وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Monday, April 25, 2005
جوله که ش به ته مای به هه شتن !



زۆر جار که‌ ده‌چمه‌ لای شلۆمۆی هاورێم ، له‌ یه‌کێک له‌ رێستورانته‌کانی کوره‌که‌یدا له‌ ئه‌مسته‌ردام ده‌یدۆزمه‌وه‌ ، ئه‌و زۆرتر ‌ به‌ ده‌ستی ناخاوێن و به‌ به‌رهه‌ڵبێنه‌یه‌کی درێژه‌وه‌ دێته‌ پێشوازیم و ده‌ڵێت : سه‌یرکه‌ ، هێشتاش گه‌نجم و ئیشم له‌ده‌ستدێن .. پێده‌که‌نم و ده‌ڵێم : تۆ دڵت گه‌نجه‌ شڵۆمۆ ..
لێی ده‌پرسم : تۆ که‌ موحتاجی پاره‌ نیت و هه‌موو شتێکت هه‌یه‌ ، بۆ ئیشده‌که‌ی ؟ ، ده‌ڵێ : ئاخر جوله‌که‌م و پوڵم زۆرخۆشده‌وێ ! ، ده‌زانم گاڵته‌ده‌کات ، بۆیه‌ش ده‌پرسمه‌وه‌ : باشه‌ جوله‌که‌ بۆ هێنده‌ پوڵیان خۆشده‌وێ ؟ ، به‌ گومانه‌وه‌ تێمده‌ڕوانێ و ده‌ڵێت : میلله‌تێک هه‌موو دنیا دوژمنی بێ ، ته‌نها پاره‌ ده‌توانێ دۆستایه‌تیی بکات !.

* * *

شڵۆمۆ ، حیکایه‌تی بێ سه‌رپه‌نایی جوله‌که‌کانی دنیایێم بۆ ده‌گێرێته‌وه‌ ، لێمده‌پرسێ : هیچت ده‌رباره‌ی هۆڵۆکۆست بیستووه‌ ؟ ، ده‌ڵێم : ئه‌رێ .. ده‌شزانم که‌ هۆڵۆکۆستتان کردۆته‌‌ قه‌ڵغانێک و پاساوی ئیشه‌ هه‌ڵه‌کانیشتانی پێده‌ده‌نه‌وه‌ . تۆزێک بێده‌نگده‌بێ و ده‌ڵێت : وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێوه‌ به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌یکه‌ن ؟ ، زوو جوابیده‌ده‌مه‌وه‌ و ده‌ڵێم : ئێمه‌ دوعاده‌که‌ین ‌ هه‌ڵه‌مان ده‌رهه‌ق نه‌کرێ ، بۆ خۆمان هه‌ڵه‌مان له‌ کوێبوون تا قه‌ڵغانی بۆ چاککه‌ین؟ ! .

* * *

جیاوازیی ته‌مه‌ن ده‌نێوان من و شڵۆمۆ دا زۆره‌ ، به‌ڵام هاورێیه‌تییه‌که‌مان ئه‌و جیاوازییه‌ی نه‌هێشتووه‌ ، ئاخر ئه‌و ده‌ڵیت : وێنه‌کانی گه‌نجێتیی خۆم له‌ تۆدا ده‌بینم ، ئه‌زیش وه‌بیری دێنمه‌وه‌ که‌ هێنده‌ی هه‌موو دنیا پێویستم به‌ ته‌جره‌به‌ جوانه‌کانیه‌تی و ده‌مه‌وێ لێیه‌وه‌ فێری چۆن ژیان و چۆن بیرکردنه‌وه‌ بم .. پێیده‌ڵێم : باشه‌ ئیسرائیلتان چۆن دروست کرد ؟ ، ده‌زانێ پرسیارێکی زۆر شمولیم کردووه‌ ، بۆیه‌ش شمولییانه‌ جوابم ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ : به‌ ئه‌قڵ ! ، ده‌ڵێم : ئه‌وه‌یان ده‌زانم ، به‌ڵام چۆنتان توانی ده‌وڵه‌تێک له‌ نه‌بوو قیت بکه‌نه‌وه‌ ؟ ، نێوچه‌وانی گرژده‌کا و ده‌ڵێت : به‌ سێ شت : یه‌که‌میان : زیره‌کی ، دووه‌میان : پاره‌ ، سێیه‌مینیش : پشوودرێژی ..

* * *

ئه‌و هاورێ‌ پیره‌م رقێکی زۆری له‌ پیاوه‌ ئایینییه‌ ده‌مارگیره‌کانی وڵاته‌که‌یه‌تی ، به‌ بڕوای وی ، ئه‌وانه‌ ئه‌و ته‌مبه‌ڵانه‌ن که‌ به‌ هۆی بێکارییه‌وه‌ گیرۆده‌ی ئایینداری بوون ! ، زۆریش ناره‌حه‌ته‌ له‌وه‌ی که‌ یه‌کێک له‌ کوڕه‌کانی ده‌گه‌ڵیانه‌ ، به‌ڵام هه‌میشه‌ ده‌ڵێت : هه‌رچه‌نده‌ حه‌زناکه‌م ده‌گه‌ڵ پیاوه‌ ته‌مبه‌ڵه‌کانی جڤاکدا بیبینم ! ، به‌ڵام ئیجازه‌ی ئه‌وه‌یده‌ده‌مێ که‌ خۆی باوه‌ڕدارێتیی خۆی هه‌ڵبژێرێ ..

* * *

له‌ شلۆمۆ ده‌پرسم : باشه‌ ئێوه‌ش وه‌ک موسوڵمانان به‌ ته‌مای به‌هه‌شتن ؟ ، زۆر باوه‌ڕبه‌خۆیانه‌ جوابم ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت : به‌ڵێ .. به‌ڵام به‌هه‌شتی ئێمه‌ لێره‌یه‌ ، نه‌ک له‌ دنیای دیکه‌ ! ، ده‌ڵێم : ئاخر ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییان ده‌یکه‌ن ، دۆزه‌خسازییه‌ ! ، ده‌ڵێت : راستده‌که‌ی ، به‌ڵام ئه‌وه‌ رێخۆشکردنه‌ بۆ چێکردنی به‌هه‌شت به‌ مۆدێلی ئیسرائیلی ! ، دیسان ده‌پرسمه‌وه‌ : تۆ هاورای ده‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هه‌شتسازییه‌ ؟ ، به‌ بێزارییه‌وه‌ چاویلکه‌کانی ده‌ردێنێ و به‌ده‌م خاوێنکردنه‌وه‌یانه‌وه‌ ده‌ڵێت : نا .. دنیایه‌ک به‌ جیاوازییه‌کانییه‌وه‌ ‌ ، خۆشتره‌ له‌ به‌هه‌شتێکی بێجیاوازی ..

* * *
له‌ شڵۆمۆوه‌ زۆر شت فێربووم ، جاران وامده‌زانی ته‌نیا فه‌ڵه‌ستینی و موسوڵمان به‌ خۆته‌قاندنه‌وه‌ و جوله‌که‌کوژی ده‌چنه‌ به‌هه‌شتێ!! ، به‌ڵام ئێستا تێگه‌یشتووم که‌ : جوله‌که‌ش به‌ ته‌مای به‌هه‌شتێن ! .
نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, April 25, 2005
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links