
ته‌نیا پانزه رۆژێک ده‌بێت ( ئانیتا) که قژێکی ڕه‌ش و لولی ته‌واو رۆژهه‌ڵاتییانه و چاوی زیته‌ڵه و لوتی به‌ره‌وسه‌ره‌وه هه‌ڵکشاوی ڕۆژاواییانه‌ی هه‌یه ، ده‌ناسم ، ئه‌و وه‌ک خۆی ده‌ڵێت : ژنێکی ته‌نهای نیوه هۆڵه‌ندی و نیوه مه‌غریبییه .. له‌و پانزه رۆژه‌ی یه‌کدیناسینماندا ، ئانیتا ئیجازه‌ی نه‌داوم خۆشمی به چاکی پێ‌بناسێنم ، هه‌ر ئه‌و قسه‌یکردوون و ئه‌زیش سه‌رم بۆ راوه‌شاندووه . زۆر جار به پرسیاری سه‌یر دایگرتووم و زۆرجاریش زانیاریی زۆر به‌سوودی سه‌باره‌ت به وڵاته‌که‌ی ، ئه‌وه‌ی به قه‌ولی وی (من میوانم تێیدا ! ) داومه‌تێ .. پانزه رۆژه یه‌کدیده‌ناسین و ئه‌گه‌ر هاوئیش نه‌باین ، نه‌مده‌ویست چیدی گوێ له پرسیاره زۆره‌کانی بگرم ! .
* * *
نیگای شه‌هوه‌تئامێزانه‌ییم تێده‌کا و ده‌پرسێ : له وڵاتی تۆ ، خه‌ڵک زۆر ده‌چنه مه‌کته‌بێ ؟ ، ده‌ڵێم : به‌ڵێ .. به‌ڵام شتی چاک که‌م فێر ده‌بن ! ، ده‌پرسێ : چونکه فێری موسوڵمانێتییان ده‌که‌ن ؟ ، یه‌ژم : نا.. تکایه له‌و باسه گه‌ڕێ . ده‌مێک داده‌مێنێ و ده‌پرسێته‌وه : ئه‌ی ئێوه به چی نانده‌خۆن ؟ ، مقاشی نانخواردنی چینی و ژاپۆنییه‌کانم دێنه به‌رچاو و ده‌پرسم : مه‌گه‌ر شکڵمان له چی ده‌چێ؟ ، خه‌جاڵه‌تده‌بێته‌وه و ده‌ڵێت : بمبوره ،من که‌مده‌زانم ده‌رباره‌ی وڵاته‌که‌ی تۆ .. بۆیه‌ش پرسیاران زۆر ده‌که‌م . سه‌یرێکیده‌که‌م ، روخساری له که‌سێک ده‌چێ که تاوانێکی کردبێت و تکای لێبوردن له گوناهه‌که‌ی بکات .. غروری پیاوێکی رۆژهه‌ڵاتی ، پاڵم پێوه‌ده‌نێ که بزه‌یه‌کی ده‌گه‌ڵ بکه‌م و بێژم : تکاده‌که‌م.. هه‌رچی حه‌زده‌که‌ی بپرسه !! .
* * *
ئانیتا بۆچوونی جوانی سه‌باره‌ت به ده‌مارگیری پێن .. بۆمده‌گێرێته‌وه که کاتی خۆی ، له قوتابخانه ، هه‌میشه سروودێکیان پێگوتۆته‌وه ، که تێیدا باسی پیاوێکی قاره‌مان و رزگارکه‌رده‌کات ، ده‌ڵێ : له‌ناو ئه‌و کتێبانه‌دا که دایکم به دیاری بۆیده‌کڕیم ، شتێکم سه‌باره‌ت به‌و پیاوه خوێندبۆ‌وه و دیتبووم که ئه‌و ، زۆرتر له‌وه‌ی رزگارکه‌ری منداڵان بێت ، مرۆڤکوژێکی گه‌وره‌یه! .. بۆ یه‌ش ئه‌وه‌م بۆ مامۆستاکه‌م گێڕایه‌وه ، به‌ڵام مامۆستا به تووڕه‌ییه‌وه سه‌رزه‌نشتی کردم و به گوێیداچرپاندم که: ئه‌و پیاوه نابێ ره‌خنه‌ی لێبگیرێت ، چونکه هه‌رچییه‌کی کردبێتی ، بۆ هۆڵه‌ند بووه .. ! .
* * *
ئانیتا به توانجه‌وه ده‌ڵێت : ئێمه‌ی رۆژاوایی ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه وه‌ک گه‌له پێشکه‌وتووه‌کانی گێتی بمێنینه‌وه ، ناچارین ئیش له‌سه‌ر پاشڤه‌خستنی خه‌ڵکی دیکه بکه‌ین .. قسه‌که‌ی پێده‌بڕم و ده‌ڵێم : به‌و دانپێدانانه‌ت سه‌رسامم .. پێده‌که‌نێ و به گاڵته‌وه ده‌ڵێت : ده‌زانم .. ئاخر ئیشی ئێمه ، سه‌رسامکردنی ئێوه‌یه !!.
* * * پانزه رۆژه ئانیتا ده‌ناسم ، به‌ڵام نه کاتی داومه‌تێ خۆمی پێ‌بناسێنم ، نه پرسیاری ده‌رباره‌ی ژیانی تایبه‌تیی خۆشم کردوون ، هه‌میشه که ده‌یبینم ، به پرسیارێک سه‌باره‌ت به که‌شوهه‌وا ده‌ستپێده‌کا و به ده‌سته‌واژه‌ی : بمبوره ، من که‌مده‌زانم ده‌رباره‌ی وڵاته‌که‌ی تۆ ، بۆیه‌ش پرسیاران زۆر ده‌که‌م ! ، کۆتایی به گفتوگۆکه‌ی دێنێ .. ئه‌زیش هه‌رچه‌نده له‌و خانمه جوان و بێئۆقره‌یه زۆر وه‌ڕه‌زبووم ، به‌ڵام غروری پیاوێکی رۆژهه‌ڵاتی ده‌مجوڵێنێ و ده‌ڵێمه‌وه : تکاده‌که‌م .. هه‌رچی حه‌زده‌که‌ی بپرسه .. ! .
|