وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Monday, December 27, 2004
پیرۆزباییی ده ستپێکی وه رزی سپی..

به‌ر له‌وه‌ی زستان کوڵمه‌کانم بکاته‌ تۆپێکی سوور و هه‌ڵمی ده‌رهاتووی لێوه‌کانم ببه‌ستێت ، ده‌مه‌وێت پیرۆزبایی هاتنی وه‌رزی سپیتان لێبکه‌م .. هه‌موو ساڵێکتان سپی و خۆشییه‌کانتان ره‌نگین .

نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, December 27, 2004 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Thursday, December 16, 2004
نه ته وه یی بوون عه یبه؟


دۆستی من ، بڕیارم داوه‌ لێره‌وه‌ هه‌ندێ نامه‌ی کورتت بۆ بنوسم ، جوان بیانخوێنه‌وه‌ ، چونکه‌ ده‌رده‌ڵی زۆر تایبه‌تیی خۆمت بۆ ده‌که‌م ، ئه‌گه‌ر دیتت تێیاندا ئه‌مانه‌تدار نیم ، تکایه‌ مه‌یاندڕێنه‌ ، بۆت هه‌یه‌ بیانکه‌ی به‌ سفره‌یه‌ک و نانێکی په‌ناهه‌ندانه‌ی خێرایان له‌سه‌ر بخۆی ...

* * *

له‌ ژماره‌ی ڕابردووی ( میدیا) دا ، هه‌ڤپه‌یڤینێکی لیده‌ری کۆمۆنیسته‌کانی عێراقم خوێنده‌وه‌ ، نازانم تۆش دیتت یان نا ؟ ، له‌وێدا ( ڕێبوار) ده‌رباره‌ی ئاڵای کوردستان و شۆڕشه‌کانی کورد هه‌ندێ شتی گوتبوو ، ده‌بوایه‌ بۆ خۆم بیدوێنم ،به‌ڵام نه‌ ژماره‌ی ته‌له‌فۆنه‌که‌یم ده‌ستکه‌وت ، نه‌ توانیشم ئیمایلی بۆ بکه‌م ، بۆیه‌ پێم چاکبوو تۆ له‌ جیاتی من تێبینیه‌کانمی پێبگه‌یه‌نی و لێی بپرسی :

تێڕوانینی وی ده‌رباره‌ی ناسیۆنالیستبوون چییه‌ ؟ ، ئایا جیاوازیی نێوان کوردێکی ناسیۆنالیست و عاره‌ب و تورکێکی نه‌ته‌وه‌یی چییه‌ ؟ ، یان بۆچی ئاڵای کوردستان ڕه‌مزی کۆنه‌په‌رستی‌ و شه‌ڕه‌په‌ڕۆی نه‌ته‌وه‌ییه‌ ؟ ..

* * *

هه‌وڵناده‌م به‌ زمانی که‌سێکی ده‌مارگیر تێبینیه‌کانمت بۆ بنووسم ، چونکه‌ ده‌زانم ئه‌و شێوه‌ بیرکردنه‌وه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ خوڵقی مندا یه‌کناگرێته‌وه‌ ، وه‌لێ تکا ده‌که‌م ‌ پێی بڵێ : بۆ پیاوی پۆله‌تیکڤان زه‌رورترین شت خوێندنه‌وه‌ی مێژوویه‌ ، چونکه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێجار له‌ بێئاگایی مێژووییه‌وه‌ مرۆڤ نه‌توانێت ڕاستییه‌کان وه‌ک خۆی ببینێ و به‌وه‌ش تێڕوانینه‌کانی تووشی دووفاقی ببن ، پێشی بڵێ : له‌ دنیادا هیچ شتێک به‌قه‌ده‌ر سه‌رخۆبوونی هزری بۆ مرۆڤ به‌هادار نییه‌ ، به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر سیاسه‌توان بیت و بته‌وێت سه‌نگینی خۆت له‌ نێو خه‌ڵکدا بپارێزی ، نابێت هه‌رگیز ببیته‌ دوباره‌که‌ره‌وه‌ی فه‌رمایشاتی هاوبیرانی ئه‌ودیوی سنوورت! ، تۆش مرۆڤیت ، که‌واته‌ هه‌وڵبده‌ خۆت بیر بکه‌یته‌وه‌ نه‌ک ته‌قلیدی بیرکردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی دی بکه‌یت !! .

