
ده‌ڵێن : شه‌ڕاب تا کۆنتر بێ ، تامی خۆشتر ده‌بێ ، به‌ڵام واده‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌رێمه دوو قوتبییه‌که‌مان ، تا کۆنتر ده‌بوو ، تامی ناخۆشترده‌بوو . خۆشبه‌ختانه ئه‌وجاره‌شیان ده‌ستمان به هێواشی له‌سه‌ردڵمان لابرد و کابوسی یه‌کدیکوشتنه‌وه ، نه‌یتوانی هه‌راسانمان بکاته‌وه . به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌توانێ تا ئێستاش له ئه‌گه‌ر و نه‌گه‌ردا بمانهێڵێته‌وه ، ئه‌و راستییه نه‌شاردراوه‌یه‌یه که : دوو زلحیزبه‌کان ، هه‌رچه‌نده خۆشیان وایپێشانده‌ن که رێککه‌وتنه‌کانیان ریشه‌یین و دڵنه‌واییمان بده‌نه‌وه ، به‌ڵام ناتوانن حاشا له‌وه‌بکه‌ن که بچوکترین لێکحاڵینه‌بوون ، توانای نانه‌وه‌ی قه‌یرانی قوڵی سیاسی و ئیفلیجکردنی ره‌وڕه‌وه‌ی خۆبه‌ڕێوه‌بردنی له وڵات‌دا هه‌یه .
* * *
ئه‌و رۆژانه ، که دیم ده‌رباره‌ی یاسای سه‌رۆکایه‌تیی کوردستان ، گفتوگۆ و راگۆڕینه‌وه هه‌یه ، هه‌رچه‌نده به نیگه‌رانییه‌وه له ره‌وشه‌که‌م ده‌ڕوانی ، به‌ڵام درێژه‌کێشانیم پێباشتربوو، له‌وه‌ی که دیسان به په‌له‌په‌ل پێکبێنه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که پێکنه‌یه‌ن . مخابن ، له چه‌ندساڵی رابردوودا، شاهێدی هه‌موو ئه‌و پێکهاتنه به په‌لانه بووین، که ده‌ره‌نجامه‌کانیان خۆشحاڵیان نه‌کردین ، هه‌ر له دوای راپه‌رینه‌وه ، زلحیزبه‌کانمان پێکهاتن ، به‌ڵام دواترێ شه‌ڕی ناوخۆیان کرد و په‌رله‌مانێکی پیر و نه‌وه‌یه‌کی ماندوو و سه‌رگه‌ردانیان به‌دوادا هێنا . له دوای رووخانی سه‌ددامیش ، له‌سه‌ر هه‌موو شتێک پێکهاتن و پاشترێ ده‌رکه‌وت که رێککه‌وتنه‌که‌یان به په‌له‌په‌ل بووه و به قه‌ولی خۆیان : باسی ته‌فاسیله‌کانیان تێدا نه‌کردووه ! ، بۆیه ئه‌وجاره‌یان که پێکهاتنه‌که‌یان ماوه‌یه‌کی زۆرتری خایاند تا گه‌یشته ئه‌نجام ، به دڵه‌ڕاوکێوه له خۆمم پرسی : تۆ بڵێی ئه‌مجاره‌ش باسی ته‌فاسیله‌کانیان نه‌کردبێ ؟! .
* * *
ئه‌وه ته‌نها پرسیارم نییه ، پرسیارگه‌لی دیکه‌ش هه‌ن که هه‌میشه به خۆیانه‌وه مژۆڵمده‌که‌ن و به دوای ده‌لیڤه‌یه‌کدا ده‌گه‌ڕێم بۆ وه‌ڵام وه‌رگرتنه‌وه ، ده‌پرسم : میلله‌تێک که حازربێ به چاک و خراپی سه‌رکرده‌کانی بسازێت ، میلله‌تێک که قبوڵبکا رۆژێک مژده‌ی سه‌رخۆبوونی بدرێتێ و رۆژی دواتر ئیمزای فێده‌ڕاڵیی پارێزگاکانی بۆ بکرێ ، میلله‌تێک له جیاتی رژانه سه‌رشه‌قام ، له کاتی قه‌یران و لێکدیگرژبوونی حیزبه‌کاندا ، له‌سه‌ر به‌رماڵ دۆعای خێر و ئاشتیخوازی بخوێنێ ، میلله‌تێک نزیکی پانزه‌ساڵ ته‌حه‌ممولی ئه‌قڵی پاوانخوازیی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی بکات ، ده‌بێ شایسته‌ی خه‌ڵاتێکی جاویدانی بێ ، یان سه‌رزه‌نشتێکی ئه‌رخه‌وانی ؟! .
* * *
بڕیار وایه که تا چوارساڵی دیکه ، پێکهاتبین که شه‌ڕی ده‌سه‌ڵات نه‌که‌ین و خه‌ریکی نێوماڵ رێکخستنه‌وه بین ، ده‌شێ له‌و چوارساڵه‌دا ، بناغه‌یه‌ک بۆ خۆئیداره‌کردنێکی جوانتر دانێین ، ده‌شێت چیدی په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تی تاکه‌حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار قبوڵنه‌که‌ین ، ده‌شکرێ به جددی بیر له قووڵکردنه‌وه‌ی رۆحی یه‌کدیویستن و په‌راوێزنه‌کردنی ئه‌قڵه کاراکان و رێزگرتن له ڕای خه‌ڵک بکه‌ینه‌وه ، یانیش له‌بیرمان نه‌چێت که : پێویستمان به په‌له‌کردن هه‌یه ، له دانان و په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تێکی فه‌رهه‌نگیی تۆکمه ،که بتوانێ له‌و بێئاگاییه سه‌نگینه ده‌ربازمان بکات که ئه‌وڕۆ تێیدا ده‌ژین .
* * *
به‌هه‌رحاڵ ، له ئێستاوه له هه‌لومه‌رجێکی دیرۆکیی تایبه‌تدا ده‌ژین ، چونکه کۆمه‌ڵێک شه‌ڕی پۆله‌تیکی و ره‌نگه ناپۆله‌تیکیشمان له پێشبن ، ئه‌رکی سه‌رشانی زلحیزبه‌کانیش زۆر سوک نییه ، چونکه ناچارن ، ئه‌گه‌ر بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ناهه‌قییانه‌ش بێت ، که ده‌رهه‌ق به میلله‌ته‌که‌یان کردوویانه ، پێداگیری بکه‌ن له‌سه‌ر ستاندنی ئه‌و مافه که‌مه‌ی هێشتا به زۆرخۆبه‌نیشتمانکردووه‌کانمان پێمانی ره‌وانابینن . چه‌نده ئه‌وان به‌و ئه‌رکه هه‌ڵده‌ستن و نامانکه‌نه قوربانیی ده‌ستکه‌وتێکی چکۆله‌ی حیزبیی دیکه ؟ ، پرسیارێکه و له ئاینده‌یه‌کی نادووردا ، جوابه‌که‌ی ده‌بیستین .
|