وێبلاگی یادداشته‌کانی هێمن عه‌بدوڵڵا

Monday, May 30, 2005
تکایه‌ ده‌نگ مه‌ده‌ن!



سبه‌ینێ خه‌ڵکی هۆڵه‌ند ده‌چنه‌ سه‌ر سندوقی رێفراندۆم ، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار بده‌ن که‌ : ئایا ده‌یانه‌وێ پشکداری له‌ دروستکردنی ئه‌وروپای نوێدا بکه‌ن یان نا ؟ ، ئه‌وه‌ی تا ئێستا روونه‌ ، جوابی خه‌ڵک ( نه‌خێر ) ه‌ ، چونکه‌ له‌ ڕوانگه‌ی وانه‌وه‌ ، هاوبه‌شی له‌و پێکهاته‌ نوێیه‌دا ، یانی وازهێنان له‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی سه‌روه‌رییه‌ نیشتمانییه‌کانیان و هه‌روه‌تر دۆڕاندنی شانازییه‌کیش که‌ پێیده‌ڵێن : کۆمه‌ڵگای خۆشگوزه‌رێن .
به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ڕایه‌کی دیکه‌ی هه‌یه‌ و وایده‌بینێ که‌ : چونه‌ نێو ئه‌وروپای نوێوه‌ ، وازهێنانه‌ له‌ هه‌ندێک ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵیی بچوک ، بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سته‌ڵاتگه‌لی نێوده‌ڵه‌تیی مه‌زنتر .

* * *

چیرۆکه‌که‌ له‌ په‌یماننامه‌یه‌کی بازرگانیی سنورداره‌وه‌ ده‌ستیپێکرد ، ساڵی 1951 ژماره‌یه‌کی دیاریکراوی وڵاتانی ئه‌وروپی په‌یمانێکیان ئیمزا کرد و تێیدا بڕیاری هاوکارییاندا له‌ بواری بازرگانیی خه‌ڵوز و پۆڵا دا ، ئه‌و هاوکارییه‌ ، به‌ له‌سه‌رخۆیی په‌ره‌یپێدرا ، تا گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی ‌ ببێته‌ یه‌کێتییه‌کی به‌هێز له‌ نێوان وڵاته‌ پێشڤه‌چوو و پیشه‌سازییه‌ گه‌وره‌کاندا ، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و یه‌کێتییه‌ش تێنوێتیی ته‌واوه‌تیی ئه‌ندامه‌کانی نه‌شکاند ، بڕیاری دانانی ده‌ستورێک و فراوانتر کردنی سنوری ئه‌ندامێتیی ‌ درا .

* * *

پرسیاری بنه‌ڕه‌تی ئه‌وه‌یه‌ که‌ : له‌ کاتێکدا ده‌ستوردانان بۆ یه‌کێتیی ئه‌وروپا ، ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزتربوون و کاراترکردنی رۆڵی ئه‌وروپییان له‌ دنیادا و هه‌ندێک وڵاتی وه‌ک ( تورکیا و رۆمانیا و ... هتد ) یش له‌ دووره‌وه‌ هه‌ناسه‌ی حه‌سره‌ت بۆ پشکداریکردن هه‌ڵده‌کێشن ، بۆ چی هۆڵه‌ندی ده‌یانه‌وێ به‌ رێفراندۆم ره‌تیکه‌نه‌وه‌ ؟ ، یانیش ده‌بێ کامیان بۆ هۆڵه‌ند چاکتر بێ : ئه‌وه‌ی که‌ سه‌ره‌کوه‌زیرانه‌که‌یان له‌ واشنتۆن به‌ ئاغای بۆش بڵێت : یێس سێر ! ، یان له‌ ئه‌وروپای خاوه‌ن ده‌ستوری هاوبه‌ش و سیاسه‌تی ده‌ره‌کی و ئه‌منی و به‌رگریی هاوبه‌شدا رۆڵی ئه‌ندامێکی چه‌له‌نگ بله‌یزێت ؟ ، وه‌ڵام لای شالیاری ده‌ره‌وه‌ی هۆڵه‌نده‌ که‌ هه‌فته‌ی رابردوو به‌ خه‌ڵکی گوت : ئه‌گه‌ر نازانن قه‌راره‌ بۆچی ده‌نگبده‌ن ، له‌به‌ر خاتری خوا ده‌نگ مه‌ده‌ن‌ ! .

