وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Monday, February 14, 2005
سه ربڕه کان ناناسم



کاتی خۆی که‌ دیمه‌نی ئیهانه‌ئامێزی زیندانییه‌کانی ئه‌بوغورێبم دیت ، زۆر په‌شیمان بوومه‌وه‌ له‌وه‌ی‌ رۆژێک له‌ رۆژان دڵم به‌ په‌یامبه‌ری درۆزنینه‌ی دێموکراسی خۆشکردبوو و ساده‌دڵانه‌ وامده‌زانی ده‌کرێت ئامریکا ده‌گه‌ڵ خۆیدا بیرکردنه‌وه‌ی( ته‌واو مرۆڤانه‌) بێنێته‌ رۆژهه‌ڵاتی ناڤینه‌وه‌! ، به‌ڵام ئێستا که‌ کۆمه‌ڵێک فیلمی دیکه‌م له‌به‌رده‌ستدان ، تێده‌گه‌م که‌‌ ده‌نێو ئه‌وان هه‌موو شه‌یتانانه‌دا، ناسینه‌وه‌ی فریشته،‌ چه‌نده‌ سه‌خته‌ !! .

* * *
زۆرتر له‌ شه‌ش مانگه‌ خه‌ریکی کۆکردنه‌وه‌ی ئه‌و فیلمانه‌م که‌ گروپه‌ ئیسلامییه‌ توندره‌وه‌کانی ئێراق ، ده‌ینێرنه‌ سه‌ر نێت؛ ئه‌و فیلمانه‌ی هه‌میشه‌ به‌ سرودی ( فجرواهم ، حیث کانوا و انحرواهم ... !! ) یان به‌ تایتلی ( تنفیذ حکم الله ) ده‌ستپێده‌که‌ن و پێشانیده‌ده‌ن که‌ چۆن به‌ سه‌ربڕین و گولله‌بارانکردنی خه‌ڵکی بێده‌سته‌ڵات ، هه‌م ئامریکا له‌ ئێراق ده‌رده‌په‌ڕێندرێت و هه‌میش حوکمه‌تی ئیسلامی بنیاد ده‌نرێت ! . دیمه‌نه‌کان هێنده‌ راچڵه‌کێنه‌رن که‌ به‌ ته‌واوی تێڕوانینی مرۆڤ سه‌باره‌ت به‌ مرۆڤایه‌تی ده‌گۆڕن‌ ، من ئێستا تێگه‌یشتووم که‌ مرۆڤ به‌وراده‌یه‌ش که‌ بیری لێده‌که‌ینه‌وه‌ بێگوناه نییه‌ ، تێشگه‌یشتووم که‌ : ئه‌گه‌ر باوه‌رت وابێت ده‌توانیت ده‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌کی ده‌مارگیردا دیالۆگ بکه‌ی ، ئه‌وه‌ خۆشخه‌یاڵێکیت و هیچیتر نا ...

* * *
له‌ یه‌کێک له‌و فیلمانه‌دا سێ گه‌نجی کورد ده‌بینم ، منداڵکارن و له‌ شێوازی ئاخافتن و سه‌یرکردنه‌‌ سڵه‌کانیانه‌وه ،له‌وه‌‌ تێده‌گه‌م که ‌ له‌ودیوی کامێراکه‌وه‌ ، چاوێک ، یان ده‌ست و بازوویه‌کی تۆقێنه‌رهه‌یه‌ که‌ ده‌یانترسێنێت ، به‌ شڵه‌ژاوی ناوی خۆیان ده‌ڵێن و که‌مێکی تر دیمه‌نی سه‌ربڕینی یه‌که‌میان پێشان ده‌درێت ، ئینجا ئه‌ویتریان و دوایێش سێیه‌مینیان .. سه‌ربڕ ده‌ستی ناله‌رزێت و وه‌ک ده‌مێک بێت سه‌ری مرۆڤان ببڕێ ، سه‌ره‌کانیان هه‌ڵده‌گرێ و له‌سه‌ر لاشه‌ی کورده‌کوژراوه‌کانی داده‌نێت .. ئه‌زیش خێرا فرمێسکه‌کانم ده‌سڕم ‌و بیر له‌و دایک و که‌س وکاره‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ زارۆیه‌ بێگوناهه‌کانیان به‌ سه‌ربردراوی بۆ ده‌ڕواته‌وه‌ و قه‌تیش ئه‌و فیلمه‌ نابینن .. خۆ چاترکه‌ نه‌یبینن، ئاخر ئاوا ، که‌مێک خه‌میان سوکتره‌ .

