| 
 
 ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆژانه مێدیا و خه‌ڵکی هۆڵه‌ندای به‌خۆیه‌وه مژۆڵ کردووه،  بوویه‌رێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو و ئاشکرابوونی ریسواییه‌کی سیاسیی گه‌وره‌یه ، ئه‌و رۆژانه خه‌ڵکی هۆڵه‌ندا هه‌م تووڕه و هه‌م حه‌په‌ساو له کێشه و مشتومڕه‌کانی نێو په‌رله‌مانه‌که‌یان ده‌ڕوانن و به کۆمه‌ڵێک پرسیاره‌وه چاوه‌ڕوانی روونکردنه‌وه له ده‌سته‌ڵاتداران ده‌که‌ن .
 به‌ر لهههرشتێکیش ده‌پرسرێ  : ئایا ئه‌وه‌ی رووده‌دات ، گه‌مه‌یه‌کی سیاسییه ، یان به‌ڕاست
 دزه‌کردنی زانیاریی شاردراوه‌یه له رێگای مێدیاوه بۆ نێو خه‌ڵک ؟
 
 *                            *                            *
 
 ئێواره‌ی  رۆژی  11ی مای 2006  یه‌کێک له که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌کانی هۆڵه‌ند ، به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تیی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتێری هۆڵه‌ندیی به‌ره‌چه‌ڵه‌ک سۆماڵی ( ئه‌یان حیرسی عه‌لی ) په‌خشکرد .
 له‌و به‌رنامه‌یه‌دا له‌رێگه‌ی که‌س و کار و شووی پێشووی خانمی ناوبراوه‌وه پرسیاری ئه‌وه کرابوو که ئایا په‌رله‌مانتێره ( ئه‌نتی ئیسلامی ) یه‌که‌ی هۆڵه‌ندا کاتی خۆی به رێگای یاسایی و زانیاریی راست ودروسته‌وه داوای مافی په‌نابه‌رێتیی کردووه یان نا ؟ ، دوایێش ئه‌وه پرسرابوو که : ئایا نێوبراو له‌ترسی ئه‌وه‌ی که به‌زۆر به‌شوو بدرێت و به‌پێی ئه‌وه‌ی که خۆی نێویلێدهنێت
 ( کولتوری ئیسلامی ) بکوژرێت ، وڵاته‌که‌ی به جێهێشتووه یان هۆکاری دیکه له‌پشت ئه‌و به‌جێهێشتنه‌وه بوون ؟ .
 ئه‌وه‌ی له راپۆرته‌که‌دا و له دانپێدانانی خۆیشیدا ده‌رکه‌وت ، ئه‌یان ی ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه درۆی سه‌باره‌ت به مێژووی له‌دایکبوون و له چیرۆکی پهنابهرێتییدا کردووه  و له‌راستیدا شتێکیش به‌نێوی به‌زۆربه‌شوودان و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن له‌گۆڕێ نه‌بووه!.
 