* * *

ده‌گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه‌یدابووم که‌ گوتبووی : ئاڵای کوردستان پیرۆز نییه‌ ، چونکه‌ به‌ڕاستیش له‌و جڤاکه‌دا که‌ هه‌موو شتێکی پیرۆز کۆمه‌ڵێک نه‌عوزوبیللا ! ده‌وریانداوه‌ ، پیرۆزکردنی ئاڵا ، ستاندنه‌وه‌ی مافی هه‌ڵبژاردنی ئاڵایه‌کی دڵخوازی دیکه‌یه‌‌ له‌ نه‌وه‌ی سبه‌ینێ ، کێ ده‌ڵێت ئه‌وان‌ به‌و ئاڵایه‌ی ئێستا ڕازیده‌بن و حه‌ز ناکه‌ن بیگۆڕن ؟! ، به‌ڵام له‌وه‌دا که‌ ده‌ڵێت : ئاڵای کوردستانیش ڕه‌مزی شه‌ڕه‌په‌ڕۆی نه‌ته‌وایه‌تی بووه‌ ده‌گه‌ڵی نیمه‌ و ده‌مه‌وێت هه‌ڵوه‌سته‌ی پێبکه‌م .

مێژوو پێمده‌ڵێت : ئه‌و ئاڵایه‌ ڕه‌مزی ستاندنه‌وه‌ی مافێکی ئینسانی بووه‌ ، هیچیه‌ک له‌وانه‌ی که‌ به‌یداخداری بوون، بۆ دژایه‌تیی گه‌لێکی دی و ڕه‌نگێکی دی هه‌ڵیاننه‌گرتووه‌ ، هیچکام له‌وانه‌ی دژایه‌تیشیان کردووه‌ له‌ ڕووی ئازادیخوازییانه‌وه‌ نه‌یانکردووه‌‌ ، به‌ڵکو نه‌یانتوانیوه‌ ئا‌ڵایه‌کی تر له‌ پاڵ ئاڵا شۆفینییه‌کانی خۆیاندا ببینن که‌ پێیان ده‌ڵێت : چل ملیۆن ئینسان ده‌یه‌وێت ئازاد بژیت ! ،ده‌یه‌وێت به‌ زمانی خۆی قسه‌ بکات ، ده‌یه‌وێت قه‌تڵ و عام نه‌کرێت ..
پێیبڵێ : باشه‌ ده‌کرێت داواکردنی ئه‌و مافانه‌‌ له‌ ژێر ئاڵای کوردستاندا، به‌ شه‌ڕه‌په‌ڕۆی نه‌ته‌وایه‌تی ناوببرێت‌ ؟، یان بۆ زانینی جیاوازیی نێوان ناسیۆنالیستی کورد ده‌گه‌ڵ عاره‌ب و تورکێکدا، ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ که‌ له‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌ییی وه‌ک ( میدیا ) دا ببینین ، تێڕوانینه‌کانی وی ، ( وێڕای ئه‌وه‌ی ته‌ژی ئیهانه‌کردنن به‌ سیمبۆله‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ کوردییه‌کان !) ، به‌ سنگفراوانییه‌وه‌وبه‌ مانشێتی گه‌وره‌ بڵاوده‌بنه‌وه‌ ؟! .

