وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Monday, April 25, 2005
جوله که ش به ته مای به هه شتن !



زۆر جار که‌ ده‌چمه‌ لای شلۆمۆی هاورێم ، له‌ یه‌کێک له‌ رێستورانته‌کانی کوره‌که‌یدا له‌ ئه‌مسته‌ردام ده‌یدۆزمه‌وه‌ ، ئه‌و زۆرتر ‌ به‌ ده‌ستی ناخاوێن و به‌ به‌رهه‌ڵبێنه‌یه‌کی درێژه‌وه‌ دێته‌ پێشوازیم و ده‌ڵێت : سه‌یرکه‌ ، هێشتاش گه‌نجم و ئیشم له‌ده‌ستدێن .. پێده‌که‌نم و ده‌ڵێم : تۆ دڵت گه‌نجه‌ شڵۆمۆ ..
لێی ده‌پرسم : تۆ که‌ موحتاجی پاره‌ نیت و هه‌موو شتێکت هه‌یه‌ ، بۆ ئیشده‌که‌ی ؟ ، ده‌ڵێ : ئاخر جوله‌که‌م و پوڵم زۆرخۆشده‌وێ ! ، ده‌زانم گاڵته‌ده‌کات ، بۆیه‌ش ده‌پرسمه‌وه‌ : باشه‌ جوله‌که‌ بۆ هێنده‌ پوڵیان خۆشده‌وێ ؟ ، به‌ گومانه‌وه‌ تێمده‌ڕوانێ و ده‌ڵێت : میلله‌تێک هه‌موو دنیا دوژمنی بێ ، ته‌نها پاره‌ ده‌توانێ دۆستایه‌تیی بکات !.

* * *

شڵۆمۆ ، حیکایه‌تی بێ سه‌رپه‌نایی جوله‌که‌کانی دنیایێم بۆ ده‌گێرێته‌وه‌ ، لێمده‌پرسێ : هیچت ده‌رباره‌ی هۆڵۆکۆست بیستووه‌ ؟ ، ده‌ڵێم : ئه‌رێ .. ده‌شزانم که‌ هۆڵۆکۆستتان کردۆته‌‌ قه‌ڵغانێک و پاساوی ئیشه‌ هه‌ڵه‌کانیشتانی پێده‌ده‌نه‌وه‌ . تۆزێک بێده‌نگده‌بێ و ده‌ڵێت : وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێوه‌ به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌یکه‌ن ؟ ، زوو جوابیده‌ده‌مه‌وه‌ و ده‌ڵێم : ئێمه‌ دوعاده‌که‌ین ‌ هه‌ڵه‌مان ده‌رهه‌ق نه‌کرێ ، بۆ خۆمان هه‌ڵه‌مان له‌ کوێبوون تا قه‌ڵغانی بۆ چاککه‌ین؟ ! .

* * *

جیاوازیی ته‌مه‌ن ده‌نێوان من و شڵۆمۆ دا زۆره‌ ، به‌ڵام هاورێیه‌تییه‌که‌مان ئه‌و جیاوازییه‌ی نه‌هێشتووه‌ ، ئاخر ئه‌و ده‌ڵیت : وێنه‌کانی گه‌نجێتیی خۆم له‌ تۆدا ده‌بینم ، ئه‌زیش وه‌بیری دێنمه‌وه‌ که‌ هێنده‌ی هه‌موو دنیا پێویستم به‌ ته‌جره‌به‌ جوانه‌کانیه‌تی و ده‌مه‌وێ لێیه‌وه‌ فێری چۆن ژیان و چۆن بیرکردنه‌وه‌ بم .. پێیده‌ڵێم : باشه‌ ئیسرائیلتان چۆن دروست کرد ؟ ، ده‌زانێ پرسیارێکی زۆر شمولیم کردووه‌ ، بۆیه‌ش شمولییانه‌ جوابم ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ : به‌ ئه‌قڵ ! ، ده‌ڵێم : ئه‌وه‌یان ده‌زانم ، به‌ڵام چۆنتان توانی ده‌وڵه‌تێک له‌ نه‌بوو قیت بکه‌نه‌وه‌ ؟ ، نێوچه‌وانی گرژده‌کا و ده‌ڵێت : به‌ سێ شت : یه‌که‌میان : زیره‌کی ، دووه‌میان : پاره‌ ، سێیه‌مینیش : پشوودرێژی ..

