وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Tuesday, April 19, 2005
ده سه ڵاتی بێده سه ڵات



کێ رۆژنامه‌ی کوردی ده‌خوێنێته‌وه‌ ؟ ، پرسیارێکی به‌رسڤ ویسته‌ و هه‌ڵوه‌سته‌م پێده‌کات .
زۆرجار که‌ سه‌یری رۆژنامه‌ کوردییه‌کان ده‌که‌م ، منداڵیی خۆمم بیردێته‌وه‌ ، ئه‌و رۆژانه‌م دێنه‌وه‌یاد که‌ له‌ناو رۆژنامه‌کانی باوکمدا ، به‌ دوای نووسینێکدا ده‌گه‌ڕام که‌ بتوانم لێی تێبگه‌م ، به‌ڵام هه‌میشه‌ نه‌مده‌دیته‌وه‌ ، ئه‌وکاتی وامده‌زانی ئیشی چکۆله‌ییمه‌ ، به‌ڵام ئێستا تێده‌گه‌م
که‌ : رۆژنامه‌ی کوردی ، تا ئێستاش بۆ پیاوی دیوه‌خانان ده‌رده‌چێ ‌ و رۆژنامه‌نووسی کوردیش هێشتا نایه‌وێت داشقه‌چییه‌کانی شێخه‌ڵڵا لێی حاڵیبن ! .

* * *

که‌ چکۆله‌ بووم ، ده‌مزانی ، گه‌ڕانه‌وه‌ی بابم له‌ شاخ ، هاتنی کۆمه‌ڵێک په‌ڕه‌کاغه‌زی نوێشی
به‌دواوه‌یه‌ ، ده‌و کاغه‌زانه‌دا که‌ باوکم هه‌موو جارێ باوه‌شێکی لێ دێنانه‌وه‌ ، به‌یاننامه‌ دوور و درێژه‌کانی حیزب و هه‌واڵی تاوانکارییه‌کانی پیاوه‌ دیکتاتۆره‌که‌ و جنێودان به‌ فڵان پارتی کوردی و فیسار گروپی عاره‌بی و زۆر شتی دیکه‌شم ده‌دیتن .

ئه‌و هه‌موو جارێ که‌ ده‌هاته‌وه‌ ، ده‌رگای کتێبخانه‌که‌ی ده‌کرده‌وه‌ و په‌ڕه‌کاغه‌زه‌ زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو و نووشتاوه‌کانی له‌سه‌ریه‌ک که‌ڵه‌که‌ ده‌کردن ، ئه‌زیش به‌ شه‌رمه‌وه‌ لێی ده‌چوومه‌ پێشێ و ده‌مپرسی : بابه‌ ئه‌و قاقه‌زانه‌ چین ؟ .. به‌ خه‌نده‌وه‌ ته‌ماشایه‌کی ده‌کردم و ده‌یگوت : کوڕی خۆم ، ئه‌وانه‌ رۆژنامه‌ن ...
من که‌مێک ده‌حه‌په‌سام و ده‌مه‌ویست باوه‌ڕ نه‌که‌م.. چونکه‌ ئه‌و رۆژنامانه‌ی له ‌ شاره‌‌که‌ی مه‌دا
( به‌ زمانی ناکوردی!) ده‌رده‌چوون ، هه‌م په‌ڕه‌کانیان گه‌وره‌تر بوون ، هه‌م وێنه‌ی زۆرتریشیان ده‌نێودابوون!.. بۆیه‌ش ‌ پێکه‌نینێکی منداڵانه‌م ده‌گه‌ڵده‌کرد و به‌خۆممده‌گوت : ئاخر ئه‌و قاقه‌زه‌ چکۆلانه‌ چۆن ده‌کرێ رۆژنامه‌ بن‌ ؟! .


