
سبه‌ینێ خه‌ڵکی هۆڵه‌ند ده‌چنه سه‌ر سندوقی رێفراندۆم ، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار بده‌ن که : ئایا ده‌یانه‌وێ پشکداری له دروستکردنی ئه‌وروپای نوێ‌دا بکه‌ن یان نا ؟ ، ئه‌وه‌ی تا ئێستا روونه ، جوابی خه‌ڵک ( نه‌خێر ) ه ، چونکه له ڕوانگه‌ی وانه‌وه ، هاوبه‌شی له‌و پێکهاته نوێیه‌دا ، یانی وازهێنان له به‌شێکی گه‌وره‌ی سه‌روه‌رییه نیشتمانییه‌کانیان و هه‌روه‌تر دۆڕاندنی شانازییه‌کیش که پێیده‌ڵێن : کۆمه‌ڵگای خۆشگوزه‌رێن . به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ڕایه‌کی دیکه‌ی هه‌یه و وایده‌بینێ که : چونه نێو ئه‌وروپای نوێوه ، وازهێنانه له هه‌ندێک ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیی بچوک ، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سته‌ڵاتگه‌لی نێوده‌ڵه‌تیی مه‌زنتر .
* * *
چیرۆکه‌که له په‌یماننامه‌یه‌کی بازرگانیی سنورداره‌وه ده‌ستیپێکرد ، ساڵی 1951 ژماره‌یه‌کی دیاریکراوی وڵاتانی ئه‌وروپی په‌یمانێکیان ئیمزا کرد و تێیدا بڕیاری هاوکارییاندا له بواری بازرگانیی خه‌ڵوز و پۆڵا دا ، ئه‌و هاوکارییه ، به له‌سه‌رخۆیی په‌ره‌یپێدرا ، تا گه‌یشته ئه‌وه‌ی ببێته یه‌کێتییه‌کی به‌هێز له نێوان وڵاته پێشڤه‌چوو و پیشه‌سازییه گه‌وره‌کاندا ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و یه‌کێتییه‌ش تێنوێتیی ته‌واوه‌تیی ئه‌ندامه‌کانی نه‌شکاند ، بڕیاری دانانی ده‌ستورێک و فراوانتر کردنی سنوری ئه‌ندامێتیی درا . * * *
پرسیاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه‌یه که : له کاتێکدا ده‌ستوردانان بۆ یه‌کێتیی ئه‌وروپا ، ده‌بێته هۆی به‌هێزتربوون و کاراترکردنی رۆڵی ئه‌وروپییان له دنیادا و هه‌ندێک وڵاتی وه‌ک ( تورکیا و رۆمانیا و ... هتد ) یش له دووره‌وه هه‌ناسه‌ی حه‌سره‌ت بۆ پشکداریکردن هه‌ڵده‌کێشن ، بۆ چی هۆڵه‌ندی ده‌یانه‌وێ به رێفراندۆم ره‌تیکه‌نه‌وه ؟ ، یانیش ده‌بێ کامیان بۆ هۆڵه‌ند چاکتر بێ : ئه‌وه‌ی که سه‌ره‌کوه‌زیرانه‌که‌یان له واشنتۆن به ئاغای بۆش بڵێت : یێس سێر ! ، یان له ئه‌وروپای خاوه‌ن ده‌ستوری هاوبه‌ش و سیاسه‌تی ده‌ره‌کی و ئه‌منی و به‌رگریی هاوبه‌شدا رۆڵی ئه‌ندامێکی چه‌له‌نگ بله‌یزێت ؟ ، وه‌ڵام لای شالیاری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌نده که هه‌فته‌ی رابردوو به خه‌ڵکی گوت : ئه‌گه‌ر نازانن قه‌راره بۆچی ده‌نگبده‌ن ، له‌به‌ر خاتری خوا ده‌نگ مه‌ده‌ن ! .
* * *
بۆ من جێی سه‌رنجه که دوای ئه‌و هه‌ڵمه‌ته فراوانه‌ی لێره بۆ روونکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌که له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌درێت ، خه‌ڵک رای تایبه‌تیی خۆیان ده‌پارێزن و به ئاشکرا ده‌یڵێن که : شه‌ریکایه‌تی ده‌گه‌ڵ زلده‌وڵه‌تی وه‌ک ئاڵمان و فه‌رانسه ، وه‌ک دۆستایه‌تیی نه‌هه‌نگ و ماسییه‌چکۆله‌کانه و ئه‌و خۆشگوزه‌رانییه کۆمه‌ڵاتییه‌ی ئێستاش هه‌یه ، ده‌کرێ له چوارچێوه‌ی ئه‌وروپای سبه‌ینێدا بکه‌وێته مه‌ترسییه‌وه ، چونکه ئه‌ندامه نوێکانی ئه‌و یه‌کێتییه ، ئه‌و وڵاته هه‌ژارانه‌ن که له بلۆکی کۆمۆنیستیدا وه‌ک وڵاتگه‌لی پڕ له بێکار و ئابوریی داڕوخاو هاتوون و ئه‌وه‌ی هێناونی چاوبڕینه له بازاری سه‌رکه‌وتووی هاوبه‌شی ئه‌وروپی و مه‌یدانی کاره زۆره‌که‌یه‌تی . به‌ڵام پۆله‌تیکڤانان له‌سه‌رزاری (بۆس) ی لیده‌ری پارتێکی به‌هێزه‌وه شیمانه‌یه‌کی دیکه ده‌خه‌نه ڕوو : ئه‌گه‌ر خه‌ڵک جوابی نه‌رێنی بده‌نه‌وه ، ره‌نگه سه‌رله‌نوێ رێفراندۆم بکرێته‌وه ! . * * * ده‌ڵێم : له چ دنیایه‌کی قۆشمه‌دا ده‌ژین ؟!. له وڵاتێکی رۆژهه‌ڵاتیدا ، خه‌ڵکێک له رێفراندۆمێکی ناڕه‌سمیدا ، به سه‌رۆکه‌کانیان گوت : سه‌رخۆبوونمان ده‌وێت ، که‌چی ئه‌وان به قسه‌یان نه‌کردن و ده‌ستی هاونیشتمانبوونیان بۆ که‌ڵه‌کبازی گه‌وره‌ی وه‌ک ( جه‌عفه‌ری ) درێژکرد !. له وڵاتێکی رۆژاواییشدا ، سه‌رۆکه‌کان به‌ر له رێفراندۆمێکی ره‌سمی ، به خه‌ڵکه‌که‌یان ده‌ڵێن : وه‌رن با لاوازییه‌کانمان به پشکداری له یه‌کێتییه‌کی به‌هێزدا بشارینه‌وه ، که‌چی ئه‌وان خه‌ریکه به قسه‌یان نه‌که‌ن و له پێناو به‌های چکۆله ، ده‌ستکه‌وته گه‌وره‌کان له‌ده‌ستبده‌ن . به‌ڕاستی دنیایه‌کی سه‌یره گوڵم .. ! .
|