وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Monday, March 14, 2005
دنیا .. له سندوقێکی چکۆله دا!

دنیای نوێ ، دنیای سندوقێکی جادووییه‌ ، که‌ له‌رۆژی له‌ دایکبوونی ئینسانه‌کانه‌وه‌ تا مردنیشیان ده‌خاله‌ت له‌ هه‌مو شتێکدا ده‌کات .. ئه‌م سندوقه‌ نه‌ له‌ ئاسمانانه‌وه‌ به‌ربۆته‌وه‌ ، نه‌ مۆجیزه‌یه‌کیشه که‌ په‌یامبه‌ره‌کان بۆ ترساندنی گه‌لێکی گوێڕانه‌دێر هێنابێتیان ، له‌ ناوه‌وه‌شیدا نه‌ جنۆکه‌ خۆیان شاردۆته‌وه‌ و نه‌ جادووگه‌رێکیش ئه‌فسوونی لێخوێندووه‌ ... کورت و کرمانجی : سندوقه‌ جادوییه‌که‌مان به‌رهه‌می پێنج هه‌زارساڵ خه‌بتینی مرۆڤه‌ ئاقڵه‌کانه‌ ، که‌ هه‌م ژیانی پێ ساده‌بۆته‌وه‌ و هه‌میش دنیای لێ ئاڵۆزکردووین !.

* * *

‌نوسه‌رێکی فه‌ره‌نسایی به‌ ناوی ئه‌مانوئێل تۆد ه‌وه‌ کتێبێکی به‌نێوی ( تازیه‌نامه‌یه‌ک بۆ ئیمپراتۆریای ئه‌مریکی ) نووسیوه‌ ، ده‌و کتێبه‌دا - که‌ زۆرتر له‌ فاکته‌ره‌کانی سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی ( ئه‌نتی ئامریکانیزم ) ده‌کۆڵێته‌وه‌ - تۆد باس له‌ پێشڤه‌چوونێکی سه‌یر له‌ بواری نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واریدا ده‌کات و مژده‌ی ئه‌وه‌ ده‌دات که‌ له‌ساڵی 2030 دا رێژه‌ی ئه‌و گه‌نجانه‌ی نازانن بخوێننه‌وه‌ و بنوسن ، ده‌گاته‌ سفر له‌سه‌د . به‌ڵام هۆشداریی ئه‌وه‌مان ده‌داتێ، که‌ چه‌مکی نه‌خوێنده‌واری له‌ دنیای نوێدا ده‌گۆڕێت و له‌جیاتی ( خوێندنه‌وه‌ و نووسین) ده‌بێته‌ : ( کامپیوته‌ر و زمانی ئینگلیزی)..

* * *

به‌ پێی ئه‌و قسانه‌ بێت ، له‌ ئاینده‌یه‌کی زۆر نزیکدا ، مرۆڤ ، گونده‌ جیهانییه‌ مه‌جازییه‌که‌ی ته‌واو بنیاد ده‌نێت و ئیدی شتێک به‌ ناوی تخوبی نێونه‌ته‌وه‌یی و سانسۆره‌وه‌ ، ناتوانن ده‌رگای لێکتێگه‌یشتنی مرۆڤه‌کان ، له‌وسه‌ر تا ئه‌وسه‌ری دنیا دابخه‌ن و که‌سیش ناچارناکرێت که‌ باوه‌ڕ به‌ خورافه‌ بێماناکانی سه‌ده‌گه‌لی دوور بکات . زانینی ئه‌و راستیییه‌ تۆقێنه‌ره‌ش ‌ وای له‌ ده‌وڵه‌تی به‌نگلادیش کرد‌ ، به‌ به‌یاننامه‌یه‌ک راشکاوانه‌ دان به‌ پاشڤه‌رۆیی کامپیوته‌رییانه‌ی خۆیدابنێت و بانگه‌وازی هاوکاریی نێونه‌ته‌وه‌یی بکات .

* * *



ژماره‌یه‌ک هه‌واڵم له‌ به‌رده‌ستدان ، یه‌کێکیان ده‌ڵێت : 60 له‌سه‌دی لادێنشینانی ئامریکایی ئینته‌رنێت به‌کاردێنن . یه‌کێکی دیکه‌ش باسی ئه‌وه‌ ده‌کات که‌ ده‌وڵه‌تی مالیزی به‌هۆی سه‌رژمێرییه‌که‌وه‌ که‌ ده‌ریخستووه‌ له‌و وڵاته‌دا 5 ملیۆن و نیو به‌کارهێنه‌ری کامپیوته‌ر هه‌یه‌ ، کێچ که‌وتۆته‌ که‌وڵییه‌وه‌ و بۆ پڕکردنه‌وه‌ی ئه‌و که‌لێنه‌ دیگیتاڵییه‌ ، پلانی داناوه‌ که‌ تاساڵی 2015 رێژه‌که‌ بگه‌یه‌نێته‌ 12 ملیۆن به‌کارهێنه‌ر . له‌ هه‌مووشی سه‌رنجراکێشتر هه‌واڵێکه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ ‌ که‌ ده‌بێژێت : زمانی فارسی بۆته‌ چواره‌م زمانی ئینته‌رنێتی له‌ جیهاندا و ته‌نیا له‌ ماڵپه‌ڕێکدا که‌ خزمه‌تگوزاریی وێبلاگی هه‌یه‌ ، دوو ملیۆن بینه‌ر له‌ مانگێکدا سه‌ری لێده‌ده‌ن و 370 هه‌زار بلاگنووسی به‌شدار و 56 هه‌زار بلاگنووسی چالاکیش تێیداده‌نووسن ..
له‌ بیرتاننه‌چێت ژماره‌ی بلاگنووسانی کورد ناگه‌نه‌ 50 دانه‌ ! ، له‌ کاتێکدا‌ که‌ نه‌ ره‌وشی بژێویی ئێرانییان له‌ ئێمه‌ باشتره‌ ، نه‌ ئازادیشیان زیاتره‌ ! .

* * *

ده‌مه‌وێت بپرسم : ئێمه‌ له‌ کوێی ئه‌و گۆڕانکارییه‌ ماراسۆنییه‌داین ؟ ، تۆ بڵێی حاڵمان له‌ خه‌ڵکی ڤیه‌تنام باشتر بێت که‌ له‌ کۆی 80 ملیۆن که‌سی دانیشتووی ئه‌و وڵاته‌ ، ته‌نیا 1 ملیۆن به‌کارهێنه‌ری ئینته‌رنێتی هه‌یه‌ ، ئه‌ویش 70 له‌سه‌دی خه‌ریکی چاتکردنه‌ و 10له‌سه‌دی یاریی ئه‌له‌کترۆنی ده‌که‌ن و 10 له‌سه‌دی تریشی ته‌نیا بۆ ئیمایلنووسین به‌کاریدێنن و 5 له‌سه‌دی دیکه‌شی سه‌یری فیلمه‌ سێکسییه‌کان ده‌که‌ن و 5 له‌سه‌ده‌که‌ی که‌ ده‌شمێنێته‌وه‌ کاری جۆراوجۆری تری پێده‌که‌ن ؟ ..
یان له‌ وانیش کۆڵه‌وارترین ؟!.
نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, March 14, 2005
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links