده‌سه‌ڵاتی باوک و برایان یاخی بووه‌ و چیدی به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌گرتووه‌ که‌ وه‌ک ژنێکی موسوڵمان له‌ژێر گوشاردابێت ، بوو به‌ خاوه‌نی ده‌یان خه‌ڵاتی ئه‌وروپی و نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌رلیستی یه‌کێک له‌ گرنگترین پارته‌کانی هۆڵه‌نداش خۆی گه‌یانده‌ په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ ، به‌ڵام ئێستا کاتێک که‌ ده‌رکه‌وتووه‌ ته‌واوی ئه‌و داستانه‌ تراژێدییانه‌ی که‌ باسی کردوون درۆ بوون ، زۆرن ئه‌وانه‌ی که‌ نازانن پێی پێبکه‌نن یان بۆیبگریێن ! .

* * *

وه‌زیری کاروباری بێگانه‌کان و سروشتیبوون ، که‌ هاوکار و دۆستی نزیکی ئه‌یانه‌ و هه‌ردووکیشیان سه‌ربه‌یه‌ک پارتی سیاسین، دوای ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌کی له‌یه‌کێک له‌ په‌رله‌مانتێره‌کانه‌وه‌ به‌ده‌ستگه‌یشتووه‌ و داوایلێده‌کات که‌ سه‌باره‌ت به‌ دۆسییه‌ی ئه‌یان روونکردنه‌وه‌ی زیادتر پێشکه‌شی په‌رله‌مان بکات ، له‌ ماوه‌ی چل و هه‌شت کاژێردا به‌ نامه‌یه‌ک هه‌م وه‌ڵامی ده‌سته‌ڵاتی دایه‌وه‌ و هه‌میش په‌یامێکی بۆ دۆست و هاوکار و هاوبیره‌که‌ی نارد‌ ، ئه‌ویش ئه‌وه بوو ‌ که‌ : بڕیاردرا ‌ ره‌گه‌زنامه‌ی هۆڵه‌ندی له‌ ئه‌یان خان بستێندرێته‌وه‌!(1) .
له‌و نێوه‌نده‌دا حکومه‌ت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یکرد تا ئه‌یان رۆژێک دواتر 16 ی مای 2006 له‌ پرێسکۆنفرانسێکدا رایگه‌یاند که‌ ئیدی به‌ نائومێدییه‌وه‌ هۆڵه‌ندا به‌ جێدێڵێ و ده‌چێته‌ ئامریکا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ په‌یمانگای ( ئامێریکان ئینته‌رپرایس ئینستیتوت ) کاربکات ، دوای ئه‌و کۆنفرانسه‌ هه‌ر هه‌مان رۆژ په‌رله‌مان له‌ کاژێر دووی دوای نیوه‌ڕۆوه‌ تا سێی نیوه‌شه‌و هه‌ر دوو وه‌زیری کاروباری بێگانه‌کان وداد ی بۆ لێپرسینه‌وه‌ له‌ دانیشتنێکی نائاساییدا بانگکرد و سه‌باره‌ت به‌و سکانداڵه‌ سیاسییه‌ گفتوگۆ و تاوانبارکردنی وه‌زیر و خه‌ڵکانی دیکه‌ی په‌یوه‌نددار ده‌ستیپێکرد .

