وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Saturday, January 08, 2005
لاوکێکی غه مگین بۆ زانکۆ کوردییه کان !

که‌ ده‌ڵێین ( زانکۆ ) ، چ نێوێکی سه‌نگینمان به‌سه‌رزاردا دێت؟! . ئه‌وه‌ی رۆژێک له‌ قوتابخانه‌ رۆنیشتبێ و قه‌شه‌نگیی کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو کوڕ و کچه‌ جحێڵانه‌ی دیتبێ که‌ بۆ فێر بوون لێکهاڵاون ، زه‌حمه‌ته‌ به‌ ناوی زانکۆ نه‌شڵه‌ژێت و هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵ هه‌ڵنه‌کێشێ ...

ئاخر له‌م رۆژهه‌ڵاته‌ بێخاوه‌نه‌دا ، رۆژانێک ، دوایین شتێک که‌ لاوانی ئاینده‌ویست خه‌ونیان پێوه‌ده‌بینی زانکۆ بوو ، که‌ دایکێک رۆڵه‌که‌ی هاندابایه‌ ، پێیده‌گووت : جا ئیشاڵڵا هه‌ر دوو سێ ساڵی دیکه‌یه‌ ، بۆ خۆت ده‌چیه‌ زانکۆ و ده‌حه‌سێیه‌وه‌ ....!.

گه‌نجه‌کانیش، زه‌ینیان ته‌نیا بۆ ئه‌و کاته‌ ده‌چوو ، که‌ خوێندنیان ته‌واوکردووه‌ و له‌ زانکۆوه‌ وه‌ک مرۆیه‌کی به‌که‌ڵک ، به‌ هه‌گبه‌یه‌ک به‌رنامه‌وه‌ ، بۆ خزمه‌تی خه‌ڵک هاتوونه‌ته‌وه‌ ..

رۆژگارێک ، نموونه‌ی باڵا ، بۆ گه‌یشتن به‌ سبه‌ینێیه‌کی جوان ، زانکۆ بوو . ئه‌و کات ، که‌س بیری بۆ سه‌فه‌ری ناچاری نه‌ده‌چوو و به‌ جێهێشتنی نیشتمانیش هێنده‌ ئاسان نه‌بوو ، چونکه‌ لێره‌ ، مرۆڤ قه‌دری هه‌بوو !.

* * *

له‌ هه‌موو دنیادا، ئه‌وه‌ زانکۆییه‌کانن که‌ قسه‌ی نوێده‌که‌ن ، هه‌ر ئه‌وانیشن که‌ گۆڕان له‌ ئه‌ستۆ ده‌گرن و جڤاکێکی هۆشیار په‌روه‌رده‌ ده‌که‌ن .. له‌و دنیا گه‌وره‌یه‌شدا ، هه‌مووان ، بۆ داهێنان ، چاویان له‌ ده‌ستی وانه‌ ، زۆریشن ئه‌و فه‌یله‌سوف و بیرمه‌ندانه‌ی له‌ بڵندگۆی زانکۆکانه‌وه‌ ، گفتوگۆی وروژێنه‌ریان خستووه‌ته‌ جڤاکه‌وه‌ .

به‌ڵام له‌ وڵاتی ئێمه‌دا ، بێوه‌یترین ده‌زگا ، زانکۆیه‌ ! . لێره‌ ، زانکۆ نه‌ک هه‌ر کاریگه‌ریی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه‌ نییه‌ ، به‌ڵکو زۆریش مه‌منونه‌ که‌ ئه‌و ره‌وشه‌ی ئێستای بۆ راوه‌ستێت ! ، له‌ کۆڕه‌کانی زانکۆدا باسی هه‌موو شتێکده‌کرێت ( ته‌نیا گۆڕان و داهێنان نه‌بێت !! ) ، له‌وێ هه‌موو شتێک ده‌یخوات ( ته‌نیا گه‌نگه‌شه‌ نه‌بێت !! ) ، به‌ کورتی : زانکۆ کوردییه‌کان له‌ هه‌موو شتێک ده‌چن ( ته‌نیا زانکۆ نه‌بێت !! ) .

* * *

بۆ چی زانکۆکانمان هێنده‌ داماون ؟ ، پرسیارێکه‌ و هه‌قه‌ بیپرسین ..
من تا له‌ حیکمه‌تی وه‌رگرتنی تایبه‌ت ( قه‌بوڵ خاس ) و وانه‌وتنه‌وه‌ به‌ پێودانگی خواره‌وه‌ی هه‌شتاکان و دزییه‌ زانستییه‌کان تێنه‌گه‌م ، ناتوانم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ گه‌وره‌یه‌ بده‌مه‌وه‌ ؛ به‌ڵام حه‌زده‌که‌م ئاکاده‌میسیه‌نه‌کان خۆیان جوابگۆ بن ! ...

* * *

زانکۆیه‌کی ئه‌مریکی نه‌خشه‌ی جیناتی دۆزییه‌وه‌ ، مامۆستایه‌کی زانکۆ باسی پێکدادانی شارستانیه‌تییه‌کانی کرد ، یه‌کێکی دیکه‌ش سه‌رقاڵی کۆپیکردنی مرۆڤه‌ ... ئه‌وانه‌ مانشێتی رۆژنامه‌کانی دنیان ، ئه‌و وڵاتانه‌ی مرۆڤی ئاساییی وه‌ک ئێمه‌یان تێداده‌ژین و سه‌رقاڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵی دوایین دۆزینه‌وه‌ زانکۆییه‌کانن . که‌چی رۆژنامه‌ کوردییه‌کان ، ناچارن شه‌ڕه‌زلله‌ی ئوستادانی زانکۆ و کۆبونه‌وه‌ی سانسۆرکردنی هه‌واڵه‌کانیان و گومانکردنی هه‌ندێکیان له‌ راستیی ئه‌و رووداوه‌ی که‌ کورد دایانتاشیوه‌ !! و ناویان ناوه‌ ( ئه‌نفال ) ، بڵاوبکه‌نه‌وه‌ !!! ...


ده‌مه‌وێ جارێکی دیکه‌ش بپرسمه‌وه‌ : زانکۆکانی ئێمه‌ ، بۆ وا داماون ؟

تێبینی : ئه‌م بابه‌ته‌ ، کاتی خۆی به‌رله‌وه‌ی کوردستان جێبهێڵم ، بۆ رۆژنامه‌ی میدیا نوسراوه‌ و رۆژی 15 / 9 /2002 بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ .. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتاش به‌داخه‌وه‌ هیچ شتێک له‌ نێوه‌رۆکی ئه‌و نوسراوه‌دا نه‌گۆراوه‌ ، بۆ ئارشیڤکردن لێره‌دا دامناوه‌ته‌وه‌ ..
نووسه‌ر Hemn له‌ Saturday, January 08, 2005
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links