وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Monday, May 09, 2005
پۆلیس و پیتزا !



گروپێکی کۆماندۆسی بانگکراو ، ده‌گه‌ڵ پۆلیسان کۆده‌بنه‌وه‌ ، تا ئه‌و منداڵه‌ بێگوناهه‌ رزگاربکه‌ن که‌ که‌وتۆته‌ ده‌ست پیاوێکی دڕنده‌ و بۆ ئازادکردنی داوای پاره‌یه‌کی خه‌یاڵی ده‌کات ، ئه‌و کۆماندۆسانه‌ی ‌ هاتوون چاکترین و به‌هێزترین کۆماندۆسه‌کانی مه‌مله‌که‌تن و له‌ شێوازی هه‌ڵسوکه‌وت و گورجوگۆڵییانه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ مێشیش له‌ده‌ستیان ده‌ربازی نابێت، جاچ بگات به‌ پیاوێک که‌ هه‌موو ئازایه‌تی و هونه‌رنماییه‌که‌ی به‌ بارمته‌گرتنی زارۆکێکی بێوه‌یه‌ ! ..
یه‌کێک له‌ پۆلیسه‌کان گیانفیدایی ده‌کات و خۆی داوێته‌ ماڵی بارمته‌گیره‌که‌وه‌ ، به‌ڵام دواتر دیمه‌نی هه‌مان پۆلیس که‌ ده‌مانچه‌یه‌کی له‌لایه‌ن پیاوێکی ماسکداره‌وه‌ له‌سه‌رسه‌ره‌ و هاوارده‌کات : ( له‌ پێناو ئازادیی ئه‌و زارۆکه‌ ، خۆم ده‌که‌مه‌ بارمته‌ی ئه‌م کابرایه‌ !) ... هه‌مووان ده‌تاسێنێ.

* * *

پوخته‌ی داستانی فیلمی ( Kops - Fliks ) که‌ له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ر و فیلمسازی سوێدی
( Josef Fares ) ه‌وه‌ رۆڵی سه‌ره‌کیی گێڕدراوه‌ ، ده‌رباره‌ی ئۆفیسێکی پۆلیسه‌ که‌ له‌ گوندێکی ئارامی سوێدیدا خه‌ریکی چه‌له‌نگییه‌ ! ، ئه‌و گونده‌ هێنده‌ ئارامه‌ که‌ پۆلیسه‌کانی له‌ جیاتی چاودێری و بنده‌ستکردنی تاوانباران، ( چونکه‌ که‌س تاوان ناکات ! ) خه‌ریکی یاریی پۆکه‌ر و رابواردنی گه‌نجانه‌ن . هه‌واڵی دڵته‌زێن ئه‌وه‌یه‌ که‌ رۆژێکیان لێپرسراوێکی گه‌وره‌ی پۆلیسی ناوه‌ندی پێیان ده‌ڵێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م گونده‌ هیچ تاوانێکی تێدا ناکرێت‌ ، ئۆفیسه‌که‌تان داده‌خه‌ین ! ... ئه‌و هه‌واڵه‌ بۆ پۆلیسه‌کان ، به‌ مانای له‌ده‌ستدانی پیاسه‌ و کار و رۆژانی شادییانه‌ ، بۆیه‌ش پیلان داده‌نێن که‌ له‌ پێناو دانه‌خرانی ئۆفیسه‌که‌یان ، خۆیان هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی تاوانکاری بده‌ن ! ، ئیدی شه‌وانه‌ به‌ جل و به‌رگی ناڕه‌سمییه‌وه‌ و به‌ ته‌قه‌کردن و ئۆتۆمبێل تێکدان و چێشتخانه‌ سووتاندن هه‌وڵده‌ده‌ن رێژه‌ی تاوانکاری ببه‌نه‌ سه‌رێ .. به‌ڵام هه‌رواش پۆلیسی ناوه‌ندی سووره‌ له‌ سه‌رداخستنی ئۆفیسه‌که‌ ! .

