وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Thursday, January 12, 2006
ده بێ که ی بتبینمه وه ؟


چوارساڵ ده‌بێ سۆرانم نه‌دیوه‌ ، دوایین جار که‌ دیتم ، ئێواره‌یه‌کی دره‌نگی کۆتاییی هاوین بوو ، ئه‌و ئێواره‌یه‌ ، ئێواره‌ی به‌ر له‌ سه‌فه‌رکردنم بوو بۆ کیشوه‌ری ته‌نهاییه‌کان، ئێواره‌یه‌ک بوو که‌ ده‌بوایه‌ تێیدا هه‌م گه‌ردنئازایی له‌ چه‌ند که‌سێکی نزیکم بخوازم و هه‌میش به‌و شاره‌ی باوه‌شی میهره‌بانانه‌ی بۆ خستنه‌ڕووی هه‌وڵه‌‌‌کانم کردبۆوه‌ بێژم : شاره‌ میواندۆسته‌که .. کاتێک لێره‌‌ که‌س تێکنا‌‌گا ، لێم زویر مه‌به‌ که‌ ناچاربم به‌جێتبێڵم ! .

* * *

یه‌که‌مین جار که‌ سۆرانم دیت ، چه‌ند مانگێک دوای راپه‌رین بوو ، ئه‌وکات زارۆکێکی له‌ په‌ناهه‌نده‌یی گه‌ڕاوه‌ بووم و قه‌زای سدیق یش یه‌که‌مین شار بوو ، که‌ له‌ جیاتیی عه‌سکه‌ر و پاسدار ، ده‌مدیت پێشمه‌رگه‌ حوکمی تێداده‌که‌ن .
وه‌بیرمه‌ ماڵمان له‌ ناو لۆرییه‌کدا بوو و به‌ نێوشاردا تێده‌په‌ڕین ، کاتێک‌ دوکان و بازاڕه‌ ته‌نه‌که‌یی و زۆر دواکه‌وتووه‌کانی قه‌زای سدیق م دیت ، له‌ باوکم پرسی : ئه‌رێ‌ باوکه‌‌ .. کوردستان هه‌موو شوێنێکی ئاوا‌ ناخۆشه‌ ؟! ، ئه‌ویش پێکه‌نی و گوتی : نا کوڕم ، کوردستان وڵاتێکی خۆشه‌ ! .

* * *

چه‌ند ساڵێک دواتر ، ئه‌و شاره‌ی که‌ جاران پێمناخۆشبوو ، بوو به‌ نشینگه‌ی خۆم و خانه‌واده‌که‌م و شوێنێک که‌ هه‌م یه‌که‌مین هه‌وڵی نووسینمم تێداخسته‌ڕوو و هه‌میش تامی یه‌که‌مین بوغزاندن و تۆراندنم له‌سه‌ر نووسین ، تێداچه‌شت .
ئه‌گه‌ر سۆران بۆ هێندێک که‌س ، ته‌نێ نوایه‌ک بووبێ بۆ په‌ناوه‌به‌رهێنان له‌ کاتی لێقه‌وماندا ، ئه‌وه‌ بۆ من له‌وه‌ واوه‌تر بوو‌ و ئه‌و شوێنه‌بوو‌ که‌ تێیدا خۆم وه‌ک مرۆڤ ناسی ‌ و زانیم‌ وه‌ک رۆڵه‌ی گه‌لێکی مافویستیش ، ئه‌رکی سه‌رشانم چییه‌‌ ؟ .