* * *

ئه‌و هاورێ‌ پیره‌م رقێکی زۆری له‌ پیاوه‌ ئایینییه‌ ده‌مارگیره‌کانی وڵاته‌که‌یه‌تی ، به‌ بڕوای وی ، ئه‌وانه‌ ئه‌و ته‌مبه‌ڵانه‌ن که‌ به‌ هۆی بێکارییه‌وه‌ گیرۆده‌ی ئایینداری بوون ! ، زۆریش ناره‌حه‌ته‌ له‌وه‌ی که‌ یه‌کێک له‌ کوڕه‌کانی ده‌گه‌ڵیانه‌ ، به‌ڵام هه‌میشه‌ ده‌ڵێت : هه‌رچه‌نده‌ حه‌زناکه‌م ده‌گه‌ڵ پیاوه‌ ته‌مبه‌ڵه‌کانی جڤاکدا بیبینم ! ، به‌ڵام ئیجازه‌ی ئه‌وه‌یده‌ده‌مێ که‌ خۆی باوه‌ڕدارێتیی خۆی هه‌ڵبژێرێ ..

* * *

له‌ شلۆمۆ ده‌پرسم : باشه‌ ئێوه‌ش وه‌ک موسوڵمانان به‌ ته‌مای به‌هه‌شتن ؟ ، زۆر باوه‌ڕبه‌خۆیانه‌ جوابم ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت : به‌ڵێ .. به‌ڵام به‌هه‌شتی ئێمه‌ لێره‌یه‌ ، نه‌ک له‌ دنیای دیکه‌ ! ، ده‌ڵێم : ئاخر ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییان ده‌یکه‌ن ، دۆزه‌خسازییه‌ ! ، ده‌ڵێت : راستده‌که‌ی ، به‌ڵام ئه‌وه‌ رێخۆشکردنه‌ بۆ چێکردنی به‌هه‌شت به‌ مۆدێلی ئیسرائیلی ! ، دیسان ده‌پرسمه‌وه‌ : تۆ هاورای ده‌گه‌ڵ ئه‌و به‌هه‌شتسازییه‌ ؟ ، به‌ بێزارییه‌وه‌ چاویلکه‌کانی ده‌ردێنێ و به‌ده‌م خاوێنکردنه‌وه‌یانه‌وه‌ ده‌ڵێت : نا .. دنیایه‌ک به‌ جیاوازییه‌کانییه‌وه‌ ‌ ، خۆشتره‌ له‌ به‌هه‌شتێکی بێجیاوازی ..

* * *
له‌ شڵۆمۆوه‌ زۆر شت فێربووم ، جاران وامده‌زانی ته‌نیا فه‌ڵه‌ستینی و موسوڵمان به‌ خۆته‌قاندنه‌وه‌ و جوله‌که‌کوژی ده‌چنه‌ به‌هه‌شتێ!! ، به‌ڵام ئێستا تێگه‌یشتووم که‌ : جوله‌که‌ش به‌ ته‌مای به‌هه‌شتێن ! .
نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, April 25, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Tuesday, April 19, 2005
ده سه ڵاتی بێده سه ڵات