* * *

بۆ من جێی سه‌رنجه‌ که‌ دوای ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ فراوانه‌ی لێره‌ بۆ روونکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌که‌ له‌ لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه‌ ده‌درێت ، خه‌ڵک رای تایبه‌تیی خۆیان ده‌پارێزن و به‌ ئاشکرا ده‌یڵێن که‌ : شه‌ریکایه‌تی ده‌گه‌ڵ زلده‌وڵه‌تی وه‌ک ئاڵمان و فه‌رانسه‌ ، وه‌ک دۆستایه‌تیی نه‌هه‌نگ و ماسییه‌چکۆله‌کانه‌ و ئه‌و خۆشگوزه‌رانییه‌ کۆمه‌ڵاتییه‌ی ئێستاش هه‌یه‌ ، ده‌کرێ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌وروپای سبه‌ینێدا بکه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ ، چونکه‌ ئه‌ندامه‌ نوێکانی ئه‌و یه‌کێتییه‌ ، ئه‌و وڵاته‌ هه‌ژارانه‌ن که‌ له‌ بلۆکی کۆمۆنیستیدا وه‌ک وڵاتگه‌لی پڕ له‌ بێکار و ئابوریی داڕوخاو ‌ هاتوون و ئه‌وه‌ی هێناونی چاوبڕینه‌ له‌ بازاری سه‌رکه‌وتووی هاوبه‌شی ئه‌وروپی و مه‌یدانی کاره‌ زۆره‌که‌یه‌تی .
به‌ڵام پۆله‌تیکڤانان له‌سه‌رزاری (بۆس) ی لیده‌ری پارتێکی به‌هێزه‌وه‌ شیمانه‌یه‌کی دیکه‌ ده‌خه‌نه‌ ڕوو : ئه‌گه‌ر خه‌ڵک جوابی نه‌رێنی بده‌نه‌وه‌ ، ره‌نگه‌ سه‌رله‌نوێ رێفراندۆم بکرێته‌وه‌ ! .
* * *
ده‌ڵێم : له‌ چ دنیایه‌کی قۆشمه‌دا ده‌ژین ؟!.
له‌ وڵاتێکی رۆژهه‌ڵاتیدا ، خه‌ڵکێک له‌ رێفراندۆمێکی ناڕه‌سمیدا ، به‌ سه‌رۆکه‌کانیان گوت : سه‌رخۆبوونمان ده‌وێت ، که‌چی ئه‌وان به‌ قسه‌یان نه‌کردن و ده‌ستی هاونیشتمانبوونیان بۆ که‌ڵه‌کبازی گه‌وره‌ی وه‌ک ( جه‌عفه‌ری ) درێژکرد !.
له‌ وڵاتێکی رۆژاواییشدا ، سه‌رۆکه‌کان به‌ر له‌ رێفراندۆمێکی ره‌سمی ، به‌ خه‌ڵکه‌که‌یان ده‌ڵێن : وه‌رن با لاوازییه‌کانمان به‌ پشکداری له‌ یه‌کێتییه‌کی به‌هێزدا بشارینه‌وه‌ ، که‌چی ئه‌وان خه‌ریکه‌ به‌ قسه‌یان نه‌که‌ن و له‌ پێناو به‌های چکۆله‌ ، ده‌ستکه‌وته‌ گه‌وره‌کان له‌ده‌ستبده‌ن .
به‌ڕاستی دنیایه‌کی سه‌یره‌ گوڵم .. ! .

نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, May 30, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Wednesday, May 25, 2005
هه‌رچی حه‌زده‌که‌ی بپرسه‌


ته‌نیا پانزه‌ رۆژێک ده‌بێت ( ئانیتا) که‌ قژێکی ڕه‌ش و لولی ته‌واو رۆژهه‌ڵاتییانه‌ و چاوی زیته‌ڵه‌ و لوتی به‌ره‌وسه‌ره‌وه‌ هه‌ڵکشاوی ڕۆژاواییانه‌ی هه‌یه‌ ، ده‌ناسم ، ئه‌و وه‌ک خۆی ده‌ڵێت : ژنێکی ته‌نهای نیوه‌ هۆڵه‌ندی و نیوه‌ مه‌غریبییه‌ .. له‌و پانزه‌ رۆژه‌ی یه‌کدیناسینماندا ، ئانیتا ئیجازه‌ی نه‌داوم خۆشمی به‌ چاکی پێبناسێنم ، هه‌ر ئه‌و قسه‌یکردوون و ئه‌زیش سه‌رم بۆ راوه‌شاندووه‌ . زۆر جار به‌ پرسیاری سه‌یر دایگرتووم و زۆرجاریش زانیاریی زۆر به‌سوودی سه‌باره‌ت به‌ وڵاته‌که‌ی ، ئه‌وه‌ی به‌ قه‌ولی وی (من میوانم تێیدا ! ) داومه‌تێ ..
پانزه‌ رۆژه‌ یه‌کدیده‌ناسین و ئه‌گه‌ر هاوئیش نه‌باین‌ ، نه‌مده‌ویست چیدی گوێ له‌ پرسیاره‌ زۆره‌کانی بگرم ! .

