وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Sunday, October 31, 2004
سوپاسنامه

ده‌مه‌وێت له‌ دڵه‌وه‌ سوپاسی گوڵه‌گه‌نم ی ئازیز بکه‌م بۆ ئه‌و ئه‌رکه‌ی کێشای و کۆمێنتی کوردیی وێبلاگه‌که‌می دامه‌زراندو هه‌ندێک رێنمایی ته‌کنیکیشی کردم .. هیڤیدارم نمونه‌ی شۆڕه‌ کچی وا له‌ کورددا هه‌ر زۆر بن..

نووسه‌ر Hemn له‌ Sunday, October 31, 2004 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Thursday, October 28, 2004
بۆ میوانانی ئازیزی ئه م وێبلاگه..




ئه‌م وێبلۆگه ‌که‌ به‌ مه‌به‌ستی ئارشیڤ کردنی نوسین و به‌رهه‌مه‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا چێکراوه‌، جارێ له‌ قۆناغی دروستکردن و رێکخستن دایه‌ ، له‌مه‌ودوا ده‌توانن لێره‌وه‌ بابه‌ته‌کانی ‌هێمن ببینن ، هه‌روه‌سا ده‌شکارن بابه‌تی خۆتان بنێرن بۆ ئه‌وه‌ی بڵاو بکرێته‌وه‌ .. بۆ زانیاریی زۆرتر په‌یوه‌ندی به‌و ئیمایله‌وه‌ بکه‌ن..
نووسه‌ر Hemn له‌ Thursday, October 28, 2004 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
خه باتکارانی مۆنیکا


(1)
جوانترین دیمه‌ن له‌ ئان و ساتی سه‌رگرتنی شۆرشه‌کاندا به‌ سه‌ربه‌رزی گه‌رانه‌وه‌ی نه‌وه‌ یاخی و شۆرشڤانه‌که‌ی دوێنێیه‌ که‌ به‌ دڵێکی گه‌رمه‌وه‌وبه‌ که‌مێک له‌ خۆبایی بوونه‌وه‌ له‌ززه‌ت له‌ بینینی ئازادی وه‌رده‌گرێت و به‌ ده‌م فرمێسک هه‌ڵوه‌راندنه‌وه‌ به‌ نێو ئاپۆرای خرۆشاوی خه‌ڵکدا سه‌ر به‌ کۆنه‌ که‌لاوه‌که‌یدا ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ستی ئه‌و پیره‌ دایکه‌ راده‌موسێت که‌ ئه‌وی پێگه‌یاند،ئینجا دێته‌ ده‌ره‌وه‌وله‌ قوڵایی ناخیه‌وه‌ سوپاسی خه‌ڵک ده‌کات و به‌ڵێنی خزمه‌تکردنیان پێده‌دات، هه‌ر زووش به‌ هه‌مان رۆحه‌ شۆرشگێرییه‌که‌یه‌وه‌ هاوار ده‌کات: (خه‌ڵکینه‌ هێشتا شۆرش به‌ کۆتا نه‌هاتووه‌ ، قۆناغی دیکه‌مان ماون ..).
ئا له‌م ساته‌دا جه‌ماوه‌ر له‌ به‌ر ئه‌و هه‌موو سۆز و خۆشه‌ویستیی یه‌ی ده‌هه‌ڤبه‌ر ناوی شۆرشڤانه‌ سه‌ربه‌رزه‌ تازه‌ گه‌راوه‌که‌دا هه‌یانه‌ چه‌پڵه‌یه‌کی به‌ هێزی بۆ لێده‌ده‌ن و له‌ زه‌ینیاندا وێنای ئه‌و به‌رنامه‌ چاک و جوانانه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ پاش شۆرشدا ، له‌ جێی ماڵکاولکردن و راگواستن و شوێنبزرکردن و کوشتن و بڕین ده‌خرێته‌ به‌رده‌میان !، ئه‌و ساتانه‌ جه‌ماوه‌ر هێنده‌ به‌ ساده‌یی له‌ داڵغه‌ شیرینه‌کانیدا رۆده‌چێت که‌ ناتوانێت به‌ هیچ کلۆجێک گومان له‌وه‌ بکات که‌ جارێکی دیکه‌ تووشی مه‌رگه‌سات ده‌بێته‌وه‌ ، ئاخر ئه‌و هه‌موو باڵه‌خانه‌ و ئاواییانه‌ی که‌ له‌ پاش سه‌رکه‌وتنی شۆرشدا –به‌ خه‌یاڵ!!- دروست ده‌کرێن و ئه‌و هه‌موو ده‌رفه‌تی کاروپه‌یدا کردنی بژێوی یه‌ی که‌ ده‌خرێته‌ روو هیچ بوارێک بۆ ره‌شبینی ناهێلێته‌وه‌ ..له‌و ده‌مانه‌دا هه‌موو شته‌کان جوانن ، ته‌نانه‌ت _ درۆ _ یش.

