وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Sunday, November 21, 2004
ته وقه ناکه م ، گوناحه !
دوای کوژرانی رۆژنامه‌ڤانی هۆڵه‌ندی ( تێیۆ فان خۆخ ) به‌ ده‌ستی جحێڵێکی ئیسلامیی توندڕه‌و ، پێده‌چێت قۆناغێکی نوێ له‌ پێکه‌وه‌ژیانی هاوبه‌ش له‌ نێوان خه‌ڵکی هۆڵه‌ندی و بێگانه‌کاندا له‌و وڵاته‌ ده‌ست پێبکات ، دوایین بوویه‌ره‌کان هیچ دڵخۆشکار نین ، سوتاندنی مزگه‌وت و که‌نیسه‌ و قوتابخانه‌ی ئایینی له‌ وڵاتێکدا که‌ نه‌ک هه‌ر بانگه‌شه‌ ده‌کات به‌ڵکو به‌ کرده‌وه‌ش سه‌لماندوویه‌تی وڵاتی ئازادیی ڕاده‌ربرینه‌ زه‌نگێکی خه‌ته‌رناکه‌و پێویسته‌ به‌ جددی وه‌ربگیرێن ، کاردانه‌وه‌ی نوێی حکومه‌تیش سنوور دانان و ڕێکخستنی سیستمێکی نوێیه‌ بۆ هه‌ڵسوکه‌وتکردن ده‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا که‌ هه‌ڵگری دوو ڕه‌گه‌زنامه‌ن ، یه‌کێکی هۆڵه‌ندی و یه‌کێکی ئه‌و وڵاته‌ی لێیه‌وه‌ هاتوون (له‌ بیر مه‌که‌ن بکوژی فان خۆخ دوو ڕه‌گه‌زنامه‌ی هه‌بوو!!).


* * *

دوای ئه‌و ڕووداوانه‌ و هه‌فته‌ی ڕابردوو گروپێک که‌ پێکهاتبوون له‌ په‌نجا وتارخوێنی مه‌غریبی به‌ ناوی جڤاکی مه‌غریبییه‌وه‌ ڕوویان له‌ وه‌زیری گونجاندن و سروشتیبوون ( کاروباری په‌نابه‌ران) ی هۆڵه‌ندی کرد و دیمانه‌یه‌کیان ده‌گه‌ڵ سازدا ، دیاره‌ ئه‌و دیداره‌ بۆ زۆرتر لێتێگه‌یشتن و بۆچوون پێشکه‌شکردن بوو ، به‌ڵام هه‌ر زوو بێده‌ره‌نجام ده‌رچوو ، یه‌کێک له‌ مه‌لاکان ئاماده‌ نه‌بوو وه‌ڵامی ده‌ستراکێشانی وزیری په‌نابه‌ران بۆ ته‌وقه‌ کردنێک بداته‌وه‌ ، چونکه‌ به‌ پێی بڕوای وی و به‌ پێی شه‌رع حه‌رامه‌!! ، خانمی وه‌زیریش به‌رسڤی بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ : (پێموایه‌ من و تۆ یه‌کسانین – وه‌ک یه‌کین -!) .

* * *

من ئه‌و هه‌واڵه‌م له‌ ڕۆژنامه‌ی ( دی تێلێخراف ) ی رۆژی یه‌کشه‌ممه‌دا خوێنده‌وه‌ ، له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌مدا و وێرای وێنه‌یه‌کی گه‌وره‌ی خانمی وه‌زیر ( ریتا فێردۆنک ) که‌ تیایدا ده‌ستی بۆ ته‌وقه‌ درێژ کردووه‌ و مه‌لای به‌رامبه‌ریشی حاڵه‌تی به‌رهه‌ڵستیکردن به‌ ده‌موچاویه‌وه‌ دیاره‌ ، به‌ مانشێتێکی گه‌وره‌ش نووسرابوو : ته‌وقه‌ له‌ گه‌ڵ فێردۆنکدا ناکرێت ! ، دوای دیتنی ئه‌و دیمه‌نه‌ سه‌رم به‌رز کرده‌وه‌ و ده‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌ هۆڵه‌ندییه‌ی له‌ شه‌مه‌نده‌فه‌رێکدا به‌ره‌و ئه‌مسته‌ردام ده‌ڕۆیشتین که‌وتمه‌ باسکردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ، پێموابوو ئه‌و مه‌لایانه‌ ڕۆڵێکی خراپیان له‌یزیوه‌ له‌ ناشیرینکردنی ڕووی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی و ده‌مگوت : مرۆڤ هێنده‌ کراوه‌نه‌بێت که‌ بتوانێت ده‌گه‌ڵ ژنێکدا ته‌وقه‌ بکات ، حه‌یفه‌ لێره‌ بژیت .. به‌ڵام کابرای هۆڵه‌ندی به‌ له‌سه‌رخۆیی پێی گووتم : به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ شته‌که‌ بڕوانه‌ ، ئێره‌ وڵاتێکه‌ تۆ ئازادیت چۆن بیر ده‌که‌یته‌وه‌ ، بۆیه‌ش ته‌وقه‌ بکه‌ی یان نه‌یکه‌ی په‌یوه‌ندی به‌ خۆته‌وه‌یه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ لێره‌ وه‌زیرێک ده‌یه‌وێت کاری ( گونجاندن ) بکات که‌ ته‌نانه‌ت نازانێت به‌ پێی دینی ئیسلام ژن و پیاو پێکه‌وه‌ ته‌وقه‌ ناکه‌ن!! ، که‌سێک کولتوره‌کان نه‌ناسێت چۆن ده‌توانێت پێکه‌وه‌ بیانگونجێنێت ؟!.
* * *



وا باوه‌ر ده‌که‌م که‌ خانمی وه‌زیر بۆیه‌ ئه‌و کاره‌ی کردووه‌ تا بۆ خه‌ڵکی هۆڵه‌ند بیسه‌لمێنێت که‌ ئه‌و سیاسه‌ته‌ توندانه‌ی به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی بێگانه‌ ده‌یگرێته‌ به‌ر هه‌ڵه‌ نین و له‌ ڕاستیدا له‌ گونجاندنیان له‌ کۆمه‌ڵگای هۆڵه‌ندیدا نائومێد بووه‌ .
به‌ڵام قسه‌ی کابرای هۆڵه‌ندیم به‌رده‌وام له‌ گوێدا ده‌زرنگێته‌وه‌ که‌ گوتی :

که‌سێک کولتوره‌کان نه‌ناسێت چۆن ده‌توانێت پێکه‌وه‌ بیانگونجێنێت ؟! .


له‌ وێبه‌ کوردییه‌کاندا ئه‌م نووسینه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ .

نووسه‌ر Hemn له‌ Sunday, November 21, 2004
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links