وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Saturday, June 17, 2006
گفتوگۆ به‌ شێوازی تورکی

به‌شێکی زۆری خوێنه‌رانی ده‌لال به‌ کاردانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و ( هه‌ندێکجار خه‌ڵکی تورکیاش ) ده‌هه‌ڤبه‌ر هه‌ر ناوهێنانێکی کورددا ئاشنان ، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی که‌ نازانن یان که‌میان له‌وباره‌یه‌وه‌ بیستووه‌ ئامۆژگارییه‌کی چکۆله‌م پێیه‌ : - ئه‌گه‌ر له‌ نێوه‌وه‌ی تورکیادا نا ، به‌ڵکو له‌ وڵاتێکی ئه‌وروپیشدا هاوسێیه‌کی تورک یان هاوپۆل و هاوکارێکی تورکت هه‌بوو، قه‌ت پێیمه‌ڵی: من کوردم ، باسی کوردستانیش مه‌که‌ و سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕوهه‌رای ئێراقێش که‌ قسه‌تکرد، پێیبڵی : ئامریکا ئێراقی تێکدا و کورده‌کانیش جاشی ئه‌و زلهێزه‌ نادادپه‌روه‌ره‌ و خائین به‌ موسوڵمانه‌تین . ئه‌گه‌ریش زۆر هه‌ستی کوردایه‌تیت به‌هێزبوو و حه‌زیشت له‌ ده‌ستوپه‌نجه‌ نه‌رمکردن ده‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک گفتوگۆکاری تووڕه‌ و شه‌ڕانی بوو ، ئه‌وه‌ به‌ نێوی ئاهورامه‌زداوه‌ ، له‌یه‌که‌م رۆژه‌وه‌ به‌ قارداش یان ئابڵای هاوسێ یان هاوکار و هاوپۆلت بڵێ : ئه‌گه‌ر له‌به‌ڵای له‌ناکاو به‌دوور بم و خوا بمپارێزێ ، ئه‌وه‌ ک...و...ر..د...م!.

* * *

له‌ قوتابخانه‌که‌ی مه‌دا خه‌ڵکی هه‌موو لایه‌کی دنیات ده‌ستده‌که‌وت ، به‌ڵام پاش هۆڵه‌ندییان تورک زۆرینه‌ ، ئێرانی زیره‌کترین و مه‌غریبیش به‌ هه‌راوکێشه‌ترین بوون.
ئێمه‌ش که‌ دووسێ دانه‌ کوردی بێده‌نگ و تازه‌ بۆ هۆڵه‌ندهاتوو بووین ، هه‌ندێکجار به‌ هۆڵه‌ندییه‌کی شه‌قوشڕ و جارجاریش به‌ تورکی یان فارسی یان عاره‌بی ده‌چووینه‌ کۆڕی گه‌رمی قوتابییانه‌وه‌ .
ده‌و کۆڕانه‌دا هه‌موو شتێک باسده‌کرا ، به‌ڵام ده‌که‌وته‌ سه‌ر جۆری دانیشتنه‌کان . ئه‌گه‌ر شانسی ئه‌وه‌مان به‌رکه‌وتبا که‌ مێزی زۆرینه‌ کوڕه‌کان پڕبووبان و ته‌نیا له‌سه‌ر مێزی زۆرینه‌کچان جێگا مابا ، ئه‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ماوه‌ی دانیشتنه‌که‌ماندا ده‌رباره‌ی هه‌راوکێشه‌کانی تۆم کروز و هاوسه‌ره‌که‌ی ، نرخی سمته‌کانی بریتنی سپیرز و فیلمه‌ وروژێنه‌ره‌که‌ی پاریس هیڵتۆن ده‌مانبیست ، دواترێش ئه‌و فه‌توا ژنانه‌یانه‌ی مه‌هشیدخانمی ئاشقه‌ شا سه‌باره‌ت به‌ خیانه‌تی ژنان له‌ مێرده‌ درۆزنه‌کانیان ده‌یدان ، وایلیده‌کردین به‌ بێزارییه‌وه‌ کۆڕی خانمان به‌ جێبێڵێن و له‌ بیرۆکه‌ی ناسکبوونه‌وه‌ له‌ سه‌رمێزێکی ژنانه‌ش په‌شیمان بینه‌وه‌ .


* * *

( پینار ) کچه‌ قوتابییه‌کی تورکی بیست ساڵه‌ بوو ، ئه‌و هه‌میشه‌ به‌ ته‌نیا یان له‌ حه‌وشه‌ پیاسه‌یده‌کرد ، یانیش له‌ کافتێریا به‌ ده‌م قاوه‌خواردنه‌وه‌وه‌ له‌ خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌ڕوانی ، ئه‌و ته‌نیاییه‌ی وی بۆ من ببووه‌ جێی پرسیار ، بۆیه‌ش رۆژێک له‌ رۆژان لێی چوومه‌پێشێ و پرسیم : بۆ چی هه‌میشه‌ به‌ ته‌نێی ؟ ، ئه‌ویش ته‌ماشایه‌کی کردم و به‌ پێکه‌نینه‌وه‌ گوتی : ئاخر هۆڵه‌ندی جوان قسه‌ناکه‌م ، بۆیه‌ شه‌رمده‌که‌م بێمه‌لای ئه‌وانی دی . پێمگوت : مه‌گه‌ر ئێمه‌ هه‌موومان جوان قسانده‌که‌ین ؟ ، سه‌ری راوه‌شاند و گوتی : نازانم .. به‌ڵام ده‌زانم که‌ له‌ من باشترن .
ئه‌و رۆژه‌ پینارم هاندا که‌ وا بیرنه‌کاته‌وه‌ و بێته‌پێشێ ، وه‌بیریشم هێنایه‌وه‌ که‌ تا له‌ هه‌ڵه‌کردن بترسێ هیچ شتێک فێرنابێ ، ئه‌ویش زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی میهره‌بانانه‌ی کرد و گوتی : راستده‌که‌ی ... له‌وه‌ودوا هه‌وڵده‌ده‌م له‌ هه‌ڵه‌کردن نه‌ترسێم !.