(2)


دوای زه‌مه‌نێکی کورت که‌ چیی وا له‌ ده‌ ساڵ پتر نی یه‌ ئه‌و نیشتمانه‌ی شۆرشی له‌ ئامێز گرتبوو ، جلێکی دیکه‌ ده‌پۆشێت و زۆر دوورتر له‌و خه‌ون و خولیایانه‌ی که‌ له‌سه‌رده‌می سه‌رکه‌وتنی شۆرشدا هه‌بوون ، وه‌ک شۆخێکی سڵی عه‌یار خۆی نمایش ده‌کات ، ئیتر نیشتمان قه‌ڵس نی یه‌ به‌ درۆی شۆرشڤانه‌کانی ، چونکه‌ ئه‌ویش بۆ خۆی بۆته‌ درۆزن و هه‌موو رۆژێک سه‌دان رۆڵه‌ی ناسک به‌ درۆ له‌ خۆی ده‌تۆرێنێ و هه‌ر به‌ درۆش سه‌دانی دیکه‌ له‌ خۆی نزیک ده‌کاته‌وه‌ ، پێویستیش ناکات خه‌می که‌سی هه‌بێت ، چونکه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ سه‌ری ده‌ژین هه‌ر که‌سه‌یان له‌ خه‌می خۆیدایه‌ و هیچیان تاقه‌تی گوۆ راداشتن له‌ خه‌مه‌کانی ئه‌وی تریان نییه‌ ، نه‌وه‌ی نوێش بێئاگا له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌کانی مێژووی دووری خۆی به‌ دوو درۆی شیرین له‌ خشته‌ ده‌بردرێت و له‌ سه‌ختترین چیاکاندا به‌ ده‌ستی براکه‌ی به‌ کوشت ده‌درێت . ره‌نگه‌ ئه‌م نیشتمانه‌ پڕ له‌ درۆیه‌ جوانترین شوێنێک بێت که‌ شه‌یتان بریاری مانه‌وه‌ی تێدا دابێت ، لێ هه‌ر رۆژێکه‌ و ئه‌ویش به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو درۆیه‌ ناگرێت و بنه‌و بارگه‌ی به‌ره‌و ئاقارێکی دیکه‌ تێک ده‌نێت .
پاش ده‌ ساڵ له‌ زیندوو راگرتنی خه‌ونه‌ ئه‌رخه‌وانی یه‌کان ، ناچار هه‌موان گۆرێکی به‌ کۆمه‌ڵ هه‌ڵده‌که‌نن و هه‌رچی گوڵ و په‌پوله‌یه‌ ده‌یخه‌نه‌ ناوی یه‌وه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌ جارێکی دیکه‌ که‌س گۆرانی لاواندنه‌وه‌ی گوڵیان بۆ بڵێت و نه‌ که‌سیش په‌یامی فریادره‌سیی خۆی له‌ ژێر گه‌رده‌کانی باڵی په‌پوله‌دا بوه‌شێنێ.

(3)