کێ رۆژنامه‌ی کوردی ده‌خوێنێته‌وه‌ ؟ ، پرسیارێکی به‌رسڤ ویسته‌ و هه‌ڵوه‌سته‌م پێده‌کات .
زۆرجار که‌ سه‌یری رۆژنامه‌ کوردییه‌کان ده‌که‌م ، منداڵیی خۆمم بیردێته‌وه‌ ، ئه‌و رۆژانه‌م دێنه‌وه‌یاد که‌ له‌ناو رۆژنامه‌کانی باوکمدا ، به‌ دوای نووسینێکدا ده‌گه‌ڕام که‌ بتوانم لێی تێبگه‌م ، به‌ڵام هه‌میشه‌ نه‌مده‌دیته‌وه‌ ، ئه‌وکاتی وامده‌زانی ئیشی چکۆله‌ییمه‌ ، به‌ڵام ئێستا تێده‌گه‌م
که‌ : رۆژنامه‌ی کوردی ، تا ئێستاش بۆ پیاوی دیوه‌خانان ده‌رده‌چێ ‌ و رۆژنامه‌نووسی کوردیش هێشتا نایه‌وێت داشقه‌چییه‌کانی شێخه‌ڵڵا لێی حاڵیبن ! .

* * *

که‌ چکۆله‌ بووم ، ده‌مزانی ، گه‌ڕانه‌وه‌ی بابم له‌ شاخ ، هاتنی کۆمه‌ڵێک په‌ڕه‌کاغه‌زی نوێشی
به‌دواوه‌یه‌ ، ده‌و کاغه‌زانه‌دا که‌ باوکم هه‌موو جارێ باوه‌شێکی لێ دێنانه‌وه‌ ، به‌یاننامه‌ دوور و درێژه‌کانی حیزب و هه‌واڵی تاوانکارییه‌کانی پیاوه‌ دیکتاتۆره‌که‌ و جنێودان به‌ فڵان پارتی کوردی و فیسار گروپی عاره‌بی و زۆر شتی دیکه‌شم ده‌دیتن .

ئه‌و هه‌موو جارێ که‌ ده‌هاته‌وه‌ ، ده‌رگای کتێبخانه‌که‌ی ده‌کرده‌وه‌ و په‌ڕه‌کاغه‌زه‌ زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو و نووشتاوه‌کانی له‌سه‌ریه‌ک که‌ڵه‌که‌ ده‌کردن ، ئه‌زیش به‌ شه‌رمه‌وه‌ لێی ده‌چوومه‌ پێشێ و ده‌مپرسی : بابه‌ ئه‌و قاقه‌زانه‌ چین ؟ .. به‌ خه‌نده‌وه‌ ته‌ماشایه‌کی ده‌کردم و ده‌یگوت : کوڕی خۆم ، ئه‌وانه‌ رۆژنامه‌ن ...
من که‌مێک ده‌حه‌په‌سام و ده‌مه‌ویست باوه‌ڕ نه‌که‌م.. چونکه‌ ئه‌و رۆژنامانه‌ی له ‌ شاره‌‌که‌ی مه‌دا
( به‌ زمانی ناکوردی!) ده‌رده‌چوون ، هه‌م په‌ڕه‌کانیان گه‌وره‌تر بوون ، هه‌م وێنه‌ی زۆرتریشیان ده‌نێودابوون!.. بۆیه‌ش ‌ پێکه‌نینێکی منداڵانه‌م ده‌گه‌ڵده‌کرد و به‌خۆممده‌گوت : ئاخر ئه‌و قاقه‌زه‌ چکۆلانه‌ چۆن ده‌کرێ رۆژنامه‌ بن‌ ؟! .


* * *

قه‌رار وایه‌ ئه‌و رۆژانه یادی سه‌دوحه‌وته‌مین ساڵڤه‌گه‌ڕی ده‌رچوواندنی یه‌که‌مین کاغه‌زی چاپکراو بێت که‌ به‌ کوردی نووسرابێ و پێی بگوترێت ( رۆژنامه‌ ) ، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆژنامه‌ڤانیی کوردی ئیدی له‌‌وان رۆژان تێپه‌ڕیوه‌ که‌ کاغه‌زی زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاو بێ و قه‌باره‌ی لاپه‌ڕه‌کانیشی که‌مێک گه‌وره‌تر بوون له‌ جاران! ، گومانده‌که‌م که‌ به‌ یادکردنه‌وه‌یه‌کی سارد و سڕ ، بۆنه‌که‌ تێپه‌رێ و رۆژنامه‌ڤانان له‌ رۆژی خۆیاندا ، هه‌ندێك دانپێدانانی بوێرانه‌ ده‌به‌رامبه‌ر هه‌ڵه‌ و کێماسییه‌کانیاندا نه‌که‌ن . هه‌رچه‌نده‌ ده‌نێو ئه‌و نامانه‌دا که‌ له‌لایه‌ن رۆژنامه‌نووسانی ئاشنامه‌وه‌ به‌ده‌ستم ده‌گات ، هه‌میشه‌ (بیڵێم و نه‌یڵێمێک ) و ناڕازیبوونێکی بێده‌سه‌ڵاتانه‌ ده‌خوێنمه‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌رواش به‌ خۆمده‌ڵێم : ئایا ده‌کرێت ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مینی وڵاتێک ، تا سه‌ر ، به‌ بێده‌سه‌ڵاتیی خۆی رازیبێ ؟!

