وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Wednesday, May 18, 2005
جوله‌که‌ دۆستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیانن


که‌ شلۆمۆ زانیی نێوی که‌وتۆته‌ رۆژنامه‌یه‌کی سه‌نگینی کوردییه‌وه‌ ، زۆر دڵی خۆشبوو ، ئه‌و پێی گوتم : یانی له‌وه‌ودوا ئه‌زیش که‌سێکم بۆ خۆم ! ، پێکه‌نیم و گوتم : مه‌گه‌ر پێشترێ نه‌بووی ؟! ، گوتی : با .. به‌ڵام جاران ناوم بڵاونه‌بوو ، به‌ڵام ئێستا هاونیشتمانییه‌کانت ناسیویانم ، که‌واته‌ ئێستا هه‌بووترم ! .

* * *

ئه‌وه‌ی که‌ کوردێک له‌ ئیسرائیله‌وه‌ گۆشه‌که‌م بخوێنێته‌وه‌ و به‌و گه‌رمییه‌وه‌ نامه‌م بۆ بنێرێت ، زۆر دڵخۆشیکردم ، رۆژی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌دواداچوونه‌که‌ی ( ئیبۆ ) ، به‌ شلۆمۆم گوت : کوردێک نوسیویه‌ ، هاورێکه‌ت ده‌چێته‌ به‌هه‌شت .. گوتی : راستده‌کا ، ره‌نگه‌ له‌وه‌ودوا گروپێکی ئایینیی توندره‌و بمکوژێ و ته‌شریف ببه‌مه‌ به‌هه‌شت ! ، گوتم : پرسویشیه‌تی : ئێمه‌ که‌ دوژمنه‌کانمان هاوبه‌شن ، بۆچی پشتی یه‌کتر نا‌گرین ؟ ، جوابیدامه‌وه‌ : جوله‌که‌ ده‌گه‌ڵ دوژمنه‌کانیشیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان پێکدێن . گوتمه‌وه‌ : ده‌شڵێت : ئه‌وه‌ی ئیسرائیلی دروستکرد ئایین بوو ، نه‌ک شتی دیکه‌ .. تێمه‌وه‌ ڕاما و گوتی : به‌ هه‌ڵه‌ تێمه‌گه‌ن، ئه‌وه‌ ئه‌قڵ بوو ئایینی ده‌کارهێنا! .

* * *

زۆرتر له‌ جارێک هاوسێکانمان به‌ ( ئیسرائیلی دووه‌م ) نێویان هێناوین ، زۆرتر له‌ جارێکیش هاونیشتمانییانمان له‌ خۆیان پرسیوه‌ : ئه‌رێ به‌ڕاست ئێمه‌ هه‌وین؟ ، یان ده‌توانین هی دووه‌م بین ؟ ! ، زۆرتر له‌ جارێکیش گوتومانه‌ته‌وه‌ : باشه‌ مادام وامان نێودێنن ، بۆچی هیچ شتێک ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌وبوونه‌مان نازانین ؟! .. وه‌لێ كه‌متر له‌ جارێک له‌ خۆمان پرسیوه‌ : باشه‌ بۆ ده‌بێ وامان نێوبێنن ؟ ، که‌متر له‌ جارێکیش پرسیومانه‌ : ئه‌رێ ئه‌و حه‌ماسه‌ته‌ی بۆ دۆستایه‌تیی جوله‌کان له‌ دڵی مه‌ دایه‌ ، لای به‌رامبه‌ریش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ ؟ ، یان ئه‌ویش وه‌ک ئه‌ڤینی عێراقیبوون یه‌کلایه‌نه‌یه‌ ؟! ..

* * *

هه‌ر له‌ زه‌مانی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ ، ئیسرائیل رۆڵی ناراسته‌وخۆی هه‌ڤکاریی پێشمه‌رگه‌ی له‌یزیوه‌ ، له‌وان رۆژاندا هه‌م به‌ سه‌ردانه‌کانیان بۆ لای رێبه‌رانی کورد و هه‌میش به‌و چه‌ک وتفاقانه‌ی ده‌یانگه‌یانده‌ شۆڕش ، گوتویانه‌ : مادام دوژمنمان هاوبه‌شه‌ ، له‌گه‌ڵتانین ، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌وه‌ی ئه‌وکات ئیسرائیلی کردبووه‌ دۆست ، هێزداری و کاریگه‌ریی شۆڕشڤانان و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌بوون بوو ده‌گه‌ڵ ئه‌و شۆڕشه‌دا ، بۆیه‌ش کاتێک له‌سه‌رده‌ستی ( کیسنجه‌ر ) ی جوله‌که‌ ، شۆڕش فاتیحای بۆ خوێندرا ، به‌ بیانووی ( هاوسێنه‌بوون ده‌گه‌ڵ کوردستان و نه‌دیتنه‌وه‌ی رێگایه‌کی گونجاو بۆ گه‌یاندنی هاوکاری ! ) کۆمه‌کی ده‌وڵه‌تی دۆست و خاوه‌ن دوژمنی هاوبه‌شیش پچڕا و ئه‌وه‌ی بۆ کورد مایه‌وه‌ ، باوه‌شێک خۆشباوه‌ڕیی نوشوستیهێنه‌ر و به‌رچه‌نه‌یه‌ک ئه‌زمونی تاڵی سیاسی بوو ! .

* * *

ئه‌زیش یه‌کێکم له‌وانه‌ی ‌ به‌ ته‌جره‌به‌ی ده‌وڵه‌تسازیی جوله‌کان سه‌رسامم ، زۆریش خه‌ریکم که
ئه‌زمونه‌کانیان بناسم ، چونکه‌ ده‌زانم ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌وان هه‌یانه‌ ، ده‌کرێت رۆژێک له‌ رۆژان به‌ هۆی وه‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی میلله‌ته‌که‌م بۆ ئێمه‌ش وه‌دیبێت ، به‌ڵام چاکیش ده‌زانم ، نه‌ ئیسرائیل و نه‌ سۆپه‌ر پاوه‌ره‌ ته‌نهاکه‌ی دنیاش ، کوردێکی بێده‌سه‌ڵات و هیچ له‌باراندا نه‌بوویان وه‌ک دۆستی هه‌میشه‌یی ناوێت و هه‌میشه‌ ده‌یکه‌نه‌ به‌ڵاگێڕه‌وه‌ی یارییه‌ پۆله‌تیکییه‌کانیان ، بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر کورد ده‌یه‌وێت دۆستی چاکی هه‌بن ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ خۆبه‌هێزکردن و بوون به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی گاڵته‌پێنه‌کراو ، چاره‌یه‌کی دیکه‌ی له‌به‌رده‌مدا نییه‌ .



تێبینی : ئه‌م نووسینه‌ دوای به‌دواداچوونی خوێنه‌رێکم له‌ ئیسرائیله‌وه‌ ، که‌ له لاپه‌ڕه‌ 11 ی رۆژنامه‌ی میدیا ی رۆژی 10 / 5 / 2005 دا بڵاوبۆته‌وه‌ ، نووسراوه‌ .

نووسه‌ر Hemn له‌ Wednesday, May 18, 2005
0 Comments:
    Post a Comment
    << Home
    About Me
    ناو: Hemn
    شوێنی ژیان
    سه‌باره‌ت به‌ من
    See my complete profile
    Previous Post
    Archives
    Links