له‌ قۆناغی سه‌رکه‌وتنی شۆرشدا ، به‌ڵێنی نانی چاکتر و پتر به‌ خه‌ڵک ده‌درا ، به‌ڵێنی نه‌مانی ئازار و سڕینه‌وه‌ی فرمێسکه‌ هه‌زار به‌ هه‌زاره‌کانی سه‌رکوڵمه‌ی دایکان ده‌درا،به‌ڵێن ده‌درا که‌ تۆقاندن نه‌مێنێ .. که‌ چی هه‌رزوو نانی چاک و پتر تایبه‌تێندرا و به‌ شێوازێکی دیکه‌ ئازار زیندوو کرایه‌وه‌ و به‌ ملیۆنان فرمێسکی دیکه‌ش به‌ دایکان رژێندران ، ته‌نێ له‌ پێناوی ئه‌وه‌ی کورسیی یه‌کی ره‌ق و ته‌ق بکه‌وێته‌ ده‌ست یه‌کێک له‌ شۆرشڤانه‌ رۆهسوکه‌کانی دوێنێ ..ئه‌و کورسی یه‌ نه‌گبه‌تی یه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی بزه‌ی سه‌ر لێوی منداڵان زیاتر بکات ، تاساندنی و زۆری بێباوک کردن و زۆر هاوسه‌ریشی به‌ یه‌کجاری لێک جوێ کردنه‌وه‌ ، ئه‌و کورسی یه‌ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی خێزانه‌کان لێک کۆ بکاته‌وه‌ په‌رش و بڵاوی کردن و به‌زه‌ییشی به‌ که‌سدا نه‌هاته‌وه‌ .
چار نه‌ما .. ئیتر شۆرشڤانه‌کان به‌زه‌یی یان به‌ خه‌ڵکدا هاته‌وه‌ و ئه‌م کورسییه‌یان کرد به‌ دوو پارچه‌وه‌ ، دوو پارچه‌ی وه‌هایان لێ داتاشین که‌ بتوانن له‌ سه‌ری رۆنیشن و له‌ گه‌ڵ خۆ هه‌ڵسوراندندا بسکه‌ی سمێڵیان بێت !!، هه‌موو کاره‌ساته‌کانیش له‌م دوو که‌رتبونی کورسی یه‌وه‌ ده‌ست پێده‌که‌ن .

(4)

شۆرشڤانه‌کان له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌ خه‌ڵکیان گوتبوو که‌ هێشتاش شۆرش ته‌واو نه‌بووه‌ ..! راستیان ده‌کرد، چونکه‌ ئه‌وه‌تا پاش پتر له‌ ده‌ساڵ له‌ سه‌رکه‌وتنی شۆرش هێشتاش بڵێسه‌وتینی له‌ ده‌ست نه‌داوه‌وبه‌ شێوازێکی نوێتر و له‌ قالبێکی شایسته‌تردا خۆی ده‌رده‌خات.. ئه‌مرۆ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی قسه‌ی ته‌قلیدی له‌ شۆرشڤانه رۆح سوکه‌کان ببیستین _ وه‌ک جاران _ !! ، گوێبیستی چه‌ندین چه‌مکی سیاسی و ده‌سته‌واژه‌ ده‌بین که‌ ناچارمان ده‌که‌ن هه‌رچی فه‌رهه‌نگ و وشه‌دان هه‌یه‌ بگه‌رێین تا له‌ ماناکه‌ی بگه‌ین .. ئه‌مرۆ له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی که‌ شۆرشڤانه‌کانمان به‌ خاکه‌ڕایی و ساده‌یی هه‌ڵسوکه‌وت و جل و به‌رگه‌کانی یه‌وه‌ بناسینه‌وه‌ _ وه‌ک جاران _ ، به‌ گرانبه‌هایی پێڵاوه‌کانیان و شیکپۆشی و به‌ ده‌عیه‌ و ده‌مار بوون ده‌یانناسینه‌وه‌ ..