* * *

قه‌رار وایه‌ ئه‌و رۆژانه یادی سه‌دوحه‌وته‌مین ساڵڤه‌گه‌ڕی ده‌رچوواندنی یه‌که‌مین کاغه‌زی چاپکراو بێت که‌ به‌ کوردی نووسرابێ و پێی بگوترێت ( رۆژنامه‌ ) ، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ڤانیی کوردی ئیدی له‌‌وان رۆژان تێپه‌ڕیوه‌ که‌ کاغه‌زی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو بێ و قه‌باره‌ی لاپه‌ڕه‌کانیشی که‌مێک گه‌وره‌تر بوون له‌ جاران! ، گومانده‌که‌م که‌ به‌ یادکردنه‌وه‌یه‌کی سارد و سڕ ، بۆنه‌که‌ تێپه‌رێ و رۆژنامه‌ڤانان له‌ رۆژی خۆیاندا ، هه‌ندێك دانپێدانانی بوێرانه‌ ده‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌ و کێماسییه‌کانیاندا نه‌که‌ن . هه‌رچه‌نده‌ ده‌نێو ئه‌و نامانه‌دا که‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانی ئاشنامه‌وه‌ به‌ده‌ستم ده‌گات ، هه‌میشه‌ (بیڵێم و نه‌یڵێمێک ) و ناڕازیبوونێکی بێده‌سه‌ڵاتانه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌رواش به‌ خۆمده‌ڵێم : ئایا ده‌کرێت ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مینی وڵاتێک ، تا سه‌ر ، به‌ بێده‌سه‌ڵاتیی خۆی رازیبێ ؟!

* * *


وایلێکده‌ده‌مه‌وه‌ که‌ گوناهباری گه‌وره‌ی بێده‌سه‌ڵاتیی رۆژنامه‌ له‌ کوردستاندا ، ئه‌و رۆژنامه‌ڤانه‌ به‌رژه‌وه‌ندویستانه‌ن ‌ که‌ له‌جیاتی دروستکردنی پێوه‌ندیی ساغڵه‌م ده‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا ، قه‌ڵه‌م و کیبۆرده‌کانیان هه‌رزانفرۆش کردووه‌ و نه‌ک هه‌ر نه‌یانتوانیوه‌ ده‌سه‌ڵاتداران فێری رێزگرتن له‌ رۆژنامه‌نووس بکه‌ن ، به‌ڵکو خۆشیان به‌ درێژایی ساڵانی بوری ، له‌ ئه‌نجامده‌رانی پرۆسه‌ی بێده‌نگکردن و نانبڕین له‌ رۆژنامه‌وانانی خاوه‌ن ده‌نگ بوون .
ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بینم رۆژنامه‌نووسی کورد ناچاره‌ له‌ پیناو نه‌بڕانی بژێویی خۆی ، بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێ ، ئازارم ده‌دا ، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌ خۆم ده‌پرسمه‌وه‌ : ئایا ده‌کرێت ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مینی وڵاتێک ، تا سه‌ر ، به‌ بێده‌سه‌ڵاتیی خۆی رازیبێ ؟! .

* * *

سه‌د و حه‌وته‌مین جه‌ژنی رۆژنامه‌ڤانیش ده‌گێڕین و بێده‌سه‌ڵاتیی چواره‌مین ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌که‌مان به‌ چاوی خۆمان ده‌بینین ، ره‌نگه‌ پاش یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو به‌شه‌که‌ی هه‌رێم ، شاهێدی هه‌ندێ گۆڕانکاریی دیکه‌ بین ، به‌ڵام چاکده‌زانم که‌ رۆژنامه‌ ئه‌و کاته‌ لای ئێمه‌ ده‌سه‌ڵات په‌یدا ده‌کات ، که‌ داشقه‌چییه‌کانی شێخه‌ڵڵا لێیحاڵیبن و پیاوی دیوه‌خانانیش نه‌توانن هه‌ڵه‌چنیی
بۆ بکه‌ن .

نووسه‌ر Hemn له‌ Tuesday, April 19, 2005
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links