* * *

رۆژێکی دیکه‌ ، له‌وانه‌ی کۆمه‌ڵناسیدا نۆره‌مهات که‌ نیوکاژێر باسی پرسێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌م ، ئه‌زیش باسی ( هاوسه‌رگیریی ئه‌له‌کترۆنی ) مکرد و نموونه‌ی ( هۆگر محه‌مه‌د ) یش که‌ گه‌نجێکی کوردستانییه‌ و ده‌گه‌ڵ کچێکی ئامریکاییدا به‌ شێوازی ئه‌له‌کترۆنی ئاشنابووه‌ م هێنایه‌وه‌ .
پاش ته‌واوبوونی کۆڕه‌که‌ ، پینار هاته‌لام و گوتی : باسی کوردستانت کرد ، کوردستان له‌ کوێیه‌ ؟ ده‌توانی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ نیشانمده‌ی ؟ ، ئه‌زیش به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ نه‌خشه‌یه‌کی کوردستانم که‌ له‌ مۆبایله‌که‌مدابوو ده‌رهێنا و پێشانمدا ، به‌ڵام ئه‌و وه‌ک پێشتر نه‌خشه‌که‌ی دیتبێ ، ده‌ستی له‌سه‌ر به‌شی باکوری نه‌خشه‌که‌ دانا و گوتی : ئه‌م پارچه‌ گه‌وره‌یه‌ تورکیایه‌ کوردستان نییه‌ ! ، به‌ ده‌نگێکی که‌مێک تووڕه‌ ، به‌ڵام به‌ رێزه‌وه‌ وه‌ڵاممدایه‌وه‌ : راسته‌ به‌ره‌سمی تورکیایه‌ ، به‌ڵام له‌ دڵی دانیشتوانه‌که‌یدا کوردستانه‌ . به‌ڵام ئه‌و زۆر لێم تووڕه‌بوو و گوتی : وامده‌زانی که‌سێکی میهره‌بانی .. به‌ڵام وادیاره‌ وانییه‌ ! .


* * *

ده‌مێک بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لای من ئامه‌د نێوی دیاربه‌کر نه‌بوو ، باکوری کوردستانیش تورکیا نه‌بوو ، پینار نه‌یده‌دواندم . رۆژێکیان که‌ جه‌ژنی له‌دایکبوونی خۆیده‌گێڕا شیرینیی به‌ پۆله‌که‌دا گێڕا و ناچار دایه‌ منیش ، ئه‌زیش به‌ ساردی پیرۆزباییم لێکرد .
دوای ئه‌وه‌ له‌ وانه‌ی مێژوودا باسی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی تورکیامان کرد ، مامۆستاکه‌مان ئاتاتورک ی وه‌ک نموونه‌ی سه‌رکرده‌یه‌کی مۆدیرنویست و دێموکراسیناسی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین ناساند ، من که‌ تا ئه‌وکاته‌ گوێمراگرتبوو ، ده‌ستم به‌رزکرده‌وه‌ و پرسیم : که‌سێک مۆدێرنیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگایه‌ک به‌ هۆی کوشتاری به‌کۆمه‌ڵ و سه‌رکوتکردنی گه‌لانی ناتورک ئه‌نجامبدات ، به‌ کام پێودانگ ده‌بێته‌ نموونه‌ی سه‌ر‌کرده‌یه‌کی دێموکراسیناس؟! ، ( سه‌مه‌د ) که‌ گه‌نجێکی خه‌ڵکی ئانکارا یه‌ پشته‌ڤانیی قسه‌کانی منیکرد وشتێکیش باسی که‌مالیزمی کرد ، لێ پاش ئه‌وه‌ی گفتوگۆکه‌مان‌ گه‌رمبوو ، پینار به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ به‌ رووی مه‌دا قیژاندی و تاوانباریکردین که‌ ویستوومانه‌ تورکان ئیهانه‌بکه‌ین !.

* * *

مامۆستای مێژوو ئه‌و حاڵه‌ته‌ی به‌لاوه‌ سه‌یربوو ، ده‌شیگووت : نازانم بۆ هه‌میشه‌ قوتابییه‌ تورکه‌کانمان به‌ دوو شت زۆر هه‌ستیارن ، یه‌که‌م : به‌ نێوی ئاتاتورک ، دووه‌میش : به‌ باسی کورد ! . سه‌مه‌د به‌ له‌سه‌رخۆیی گوتی : ئاخر ئێمه‌ که‌ منداڵبووین فێریانده‌کردین که‌ ئاتاتورک په‌یامبه‌ره‌ و جگه‌ له‌ تورکیش گه‌لێکی دیکه‌ له‌ تورکیا ناژیت ، بۆیه‌ش ئیستا که‌ ده‌بیستین باسی په‌یامبه‌ره‌که‌مان ده‌کرێت تووڕه‌ ده‌بین و که‌ ده‌شزانین کورد یش له‌ تورکیا هه‌ن هه‌راسانده‌بین . منیش هه‌ناسه‌یه‌کم هه‌ڵکێشا و به‌ سه‌مه‌دم گوت : ئه‌گه‌ر هه‌موو تورک وه‌ک تۆ له‌ دنیایان ڕوانیبا ، ئێستا ده‌مێکبوو وڵاته‌که‌تان له‌ ئاشتیدا ده‌ژیا .


نووسه‌ر Hemn له‌ Saturday, June 17, 2006
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links