* * *


وایلێکده‌ده‌مه‌وه‌ که‌ گوناهباری گه‌وره‌ی بێده‌سه‌ڵاتیی رۆژنامه‌ له‌ کوردستاندا ، ئه‌و رۆژنامه‌ڤانه‌ به‌رژه‌وه‌ندویستانه‌ن ‌ که‌ له‌جیاتی دروستکردنی پێوه‌ندیی ساغڵه‌م ده‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا ، قه‌ڵه‌م و کیبۆرده‌کانیان هه‌رزانفرۆش کردووه‌ و نه‌ک هه‌ر نه‌یانتوانیوه‌ ده‌سه‌ڵاتداران فێری رێزگرتن له‌ رۆژنامه‌نووس بکه‌ن ، به‌ڵکو خۆشیان به‌ درێژایی ساڵانی بوری ، له‌ ئه‌نجامده‌رانی پرۆسه‌ی بێده‌نگکردن و نانبڕین له‌ رۆژنامه‌وانانی خاوه‌ن ده‌نگ بوون .
ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بینم رۆژنامه‌نووسی کورد ناچاره‌ له‌ پیناو نه‌بڕانی بژێویی خۆی ، بێده‌نگی هه‌ڵبژێرێ ، ئازارم ده‌دا ، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌ خۆم ده‌پرسمه‌وه‌ : ئایا ده‌کرێت ده‌سه‌ڵاتی چواره‌مینی وڵاتێک ، تا سه‌ر ، به‌ بێده‌سه‌ڵاتیی خۆی رازیبێ ؟! .

* * *

سه‌د و حه‌وته‌مین جه‌ژنی رۆژنامه‌ڤانیش ده‌گێڕین و بێده‌سه‌ڵاتیی چواره‌مین ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌که‌مان به‌ چاوی خۆمان ده‌بینین ، ره‌نگه‌ پاش یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو به‌شه‌که‌ی هه‌رێم ، شاهێدی هه‌ندێ گۆڕانکاریی دیکه‌ بین ، به‌ڵام چاکده‌زانم که‌ رۆژنامه‌ ئه‌و کاته‌ لای ئێمه‌ ده‌سه‌ڵات په‌یدا ده‌کات ، که‌ داشقه‌چییه‌کانی شێخه‌ڵڵا لێیحاڵیبن و پیاوی دیوه‌خانانیش نه‌توانن هه‌ڵه‌چنیی
بۆ بکه‌ن .

نووسه‌ر Hemn له‌ Tuesday, April 19, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Thursday, April 14, 2005
ئه زیش هه ڵه ده که م



ئه‌وڕۆ بۆ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ به‌شی کۆمێنتی وێبلاگدا ، چوومه‌ به‌شی به‌رێوه‌بردنه‌وه‌ ، له‌وێ له‌ لیستی دوایین کۆمێنته‌کاندا ، ئه‌و کۆمێنته‌م وه‌به‌رچاوکه‌وت :

خه‌مخۆر :