ئه‌ورۆ ئه‌گه‌ر ناچار بکرێین بۆ چاره‌سه‌رکردنی گرفتێکمان په‌نا وه‌به‌ر به‌رپرسێکی هه‌نوکه‌یی و شۆڕشڤانێکی دوێنێکه‌یی ببه‌ین ، پێویست ناکات هێنده‌ خۆمان ماندوو بکه‌ین که‌ ژوور به‌ ژووری باره‌گایه‌ک بگه‌رێین تا بزانین چووه‌ته‌ کوێ ؟ ، چونکه‌ ئێستا _ مامۆستا !! _ شوێنی ده‌ستنیشانکراوه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌شاره‌زاش بین ده‌شێت به‌وه‌وه‌ بزانین له‌ کوێیه‌ ، که‌ هه‌ر ده‌رگایه‌ک له‌ به‌رده‌میدا خانمێکی خڕکه‌ڵه‌ی ناسک دانیشتبوو ئه‌وا دیوه‌که‌ی تری _ مامۆستا!! _ لێی دانیشتووه‌ .. ئه‌مرۆ که‌س توشی موفاجه‌ئه‌ نابێت به‌وه‌ی که‌ لێی تێک بچێت و له‌ سه‌ر ئه‌نجامدانی ئیشێکی ناشایسته‌ خۆی له‌ شۆفێری ئۆتۆمبێلی به‌رپرسێک تووره‌ بکات ، چونکه‌ ئه‌مرۆ ئۆتۆمبێلی به‌رپرسه‌کانمان شره‌سه‌یاره‌کانی جاران نین ، به‌ڵکو هه‌ڵگری ناوی خانمانی نه‌شمیل و نازدار و ‌ جوانن و _ مۆنیکا و له‌یلا عه‌له‌وی و نه‌جوا که‌ره‌م _ هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ هاوار ده‌که‌ن !!..
هه‌ربۆیه‌شه‌ خه‌ڵک زوو زوو به‌ ته‌وسه‌وه‌ ده‌بێژن : ئه‌مانه‌ شۆرشڤانه‌کانی دوێنێ و خه‌باتکارانی تازه‌ مۆدێلی ئه‌مرۆن ..!!، ناهه‌قیان نییه‌ ئه‌م خه‌ڵکه‌ ئه‌گه‌ر تێنه‌گه‌ن ، چونکه‌ نازانن شۆرش قۆناغێکی مه‌زنی بڕیوه‌، ره‌نگه‌ له‌ بنه‌ره‌تدا هه‌ر به‌ بیریشیان نه‌مابێت که‌ شۆرش به‌ کۆتا نه‌هاتووه‌ !!!!. تێبینی : ئه‌م بابه‌ته‌ دوو ساڵ به‌ر له‌ ئێستا له‌ رۆژنامه‌ی میدیا ی ژماره‌ 115 ی 12/رێبه‌ندانی 2701 دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ست ده‌که‌م هێشتا مانای خۆی له‌ ده‌ست نه‌داوه‌ بڕیارمدا جارێکی دیکه‌ لێره‌دا بڵاوی بکه‌مه‌وه‌ هه‌روه‌سا ده‌مه‌وێت ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی پێشتر له‌ولا و له‌ولادا نوسیومن لێره‌دا ئارشیڤیان بکه‌م .
نووسه‌ر Hemn له‌ Thursday, October 28, 2004 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
تا که ی چادر نشین بین؟!

