
هه‌فته‌ی دادێ ئامستهردام به جێدێڵم ، به ته‌مام ئه‌و شاره‌ی نێزیکه‌ی سێ ساڵ تێیدا ژیام و بیره‌وه‌ریی تاڵ و شیرینم ده‌گه‌ڵ زۆرن، به جێبێڵم و بۆ خوێندن بچمه شارێکی دیکه‌ی هۆڵه‌ند . به خۆمده‌ڵێم : ئه‌رێ فڵانی ، ئه‌وه چ چاره‌نووسێکه بۆتدانراوه ، هه‌ر رۆژه‌ی له شوێنێکی و هه‌ر ساڵه‌ی خه‌ڵکی شارێکی ؟! . به‌ڵام زوو دڵخۆشیی خۆمده‌ده‌مه‌وه و ده‌ڵێم : مادام کوردێکی بێوه‌ڵاتی ، چاوه‌ڕوانی ئه‌و ماڵبه‌کۆڵییه‌ش بکه . * * * ئامستهردام به ناو پایته‌ختی شانشینیی هۆڵه‌نده ، به‌ڵام نه حکومه‌ت و نه پارله‌مێنت له‌و شاره‌دا نین و ماڵی شاژنی لێده‌رچێ ، ده‌زگایه‌کی ده‌وڵه‌تیی زۆر گرنگی تێدا نابینی . هه‌ندێک خه‌ڵک ئێره به ( نیویۆرک ) ی دووه‌م ناودێنن ، وه‌لێ ئه‌گه‌ر ئامستهردام نیویۆرک بێت ، ئه‌وا نیویۆرکێکی خوه‌دیی باڵه‌خانه سه‌ر به هه‌وا گه‌یشتووه‌کان و شاری هه‌میشه نائارام و پڕ له ئالارمی پۆلیسه ماندووه‌کان نییه ، به‌ڵکو ئێره شارێکی قه‌ره‌باڵغی ، هه‌میشه ئارامه . * * * ئه‌وه‌ی له‌و شاره‌دا حوکمفه‌رمایه ، ره‌نگاوره‌نگیی رووخساره‌کان و پێکه‌وه ژیانێکی دوور له توندوتیژییه ، ئێره وه‌ک فه‌رهاد پیرباڵ ده‌رباره‌ی پاریس فه‌رموبووی : شاری پڕ له حه‌یوانات نییه!! ، به‌ڵکو شاری ئاده‌میزاده فه‌رهه‌نگ جیاواز و نه‌ریته وێکنه‌چووه‌کانه . ئه‌گه‌ر به ناوه‌ندی بازاڕدا پیاسه‌بکه‌یت و بته‌وێ له زمانی هه‌موو ئه‌و بنیاده‌مانه تێبگه‌ی که به‌ڕێوه ده‌ئاخڤن ، ئه‌وه ناچاری حه‌وت وشه‌دانی گه‌وره له‌کۆڵنێی و هه‌ر خه‌ریکی پاچڤه‌کردنی قسه‌ی ئه‌وانه بیت، که به ئاوازی جودا و به شێوازی هه‌مه‌جۆر ده‌میان ده‌بزوێ ! . ره‌نگه به ده‌م رێگاوه کچۆڵه‌یه‌کی قژڕه‌شی ئیسپانی ببینیت ، که به هۆی هۆڵه‌ندینه‌زانینه‌وه پێتبڵێ : بۆیناس دیاس (1) . یان ده‌کرێت به رێکه‌وت تووشی ئیتاڵیاییه‌ک بیت که به‌ده‌م هاتنه ده‌ره‌وه له پیتزافرۆشیه‌کدا ، به خاوه‌نه‌که‌ی بڵێت : گراسیاس (2) . یانیش ده‌شێت ئیسرائیلییه‌ک به‌ره‌ورووت بێ و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له شێوه‌ی ده‌موچاوته‌وه به جوله‌که‌ت تێگه‌یشتبێ ، زۆر به‌رێزه‌وه پێتبێژێ : شاللۆم ئالێخۆۆم (3) . یان ئه‌گه‌ر هیچیه‌ک له‌وانه نه‌بینی ، ئه‌وه له چێشتخانه‌یه‌کی میسرییه‌کاندا ، گوێت له ده‌نگی نه‌شازی گه‌نجێکی قژلوولی ڕه‌شداگه‌ڕاو بێ ، که بێ گوێدانه مه‌زاجی میوانه‌کانی ، هاوار بکات : یا حه‌ماده ، ته‌عاله یه‌خوویه (4). * * * ئامستهردام ، به باڕ و دیسکۆتێکه دڵڕفێنه‌کانی به ناوبانگه ، له‌و شاره‌دا ناوچه‌یه‌ک هه‌یه که سه‌رتاسه‌ر سۆزانیخانه‌یه