کاک هێمن ، تکایه‌ هه‌ندێ خه‌می نووسینه‌کانی خۆشت بخۆ ! 1- نه‌ ماو : نه‌ماو 2- چاوه‌روانکراوه‌که‌ی : چاوه‌ڕوانکراوه‌که‌ی 3- به‌ راستی : به‌ڕاستی 4- هیواوئاشتی : هیوا و ئاشتی 5- یادگاریه‌که‌ی : یادگارییه‌که‌ی 6-به‌ خۆمم گووت : به‌ خۆمم گوت 7- تورێکی ته‌ریش : توورێکی ته‌ڕیش 8 – نێوه‌رۆکی : نێوه‌ڕۆکی 9 – لاپه‌ره‌ی : لاپه‌ڕه‌ی 10 – ده‌ستکه‌وێت : ده‌ست که‌وێت 11 – ئه‌نفالکراوه‌ : ئه‌نفال کراوه‌ و چه‌ندین هه‌ڵه‌ی تری رێنووسی ... خۆ به‌ڕێزیشت له‌ پاکتاوکردنی حه‌وته‌کانی ژێر هه‌موو پیته‌ حه‌وتداره‌که‌ هیچ درێغیت نه‌کردووه‌ !!! ئه‌وا وتمان له‌ سه‌ره‌تادا کێشه‌ نییه‌ که‌ به‌ بێ حه‌وت بنووسرێت ، چونکه‌ هه‌ر وشه‌یه‌ک له‌ کوردیدا به‌ '' ر '' ده‌ستیپێکرد ، ئه‌وا '' قه‌ڵه‌وه‌ ( ڕ ) '' ، ئه‌ی بۆ بۆ ئه‌وانی تریش هه‌مان یاسات پێڕه‌و نه‌کردووه‌ ؟ خۆ هه‌موویان وه‌ک سه‌ره‌تاکه‌ قه‌ڵه‌و نین به‌ که‌ڵکی '' جینۆساید '' بێن !!! ئه‌مه‌ش ته‌نیا یه‌کێک بوو له‌ پرسیاره‌کانی من که‌ له‌ خۆمم پرسی : - ئایا که‌سێک بانگه‌شه‌ی دۆزینه‌وه‌ی هه‌ڵه‌یه‌ک له‌ که‌سێکی تر بکات ، ده‌کرێت خۆیشی هه‌مان هه‌ڵه‌ی تێدا بێت ؟ ، وه‌ڵام لای کاک هێمنه‌ ، وابزانم .
ئیتر جارێ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ، ئه‌گه‌ر پێویستی کرد دێمه‌وه‌ لاتان ، له‌ خه‌ما نوقمبوو ، خه‌مخۆری کوردی ..


* * *

به‌رسڤ :

خه‌مخۆری ئازیز ..
زۆر جار که‌ سه‌ر له‌ وێبلۆگه‌که‌م ده‌ده‌م له‌ دڵه‌وه‌ ناڕازی ده‌بم به‌وه‌ی که‌ زۆرکه‌م , رایه‌کی جوان و تێبینییه‌کی به‌ که‌ڵک , له‌ به‌شی کۆمێنته‌کاندا ده‌بینم و به‌ خۆمده‌ڵێم : واز له‌ وێبلاگ بێنه‌ ، کورد ئه‌هلی وێبلاگ خوێندنه‌وه‌ نین ! ، به‌ڵام پێده‌چێ ره‌وشه‌که‌ هێنده‌ش ره‌ش نه‌بێت وه‌ک ده‌یبینم ! .
به‌ر له‌هه‌ر شتێکیش ئه‌ز مرۆڤم و وه‌ک هه‌ر که‌سێکی دیکه‌ هه‌ڵه‌ده‌که‌م ، بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر هه‌ندێک شتم به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیبێ ئه‌وه‌ پێموانییه‌ گوناه بێت و خۆت گوته‌نی '' جینۆساید '' م کردبێ !! ، سوپاسیشتده‌که‌م که‌ هه‌ندێ هه‌ڵه‌ی شایسته‌ت بۆ راستکردوومه‌وه‌ ، هه‌وڵده‌ده‌م له‌وه‌ودوا به‌ دیققه‌تتربم .