* * *

نیگای شه‌هوه‌تئامێزانه‌ییم تێده‌کا و ده‌پرسێ : له‌ وڵاتی تۆ ، خه‌ڵک زۆر ده‌چنه‌ مه‌کته‌بێ ؟ ، ده‌ڵێم : به‌ڵێ .. به‌ڵام شتی چاک که‌م فێر ده‌بن ! ، ده‌پرسێ : چونکه‌ فێری موسوڵمانێتییان ده‌که‌ن ؟ ، یه‌ژم : نا.. تکایه‌ له‌و باسه‌ گه‌ڕێ . ده‌مێک داده‌مێنێ و ده‌پرسێته‌وه‌ : ئه‌ی ئێوه‌ به‌ چی نانده‌خۆن ؟ ، مقاشی نانخواردنی چینی و ژاپۆنییه‌کانم دێنه‌ به‌رچاو و ده‌پرسم : مه‌گه‌ر شکڵمان له‌ چی ده‌چێ؟ ، خه‌جاڵه‌تده‌بێته‌وه‌ و ده‌ڵێت : بمبوره‌ ،من که‌مده‌زانم ده‌رباره‌ی وڵاته‌که‌ی تۆ .. بۆیه‌ش پرسیاران زۆر ده‌که‌م .
سه‌یرێکیده‌که‌م ، روخساری له‌ که‌سێک ده‌چێ که‌ تاوانێکی کردبێت و تکای لێبوردن له‌ گوناهه‌که‌ی بکات .. غروری پیاوێکی رۆژهه‌ڵاتی ، پاڵم پێوه‌ده‌نێ که‌ بزه‌یه‌کی ده‌گه‌ڵ ‌بکه‌م و بێژم : تکاده‌که‌م.. هه‌رچی حه‌زده‌که‌ی بپرسه‌ !! .

* * *

ئانیتا بۆچوونی جوانی سه‌باره‌ت به‌ ده‌مارگیری پێن .. بۆمده‌گێرێته‌وه‌ که‌ کاتی خۆی ، له‌ قوتابخانه ، هه‌میشه‌ سروودێکیان پێگوتۆته‌وه‌ ، که‌ تێیدا باسی پیاوێکی قاره‌مان و رزگارکه‌رده‌کات ، ده‌ڵێ : له‌ناو ئه‌و کتێبانه‌دا که‌ دایکم به‌ دیاری بۆیده‌کڕیم ، شتێکم سه‌باره‌ت به‌و پیاوه‌ خوێندبۆ‌وه‌ و دیتبووم که‌ ئه‌و ، زۆرتر له‌وه‌ی رزگارکه‌ری منداڵان بێت ، مرۆڤکوژێکی گه‌وره‌یه‌!‌ .. ‌ بۆ ‌یه‌ش ئه‌وه‌م بۆ‌ مامۆستاکه‌م گێڕایه‌وه‌ ، به‌ڵام مامۆستا به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ سه‌رزه‌نشتی کردم و به‌ گوێیداچرپاندم که‌: ئه‌و پیاوه‌ نابێ ره‌خنه‌ی لێبگیرێت ، چونکه‌ هه‌رچییه‌کی کردبێتی ، بۆ هۆڵه‌ند بووه‌ .. ! .

* * *

ئانیتا به‌ توانجه‌وه‌ ده‌ڵێت : ئێمه‌ی رۆژاوایی ، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه‌ وه‌ک گه‌له‌ پێشکه‌وتووه‌کانی گێتی بمێنینه‌وه‌ ، ناچارین ئیش له‌سه‌ر پاشڤه‌خستنی خه‌ڵکی دیکه‌ بکه‌ین .. قسه‌که‌ی پێده‌بڕم و ده‌ڵێم : به‌و دانپێدانانه‌ت سه‌رسامم .. پێده‌که‌نێ و به‌ گاڵته‌وه‌ ده‌ڵێت : ده‌زانم .. ئاخر ئیشی ئێمه‌ ، سه‌رسامکردنی ئێوه‌یه‌ !!.

* * *
پانزه‌ رۆژه‌ ئانیتا ده‌ناسم ، به‌ڵام نه‌ کاتی داومه‌تێ خۆمی پێبناسێنم ، نه‌ پرسیاری ده‌رباره‌ی ژیانی تایبه‌تیی خۆشم کردوون ، هه‌میشه‌ که‌ ده‌یبینم ، به‌ پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌ که‌شوهه‌وا ده‌ستپێده‌کا و به‌ ده‌سته‌واژه‌ی : بمبوره‌ ، من که‌مده‌زانم ده‌رباره‌ی وڵاته‌که‌ی تۆ ، بۆیه‌ش پرسیاران زۆر ده‌که‌م ! ، کۆتایی به ‌گفتوگۆکه‌ی دێنێ .. ئه‌زیش هه‌رچه‌نده‌ له‌و خانمه‌ جوان و بێئۆقره‌یه‌ زۆر وه‌ڕه‌زبووم ، به‌ڵام غروری پیاوێکی رۆژهه‌ڵاتی ده‌مجوڵێنێ و ده‌ڵێمه‌وه‌ : تکاده‌که‌م .. هه‌رچی حه‌زده‌که‌ی بپرسه‌ .. ! .