وه‌بیرمه‌ هه‌میشه‌ نه‌نکم به‌ میوانه‌کانمانی ده‌گووت: به‌ ناشکوری نه‌بێت وه‌ک قه‌ره‌جانمان لێهاتووه‌،ماڵمان هه‌موو ده‌مێ به‌ کۆڵێوه‌ بووه‌ ، کوره‌که‌ن له‌ کوێ پێشمه‌رگه‌ بووبن ئێمه‌ش له‌ وێ بووین ...
ئه‌و کاتی چکۆله‌ بووم و که‌ وایده‌گووت له‌ خۆمم ده‌پرسی : باشه‌ داپیره‌ بۆ وا ده‌ڵێت ؟ ئێمه‌ کوا قه‌ره‌جین ؟ ئه‌و ماڵه‌ گه‌وره‌یه‌ش کوا به‌ کۆڵێدا ده‌درێت؟!!.
*
ئێستا ده‌زانم، له‌و دنیایه‌دا زۆر که‌س هه‌یه‌ ماڵی به‌ کۆڵێداداوه‌وهه‌ر رۆژه‌ی له‌ شوێنێکه‌،جا ئه‌و که‌سه‌ یان مرۆڤێکه‌ نه‌یتوانیوه‌ وه‌ک ئه‌وانیدی بژیت و یاخی بووه‌ ، یانیش نڤیسه‌ڤانێک بووه‌ که‌ هێڵی سووری به‌زاندوون و شاربه‌ده‌ریان کردووه‌، یان دوور نه‌رۆین ئاشقێکی هه‌ڵوه‌دا بووه‌ و پاش ئه‌وه‌ی گوناهه‌که‌ی ئاشکرا بووه‌،مه‌عشوق کوژراوه‌و ئه‌میش سه‌ری خۆی هه‌ڵگرتووه‌!!!.. ده‌شزانم ته‌مه‌نی ئه‌و چه‌شنه‌ ئاواره‌ییانه‌ هه‌رچه‌ندێک بووبێت دواجار کۆتایی هاتووه‌و ئاواره‌ بۆ مه‌سکه‌نی خۆی گه‌راوه‌ته‌وه‌ .
ئه‌وه‌ی که‌ من نایزانم و بۆم بۆته‌ پرسیار، ئه‌وه‌یه‌که‌: ده‌بێ گوناهی کوردێکی که‌رکوکیی چادرنشین چه‌نده‌ گه‌وره‌ بێت که‌ تا ئێستاش ناچار بێت دوور له‌ ماڵی خۆی بژیت؟!.
*
ده‌گه‌رێمه‌وه‌ بۆ یاده‌وه‌رییه‌کانی منداڵیم ، بۆ ئه‌و رۆژانه‌ی له‌ قه‌ڵادزێ (شوانه‌)م ناسی، شوانه‌ کوردێکی که‌رکوکیی خێوه‌تنشین بوو ، له‌ قوتابخانه‌ زیره‌کترین قوتابی بوو،ناونیشانی ماڵه‌که‌یشی : خانووه‌ قوڕ و به‌ چادر داپۆشراوه‌کانی پشتی شار بوو.
هه‌ر کاتێک مامۆستایه‌کی نوێمان بۆ بهاتبا ،شوانه‌ له‌ خۆیه‌وه هه‌ڵده‌ستا و ده‌یگووت: مامۆستا من که‌رکوکیم.. مامۆستاش پێده‌که‌نی و هه‌ندێ جار باسی قودسی کوردستان و هه‌ندێجاریش باسی دڵه‌ له‌ لێداننه‌که‌وتووه‌که‌ی ده‌کرد!!، ئێمه‌ش ده‌ممان ده‌کرده‌وه‌وسه‌یری شوانه‌مانده‌کرد، که‌ زه‌نگی پشوودانیش لێی ده‌دا لێی کۆده‌بووینه‌وه‌وداوامان لێده‌کرد باسی که‌رکوکمان بۆ بکات ، باسی خانووه‌ گه‌وره‌ جوانه‌که‌یان ، باسی له‌یستۆک و پایسکیله‌که‌ی، باسی منداڵه‌کانی گه‌ره‌ک وگۆره‌پانی یاری و هه‌موو شتێک .. ئه‌ویش هێنده‌ به‌ له‌ خۆبایی بوونه‌وه‌ باسی بۆ ده‌کردین که‌ (ئالان) تووره‌ ده‌بوو و ده‌یگووت : من باوه‌ر ناکه‌م، ئه‌گه‌ر وایه‌ چۆن له‌و خانووه‌ جوانه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ئه‌و خێوه‌ته‌ی ئێره‌،دیاره‌ حه‌زتان له‌ چادر بووه‌..!!، شوانه‌ش نێوچه‌وانی تێکده‌ناوده‌یگووت : ده‌ریان کردین ، خۆ بۆ خۆمان نه‌هاتووین.. سه‌یرێکی یه‌کدیمان ده‌کرد و به‌ ده‌نگێکی به‌زه‌یی ئامێزه‌وه‌ ده‌مانگووت : بۆ ده‌ریان کردن..چیتان کردبوو؟؟.. ئه‌ویش زۆر به‌ هێمنی ده‌یگووت: گوتمان نابینه‌ عه‌ره‌ب ، ئێمه‌ کوردین..
ئیتر به‌ روویدا ده‌ته‌قینه‌وه‌وهاوارمان ده‌کرد: خۆ زمانی وانتان نه‌ده‌زانی !!، چۆن ده‌بوونه‌عاره‌ب؟!!.
*
دوای رووخانی بته‌کانی دیکتاتۆر له‌ عیراقدا ، دیمه‌نێک هه‌یه‌ بۆ من زۆر دڵته‌زێنه‌ ، دیمه‌نی ئه‌و کورده‌ که‌رکوکییه‌ خێوه‌تنشینانه‌ی هه‌مووی سه‌د مه‌تر له‌ ماڵه‌ داگیرکراوه‌کانیانه‌وه‌ دوورن و بۆیان نییه‌ بگه‌رێنه‌وه‌ بۆی!، ده‌زانم زستان له‌ پێشه‌ و سه‌رمایان ده‌بێت ، ده‌زانم ئه‌و ژیانه‌ی وان دووره‌ له‌ ژیانی مرۆڤێکی ئاسایی ، ده‌شزانم چاوه‌رێی ده‌ستێکن که‌ هه‌قیان بستێنێت، به‌ڵام هێنده‌ی بیر ده‌که‌مه‌وه‌ نازانم ئه‌و هه‌قستێنه‌ کێیه‌؟ ، کاتێک سه‌رکرده‌کانی کورد ده‌بینم چه‌پڵه‌ بۆ عیراقی هیواوئاشتی لێده‌ده‌ن و له‌ عیراقییه‌کان عیراقیترن ، هه‌ر هێنده‌م له‌ ده‌ست دێت که‌ بڵێم : ئه‌ی کورده‌ که‌رکوکییه‌ چادرنشینه‌که‌، شه‌رمه‌نده‌تم
..

ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ژماره‌ 173 ی رۆژنامه‌ی میدیا دا بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.

نووسه‌ر Hemn له‌ Thursday, October 28, 2004 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
نان و شمشاڵ




دروست ساڵ و نیوێک به‌ر له‌ ئێستا ، ئێواره‌یه‌کی ساردی زستانی ، خۆم له‌ به‌رده‌م نووسینگه‌یه‌کی داواکردنی مافی په‌نابه‌ریی له‌ هۆله‌ند دیته‌وه‌، خۆم بووم و جانتایه‌کی گه‌و‌ره‌ که‌ پڕ له‌ خه‌ونی جوان بوو!، له‌وێ زانیم که‌ ئیدی لێره‌وه‌ غوربه‌تنشینی و نیشتماننه‌دیتنه‌وه‌م تا زه‌مه‌نێکی نادیار و ره‌نگه‌ زۆر دورودرێژیش ده‌ستپێبکات، تێگه‌یشتم که‌ ئیدی بوارێکیش بۆ گه‌رانه‌وه‌ نه‌ماوه‌، بۆیه‌ش له‌ پرمه‌ی گریانمدا ، هێنده‌ به‌ کوڵ ده‌گریام که‌ دووسێ که‌س له‌وانه‌ی وه‌ک من هاتبوون بۆ خۆ ناساندن هاتنه‌ لام و دڵخۆشییان دامه‌وه‌ ....
پێمگووتن ئه‌من له‌ ژیانمدا بۆ که‌م شت گریاوم ، ئاخر له‌ ولاتی مندا گریان بۆ پیاو عه‌یبه‌ !!!، به‌ڵام ئه‌ورۆ هێنده‌ هه‌ست به‌ ته‌نیایی و ونبوون ده‌که‌م که‌ له‌بیرمچۆته‌وه‌ پیاوم!!.
*
ساڵ و نیوێک به‌ سه‌ر ئه‌و گریانه‌ به‌ کووڵه‌مدا تێپه‌ریوه‌ ، ساتگه‌لی ناخۆش و تاقه‌تپرووکێنم تێپه‌راندوون ، هێشتاش له‌ بیرم نه‌چۆته‌وه‌ که‌ پیاوم و نابێت بگریێم ،وه‌لێ چه‌ند شه‌وێک به‌ر له‌ ئێستا له‌ ده‌ست خۆمدا نه‌ما و له‌ پرمه‌ی گریانمدایه‌وه‌ .. ئه‌و جاره‌یان بۆ؟
*
له‌ کۆمه‌ڵێک گرته‌ی هونه‌ریی جواندا و له‌ دووتوێی فیلمێکی دۆکیومێنتاریی به‌ سه‌قه‌تی مۆنتاژکراودا سه‌باره‌ت به‌ (قاله‌ مه‌ڕه‌)ی هونه‌رماندی له‌ بیرکراو،له‌ رێگه‌ی (کوردسات) ه‌وه‌ چه‌ند دیمه‌نێکی ئازارده‌رم بینین ، به‌ تایبه‌ت که‌ بینیم (قاله‌ مه‌ڕه‌) له‌ لێواری شۆستان مۆزیک بۆ په‌یداکردنی نانه‌زگ لێده‌دات ،هه‌ر ته‌زییم !..دیمه‌نی ئه‌و پیاوه‌ ئه‌وکاته‌ش زۆر دڵته‌زێن بوو که‌ به‌ تووره‌بوونه‌وه‌ گووتی : هیچ قسه‌م پێنین .. زۆرمگووت و هیچم به‌ هیچ نه‌کرد ..
له‌ خۆمم پرسی : ده‌بێ قاله‌ مه‌ره‌ چیی گووتبێت که‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ هیچ ؟! یان ده‌بووایه‌ چی بڵێت تا هیچ به‌ هیچ بکات؟
*