* * *
سۆران شاری فه‌رهه‌نگ و په‌روه‌رده‌ جیاوازه‌کانه‌ ، شارێک که‌ هه‌م کاریگه‌ره‌ به‌ فه‌رهه‌نگی ئێرانی و هه‌م مۆزیکی تورکیی تێدا لێده‌درێ و هه‌میش له‌ رێگای کتێبه‌کانی قوتابخانه‌وه‌ ، مێژووی نیشتمانی عاره‌بیی تێدا ده‌خوێندرێ ! ، ئه‌گه‌ر دانیشتووی ئه‌و شاره‌ نه‌بی و به‌ رێکه‌وت رێت له‌وێ بکه‌وێ ، سه‌رت له‌و پێکهاته‌ هارمۆنیکه‌ی زاراخافتنه‌کان سووڕده‌مێنێ ، که‌ سۆران‌ له‌ خۆیدا هه‌مبێزی کردووه‌ .
له‌وێ ده‌شێت خانه‌خوێکه‌ت به‌ زاراخاوتنه‌ باڵه‌کانه‌ شیرینه‌که‌ی، سه‌دجار پێتبڵێ : به‌ خێر بێی .. سه‌رچاوێ برایێ خۆ ! ، ده‌شکرێت دوکاندارێکی دۆڵه‌مه‌ری ، به‌ لوتفێکی زۆره‌وه‌ بێژێ : ما پاره‌ چییه‌ ؟ .. حه‌ز ئێکه‌ی پاره‌ی هه‌ر مه‌ده‌ ! .

* * *
خه‌ڵکی سۆران حه‌زێکی سه‌یریان بۆ ئیش ده‌گه‌ڵکردن و نێزیکبوونه‌وه‌ له‌ ماسمێدیا هه‌یه‌ ، بۆیه‌ش له‌ ماوه‌ی چه‌ندساڵی رابردوودا هه‌م له‌ نێو شاری خۆیان و هه‌میش له‌سه‌رئاستی کوردستان ، زۆر رۆژنامه‌ڤان و نڤیسه‌ری چه‌له‌نگیان تێدا هه‌ڵکه‌وتووه‌ .
دوایین جار که‌ سۆرانم به‌جێهێشت ، نه‌ هه‌فتینامه و گۆڤاری مانگانه‌‌ی تێدا ده‌رده‌چوو ، نه‌ کردنه‌وه‌ی کافێی ئینته‌رنێتیش باسی هه‌بوو ، ئێستا دوای چوارساڵ ، ده‌بیستم ئه‌وانه‌ی هه‌موو
تێدا په‌یدابوون ، بۆیه‌ش زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک ده‌که‌م و له‌ ژێر لێوه‌وه‌ ده‌ڵێم : نوخشه‌بێت له‌ کتێبخانه‌یه‌کی گشتی و شتی تریش ! ‌ .

* * *

چوارساڵ پێش ئێستا سۆرانم به‌ جێهێشت ، ئه‌وێ رۆژێ که‌ خه‌ونم به‌ ( به‌هه‌شتی مافی مرۆڤ تێداپارێزراو) ه‌وه‌ ده‌بینی ، به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌مگوت : ئای نیشتمان .. ده‌بێ که‌ی به‌جێتبێڵم ؟ ، ئێستا دوای چوارساڵ ، کاتێک بۆمده‌رکه‌وتووه‌ ، مافی مرۆڤ وه‌ک هه‌رکاڵایه‌کی بازرگانیی دیکه‌ ، ده‌کرێ له‌ هه‌ڕاجخانه‌کانی ئه‌وروپادا مامه‌ڵه‌ی له‌سه‌ربکرێ ، سه‌رله‌نوێ روویتێده‌که‌مه‌وه‌ و ده‌ڵێم : ئای نیشتمان .. ده‌بێ که‌ی بتبینمه‌وه‌ ؟.
......................................................................................................
* ئه‌م نووسینه‌ له‌سه‌رداوای سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ( کۆوار) که‌ مانگانه‌یه‌کی رووناکبیرییه‌ و له‌ ( شاری سۆران ) ی باشووری کوردستان ده‌رده‌چێت ، نووسراوه‌ و لێره‌دا ته‌نێ بۆ ئارشیڤکردن دانراوه‌ته‌وه‌ .

نووسه‌ر Hemn له‌ Thursday, January 12, 2006 2 comments ( بۆچوونی تۆ ) (2)
About Me
ناو: Hemn
شوێنی ژیان
سه‌باره‌ت به‌ من
See my complete profile
Previous Post
Archives
Links