نووسه‌ر Hemn له‌ Wednesday, May 25, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Wednesday, May 18, 2005
جوله‌که‌ دۆستی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیانن


که‌ شلۆمۆ زانیی نێوی که‌وتۆته‌ رۆژنامه‌یه‌کی سه‌نگینی کوردییه‌وه‌ ، زۆر دڵی خۆشبوو ، ئه‌و پێی گوتم : یانی له‌وه‌ودوا ئه‌زیش که‌سێکم بۆ خۆم ! ، پێکه‌نیم و گوتم : مه‌گه‌ر پێشترێ نه‌بووی ؟! ، گوتی : با .. به‌ڵام جاران ناوم بڵاونه‌بوو ، به‌ڵام ئێستا هاونیشتمانییه‌کانت ناسیویانم ، که‌واته‌ ئێستا هه‌بووترم ! .

* * *

ئه‌وه‌ی که‌ کوردێک له‌ ئیسرائیله‌وه‌ گۆشه‌که‌م بخوێنێته‌وه‌ و به‌و گه‌رمییه‌وه‌ نامه‌م بۆ بنێرێت ، زۆر دڵخۆشیکردم ، رۆژی دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌دواداچوونه‌که‌ی ( ئیبۆ ) ، به‌ شلۆمۆم گوت : کوردێک نوسیویه‌ ، هاورێکه‌ت ده‌چێته‌ به‌هه‌شت .. گوتی : راستده‌کا ، ره‌نگه‌ له‌وه‌ودوا گروپێکی ئایینیی توندره‌و بمکوژێ و ته‌شریف ببه‌مه‌ به‌هه‌شت ! ، گوتم : پرسویشیه‌تی : ئێمه‌ که‌ دوژمنه‌کانمان هاوبه‌شن ، بۆچی پشتی یه‌کتر نا‌گرین ؟ ، جوابیدامه‌وه‌ : جوله‌که‌ ده‌گه‌ڵ دوژمنه‌کانیشیان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان پێکدێن . گوتمه‌وه‌ : ده‌شڵێت : ئه‌وه‌ی ئیسرائیلی دروستکرد ئایین بوو ، نه‌ک شتی دیکه‌ .. تێمه‌وه‌ ڕاما و گوتی : به‌ هه‌ڵه‌ تێمه‌گه‌ن، ئه‌وه‌ ئه‌قڵ بوو ئایینی ده‌کارهێنا! .

* * *

زۆرتر له‌ جارێک هاوسێکانمان به‌ ( ئیسرائیلی دووه‌م ) نێویان هێناوین ، زۆرتر له‌ جارێکیش هاونیشتمانییانمان له‌ خۆیان پرسیوه‌ : ئه‌رێ به‌ڕاست ئێمه‌ هه‌وین؟ ، یان ده‌توانین هی دووه‌م بین ؟ ! ، زۆرتر له‌ جارێکیش گوتومانه‌ته‌وه‌ : باشه‌ مادام وامان نێودێنن ، بۆچی هیچ شتێک ده‌رباره‌ی ئه‌و هه‌وبوونه‌مان نازانین ؟! .. وه‌لێ كه‌متر له‌ جارێک له‌ خۆمان پرسیوه‌ : باشه‌ بۆ ده‌بێ وامان نێوبێنن ؟ ، که‌متر له‌ جارێکیش پرسیومانه‌ : ئه‌رێ ئه‌و حه‌ماسه‌ته‌ی بۆ دۆستایه‌تیی جوله‌کان له‌ دڵی مه‌ دایه‌ ، لای به‌رامبه‌ریش به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ ؟ ، یان ئه‌ویش وه‌ک ئه‌ڤینی عێراقیبوون یه‌کلایه‌نه‌یه‌ ؟! ..

* * *

هه‌ر له‌ زه‌مانی شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌ ، ئیسرائیل رۆڵی ناراسته‌وخۆی هه‌ڤکاریی پێشمه‌رگه‌ی له‌یزیوه‌ ، له‌وان رۆژاندا هه‌م به‌ سه‌ردانه‌کانیان بۆ لای رێبه‌رانی کورد و هه‌میش به‌و چه‌ک وتفاقانه‌ی ده‌یانگه‌یانده‌ شۆڕش ، گوتویانه‌ : مادام دوژمنمان هاوبه‌شه‌ ، له‌گه‌ڵتانین ، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌وه‌ی ئه‌وکات ئیسرائیلی کردبووه‌ دۆست ، هێزداری و کاریگه‌ریی شۆڕشڤانان و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌بوون بوو ده‌گه‌ڵ ئه‌و شۆڕشه‌دا ، بۆیه‌ش کاتێک له‌سه‌رده‌ستی ( کیسنجه‌ر ) ی جوله‌که‌ ، شۆڕش فاتیحای بۆ خوێندرا ، به‌ بیانووی ( هاوسێنه‌بوون ده‌گه‌ڵ کوردستان و نه‌دیتنه‌وه‌ی رێگایه‌کی گونجاو بۆ گه‌یاندنی هاوکاری ! ) کۆمه‌کی ده‌وڵه‌تی دۆست و خاوه‌ن دوژمنی هاوبه‌شیش پچڕا و ئه‌وه‌ی بۆ کورد مایه‌وه‌ ، باوه‌شێک خۆشباوه‌ڕیی نوشوستیهێنه‌ر و به‌رچه‌نه‌یه‌ک ئه‌زمونی تاڵی سیاسی بوو ! .