و هه‌میشه له‌به‌ر سه‌ردانکه‌ره گه‌شتیاره‌کان جمه‌ی دێت ، من نێوم له‌و شوێنه ناوه ( کۆڵانی کچه ته‌نهاکان ) ، چونکه کاتێک بۆ پیاسه و سه‌یرکردن به‌وێدا تێبپه‌ڕیت ، به‌ده‌ستخۆت نابێت ، سکت به‌و مێیینه ته‌نهایانه ده‌سووتێت ، که به مایۆیه‌کی ته‌نک ، له پشت شووشه‌یه‌کی به گڵۆپی سوور رووناککراوه ، په‌نجه‌ت بۆ راده‌کێشن و به بێتاقه‌تییه‌وه ده‌ڵێن : که‌مان به‌یبی! (5) . له‌وێ سه‌یرت پێدێ که ئه‌و کچۆڵانه چۆن تاقه‌تی هاوپێخه‌فییان هه‌یه ده‌گه‌ڵ پیاوێک ، که به بۆنی حه‌شیشه‌که‌ی کاس ده‌بیت و یه‌کێکی دیکه‌ش که هێنده‌ی وێسکی و بیره و ڤۆدکا خواردۆته‌وه ، که له دووره‌وه ناچارتده‌کات ده‌ست به لووتته‌وه بگریت ؟! ، له‌وێ چه‌نده نیگا سێکسییه‌کان ده‌توروژێنن ، هێنده‌ش چاوی ماندووی کچه منداڵکاره‌کان ئازارتده‌ده‌ن . * * * له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هۆڵه‌ند خاکێکی فشۆڵی هه‌یه ، که‌متر چاوت به باڵه‌خانه‌ی به‌رز ده‌که‌وێ ، ده‌نێو زۆربه‌ی شاره‌کانیشیدا ، رووبار به نێوماڵاندا دێ . له ئامسته‌ردامیش ، هه‌ر له وێستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌وه تا شوێنه‌کانی دی ، به‌له‌مه چکۆله و رازاوه‌کان ئاماده‌ن پیاسه‌ی ناوشارت پێبکه‌ن ، له میانی ئه‌و پیاسانه‌شدا ، ره‌نگه حه‌زبکه‌ی سه‌ر له مۆزه‌خانه‌ی ( فان خۆخ ) یان مۆزه‌خانه نیشتمانییه‌که‌یان بده‌ی ، یانیش ره‌نگه له مۆزه‌خانه‌ی ( مه‌دام توساد ) چاوت ئه‌بڵه‌ق بێ ، که چۆن چۆنی هیتله‌ر و سه‌ددام به‌رامبه‌ر لینین و گاندی ، له قالبی په‌یکه‌ری زۆر ورده‌کاریتێداکراودا چاویان لێک بزکردۆته‌وه ! . * * * هه‌فته‌ی دادێ ، ئامستهردام به هه‌موو جوانی و ناشیرینییه‌کانییه‌وه به‌جێدێڵم ، له ماوه‌ی سێ ساڵ مانه‌وه‌دا له‌و شاره ، فێربووم که پێکه‌وه‌ژیانی فه‌رهه‌نگه‌کان مه‌حاڵ نییه و ته‌نێ پێویستیی به کرانه‌وه به رووی یه‌کدیدا هه‌یه . له ئامستهردام ، فێربووم که ئیش‌کردن نه‌نگی نییه ، به‌ڵکو خاکه‌ڕایی و ئازاییه ، بۆیه‌ش که له‌سه‌ره‌تای هاتنمدا بۆ ئێره ، هه‌ندێ شه‌و به هۆی ئازاری ده‌سته‌خووساوه‌کانم له سابوونی قاپشۆریی چێشتخانه‌کاندا خه‌وم لێنه‌ده‌که‌وت ، هێنده دڵخۆشبووم که شام نه‌ده‌کرده پاسه‌وانی خۆم ! . هه‌روه‌تر فێریش بووم که دانیشتن له سه‌ر به‌ڕه‌ی خه‌ڵکی ، ئه‌گه‌ر ساڵ و مانگگه‌لی زۆریش درێژه بکێشێ ، رۆژی له‌سه‌رهه‌ڵستانی هه‌یه و قه‌تیش له کوێستانێ ، دارخورما ناتوانێ وه‌ک به‌ڕوو گه‌وره بێ ! .
(1) رۆژ باش(2) سوپاس(3) سه‌للاموعه‌لێکووم(4) حه‌مه ، ده‌وه‌ره کاکی خۆم!(5) وه‌ره بچکۆل!
|