به‌ ده‌م سڕینه‌وه‌ی فرمێسکه‌کانمه‌وه‌ بیرم له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێستا له‌ کاتی په‌خشکردنی ئه‌م فیلمه‌ و دروست له‌و ساته‌دا که‌ قاله‌ مه‌ره‌ به‌ عه‌شقه‌وه‌ لێوی به‌ شمشاڵه‌که‌یه‌وه‌ ناوه‌ و خه‌ریکی ئه‌فسوونکردنه‌ له‌ په‌رییان ، ده‌یان ئاشق له‌ وڵاتی مندا له‌ ژوانێنه‌وبه‌ده‌م ماچکردنی لێوی شۆخه‌ شه‌رمنه‌کانی شار خه‌ریکی ژه‌نینی ئاوازێکی سیمفۆنیکن .. له‌و ساته‌دا که‌ قاله‌ مه‌ڕه‌ هه‌ناسه‌ی قووڵ هه‌ڵده‌کێشێ تا ده‌نگی شمشاڵه‌که‌ی کپ نه‌بێت و به‌ حوزنێکه‌وه‌ گله‌یی له‌و ژیانه‌ ناقابیله‌ی خۆی ده‌کات ، ئا له‌و ده‌مه‌شدا ئاشقه‌کان به‌ده‌م هه‌ناسه‌ هه‌ڵکێشانه‌وه‌ له‌ خوای خۆیان ده‌پرسن: ئێزه‌دی گه‌وره‌ ، بۆ ده‌بێت بۆ ماچێک خۆ وه‌شێرین ..ئه‌و ناهه‌قییه‌ تا که‌ی؟!..
دڵنیاشم که‌ به‌ ده‌نگی شمشاڵی قاله‌ مه‌ره‌ زۆر جحێڵی نامرادی کورد خه‌مره‌وێنیی دێت‌ و هه‌ر به‌و شمشاڵه‌ش زۆر که‌س به‌ ناکوردان ده‌ڵێت‌ : فه‌رموون ..ئه‌وه‌یه‌ مۆزیکی کوردان ، ئێمه‌ له‌ هیچه‌وه‌ هوونه‌ر ده‌خوڵقێنین !.
*
هه‌ڵسام کۆفی یه‌کم تێکرد و دیسان ده‌ خه‌یاڵی ئه‌وه‌دا رۆچووم که‌ بێگوومان له‌و ساته‌ی که‌ قاله‌ مه‌ره‌ لێوی به‌ لێوی شمشاڵه‌که‌یه‌وه‌یه‌‌ ، گه‌وره‌ پیاوێکی کوردیش ده‌می له‌ گۆی مه‌مکی یه‌کێک له‌ دۆسته‌ زۆروزه‌به‌نده‌کانیدایه‌‌ و مۆزیکای خیانه‌تکردن به‌ هه‌قیقه‌تی پێلێده‌دا..
یه‌کێکی دیش به‌ده‌م کێشانی جگه‌ره‌یه‌کی گرانبه‌هاوه‌ پلان بۆ ئاودیوکردنی فڵان سه‌رمایه‌ و فیسارماڵی میلله‌ت داده‌ڕێژێت و ئه‌وی تریشیان به‌ ده‌م هه‌ڵدانی پێکی وێسکی یه‌وه‌ (ئه‌لفاتیحا بۆ گیانی پاکی شه‌هیدانی قادسیه‌ داده‌دات‌!!).
هیچ یه‌کێکیشیان به‌ دیتنی دیمه‌نی قاله‌ مه‌ره‌ نه‌ موچرک به‌ له‌شیاندا دێت ، نه‌ له‌ شه‌رمانیش ئاره‌قه ده‌که‌ن!!.
*
ده‌ڵێم:
مامه‌ قاله‌..ره‌نگه‌ پاش بوورینی زۆرتر له‌ حه‌فتا ساڵ به‌سه‌ر ته‌مه‌نتدا و به‌ پێی بیرکردنه‌وه‌ی خۆت ، به‌ قه‌ده‌ر ته‌واوی ئه‌و نامه‌ردی و درۆیانه‌ی ده‌گه‌ڵت کراون ، له‌ ژیان و له‌ راستگۆیی مرۆڤه‌کان نائوومێد بووبیت ، ده‌شێت تازه‌ش حه‌ز نه‌که‌ی بروا به‌ که‌س بکه‌ی ،،به‌ڵام له‌بیرت نه‌چێت ئه‌تۆ موڵکی میلله‌تێکی و به‌ری ره‌نجیشت ئه‌وه‌یه‌ که‌ دوو جحێڵی کورد به‌ بیستنی شمشاڵه‌که‌ی تۆ بزه‌ ده‌که‌وێته‌ سه‌ر لێویان .. ئه‌رێ ئه‌وه‌نده‌ به‌س نییه‌ تا مرۆ هه‌ست بکات خۆشبه‌خته‌؟.