* * *

ئه‌زیش یه‌کێکم له‌وانه‌ی ‌ به‌ ته‌جره‌به‌ی ده‌وڵه‌تسازیی جوله‌کان سه‌رسامم ، زۆریش خه‌ریکم که
ئه‌زمونه‌کانیان بناسم ، چونکه‌ ده‌زانم ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌وان هه‌یانه‌ ، ده‌کرێت رۆژێک له‌ رۆژان به‌ هۆی وه‌ئاگاهاتنه‌وه‌ی میلله‌ته‌که‌م بۆ ئێمه‌ش وه‌دیبێت ، به‌ڵام چاکیش ده‌زانم ، نه‌ ئیسرائیل و نه‌ سۆپه‌ر پاوه‌ره‌ ته‌نهاکه‌ی دنیاش ، کوردێکی بێده‌سه‌ڵات و هیچ له‌باراندا نه‌بوویان وه‌ک دۆستی هه‌میشه‌یی ناوێت و هه‌میشه‌ ده‌یکه‌نه‌ به‌ڵاگێڕه‌وه‌ی یارییه‌ پۆله‌تیکییه‌کانیان ، بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر کورد ده‌یه‌وێت دۆستی چاکی هه‌بن ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ خۆبه‌هێزکردن و بوون به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی گاڵته‌پێنه‌کراو ، چاره‌یه‌کی دیکه‌ی له‌به‌رده‌مدا نییه‌ .



تێبینی : ئه‌م نووسینه‌ دوای به‌دواداچوونی خوێنه‌رێکم له‌ ئیسرائیله‌وه‌ ، که‌ له لاپه‌ڕه‌ 11 ی رۆژنامه‌ی میدیا ی رۆژی 10 / 5 / 2005 دا بڵاوبۆته‌وه‌ ، نووسراوه‌ .

نووسه‌ر Hemn له‌ Wednesday, May 18, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Monday, May 09, 2005
پۆلیس و پیتزا !



گروپێکی کۆماندۆسی بانگکراو ، ده‌گه‌ڵ پۆلیسان کۆده‌بنه‌وه‌ ، تا ئه‌و منداڵه‌ بێگوناهه‌ رزگاربکه‌ن که‌ که‌وتۆته‌ ده‌ست پیاوێکی دڕنده‌ و بۆ ئازادکردنی داوای پاره‌یه‌کی خه‌یاڵی ده‌کات ، ئه‌و کۆماندۆسانه‌ی ‌ هاتوون چاکترین و به‌هێزترین کۆماندۆسه‌کانی مه‌مله‌که‌تن و له‌ شێوازی هه‌ڵسوکه‌وت و گورجوگۆڵییانه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ مێشیش له‌ده‌ستیان ده‌ربازی نابێت، جاچ بگات به‌ پیاوێک که‌ هه‌موو ئازایه‌تی و هونه‌رنماییه‌که‌ی به‌ بارمته‌گرتنی زارۆکێکی بێوه‌یه‌ ! ..
یه‌کێک له‌ پۆلیسه‌کان گیانفیدایی ده‌کات و خۆی داوێته‌ ماڵی بارمته‌گیره‌که‌وه‌ ، به‌ڵام دواتر دیمه‌نی هه‌مان پۆلیس که‌ ده‌مانچه‌یه‌کی له‌لایه‌ن پیاوێکی ماسکداره‌وه‌ له‌سه‌رسه‌ره‌ و هاوارده‌کات : ( له‌ پێناو ئازادیی ئه‌و زارۆکه‌ ، خۆم ده‌که‌مه‌ بارمته‌ی ئه‌م کابرایه‌ !) ... هه‌مووان ده‌تاسێنێ.

