
ده‌ستنیشانکردنی سه‌رۆکی باشوری کوردستان ، یه‌کێک بوو له جوانترین و دڵوه‌خورپه‌هێنه‌رترین بوویه‌ر ، که له چه‌ند ساڵی رابردوودا بینیم و بیستم . ئه‌و رووداوه بۆیه جوان بوو ، چونکه پیشانی دنیایدا، که سه‌رده‌می ناوریاییی کورد به‌سه‌رچوو و چیدی قازانجویستیی خۆویستانه‌ی گروپێکی دیاریکراو ، ناتوانێت به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو میلله‌ت به قوربانی خۆی بکات . بۆیه‌ش دڵوه‌خورپه‌هێنه‌ر بوو ، چونکه تێگه‌یشتم ، چیدی نه‌وه‌ی تازه ، که ده‌گه‌ڵ بێگانه‌یه‌کدا که‌وتنه قسه ، ناچارنابن بۆ وه‌ڵامی پرسیاری : سه‌رۆکه‌که‌تان کێیه و وڵاته‌که‌تان له کوێیه ؟ ، خۆیان بدزنه‌وه.
* * * ئه‌وکاته‌ی له کا‌مپێکی په‌نابه‌راندا بووم ، له خولێکی کورتی ناسینی زمانی هۆڵه‌ندیدا به‌شداریم کرد ، له‌وێ مامۆستا فێریده‌کردین، که چۆن هۆڵه‌ندییه‌ک حاڵی بکه‌ین خه‌ڵکی کوێین؟ ، هاوزمانێکم ، که کۆمۆنیستێکی ده‌مارگیربوو و ئێستا نووسه‌ریشه ، لێی‌پرسیم : ده‌ڵێی خه‌ڵکی کوێم ؟ ، به خه‌نده‌وه گوتم : کوردستان ، لێ ئه‌و به تووره‌ییه‌وه جوابیدامه‌وه : ئه‌وان چوزانن کوردستان کوێیه؟! ، بێژه ئێراق و بڕایه‌وه! . به‌ڵام که مامۆستا نێوی ( کوردستان) ی بیست ، ئه‌تڵه‌سی سه‌رمێزه‌که‌ی هه‌ڵگرت و نیشانیداین ، که ئه‌و ناوچه‌یه‌ی به ره‌نگی قاوه‌یی، له‌سه‌ر نه‌خشه‌که و له نێوان چوارده‌وڵه‌تدا زه‌قکراوه‌ته‌وه ، وڵاتێکه ناوی ( کوردستان ) ه و هێشتا سه‌رخۆبوونی وه‌رنه‌گرتووه .
* * *
دووه‌مین شت که مامۆستا ویستی فێرمان بکات ، چۆنیه‌تیی زانیاری به‌خشین بوو به هۆڵه‌ندییان ده‌رباره‌ی وڵاته‌کانمان ، ده‌بوایه بێژین : ئاڵاکه‌مان چۆنه؟ ، سه‌رۆکه‌که‌مان کێیه؟ ، به چی به‌ناوبانگین و به کام زمانیش ده‌ئاخڤین ؟ . قوتابییه‌کانی دی ، به کۆمۆنیستی هاوزمانی ئێراقیشمه‌وه ، بێ کێشه هه‌موو شته‌کانیان گوت ، به‌ڵام من که گوتم : (سه‌رۆکه‌که‌مان ناناسم، چونکه ئێمه ، زۆرتر له سه‌رۆکێکمان هه‌یه ! ) ، هه‌موویان تاسان .
* * *
که هه‌فته‌ی رابردوو ، زانیم به‌شێکی وڵاتی منیش ، خاوه‌نی سه‌رۆکێکه ، خۆزگه‌مده‌خواست ، جارێکی دیکه ، بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و رۆژه‌ی سه‌رۆکه‌که‌م نه‌ده‌ناسی و پێیان بێژم : ئه‌زیش وه‌ک هه‌ر جیهانییه‌کی دی ، سه‌رۆکێکم هه‌س ! ، حه‌زمده‌کرد لێمبپرسن : بۆ وا شادی؟ ، تا پێیان بڵێم : له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پاش سی ساڵ ، سه‌ره‌ڕای هه‌موو کێماسییه‌ک ، ئومێدێکم په‌یدا بۆته‌وه بۆ ئازادی .
* * * هاوڕێیه‌کم ده‌پرسێ : ئه‌و رۆژانه ، شتێک هه‌یه دڵت لێی بترسێ ؟ ، یه‌ژم : ئه‌رێ ، ئه‌وه‌ی دڵم زۆر لێیده‌ترسێ ، ئه‌وه‌یه که پاش نێزیکی چوارده‌ساڵ له ئه‌زمونی تاڵ و به‌سوێ ، میلله‌تی من هه‌ر بێده‌نگ بێ و له کێماسییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی نوێش نه‌پرسێ ! ، ده‌پرسێته‌وه : جا میلله‌ت چیی له‌ده‌ستدێ ؟ ، ده‌ڵێم : پێیده‌کرێ ده سه‌رۆک و ده‌سه‌ڵاتی نوێوه ڕامێنێ و که هه‌ڵه‌ی دیتن( ئاگری ناڕازیبوون هه‌ڵایسێ ) .
* * *
ئه‌گه‌ر به گه‌ڕانه‌وه بۆ باوه‌شی ئێراق ، سه‌رکردایه‌تیی کورد تووشی هه‌ڵه‌ی نه‌به‌خشراو بووبێ . ئه‌گه‌ر به دڵسۆزییه‌وه هه‌وڵدانی ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه ، بۆ سه‌رله‌نوێ بنیادنانه‌وه‌ی وڵاتێک، که سه‌د پینه و په‌ڕۆش نایکاته‌وه یه‌کپارچه، وه‌ک گوناهی گه‌وره سه‌یر بکرێ . ئه‌گه‌ریش شه‌ڕی براکوژی په‌ڵه‌یه‌کی نه‌نگی بێ و به نێوچه‌وانی ئه‌و سه‌رکردایه‌تییه‌وه نووسابێ . ئه‌وا یه‌کده‌نگی و هاوڕێزیی ئێستایان ، ده‌ستپێکی شانازینامه‌یه‌که ، که هه‌موو کورد دڵی پێی خۆشه ، بۆیه‌ش چاویان لێیه ، تۆماری شانازینامه‌که‌یان، به هه‌ڵوێستی کوردانه ته‌ژی بێ .
|