سه‌باره‌ت به‌ تێبینییه‌کانت :

- ده‌رباره‌ی پیتی ( ڕ ) زۆر راسته‌ ، هه‌ندێجار له‌بیرم چووه‌ و هه‌ڵه‌مکردووه‌ .
- سه‌باره‌ت به‌ ناوبڕی نێوان وشه‌کان ( نه‌ ماو ، ... هتد ) ، ئه‌وه‌ هۆیه‌که‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ که‌ هه‌ندێجار بابه‌ته‌کانم به‌ نووسه‌ری ئۆنلاین ده‌نووسم ( ئه‌گه‌ر له‌سه‌فه‌ردابم ) و ئه‌ویش کێشه‌ی پێکه‌وه‌نووساندنی پیتی بزوێنی ( ه ) ی هه‌یه‌ .. هه‌ڵه‌یه‌ ، به‌ڵام به‌ده‌ستی من نییه‌ !.
- ده‌رباره‌ی وشه‌گه‌لی وه‌ک ( ده‌ستکه‌وێت ، ئه‌نفالکراو ، .... هتد ) له‌گه‌ڵتدا کۆکنیم ، پێموایه‌ ئه‌و وشانه‌ به‌ پێی شوێنی به‌کارهێنانیان ده‌بنه‌ یه‌ک وشه‌ وبۆیه‌ش ئه‌گه‌ر به‌ دوو بڕگه‌ بنووسرێن ، ئه‌وه‌ ده‌ربڕینه‌که‌یان هه‌ڵه‌ ده‌بێت . له‌و باره‌یه‌وه‌ نووسینێکم له‌ وێبلاگی ( سه‌ره‌تا ) دا نووسیوه‌ ، ده‌توانیت بۆ روونکردنه‌وه‌ی زۆرتر سه‌یری بکه‌یت .
- ده‌رباره‌ی پرسیاره‌که‌شت ، له‌ بڕگه‌ی یه‌که‌می به‌رسڤه‌که‌مدا وه‌ڵامم داوه‌ته‌وه‌ ، من مرۆڤم ، که‌واته‌ هه‌ڵه‌ش ده‌که‌م . ده‌سته‌واژه‌گه‌لی وه‌ک ( جینۆساید و پاکتاو و...هتد ) یش هه‌م له‌ زمانی کوردیدا و هه‌م له‌ فه‌رهه‌نگی زاراوه‌ سیاسیه‌کانیشدا مانای دیکه‌ی هه‌ن و باوه‌ڕناکه‌م ئه‌وه‌ی حه‌وتی ژێر پیتێکی له‌بیرچوو پاکتاوچی بێت !! ‌ ، ئه‌وه‌ی من هانده‌دا بنووسم ، ئه‌شقی وڵاته‌که‌م و خزمه‌تکردنی زمانه‌که‌مه‌ ، ئه‌وانه‌ی له‌ نزیکه‌وه‌ش ده‌مناسن و بابه‌ته‌کانمیان دیوه‌ ، چاکده‌زانن که‌ نه‌ بۆ مامه‌حه‌مه‌یی و خۆبردنه‌ پێشه‌وه‌ ده‌نووسم و نه‌ حه‌زیشم له‌ با‌ڕه‌که‌ڵڵای فڵان پیاوی سیاسی و فیسار حزبی ده‌سه‌ڵاتداره‌ ، بۆیه‌ش ساده‌ ده‌نووسم و ساده‌ ده‌ژیم.


* * *

تێبینییه‌کانتم به‌رێزه‌وه‌ وه‌رگرتن ، تکایه‌ هه‌میشه‌ش سه‌رم لێبده‌ و سه‌رنجه‌کانتم بۆ بنوسه‌.
نووسه‌ر Hemn له‌ Thursday, April 14, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Tuesday, April 12, 2005
سه رکۆماره که شتان کورده .. ئیتر چیتانده وێ ؟!