* * *

پوخته‌ی داستانی فیلمی ( Kops - Fliks ) که‌ له‌لایه‌ن ئه‌کته‌ر و فیلمسازی سوێدی
( Josef Fares ) ه‌وه‌ رۆڵی سه‌ره‌کیی گێڕدراوه‌ ، ده‌رباره‌ی ئۆفیسێکی پۆلیسه‌ که‌ له‌ گوندێکی ئارامی سوێدیدا خه‌ریکی چه‌له‌نگییه‌ ! ، ئه‌و گونده‌ هێنده‌ ئارامه‌ که‌ پۆلیسه‌کانی له‌ جیاتی چاودێری و بنده‌ستکردنی تاوانباران، ( چونکه‌ که‌س تاوان ناکات ! ) خه‌ریکی یاریی پۆکه‌ر و رابواردنی گه‌نجانه‌ن . هه‌واڵی دڵته‌زێن ئه‌وه‌یه‌ که‌ رۆژێکیان لێپرسراوێکی گه‌وره‌ی پۆلیسی ناوه‌ندی پێیان ده‌ڵێت: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م گونده‌ هیچ تاوانێکی تێدا ناکرێت‌ ، ئۆفیسه‌که‌تان داده‌خه‌ین ! ... ئه‌و هه‌واڵه‌ بۆ پۆلیسه‌کان ، به‌ مانای له‌ده‌ستدانی پیاسه‌ و کار و رۆژانی شادییانه‌ ، بۆیه‌ش پیلان داده‌نێن که‌ له‌ پێناو دانه‌خرانی ئۆفیسه‌که‌یان ، خۆیان هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی تاوانکاری بده‌ن ! ، ئیدی شه‌وانه‌ به‌ جل و به‌رگی ناڕه‌سمییه‌وه‌ و به‌ ته‌قه‌کردن و ئۆتۆمبێل تێکدان و چێشتخانه‌ سووتاندن هه‌وڵده‌ده‌ن رێژه‌ی تاوانکاری ببه‌نه‌ سه‌رێ .. به‌ڵام هه‌رواش پۆلیسی ناوه‌ندی سووره‌ له‌ سه‌رداخستنی ئۆفیسه‌که‌ ! .

* * *

کێشه‌ی به‌ بارمته‌گیرانی زارۆکێک و خۆ به‌ قوربانکردنی پیاوێکی پۆلیسیش ، دوایین هه‌وڵی فێڵبازانه‌یه‌ که‌ بۆ دانه‌خستنی پۆلیسخانه‌ی گونده‌ ئارام و بێگرفته‌که‌ی سوێد ده‌درێت ، به‌ڵام پاش هه‌وڵێکی زۆری کۆماندۆسه‌ بانگکراوه‌کان ، ئه‌و فێڵه‌ش ئاشکرا ده‌بێت و بڕیاری داخستنه‌که‌ ده‌رده‌چێت .
پاش داخرانی پۆلیسخانه‌که‌ ، پۆلیسه‌کان بیرۆکه‌یه‌کی سه‌رسوورهێنه‌ریان به‌ مێشکدا دێت ، ئه‌ویش به‌وه‌ی که‌ بڕیارده‌ده‌ن له‌ جیاتی (polis ) ناوی ئۆفیسه‌که‌یان بکه‌نه‌ ( pizza ) و وه‌ک دوکانێکی پیتزا فرۆشی درێژه‌ به‌ چه‌له‌نگییه‌کانیان له‌ گونده‌که‌دا بده‌ن! .

* * *

ئه‌وه‌ی ئه‌و فیلمه‌ی وه‌بیر هێنامه‌وه‌ ، بویه‌ره‌ غه‌مهێنه‌که‌ی هه‌فته‌ی رابردووی شاری هه‌ولێر بوو ، کاتی خۆی که‌ ئه‌و فیلمه‌م دیت ، یه‌که‌مین شت که ‌‌داڵغه‌ی پێلێدام ، بینینی ئه‌و رۆژه‌ بوو که‌ له‌ باشوری نیشتماندا , هێنده‌ خه‌ڵک ته‌نا و ئارام بژیت , که‌ پۆلیسخانه‌ و ئاسایشخانه‌ و ده‌زگاکانی هه‌واڵگری و زیندانخانه‌ ته‌ژییه‌کان ، یه‌ک له‌ دوای یه‌ک بڕیاری داخستنیان بدرێت و هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ناچاربن به‌ دوای کردنه‌وه‌ی پیتزافرۆشی و چێشتخانه‌داری و گوڵفرۆشیدا بگه‌ڕێن ، لێ به‌ داخه‌وه‌ پێده‌چێ حکومه‌تی کوردستان له‌وه‌ودوا پۆلیسخانه‌ی زۆرتر و زیندانخانه‌ی فراوانتر بکاته‌وه‌ ... ئاخر له‌ نامه‌ی( موجاهیده‌کان ! ) دا که‌ به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ بۆ خه‌ڵک ناردبوویان گوتراوه‌ : ئه‌وه‌ سه‌ره‌تایه‌ و چاوه‌ڕوانی جیهادی گه‌وره‌تر بن ! .