* * *
له‌ فیلمێکی تردا ، چوار پۆلیسی ئێراقی پێشانده‌درێن ، خۆیان ده‌ناسێنن ، یه‌کێکیان زۆر له‌ براچکۆله‌یه‌کی من ده‌چێ ، له‌ کاتی خۆناساندندا زمانی تێکده‌ئاڵێت ، یه‌کێکی دیکه‌یان خۆی پێناناسێندرێت ، به‌ شێوه‌یه‌ک سه‌یری کامێرا ده‌که‌ن که‌ وا هه‌ستده‌که‌ی ده‌یانه‌وێت به‌ چاوه‌ نزائامێزه‌کانیان دوایین تکا بۆ رزگاربوون بکه‌ن ، هه‌ستده‌که‌یت ، ئه‌وه‌ی له‌ برا چکۆله‌که‌ی من ده‌چێت وا ده‌زانێت ئێستا براگه‌وره‌که‌ی ده‌یبینێ و وه‌ک سه‌رده‌می شه‌ڕه‌به‌رده‌کانی منداڵی زوو فریای ده‌که‌وێ ، به‌ڵام تازه‌ زۆر دره‌نگه‌ و چه‌ند چرکه‌یه‌کی پێناچێ که‌ خاوه‌نی چاوه‌ نزائامێزه‌کان گولله‌باران ده‌کرێن .. تۆی بینه‌ریش تا هێزت تێدایه‌ ده‌زریکێنیت و تف له‌ ویژدانی خه‌وتووی پیاوه‌ ده‌مامکداره‌ ره‌شپۆشه‌کان ده‌که‌ی.

* * *

فیلمه‌کان زۆرن ، هه‌ر له‌ سه‌ربرینی جاک هێنسڵیی ئامریکایی و کوشتنی وه‌رگێریک که‌ پێشتر داوا له‌ هه‌موو وه‌رگێرانی عاره‌بی زمان ده‌کات هاوکاریی ئه‌مریکا نه‌که‌ن که‌چی دوایێ به‌ گولله‌یه‌ک کۆتایی به‌ ژیانی ده‌هێنرێت و ئه‌و پیاوه‌ی وه‌ک کۆترێک له‌ سه‌ربه‌ردێک دایده‌نێن و ده‌یکه‌ن به‌ نیشانه‌ بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ده‌ستڕاستیی موجاهیده‌کان!! ، تا ده‌گاته‌ دیمه‌نی سوتاندنی ماشێنێکی سوپای ئه‌مریکی له‌ ناو شاری موسڵدا و هۆڕنی شادیی ماشێنه‌کانی دیکه‌ و په‌نجه‌ به‌رزکردنه‌وه‌ی خه‌ڵك وه‌ک نیشانه‌ی سه‌رکه‌وتن .. هه‌موویان به‌ زمانێکی ساده‌ پێتده‌ڵێن : هێشتاش له‌ ئێراقدا، ئه‌قڵ مه‌حه‌لی نییه‌ له‌ ئیعرابدا !.

* * *

‌ خه‌ریکی نووسینی ئه‌و دێڕانه‌م ، چاوم ده‌که‌وێته‌ سه‌ر رۆژنامه‌یه‌کی هۆڵه‌ندی ، تێیدا نووسراوه‌ : نمایشکارێکی جل و به‌رگ ، سمته‌ نازداره‌کانی خۆی به‌ مه‌بله‌غی 50000 یۆرۆ بیمه‌ کردووه‌ ، به‌و پێیه‌ش کۆمپانیایه‌ک بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌ به‌ نازداری مانه‌وه‌ی سمته‌کانی ئه‌و خانمه‌ ناسکه ! .. به‌ خۆمده‌ڵێم : دنیایه‌کی سه‌یره‌ ، لێره‌ خه‌ڵک خه‌می سمته‌کانی ده‌خوات ، که‌چی له‌وێ ئینسانه‌کان گۆشه‌وگۆش سه‌رده‌بردرێن ، به‌ڵام که‌س نازانێت بکوژه‌کانیان کێن ؟!! .
نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, February 14, 2005
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links