 *                       *                           *
 
 له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ته‌وژمێکی دژه ئیسلامی  که  به گوته‌ی خۆیان :  ئه‌رکیان ئاشکراکردنی رووی دزێوی ئیسلامیی کۆنسێرڤاتیسته ، له هۆڵه‌ندا سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌و ته‌وژمه بوون و هێشتاش هه‌ن  باوه‌ڕمه‌ندن که ئیسلام ئایینی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه نییه و دێموکراسیش به‌و دینه نائاشنایه، بۆیه‌ش قسه‌کردن سه‌باره‌ت به ئیسلام و هه‌ندێکجاریش تانه‌وته‌شه‌ردان له موسوڵمانان دوو خه‌سڵه‌تی جیاکه‌ره‌وه بوون که ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی پێده‌ناسرانه‌وه و ده‌ناسرێنه‌وه.
 ئه‌یان حیرسی عه‌لی یش یه‌کێک له رێبه‌رانی ئه‌و ده‌سته سیاسه‌توان و رووناکبیرانه بوو که زۆرترین قسه‌وباسی ده‌رباره‌ی ئیسلام له کۆمه‌ڵگای هۆڵه‌ندیدا ده‌وروژاند، ئه‌و هاوکار و هاوبیری رۆژنامه‌نووسی تێرۆرکراو ( تێیۆ فانخۆخ ) بوو، کاتێکیش پارساڵ فانخۆخ  له‌سه‌ر فیلمێک که به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌یاندا سه‌باره‌ت به ئیسلام ده‌ریهێنابوو ، له‌لایه‌ن گه‌نجێکی موسوڵمانی فهندهمێنتالیستهوه تێرۆرکرا، نامه‌یه‌ک له‌سه‌رسنگی ئه‌و پیاوه‌دا به‌جێمابوو که تێیدا نووسرابوو : ئه‌یان نۆره‌ی تۆش دێت ! .
 بۆیه‌ش ئه‌وکات و پێشتریش ئه‌یان له ژێر چاودێریی توندی پۆلیس و ده‌زگای هه‌واڵگریی هۆڵه‌ندیدا ژیانی ده‌برده‌سه‌ر و کاری پهرلهمانتێریی ده‌کرد.
 وێنه‌ی ئه‌و خانمه‌ش له وڵاتی ئازادیی راده‌ربریندا وێنه‌ی مرۆڤێک و ژنێکی بوێر بوو که ناچاربوو به هۆی بۆچوونه‌کانییه‌وه له ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی هه‌میشه‌ییدا بژیت، ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که گوتبووی له ده‌سه‌ڵاتی باوک و برایان یاخی بووه و چیدی به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌گرتووه که وه‌ک ژنێکی موسوڵمان له‌ژێر گوشاردابێت ، بوو به خاوه‌نی ده‌یان خه‌ڵاتی ئه‌وروپی و نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌رلیستی یه‌کێک له گرنگترین پارته‌کانی هۆڵه‌نداش خۆی گه‌یانده په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته ، به‌ڵام ئێستا کاتێک که ده‌رکه‌وتووه ته‌واوی ئه‌و داستانه تراژێدییانه‌ی که باسی کردوون درۆ بوون ، زۆرن ئه‌وانه‌ی که نازانن پێی پێبکه‌نن یان بۆیبگریێن ! .
 
 *                     *                        *
 
 وه‌زیری کاروباری بێگانه‌کان و سروشتیبوون ، که هاوکار و دۆستی نزیکی ئه‌یانه و هه‌ردووکیشیان سه‌ربه‌یه‌ک پارتی سیاسین، دوای ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌کی له‌یه‌کێک له پهرلهمانتێرهکانهوه به‌ده‌ستگه‌یشتووه و داوایلێده‌کات که سه‌باره‌ت به دۆسییه‌ی ئه‌یان روونکردنه‌وه‌ی زیادتر پێشکه‌شی په‌رله‌مان بکات ، له ماوه‌ی چل و هه‌شت کاژێردا به نامه‌یه‌ک هه‌م وه‌ڵامی ده‌سته‌ڵاتی دایه‌وه و هه‌میش په‌یامێکی بۆ دۆست و هاوکار و هاوبیره‌که‌ی نارد ، ئه‌ویش ئه‌وه بوو  که : بڕیاردرا  ره‌گه‌زنامه‌ی هۆڵه‌ندی له ئه‌یان خان بستێندرێته‌وه!(1) .
 له‌و نێوه‌نده‌دا حکومه‌ت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یکرد تا ئه‌یان رۆژێک دواتر 16 ی مای 2006 له پرێسکۆنفرانسێکدا رایگه‌یاند که ئیدی به نائومێدییه‌وه هۆڵه‌ندا به جێدێڵێ و ده‌چێته ئامریکا بۆ ئه‌وه‌ی له په‌یمانگای ( ئامێریکان ئینته‌رپرایس ئینستیتوت )  کاربکات ، دوای ئه‌و کۆنفرانسه هه‌ر هه‌مان رۆژ په‌رله‌مان له کاژێر دووی دوای نیوه‌ڕۆوه تا سێی نیوه‌شه‌و هه‌ر دوو وه‌زیری کاروباری بێگانه‌کان وداد ی بۆ لێپرسینه‌وه له دانیشتنێکی نائاساییدا  بانگکرد و سه‌باره‌ت به‌و سکانداڵه سیاسییه گفتوگۆ و تاوانبارکردنی وه‌زیر و خه‌ڵکانی دیکه‌ی په‌یوه‌نددار ده‌ستیپێکرد .
 