* * *

وایده‌بینم که‌ بۆ ئه‌وه‌ی پۆلیسخانه‌کانمان ببنه‌ پیتزافرۆشی ، ناچارین رێگایه‌کی سه‌خت ته‌ی بکه‌ین ، ده‌ستپێکی ئه‌و رێگا سه‌خته‌ش ‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی رووناکبیریی خورافه‌نه‌په‌رستانه‌ و کارکردن له‌ سه‌ر جێگیربوونی هزری ناتوندوتیژانه‌یه ، ده‌شێت‌ له‌ میتۆده‌کانی خوێندندا ، له‌ جیاتی به‌ زۆری ده‌رخوارددانی روناکبیرییه‌کی تۆتالیتاریی ته‌قلیدییانه‌ ، پێ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ دابگیرێت که‌ هاووڵاتییه‌کی لێبورده‌ و کراوه‌ و ئاگادار له‌ شارستانێتییه‌کانی تر به‌رهه‌م بێت ، ده‌گونجێت ده‌سه‌ڵاتی کوردی چیدی موجامه‌له‌ی حیزبه‌ ئیسلامییه‌کان نه‌کات و لێیان بپرسێت : کاتێک که‌س رێگای نوێژکردنی لێناگیرێت ، بوونی ئێوه‌ یانی چی‌ ؟ ، ده‌شکرێت لێیان بپرسرێت : کاتێک ئیسلامییه‌ توندره‌وه‌کان ته‌قینه‌وه‌ ده‌که‌ن ، دووفاقیی هه‌ڵوێستتان له‌پای چی ؟! .
نووسه‌ر Hemn له‌ Monday, May 09, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
Wednesday, May 04, 2005
بۆ ته قینه وه که ی 4ی مایس له هه ولێر..

نووسه‌ر Hemn له‌ Wednesday, May 04, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
ئه وانه ی له چاوه ڕوانیدا پیربوون ..


له‌ ماوه‌ی چه‌ندساڵی رابردوودا هێنده‌ی هه‌واڵی نغرۆبوونی فڵان که‌شتی له‌ ئاوه‌کانی فڵان وڵاتی ئه‌وروپیدا و خنکانی فیسار گه‌نج له‌ فیسار کامیۆنی بارهه‌ڵگری تورکیدا ته‌نگه‌تاویکردین ، هێنده‌ به‌ هه‌واڵه‌کانی دیکه‌ی دنیا ناڕه‌حه‌ت نه‌بووین ، چونکه‌ له‌ راستیدا له‌ گه‌ڵ هه‌ر نغرۆبوونێکی که‌شتییه‌کان، ده‌مانزانی کۆمه‌ڵێک لاوی کوردی له‌ نیشتمان هه‌ڵاتووش نغرۆبوون و به‌ خنکانی هه‌ر که‌سێکی ناو‌ کامیۆنه‌ تورکییه‌کانیش، ده‌مانشنه‌وت که‌ دایکێکی دیکه‌ی کورد قژی بۆ له‌ده‌ستدانی کوڕه‌ خنکاوه‌که‌ی ده‌ڕنییه‌‌وه‌ .
* * *

ده‌مه‌وێ سه‌رگوزه‌شته‌ی ئه‌و کوردانه‌تان بۆ بگێڕمه‌وه‌ که‌ هه‌شت ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ، به‌ ئومێدی پێکه‌وه‌نانی ژیانێکی ئاسووده و نوایه‌کی دووره‌شه‌ڕ، کوردستانیان به‌ جێهێشت و پاش ئازارێکی زۆر، له‌ ( هۆڵه‌ند ) دا گیرسانه‌وه‌.
ئه‌وان دوای گه‌یشتنیان به‌ ‌ وڵاتێکی ئه‌وروپی ، وایانزانی ئیدی کۆتایی به‌و نادڵنیایی و بێئۆقره‌ییه‌ی که‌ شه‌ڕه‌کان له‌ ده‌روونیاندا چاندبوویان هاتووه‌ ، لێ مخابن ‌ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تای چه‌شتنی جۆرێکی دیکه‌ی ئازار و نائارامی بوو که‌ بناغه‌که‌ی بریتی بوو له‌ ‌: ‌ هێشتنه‌وه‌ی په‌ناخوازان له‌ چاوه‌ڕوانییه‌کی قوڵدا‌ .. چاوه‌ڕوانییه‌ک که‌ له‌سه‌ره‌تادا بڕیاروابوو بۆ چه‌ند مانگێک بێت ، به‌ڵام ئێستا زۆرتر له‌هه‌شت ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه‌ و هێشتاش دیار نییه‌ که‌ چه‌ندی دیکه‌ درێژه‌ ده‌کێشێ ! .