* * *
ئه‌گه‌ر بکرێت دنیایه‌کی ئایدیاڵی چێبکه‌ین که‌ بۆ مرۆڤه‌کانی ناوی ڕه‌نگ و نه‌ته‌وه‌ جێی باس نه‌بن ، ئه‌وه‌ دڵنیام کورد پێش هه‌رکه‌سێکی دی دێته‌ ئه‌و دنیایه‌وه‌ ، له‌و دنیایه‌دا کورد چیدیکه‌ هه‌وڵ بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافی هاوڵاتێتیی پله‌یه‌ک نادات ، چونکه‌ هه‌مووان پله‌یان یه‌که‌!! ، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نیا خه‌یاڵه‌ دۆستی من ، ئێمه‌ تا ئێستاش له‌ دنیایه‌کدا ده‌ژین که‌ تێیدا بانگه‌وازی هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی خوا ده‌کرێت ، دنیایه‌ک که‌ تێیدا تورکێک ئیجازه‌ی قسه‌کردن به‌ کوردیت ناداتێ و عاره‌بێکیش دێت ماڵ و مڵکت داگیر ده‌کات و ئینکارت ده‌کات ، له‌وه‌ها دنیایه‌کدا بۆ عاره‌ب و تورک و فارس، که‌ که‌س مافی نه‌خواردوون، نه‌ته‌وه‌یی بوون زۆر عه‌یبه‌ ، به‌ڵام بۆ میلله‌تێکی بنده‌ستی وه‌ک کورد، ناسیۆنالیستبوون نه‌ک هه‌ر عه‌یب نییه‌ ، به‌ڵکو شانازیشه‌ .

* * *


چاوه‌کانت ماندوو ناکه‌م ، قسه‌م زۆر ماون ، هه‌ر له‌ باسی پێکهاتنه‌که‌ی پارتی و یه‌کێتییه‌وه‌ بگره‌ تا ده‌گاته‌ شه‌ڕه‌ جنێوه‌که‌ی قوتابیانی زانکۆ ده‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆماره‌که‌یان له‌ ئێران .
لێیگه‌ڕێ ، ئه‌گه‌ر بمێنین نامه‌ی دیت بۆ ده‌نووسم .
ئاهورا بتپارێزێ ..
.......................................................................................................................................

تێبینی :
ئه‌و وێنه‌یه‌ی که‌ دانراوه‌ ( سامان قادر ) دروستیکردووه‌ و له‌ وێبه‌ کوردییه‌کانه‌وه‌ وه‌رمگرتووه‌ .


له‌ ژماره‌ ( 176 ) ی ڕۆژنامه‌ی میدیا دا ئه‌م بابه‌ته‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ .

نووسه‌ر Hemn له‌ Thursday, December 16, 2004 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Monday, December 13, 2004
مه ڕۆ بۆ باکوری عیراق !
ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا ئێرانییه‌کان هێرشێکی ئه‌له‌کترۆنییان کرده‌ سه‌ر وشه‌ی ( که‌نداوی عه‌ره‌بی ) له‌ ماشێنی گه‌ڕانی گوگڵ دا ، ئه‌ویش به‌ چێکردنی لینکێک به‌و ناوه‌وه‌ که‌ هه‌موو وێب و وێبلاگه‌کانیان دایاننا و ئه‌وه‌نده‌ کلیکیان له‌سه‌رکرد که‌ به‌ قه‌ولی خۆیان که‌نداو بووه‌وه‌ به‌ فارسی !! ..

ئێستا کوردیش خه‌ریکی هێرشێکی له‌وجۆره‌ن بۆ سه‌ر وشه‌ی ناقۆڵای ( باکوری عیراق ) ، که‌ بێگومان مه‌به‌ست لێی باشوری کوردستانه‌ و ڕۆژانه‌ له‌ مێدیای جیهانیدا دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌ .

هێنده‌ی من ئاگاداربم بلاگنووسی کورد بۆمبه‌که‌یان چێکردووه‌ و چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌شیان نییه‌ که‌س پاداشتیان بداته‌وه‌ ، ته‌نها شتێک که‌ ده‌یانه‌وێت کلیک کردنێکی ساده‌وساکاره‌ له‌سه‌ر لینکی باکوری عیراق ، هه‌رچه‌ند زۆرتر کلیک بکه‌یت چاتره‌ !! ..