ده‌ستنیشانکردنی ( مام جه‌لال ) وه‌ک سه‌رکۆماری نوێی ئێراق ، روداوێکی ناوازه‌یه‌ له‌ دیرۆکی سیاسیی رۆژهه‌ڵاتی ناڤیندا ، چونکه‌ ئه‌وه ‌یه‌که‌مینجاره‌ سه‌رکۆماریی وڵاتێکی عاره‌بی که‌ ساڵه‌های ساڵ پرۆگرامی ئیداره‌کردنی ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر بناغه‌ی شۆڤێنیسم و چه‌وساندنه‌وه‌ی گه‌لانی بنده‌ست و که‌مینه‌ به‌رێوه‌ده‌برد ، ده‌درێته‌ غه‌یره‌ عاره‌بێک ، ئه‌ویش که‌سێک که‌ جاران وه‌ک یاخیبوویه‌ک و هه‌ندێجاریش وه‌ک ئاژاوه‌گێرێکی گه‌وره‌ ده‌هێندرایه‌ ناساندن و هاوزمانه‌کانیشی وه‌ک ئه‌و هاووڵاتییه‌ پله‌ دووانه‌ سه‌یرده‌کران که‌ ته‌نیا بۆیان هه‌بوو ‌ بخۆن و بخه‌ون و زوو زووش سه‌ڵه‌وات بۆ دیداری موباره‌کی په‌یامبه‌ر و سه‌رۆکه‌ عاره‌به‌ ئازیزه‌که‌یان بنێرن ! ، بۆیه‌ش ده‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ده‌ستنیشانکردنی مام جه‌لال ، میلله‌ته‌ سه‌ڵه‌واتنێره‌که‌ش رژانه‌ سه‌رشه‌قام و ئه‌وجاره‌یان موباره‌کباییان له‌ سه‌رکۆماره‌ هاوزمانه‌که‌ی خۆیان ، به‌ زمانی ناعاره‌بی کرد .

* * *

( مام جه‌لال ) سه‌رکۆمارێکی ئاسایی نییه‌ ، چونکه‌ له‌ راستیدا ئه‌وه‌ی ئه‌می گه‌یاندۆته‌ ئه‌و پایه‌یه‌ ، نه‌ وه‌ده‌ستهێنانی ڕای زۆرینه‌ی خه‌ڵکی ئێراقه‌ ‌ و نه‌ ئێستاش هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ ( ئێراقی ) ده‌ناسرێن ، له‌ دڵه‌وه‌ به‌ سه‌رۆکایه‌تیی وی که‌یفسازن ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ ده‌ره‌نجامی ده‌ چاڵکه‌وتنی پۆله‌تیکڤانانی عاره‌به‌ ، که‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ناچاربوون ، یان به‌ جودابوونه‌وه‌ی کوردان و له‌ده‌ستدانی سه‌رمایه‌یه‌کی گه‌وره‌ی نه‌وتی و شکاندنی حورمه‌تی یه‌کپارچه‌ییی وڵاته‌ به‌ زۆر پێکه‌وه‌لکێندراوه‌که‌یان قایلبن ، یانیش ئه‌وه‌ قبوڵبکه‌ن ، که‌ ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کی نادرێژخایه‌نیش بێت ، باڵاترین پۆستی ئیداری له‌ ده‌وڵه‌ته‌که‌یاندا بدرێته‌ کورد و به‌ هۆیه‌وه‌ هه‌م یه‌کپارچه‌یی ئێراق بپارێزرێ و هه‌میش پارسه‌نگی به‌شدارینه‌کردنی سوننه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا ، به‌ پشکداریی چالاکانه‌ی کوردان راست بکرێته‌وه‌ .
مام جه‌لال بۆیه‌ش سه‌رکۆمارێکی ئاسایی نییه‌ ، چونکه‌ له‌و پۆسته‌یدا که‌ تازه‌ وه‌ریگرتووه‌ ، نوێنه‌رایه‌تیی پارتێک و ئایدیایه‌کی دیاریکراو ناکات ، به‌ڵکو زۆرینه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌گه‌ڵیه‌تی ، ئه‌وه‌ی چاودێریشی ده‌کات ته‌نیا گروپێکی سیاسی نییه‌ ، به‌ڵکو میلله‌تێک چاوی لێیه‌تی.‌
* * *