* * *

له‌ ساڵی 1997 به‌ دواوه‌ ، هۆڵه‌ند یه‌کێک بووه‌ له‌و وڵاتانه‌ی که‌ ده‌رگای به ‌رووی کۆچی به‌ کۆمه‌ڵی په‌نابه‌راندا ئاوه‌ڵا کردووه‌ ‌ ، له‌و ساڵانه‌دا به‌شی زۆری په‌نابه‌ران بریتی بوون له‌ کورده‌کان و ئه‌فغانییه‌کان. چونکه‌ له‌ هه‌ردوو وڵاتیشدا ره‌وشێکی ناله‌بار له‌گۆڕێ بووه‌ ، بۆیه‌ ده‌وڵه‌تی هۆڵه‌ند چانسی گه‌وره‌ی به‌خشینی مافی په‌نابه‌رێتیی داوه‌ به‌وان‌ و زووتر وه‌ڵامی داواکارییه‌کانیانی داوه‌ته‌وه‌ ‌ ..
یه‌کێک له‌و وه‌ڵامه‌ خێرایانه‌ش که‌ له‌و ساڵانه‌دا هۆڵه‌ند دایه‌ په‌نابه‌ران ، به‌خشینی مافی مانه‌وه‌ی یه‌ک ساڵی بوو که‌ به‌ ( خدوخت ) به‌ناوبانگه‌، خدوخت واته‌ ئیقامه‌یه‌ک که‌ ساڵانه‌ نوێده‌کرایه‌وه‌ و دوای سێ ساڵ ده‌بوو به‌ ئیقامه‌ی ئینسانی ، مه‌رجی وه‌رگرتنی ئیقامه‌که‌ش ئه‌وه‌ بوو که‌ په‌نابه‌ر ده‌بوایه‌ قبوڵ بکات ‌ له‌سه‌ر که‌یسه‌که‌ی مافی مانه‌وه‌ی ناوێت ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ده‌وێت ‌ که‌ وه‌به‌ر بڕیارێکی تایبه‌ت بکه‌وێت .. بێگومان کورده‌کان هه‌موویان داواکه‌یان په‌سند کرد و مافی مانه‌وه‌ی یه‌کساڵییان وه‌رگرت ، به‌ڵام ئه‌و کاته‌ کێشه‌یان بۆ خوڵقا ، که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردستان رایانگه‌یاند : باشوری کوردستان ( باکوری عیراق!) ئارامه‌ و هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی نییه‌ ، ئیتر ئه‌و لێدوانه‌ و سه‌ردانی وه‌فدی فه‌رمیی ده‌وڵه‌تی هۆڵه‌ند بۆ کوردستان ، به‌سبوو بۆ ئه‌وه‌ی ( خدوخت ) له‌ په‌نابه‌رانی کورد بستێندرێته‌وه‌ و زۆرتر له‌ هه‌شت ساڵ چاوه‌ڕوانی و دووره‌وڵاتی ببێته‌ به‌شێک له‌ ژیانیان .

* * *
باوه‌ڕناکه‌م بینینی ئه‌و هاونیشتمانییانه‌مان که‌ دوای هه‌شت ساڵ چاوه‌ڕوانی و له‌ دڵه‌ڕاوکێدا مانه‌وه‌ ، تووشی نه‌خۆشیگه‌لی ده‌روونی بوون ، یان ئه‌وانه‌ی که‌ قژی وه‌ریو و سیمای چرچتێکه‌وتوویان به‌راورد ده‌که‌ن ده‌گه‌ڵ ئه‌لبوومی ئه‌و وێنانه‌ی له‌سه‌ره‌تای هاتنیاندا بۆ هۆڵه‌ند به‌ قژێکی پڕ و روخسارێکی شادو گه‌نجه‌وه‌ کێشاویانه‌ ، دڵمان وه‌خورپه‌‌ نه‌هێنێ .
ئه‌و کاته‌ی هونه‌رمه‌ندێکی ده‌ستڕه‌نگینی بێئیقامه‌م دیت سیگاری حه‌شیشی ده‌کێشا و کۆنه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کیش ته‌کلیفی لێده‌کرد که‌ قومی ئاخیری بۆ ئه‌م به‌جێبێڵێ ، له‌رزیم و به‌ خۆمم گوت : ئایا له‌ وڵاتی مه‌شدا ، شته‌ حه‌رامه‌کان و بێبه‌شبوون ، ده‌توانن هونه‌رمه‌ند و کۆنه‌ پێشمه‌رگه‌ بکه‌نه‌ دۆست یان نا ؟! .

* * *

به‌ پێی یاسای زۆرێک له‌ وڵاته‌ رۆژاواییه‌کان ، ئه‌گه‌ر پێنج ساڵ له‌ شوێنێکدا ژیایت ، مافی داواکردنی ره‌گه‌زنامه‌ت هه‌یه‌ ، به‌ڵام ده‌وڵه‌تی هۆڵه‌ند ، دوای بورینی هه‌شت ساڵ ، نه‌ک هه‌رمافی مانه‌وه‌ نادات ،به‌ڵکو بیریش له‌ ناردنه‌وه‌ی ئه‌وپه‌نابه‌رانه‌ ده‌کاته‌وه‌ ، حکومه‌تی کوردستانیش (که‌ له‌ روانگه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌وه‌ گوناهباری یه‌که‌می له‌ چاوه‌ڕوانیدا مانه‌وه‌یانه‌ ) به‌ فه‌رمی هیچ هه‌وڵێک بۆ پرسینه‌وه‌ له‌ مافه‌کانیان نادات و خۆی له‌و راستییه‌ش نه‌بانده‌کات که‌ ئه‌وانه‌ ئه‌گه‌ر بشگه‌ڕێندرێنه‌وه‌ ، گونجاندنه‌وه‌یان له‌ جڤاکدا ئاسان نییه‌!!.

نووسه‌ر Hemn له‌ Wednesday, May 04, 2005 0 comments ( بۆچوونی تۆ ) (0)
About Me
ناو: Hemn
شوێنی ژیان
سه‌باره‌ت به‌ من
See my complete profile
Previous Post
Archives
Links