به‌شبه‌حاڵی خۆم ئه‌م وێبلاگه‌م بۆ کاره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌کانم سازکردووه‌ ، به‌ڵام ناتوانم پشتیوانی هاونیشتمانییه‌کانم نه‌بم و له‌و پڕۆژه‌ مه‌زنه‌دا پشتیاننه‌گرم ، بۆیه‌ش هه‌م لێره‌دا لینکی ده‌ده‌مێ و هه‌م له‌ ساید باڕ ی ئه‌م وێبلاگه‌شدا دایده‌نێم .

......

بلۆگی ( هه‌رێمی هیچ ) زۆر جوان لینکی داوه‌ته‌ ئه‌و بۆمبه‌ ئه‌له‌کترۆنییه‌ ، پێشنیار ده‌که‌م شێوازه‌که‌ی ئه‌و بکرێته‌ ستاندارد و هه‌موو وێبلاگ و وێبسایته‌ کوردییه‌کان بێ ده‌ستکاری داینێنه‌وه:‌


ئه‌وه‌ ئه‌ڕۆی بۆ باکوری عیرراق؟
نه‌وه‌ڵا ئه‌ڕۆم بۆ باکوری عیراق
ده‌وه‌ڵلا وامزانی ئه‌چی بۆ باکوری عیراق!
نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, December 13, 2004 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Friday, December 10, 2004
سڵاو له ژنبوون !

له‌ ده‌فته‌ری یادداشته‌کانی کچێکدا، ئاهێکی قوڵ و بێزارییه‌کی کوشنده‌م خوێنده‌وه‌ :


* * *



- دکتۆر تکایه‌ هاوکاریم بکه‌ ، من له‌ شه‌و و شه‌قام و ته‌نیایی زۆر ده‌ترسێم !
- هه‌موو ژنێک له‌ شه‌و و شه‌قام و ته‌نیایی ده‌ترسێت ..
- به‌ ڕاستی ؟
- به‌ڵێ خاتوون !
- که‌واته‌ من نه‌خۆش نیم ؟
- نا ترسی ئێوه‌ زۆر ئاساییه‌ !

..........

دروست دوای ئه‌و گفتوگۆ ساده‌یه‌بوو که‌ تێگه‌یشتم :
له‌ ته‌واوی ئه‌و ژیانه‌ 24 ساڵه‌یه‌مدا
وه‌ک گه‌مژه‌کان
گیرۆده‌ی شه‌ڕکردن ده‌گه‌ڵ ژنێتیی خۆم بووم !!

بیریشم که‌وته‌وه‌ که‌ :
ژن هه‌ندێجار ده‌گریێت !
ژن هه‌ندێشه‌و ده‌ترسێت !
ژن هه‌ندێشت نا‌بێ ببینێت !
ژن هه‌ندێککار نابێ بکات !
ژن نابێ بچێته‌ هه‌ندێ شوێن !

چونکه‌

ژن
ژنه‌ !!

......

له‌وه‌ودوا
چێژی ژن بوون
له‌ خۆم حه‌رام ناکه‌م !!

* * *
که‌ ئه‌و دێڕانه‌م خوێنده‌وه‌ ، سه‌رم نه‌ویکرد و ............................. هیچم نه‌گووت !.

نووسه‌ر Hemn له‌ Friday, December 10, 2004 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Wednesday, December 01, 2004
چاوه کانتان بشۆن .. جۆرێکی تر ببینن !