له‌ یه‌که‌م وتاری رۆژی ده‌ستنیشانکردنی ( سه‌رۆک تاڵه‌بانی) دا ، که‌ له‌به‌رده‌م پارله‌مێنتی ئێراق و چاوی کامێرا جیهانییه‌کان ، به‌ (زمانی عاره‌بی!) خوێندیه‌وه‌ ، ده‌ربرینێکی ئایینیی زاڵ خۆی نومایانکرد ، ده‌و وتاره‌دا ، که‌ ده‌بووایه‌ به‌ کوردی و زۆرتر به‌ قسه‌کردن ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی وه‌ک که‌رکوک و ده‌ستووری هه‌میشه‌یی و باسگه‌لی گرنگی دیکه‌ بێت ، جه‌نابی سه‌رۆک قسه‌ی له‌ پشته‌ڤانیی ئێراق بۆ مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین کرد ، که‌ پێموایه‌ باسێکی زیاده‌بوو .
‌ سه‌رکۆماره‌ کورده‌که‌ی ئێراق ، ئه‌گه‌ر باسی فه‌له‌ستینیشی نه‌کردبا ، دڵی عاره‌بان نه‌ده‌ڕه‌نجا ، چونکه‌ فه‌له‌ستین بۆ ئه‌و برا عاره‌بانه‌ بۆته‌ باسێکی جارسکار ، دوایێ ئه‌گه‌ر بۆیان بچینه‌ سه‌ر قورئانیش به‌و دوعایه‌مان ناڵێن ئامین و لای وان ئێمه‌ هه‌میشه‌ ئیسرائیلی ژماره‌ دووین !.

* * *
ئه‌گه‌ر هاونیشتمانییه‌کانم پێیان وابێت ، به‌ گه‌یشتنی کوردێک بۆ پۆستی سه‌رکۆماری ، ئیتر هه‌موو شتێک کۆتایی هاتووه‌ ، ئه‌وه‌ به‌ داخه‌وه‌ که‌وتوونه‌ته‌ داوی خۆشخه‌یاڵییه‌وه‌ ، چونکه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا رووده‌دات ، ده‌ستپێکی چیرۆکێکی درێژی دیکه‌ی به‌رخودانه‌ بۆ گێرانه‌وه‌ی مافه‌ لێستێندراوه‌کانیان . نایشارمه‌وه‌ که‌ من زۆر گه‌شبین نیم و ده‌شترسم که‌ لێره‌وه‌ پرۆسه‌ی ده‌مبه‌ستکردنی کورد به‌ شێوازی دیپلۆماسییانه‌ ده‌ستپێبکات ، ئاخر ئه‌مرۆ به‌یانی ، هاوسێ عاره‌به‌ مه‌غریبییه‌که‌م ، دوای سڵاوستاندنه‌وه‌ ، پێیگوتم : یا ئه‌خی .. ئێستا‌ سه‌رکۆماره‌که‌شتان کورده‌ .. ئیتر چیتانده‌وێ ؟!.

نووسه‌ر Hemn له‌ Tuesday, April 12, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Thursday, April 07, 2005
مه لا و ڕه شبه ڵه ک !

پێده‌چێ سه‌رکۆمارێتیی ( مام جه‌لال ) ، سه‌ره‌تای کرانه‌وه‌یه‌کی قوڵی جڤاکیشی به‌دوادابێت ، ئاخر ئه‌وه‌ نییه‌ له‌ هه‌ولێر ، مه‌لایه‌کی جبه‌ و مه‌ندیل به‌سه‌ر هاتۆته‌ ناوشایی و به‌ ڕه‌شبه‌ڵه‌ککردن ده‌گه‌ڵ خانمێکی سه‌رڕووتدا رایده‌گه‌یه‌نێت که‌ : جحێڵێنه‌ .. مژده‌بێ که‌ ره‌شبه‌ڵه‌کیش ئازادکرا ؟!!
نووسه‌ر Hemn له‌ Thursday, April 07, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
About Me
ناو: Hemn
شوێنی ژیان
سه‌باره‌ت به‌ من
See my complete profile
Previous Post
Archives
Links