 *                      *                        *
 
 
 
 
 ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی که له ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به ئیسلامی سیاسی و تێرۆری ئیسلامی ده‌کرێن ، هه‌ندێکجار ده‌گه‌نه ئاستی ئه‌وه‌ی که ده‌گه‌ڵ سووکایه‌تیپێکردن و دزێواندنی ئیسلام تێکه‌ڵ بکرێن ، جا ئه‌وه‌ی ده‌و نێوه‌نده‌دا ده‌بێته قوربانی ، دیالۆگێکی راسته‌قینه‌یه له‌نێوان موسوڵمانان و ناموسوڵماناندا . ئه‌یان حیرسی عه‌لی و هاوشێوه‌کانی ، شێوازێکی تووند و ته‌ڕ و وشک پێکه‌وه سووتێنه‌ریان له‌و نێوه‌نده‌دا گرتبووه به‌ر و ئه‌وه‌ی ئێستاش له داوه‌تنامه‌ی په‌یمانگا ئه‌مریکییه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌یه که ره‌نگه ئه‌و تووند و تیژی و بووغزاندنهی ئیسلام که  دوای رووداوه‌کانی یازده‌ی سێپتێمبه‌ر له نیویۆرک  سه‌رتاسه‌ری ئه‌وروپای گرتبۆوه و  وایکردبوو هه‌ندێکجار رۆڵی گفتوگۆکاره نیازپاکه راستینه‌کان ونبێت ، به‌رنامه‌یه‌کی له پێشدا دارێژراو بووبێت .
 
 *                      *                              *
 
 به‌ر له چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک و پێش ئه‌م بوویه‌ره ، دادگای هۆڵه‌ندی بریاری ئه‌وه‌یدا که له مانگی ئۆگستۆسی ئه‌مساڵدا شوێنی حه‌وانه‌ی ئه‌یان چۆلبکرێ و لێیبستێندرێتهوه، دوای ئه‌وه به هۆی پرۆگرامێکی تهلهفزوێنییهوه رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌یان ئاشکرا کرا ، به دواشیدا بڕیاری لێستاندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه و په‌یدابوونی یه‌کێک له گه‌وره‌ترین کێشه سیاسییه‌کانی هۆڵه‌ندا سه‌ریهه‌ڵدا ، له هه‌مووشی سه‌یرتر ئه‌وه‌بوو که له‌و نێوه‌نده‌دا په‌یمانگایه‌کی ئه‌مریکی که کاریگه‌ریی بهسهرسیاسهتوانانی ئه‌مریکاییه‌وه هه‌یه و به‌وه ناسراوه که رۆڵی دژهئیسلامییانه دهلهیزێت ، داوه‌تنامه‌ی فه‌رمیی هاوکاریکردنی بۆ خانمی په‌رله‌مانتێری بێڕه‌گه‌زنامه نارد ! .
 ئه‌وه‌ی که تا نووسینی ئه‌و دێڕانه ئاشکرایه ، ئه‌وه‌یه که له هۆڵه‌ند هه‌ندێککه‌س ئه‌و رووداوه به گه‌مه‌یه‌کی سیاسی نێوده‌به‌ن که ره‌نگه ده‌ستی شاردراوه‌ی ئه‌مریکییه‌کانیشی له‌پشته‌وه‌بێت، هه‌ندێکی دیکه‌ش وایده‌بینن که ئه‌مه یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک ململانێی حیزبییه و له‌ولاشه‌وه رێکخراوه ئیسلامییه‌کانی هۆڵه‌ندا(  سادهبینانه )   به خۆشحاڵییه‌وه له‌و رووداوه ده‌روانن و ئومێده‌وارن که لێره‌وه ده‌ستپێکێکی نوێ بۆ پێکه‌وه‌ژیان و یهکدیبریندارنهکردن له جڤاکی هۆڵه‌ندیدا بێته ئاراوه .
 
 
 
 
 
 (1) به پێی یاسای هۆڵه‌ندی ، پاش ده‌رچوونی هه‌ر بڕیارێک ، که‌سی بڕیارله‌سه‌ردراو بۆی هه‌یه له ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌دا داوای چاوخشاندنه‌وه به بڕیاره‌که‌دا بکات ، بۆیه‌ش مه‌سه‌له‌ی لێستاندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌یانیش ده‌کرێ چاوی پێدابخشێندرێته‌وه.
 
 |