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ئاستانه‌ی ده‌ستپێکردنی یه‌که‌مین هه‌ڵبژاردنی ئازادداین له‌ عێراقدا ، جێی خۆیه‌تی بپرسم : ئه‌گه‌ر بشێت لێره‌وه‌ ده‌نگ بده‌م ، بچم بۆ ده‌نگدان یان نا ؟! ، بۆ من جوابدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره‌ سه‌خته‌ ، به‌ڵام که‌ سه‌یری ته‌له‌فزیۆنه‌ کوردییه‌کان ده‌که‌م و گوێ بۆ شیره‌تکارییه‌ دڵسۆزانه‌کانیان ڕاده‌گرم ،دڵم نه‌رم ده‌بێت که‌ قیڕوسیای لێبکه‌م و ئه‌گه‌ر مافی ده‌نگدانم هه‌بوو ، ده‌نگ بده‌م . به‌ڵام ده‌پرسمه‌وه‌ : باشه‌ کێ هه‌ڵبژێرم ؟ ، لیستێکی دوورودرێژم له‌به‌رده‌ستدایه‌ که‌ به‌ داخه‌وه‌ تێبینیم له‌ سه‌ر هه‌مووانیان هه‌یه‌ ،بۆیه‌ ده‌ڵێم ، ‌ چاکتر وایه‌ که‌ چووم ، کاغه‌زێکی سپی بخه‌مه‌ سندوقی ده‌نگدانه‌وه‌ !! .

* * *

پێده‌چێت خه‌ریک بێت په‌له‌ بکه‌م ، ئاخر هێشتا به‌ڵگه‌م له‌ به‌رده‌ستدانین که‌ به‌ ڕاستی له‌ بنه‌ڕه‌تدا هه‌ر عێڕاقییش بم ، که‌ هه‌ویش نه‌بم چۆن ده‌توانم ده‌نگ بده‌م ؟!.
ده‌زانم که‌ دایک و بابم خه‌ڵکی پشده‌رێن ، له‌وه‌ش دڵنیام که‌ بۆ خۆم له‌ نه‌غه‌ده‌ی له‌ دایک بووم ، ده‌شزانم که‌ ئه‌و له‌هجه‌یه‌ی له‌ نه‌غه‌ده ‌ی قسه‌م پێده‌کرد هه‌ر ئه‌و له‌هجه‌یه‌یه‌ که‌ له‌ پشده‌رێش پێی ده‌ئاخڤن ! ، له‌نه‌غه‌ده‌ی هه‌ستم نه‌ده‌کرد که‌ بێگانه‌م ، چونکه‌ زمان و مۆڕاڵی وان هه‌مان شت بوو ده‌گه‌ڵ ئی دایک و بابم ، به‌ڵام که‌ ده‌چمه‌ به‌غدایێ ده‌بینم هه‌موو شتێک لێک جیان ، له‌وێ تۆزێک ڕاده‌مێنم ، ده‌مه‌وێت بڕوا به‌ خۆم بێنم که‌ ئه‌وانه‌ی له‌ نه‌غه‌ده‌ی ژیاون ( هه‌رچه‌ند هه‌موو شتێکیشمان هاوبه‌شه‌ ) هاونیشتمانیی من نین ، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ به‌غدایێ ده‌ژین ( با هیچی هاوبه‌شیشمان نه‌بێت ) برا و شه‌ریکی ژیانمن ! ، نا ..نا ، ده‌زانم ئه‌و تڕه‌ که‌ڵه‌که‌ سه‌رناگرێت ، بۆیه‌ش به‌ خۆم ده‌ڵێم : با هه‌ر بڵێن عێراقیت ، که‌ هه‌و نه‌بم چی بکه‌م ؟!! .

* * *

پێمده‌ڵێن : وه‌رن با له‌ نوێیی وڵاتێک چێبکه‌ین ، که‌چی به‌ فیدڕاڵییه‌که‌م چاویان کوێر ده‌بێ ! ، پێم ده‌ڵێن : وه‌رن با هاوژیانی چاک بین بۆ یه‌کدی ، که‌چی هه‌ر ڕۆژه‌ی سه‌ری بڕدراوی خورتێکم بۆ ده‌نێرنه‌وه‌ ! . پێم ده‌ڵێن : وه‌رن با غه‌دری دوێنێ له‌ بیر بکه‌ین ، که‌چی به‌ ئاڵای به‌عسییان ته‌حیه‌تولعه‌له‌مم ده‌گه‌ڵ ده‌که‌ن !! ، پێم ده‌ڵێن : وه‌رن دیالۆگی ڕوناکبیری بکه‌ین ، که‌چی خالید یابه‌ هانم ده‌دات که‌ به‌ عاره‌بی نه‌بێت نه‌خوێنم ! ، دیسان ده‌ڵێن : وه‌رن یه‌کسان بین ، که‌چی له‌ داهاتی عێراقێ ده‌له‌سه‌دم پێڕه‌وا ده‌بینن ! . ئه‌رێ گه‌لۆ عێراقی هیواوئاشتی ئه‌وه‌ بناغه‌که‌یه‌تی ؟