.
نووسه‌ر Hemn له‌ Thursday, October 28, 2004 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
له‌ گۆڕان تۆقیوم
مرۆڤایه‌تی به‌ره‌و پيشکه‌وتنێکی مه‌ترسیدار له‌ پێنگاڤهه‌ڵێناندایه‌، ئه‌وه‌ی رۆژانه‌ له‌ رێگای راگه‌یاندنه‌وه‌ وه‌به‌رگوێ
ده‌که‌ون چه‌نده‌دڵخۆشکه‌ربن هێنده‌ش ترسهێنه‌رن، ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هه‌موان جێی مه‌ترسیتریشه‌ ئه‌و سڵنه‌کردنه‌وه‌ سه‌رسووڕهێنه‌ره‌ی ئینسانه‌کانه‌ له‌ درێژه‌دان به‌ گۆڕینی دنیا له‌ دنیای سرووشتییه‌وه‌ بۆ دنیای ماشێنی!!..
پێده‌چێت خواستی فزولیانه‌ی مرۆڤ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان به‌ره‌وئه‌وه‌ی به‌رێت که‌ به‌بێئه‌وه‌ی ئاگای له‌ خۆیبێت به‌ره‌و هه‌ڵدێرێک هه‌نگاو هه‌ڵێنێت که‌ گه‌رانه‌وه‌وده‌ربازبون لێی کارێکی ئاسان نه‌بێت.
هه‌موان ده‌زانین که‌ زیندوومانه‌وه‌ له‌سه‌رمانی زه‌رور کردووه‌ که‌ خواستی گۆڕین و به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوون له‌ خۆماندا په‌روه‌رش بده‌ین، چونکه‌ ناشێت ئه‌وه‌ی له‌ورۆدا ده‌ژیت رازیبێت که‌ شێوازی ژیانی وه‌ک مرۆڤی دوێنێ بێت و ئه‌وه‌ی سبه‌ینێش دێت به‌ هه‌مان شێوه‌ !..بۆیه‌ کاتێک ده‌بینین له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ ده‌ ساڵدا دنیای ئێمه‌ گۆڕانێکی زۆر خێرای به‌سه‌ردا هاتووه‌ تووشی سه‌رسورماننابین،چونکه‌ ده‌زانین ئه‌و هه‌ست به‌ پێویستیکردنه‌ی گۆڕانه‌ که‌ ئه‌و ره‌وشه‌ی چێکردووه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌ڵوه‌سته‌مان پێده‌کات ئه‌و هه‌قیقه‌ته‌ تاڵه‌یه‌ که‌ رۆژبه‌رۆژ مرۆڤ له‌ گۆرانی جه‌وهه‌ری و تێگه‌یشتنی مه‌نتیقیتر له‌ ژیان دوورتر ده‌که‌وێته‌وه‌ و به‌وه‌ خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێ که‌ ده‌شێت دنیا ته‌نێ له‌ ڕواڵه‌تدا بگۆردرهێت و جوانبکرێت .. !.
له‌ ماوه‌ی که‌متر له‌ ده‌ساڵی رابردوودا مرۆڤ و ماشێن زۆرتر لێک نزیککه‌وتوونه‌وه‌وسه‌روکارێکی زۆرتریان پێکه‌وه‌ هه‌یه‌، تا ڕادده‌یه‌ک که‌ ئه‌وه‌ بووه‌ به‌ یه‌قین لای هه‌موومان که‌ رۆژێکدێت ماشێن هه‌موو ئه‌و ئیشانه‌ ده‌کات که‌ هه‌ر مرۆڤێڤێکی ئاسایی پێی هه‌ڵده‌ستێت .
ئه‌ورۆ نانی ماشێنی و گووڵی ماشێنی و شه‌ربه‌ت وجلوبه‌رگ و ... هه‌زاران ناوی ماشێنیی تر له‌ ڤیترینی فرۆشگاکاندا زۆر به‌ مه‌سره‌فترن له‌ کاری ده‌ستیی مرۆڤ، ئه‌ورۆ به‌ بێ مۆبایل و ئۆتۆمبێل و کامپیوتێر که‌س هه‌ست به‌ ئینسانبوونی ته‌واوه‌تیی خۆی ناکات ، جێی سه‌رسوورمانیش نی یه‌ که‌ له‌ نێو ئه‌و پێشڤه‌چوونه‌ سه‌رسووڕهێنه‌رانه‌ی به‌رهه‌می عاقڵیی مرۆڤن خه‌ڵکێک هه‌بێت بۆ حیسابکردنی دوو جاران دوو په‌نا وه‌به‌ر ماشێنی حیساب ببات!!..ئا لێره‌دایه‌ که‌ ده‌ڵێم : له‌ گۆڕان تۆقیوم.
تێبینی: ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ کوردستان نێت دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌..
نووسه‌ر Hemn له‌ Thursday, October 28, 2004 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
About Me
ناو: Hemn
شوێنی ژیان
سه‌باره‌ت به‌ من
See my complete profile
Previous Post
Archives
Links