وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Sunday, February 27, 2005
ئێواره یه ک بووینه مۆنالیزا!


به‌رله‌وه‌ی فیلمی ( کیسه‌ڵه‌کانیش ده‌فڕن ) بێته‌ ڤیستیڤاڵه‌ جیهانییه‌کانه‌وه‌ ، ته‌له‌فزوێنێکی کوردی له‌ ( به‌همه‌ن قوبادی ) ی پرسی : بۆچی فیلمه‌کانت هه‌مووی باسی ئازار ده‌که‌ن؟ ، ئه‌ویش به‌ ده‌نگێکی غه‌مگین گوتی : تا کورد له‌ دنیادا ئازار ببینێ ، ناتوانم زوومی کامێراکه‌م بخه‌مه‌ سه‌ر شته‌ شادیهێنه‌ره‌کان !.
ئه‌وه‌نده‌ قسه‌یه‌ی به‌همه‌ن به‌سبوو بۆ ئه‌وه‌ی ئێواره‌یه‌کی کۆتاییی هه‌فته‌ ، کۆمه‌ڵێک کورد، به‌ره‌و سینه‌مایه‌کی هۆڵه‌ندی وه‌ڕێبکه‌وین ، تا فیلمێکی ئێرانی ببینین !!.

* * *

هۆڵی سینه‌ماکه‌ی ئه‌مسته‌ردام جمه‌ی ده‌هات له‌به‌ر خه‌ڵک ، رێزی پێشه‌وه‌ ئێمه‌ بووین و پشته‌وه‌ش که‌سانێکی لێبوون که‌ له‌ تاریکیدا نه‌مانده‌زانی خه‌ڵکی کوێن ؟ ، سه‌ره‌تا تایتلی فیلمه‌که‌ و ناوی ئه‌کته‌ره‌کان ، به‌( سه‌ددام حوسێن ! ) ییشه‌وه‌ ، به‌ زمانی فارسی هاتن!! ... دوایێش به‌ دیمه‌نی کچه‌ کوردێکی منداڵكار که‌ ده‌یه‌وێت له‌ لوتکه‌ی شاخێکه‌وه‌ خۆی هه‌ڵدێرێت ، فیلمه‌که‌ ده‌ستیپێکرد . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا ده‌ستپێکبوو ، ده‌نگی کۆکین و چرپه‌چرپ نائارامییه‌کی ته‌نکی‌ له‌ هۆڵه‌که‌دا چێکردبوو ، که‌ کچه‌ منداڵکاره‌که‌ خۆی هه‌ڵداشت ، به‌ ئۆۆۆۆۆ یه‌کی درێژ .. بێده‌نگییه‌کی درێژیش باڵی به‌سه‌رداکێشاین ...

* * *
به‌ درێژاییی ئه‌و فیلمه‌ ، هه‌مووان چاومان له‌ په‌رده‌ی سینه‌ما بوو و که‌س ئاگای له‌ ته‌نیشت خۆی نه‌بوو ، له‌ راستیدا فیلمه‌که‌ و چیرۆکه‌ کۆمێدییه‌ دڵته‌زێنه‌که‌ی ! ، بواری بۆ ئاخافتن ده‌گه‌ڵ ته‌نیشته‌خۆتدا نه‌ده‌هێشته‌وه‌ ، سه‌رنجدان له‌ سروشتیبوونی رۆڵی ئه‌کته‌ره‌کان و گریانه‌ ناده‌ستکرده‌کان و پێکه‌نینه‌ زۆر هه‌قیقیه‌کان، مرۆی ده‌گێرایه‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌کانی سه‌رده‌می زوو ، ده‌مێک بوو گوێم له‌ قسه‌کردنی منداڵه‌ هه‌ولێرییه‌ک به‌ شێوه‌ئاخافتنی سلێمانی و زمان تێکگیرانی با‌دینییه‌کیش که‌ به‌ سۆرانی قسانده‌کات ، نه‌ببوو! ،له‌ مێژبوو مه‌سه‌له‌ی مین و بازرگانیی چه‌ک و هه‌واڵی هه‌میشه‌ دوباره‌بوونه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ ماڵه‌ کوردێکدا راینه‌چڵه‌کاندبووم، بۆیه‌ش هێنده‌ به‌ تامه‌زرۆیی سه‌یری فیلمه‌که‌م ده‌کرد که‌ ته‌نها ئه‌و کاته‌ی دیالۆگه‌کان ده‌بوون به‌ کۆمێدی ، به‌ تریقه‌ی پێکه‌نینی بینه‌رێکی پشته‌وه‌ ، یان به‌ بێده‌نگی و فرمێسکسڕینی یه‌کێکیدی له‌ گرته‌یه‌کی غه‌مگیندا ، ده‌مزانی که‌ له‌ هۆڵی سینه‌مادام و ئه‌وه‌ی ده‌شیبینم فیلمێکه‌ که‌ خه‌ڵاته‌ جیهانییه‌کان به‌ هۆی ئارشیڤکردنی ئازاره‌کانی میلله‌تێکه‌وه‌ کۆده‌کاته‌وه‌‌ !.

* * *




ئه‌ز له‌ رووی هاوسۆزییه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌که‌ی قوبادی ناڕوانم ، ناشمه‌وێت کوردبوونی وی واملێبکات که زێده‌گاڤی بکه‌م له‌ هه‌ڵسه‌نگاندنیدا ، به‌ڵام ئه‌وه‌ هه‌قیقه‌تێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ که‌ به‌و به‌رهه‌مه‌ی قوبادی ، دنیا بۆ ناسینمان چاویلکه‌ی روونبینتر ده‌کاته‌ چاوی ، چونکه‌ له‌وێدا باسی میلله‌تێکده‌کات که‌ منداڵه‌کانی به‌ بیستنی هه‌واڵی هه‌ڵایسانی شه‌ڕ ، قوتابخانه‌کانیان ده‌که‌نه‌ سه‌نگه‌ر و نایانه‌وێت ته‌سلیمبن ، کامێراکه‌ی وی به‌ دنیاده‌ڵێت :‌ ده‌شێت میلله‌تێک هه‌بێت که‌ کچه‌ منداڵکاره‌کانی به‌ زۆر هه‌تکبکرێن و زارۆکه‌ دایک و باوک له‌شه‌ڕدا کوژراوه‌کانیشی، له‌ جیاتی قوتابخانه‌ ، له‌ کێڵگه‌کانی مینهه‌ڵگرتنه‌وه‌دا خه‌ریکی ئه‌ڵغام ده‌رهێنانبن ! .

* * *

که‌ ئه‌و فیلمه به‌ ناوه‌رۆک کوردی و به‌ ناو ( ئێرانی !!) ییه‌م بینی ، بیرم له‌وه‌‌کرده‌وه‌ که‌ ده‌بێت چ حیکمه‌تێک له‌ به‌ مۆنالیزابوونی بینه‌رانی ئه‌و فیلمه‌ ، له‌و سینه‌ما هۆڵه‌ندییه‌‌دابێت ؟ ، که‌ هه‌ستاین و گڵۆپی ناو هۆڵه‌که‌ هه‌ڵکران ، دیتم ‌ زۆربه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ چاوانیان خه‌مناک بوون و لێویان خه‌ندان !.
---------------------------------------------------------------------------------------------------------* وێنه‌ ته‌نهاکه‌ی به‌همه‌ن به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌م وێبلاگه‌ گیراوه‌ و هیچ شوێنێک به‌ بێپرس مافی بڵاوکردنه‌وه‌ی نییه‌ .
نووسه‌ر Hemn له‌ Sunday, February 27, 2005
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links