* * *


ئه‌من به‌ که‌س ناڵێم ده‌نگ مه‌ده‌ ، چونکه‌ زه‌مانی چاوساغیکردن نه‌ماوه‌وده‌بێ خه‌ڵک بۆ خۆی بڕیار بدات ، به‌ڵام بیر له‌وه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌گه‌ر بێت و خه‌ڵکی باشووری کوردستان هه‌موو پێکه‌وه‌ ده‌نگ نه‌ده‌ن چی ده‌قه‌ومێت ؟ ، کێش تێیدا زه‌ره‌ر ده‌‌کات ؟ ،
به‌ پێی داخویانیی پارته‌ گه‌وره‌کانی کوردستان ، زۆرترین ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ری کورد ده‌توانێت ڕێژه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌ندام بنێرێته‌ پارله‌مێنته‌وه‌ ، چونکه‌ به‌ بڕوای وان عاره‌ب پشکدارییه‌کی چالاک ناکه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردندا ، ئه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی هه‌ره‌به‌هێزی ئه‌و پارتانه‌یه‌ بۆ ڕاکێشانی کوردستانییان به‌ره‌و سندوقی ده‌نگدان ، وه‌لێ نازانم بۆ بیریان له‌وه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ که‌ فتوای ئایه‌توڵڵایه‌کی ناعێراقی ده‌توانێت ئه‌و خاڵه‌یان بۆ سڕ بکات وده‌نگی عاره‌بان به‌ چاوقوچاندن هه‌ڵڕێژێته‌ سندووقانه‌وه‌ ! .
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت و له‌و ماره‌کردنه‌وه‌یه‌ی کوردستانیش به‌ عێراقه‌وه‌ کورد پشکدارنه‌بن ، په‌یامێکی وه‌ک رۆژ ڕووناک بۆ دنیایێ ده‌نێرن که‌ : ئه‌وه‌ به‌رسڤی رێفراندۆمئاسای ئێمه‌یه‌ ؛ ناگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بنده‌ستی ، براگه‌ورایه‌تیی برا چاوڕه‌شه‌کانیشمان به‌سسه‌ !.

* * *

پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر داهاتی گومرگێک ( به‌ قسه‌ی خۆیان ) شه‌ڕی براکوژیان ده‌کرد ، که‌چی ئێستا ده‌له‌سه‌دی داهاتی عێراق ده‌درێته‌ میلله‌ته‌که‌یان ، نه‌ک هه‌ر شه‌ڕی له‌سه‌ر ناکه‌ن به‌ڵکو به‌ ڕه‌سمی ناڕازیبوونێکیش ده‌رنابڕن .. بۆیه‌ نامه‌وێت دڵ به‌ عێراقی هیواوئاشتی خۆش بکه‌م !.

* * *
به‌ هاونیشتمانییه‌کانیشم ده‌ڵێم :
( چاوه‌کانتان بشۆن .. جۆرێکی تر ‌ ببینن ) .

* ناونیشانی ئه‌م نووسینه‌ ئیلهامی له‌ دێڕه‌ شیعرێکی ڕه‌وانشاد( سۆهراب سێپێهری ) ، به‌ که‌مێک ده‌ستکارییه‌وه‌ وه‌رگرتووه‌ .

تێبینی : ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی میدیا ی ژماره‌ 175 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ .


نووسه‌ر Hemn له‌ Wednesday, December 01, 2004 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
About Me
ناو: Hemn
شوێنی ژیان
سه‌باره‌ت به‌ من
See my complete profile
Previous Post
Archives
Links