* * *




ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی که‌ له‌ ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به‌ ئیسلامی سیاسی و تێرۆری ئیسلامی‌ ده‌کرێن ، هه‌ندێکجار ده‌گه‌نه ئاستی ئه‌وه‌ی که‌ ده‌گه‌ڵ سووکایه‌تیپێکردن و دزێواندنی ئیسلام تێکه‌ڵ بکرێن ، جا ئه‌وه‌ی ده‌و نێوه‌نده‌دا ده‌بێته‌ قوربانی ، دیالۆگێکی راسته‌قینه‌یه‌ له‌نێوان موسوڵمانان و ناموسوڵماناندا . ئه‌یان حیرسی عه‌لی و هاوشێوه‌کانی ، شێوازێکی تووند و ته‌ڕ و وشک پێکه‌وه‌ سووتێنه‌ریان له‌و نێوه‌نده‌دا گرتبووه‌ به‌ر و ئه‌وه‌ی ئێستاش له‌ داوه‌تنامه‌ی په‌یمانگا ئه‌مریکییه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ره‌نگه‌ ئه‌و تووند و تیژی و بووغزاندنه‌ی ئیسلام که‌ دوای رووداوه‌کانی یازده‌ی سێپتێمبه‌ر له‌ نیویۆرک سه‌رتاسه‌ری ئه‌وروپای گرتبۆوه‌ و ‌ وایکردبوو هه‌ندێکجار رۆڵی گفتوگۆکاره‌ نیازپاکه‌ راستینه‌کان ونبێت ، به‌رنامه‌یه‌کی له‌ پێشدا دارێژراو بووبێت .

* * *

به‌ر له‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک و پێش ئه‌م بوویه‌ره‌ ، دادگای هۆڵه‌ندی بریاری ئه‌وه‌یدا که‌ له‌ مانگی ئۆگستۆسی ئه‌مساڵدا شوێنی حه‌وانه‌ی ئه‌یان چۆلبکرێ و لێیبستێندرێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ به‌ هۆی پرۆگرامێکی ته‌له‌فزوێنییه‌وه‌ رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌یان ئاشکرا کرا ، به‌ دواشیدا بڕیاری لێستاندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ و په‌یدابوونی یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین کێشه‌ سیاسییه‌کانی هۆڵه‌ندا سه‌ریهه‌ڵدا ، له‌ هه‌مووشی سه‌یرتر ئه‌وه‌بوو که‌ له‌و نێوه‌نده‌دا په‌یمانگایه‌کی ئه‌مریکی که‌ کاریگه‌ریی به‌سه‌رسیاسه‌توانانی ئه‌مریکاییه‌وه‌ هه‌یه‌ و به‌وه‌ ناسراوه‌ که‌ رۆڵی دژه‌ئیسلامییانه‌ ده‌له‌یزێت ، داوه‌تنامه‌ی فه‌رمیی هاوکاریکردنی بۆ خانمی په‌رله‌مانتێری بێڕه‌گه‌زنامه‌ نارد ! .
ئه‌وه‌ی که‌ تا نووسینی ئه‌و دێڕانه‌ ئاشکرایه‌ ، ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ هۆڵه‌ند هه‌ندێککه‌س ئه‌و رووداوه‌ به‌ گه‌مه‌یه‌کی سیاسی نێوده‌به‌ن که‌ ره‌نگه‌ ده‌ستی شاردراوه‌ی ئه‌مریکییه‌کانیشی له‌پشته‌وه‌بێت، هه‌ندێکی دیکه‌ش وایده‌بینن که‌ ئه‌مه‌ یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک ململانێی حیزبییه‌ و له‌ولاشه‌وه‌ رێکخراوه‌ ئیسلامییه‌کانی هۆڵه‌ندا( ساده‌بینانه ‌) به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ له‌و رووداوه‌ ده‌روانن و ئومێده‌وارن که‌ لێره‌وه‌ ده‌ستپێکێکی نوێ بۆ پێکه‌وه‌ژیان و یه‌کدیبریندارنه‌کردن له‌ جڤاکی هۆڵه‌ندیدا بێته‌ ئاراوه‌ .





(1) به‌ پێی یاسای هۆڵه‌ندی ، پاش ده‌رچوونی هه‌ر بڕیارێک ، که‌سی بڕیارله‌سه‌ردراو بۆی هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌دا داوای چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌که‌دا بکات ، بۆیه‌ش مه‌سه‌له‌ی لێستاندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌یانیش ده‌کرێ چاوی پێدابخشێندرێته‌وه‌.

نووسه‌ر Hemn له‌ Wednesday, May 17, 2006
0 Comments:
    Post a comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links