* * *

کێشه‌ی به‌ بارمته‌گیرانی زارۆکێک و خۆ به‌ قوربانکردنی پیاوێکی پۆلیسیش ، دوایین هه‌وڵی فێڵبازانه‌یه‌ که‌ بۆ دانه‌خستنی پۆلیسخانه‌ی گونده‌ ئارام و بێگرفته‌که‌ی سوێد ده‌درێت ، به‌ڵام پاش هه‌وڵێکی زۆری کۆماندۆسه‌ بانگکراوه‌کان ، ئه‌و فێڵه‌ش ئاشکرا ده‌بێت و بڕیاری داخستنه‌که‌ ده‌رده‌چێت .
پاش داخرانی پۆلیسخانه‌که‌ ، پۆلیسه‌کان بیرۆکه‌یه‌کی سه‌رسوورهێنه‌ریان به‌ مێشکدا دێت ، ئه‌ویش به‌وه‌ی که‌ بڕیارده‌ده‌ن له‌ جیاتی (polis ) ناوی ئۆفیسه‌که‌یان بکه‌نه‌ ( pizza ) و وه‌ک دوکانێکی پیتزا فرۆشی درێژه‌ به‌ چه‌له‌نگییه‌کانیان له‌ گونده‌که‌دا بده‌ن! .

* * *

ئه‌وه‌ی ئه‌و فیلمه‌ی وه‌بیر هێنامه‌وه‌ ، بویه‌ره‌ غه‌مهێنه‌که‌ی هه‌فته‌ی رابردووی شاری هه‌ولێر بوو ، کاتی خۆی که‌ ئه‌و فیلمه‌م دیت ، یه‌که‌مین شت که ‌‌داڵغه‌ی پێلێدام ، بینینی ئه‌و رۆژه‌ بوو که‌ له‌ باشوری نیشتماندا , هێنده‌ خه‌ڵک ته‌نا و ئارام بژیت , که‌ پۆلیسخانه‌ و ئاسایشخانه‌ و ده‌زگاکانی هه‌واڵگری و زیندانخانه‌ ته‌ژییه‌کان ، یه‌ک له‌ دوای یه‌ک بڕیاری داخستنیان بدرێت و هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ناچاربن به‌ دوای کردنه‌وه‌ی پیتزافرۆشی و چێشتخانه‌داری و گوڵفرۆشیدا بگه‌ڕێن ، لێ به‌ داخه‌وه‌ پێده‌چێ حکومه‌تی کوردستان له‌وه‌ودوا پۆلیسخانه‌ی زۆرتر و زیندانخانه‌ی فراوانتر بکاته‌وه‌ ... ئاخر له‌ نامه‌ی( موجاهیده‌کان ! ) دا که‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک ناردبوویان گوتراوه‌ : ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌ و چاوه‌ڕوانی جیهادی گه‌وره‌تر بن ! .

* * *

وایده‌بینم که‌ بۆ ئه‌وه‌ی پۆلیسخانه‌کانمان ببنه‌ پیتزافرۆشی ، ناچارین رێگایه‌کی سه‌خت ته‌ی بکه‌ین ، ده‌ستپێکی ئه‌و رێگا سه‌خته‌ش ‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی رووناکبیریی خورافه‌نه‌په‌رستانه‌ و کارکردن له‌ سه‌ر جێگیربوونی هزری ناتوندوتیژانه‌یه ، ده‌شێت‌ له‌ میتۆده‌کانی خوێندندا ، له‌ جیاتی به‌ زۆری ده‌رخوارددانی روناکبیرییه‌کی تۆتالیتاریی ته‌قلیدییانه‌ ، پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دابگیرێت که‌ هاووڵاتییه‌کی لێبورده‌ و کراوه‌ و ئاگادار له‌ شارستانێتییه‌کانی تر به‌رهه‌م بێت ، ده‌گونجێت ده‌سه‌ڵاتی کوردی چیدی موجامه‌له‌ی حیزبه‌ ئیسلامییه‌کان نه‌کات و لێیان بپرسێت : کاتێک که‌س رێگای نوێژکردنی لێناگیرێت ، بوونی ئێوه‌ یانی چی‌ ؟ ، ده‌شکرێت لێیان بپرسرێت : کاتێک ئیسلامییه‌ توندره‌وه‌کان ته‌قینه‌وه‌ ده‌که‌ن ، دووفاقیی هه‌ڵوێستتان له‌پای چی ؟! .
نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, May 09, 2005
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links