Saturday, February 03, 2007
|
خه‌ریکه دێمه‌وه
|
له مێژه بیر لێره ده‌که‌مه‌وه. وه‌بیرمه براده‌رێک له کۆمینتێکدا بۆی نووسیبووم: شنه‌بایه‌ک بوویت، هاتیت و رۆیشتیت!. له خۆمم پرسی: ئه‌رێ به‌راست ئه‌من رۆیشتووم؟ ئایا نامه‌وێت جارێکی دیکه بێمه‌وه؟ یان بۆ هه‌وڵنه‌ده‌م که بێمه‌وه؟. ئێستا خه‌ریکه سه‌رقالییه‌کانم که‌متر ده‌بنه‌وه. خه‌ریکه دیسان ده‌توانم بێمه‌وه و بنووسمه‌وه. ره‌نگه له‌و ماوه‌یه‌دا هێندێک شتی نوێ فێربووبم، ره‌نگه زۆر شتم بۆ گوتن هه‌بووبێت به‌ڵام به هۆی که‌مکاتییه‌وه دامبنه ده‌ست بای فه‌رامۆشی، به‌ڵام ئێستا که ده‌توانم دیسان بێمه‌وه بۆ بێڵم ئه‌و شتانه‌ی بۆ گوتن ده‌مبن به بادابچن؟!
ئه‌و ماوه‌یه که نازانم زۆری پیده‌چێت یان که‌م هه‌وڵده‌ده‌م ماله‌که‌م لێره بگوازمه‌وه. چه‌ند دۆماینناوێکم کڕیون، جوانترین بۆ ماڵه نوێکه‌م داده‌نێم. له‌وێ هه‌ولده‌ده‌م بواری زۆرتر بده‌مه خوینه‌ره‌کانم که لێم نزیکببنه‌وه. هه‌وڵده‌ده‌م بۆ خۆشم له‌وان نزیکتر ببمه‌وه. ئه‌وه که‌مێکی دیکه کاتی ده‌وێت به‌ڵام به ده‌ردی براده‌رێکم ده‌ڵێت: دره‌نگ هاتن چاتره له خراپ هاتن!
چاوه‌ڕێم بکه‌ن.. ئێوه چه‌نده بیری منتان کردبێت منیش هێنده زیاتر دڵه‌کوته‌ی ئه‌وه‌مه که که‌نگێ دیسان ببمه‌وه میوانتان. |
نووسه‌ر
Hemn له Saturday, February 03, 2007
( بۆچوونی تۆ )
(2)
|
| |
Saturday, June 17, 2006
|
گفتوگۆ به شێوازی تورکی
|
به‌شێکی زۆری خوێنه‌رانی ده‌لال به کاردانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و ( هه‌ندێکجار خه‌ڵکی تورکیاش ) ده‌هه‌ڤبه‌ر هه‌ر ناوهێنانێکی کورددا ئاشنان ، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی که نازانن یان که‌میان له‌وباره‌یه‌وه بیستووه ئامۆژگارییه‌کی چکۆله‌م پێیه : - ئه‌گه‌ر له نێوه‌وه‌ی تورکیادا نا ، به‌ڵکو له وڵاتێکی ئه‌وروپیشدا هاوسێیه‌کی تورک یان هاوپۆل و هاوکارێکی تورکت هه‌بوو، قه‌ت پێیمه‌ڵی: من کوردم ، باسی کوردستانیش مه‌که و سه‌باره‌ت به شه‌ڕوهه‌رای ئێراقێش که قسه‌تکرد، پێیبڵی : ئامریکا ئێراقی تێکدا و کورده‌کانیش جاشی ئه‌و زلهێزه نادادپه‌روه‌ره و خائین به موسوڵمانه‌تین . ئه‌گه‌ریش زۆر هه‌ستی کوردایه‌تیت به‌هێزبوو و حه‌زیشت له ده‌ستوپه‌نجه نه‌رمکردن ده‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک گفتوگۆکاری تووڕه و شه‌ڕانی بوو ، ئه‌وه به نێوی ئاهورامه‌زداوه ، له‌یه‌که‌م رۆژه‌وه به قارداش یان ئابڵای هاوسێ یان هاوکار و هاوپۆلت بڵێ : ئه‌گه‌ر له‌به‌ڵای له‌ناکاو به‌دوور بم و خوا بمپارێزێ ، ئه‌وه ک...و...ر..د...م!.
* * *
له قوتابخانه‌که‌ی مه‌دا خه‌ڵکی هه‌موو لایه‌کی دنیات ده‌ستده‌که‌وت ، به‌ڵام پاش هۆڵه‌ندییان تورک زۆرینه ، ئێرانی زیره‌کترین و مه‌غریبیش به هه‌راوکێشه‌ترین بوون. ئێمه‌ش که دووسێ دانه کوردی بێده‌نگ و تازه بۆ هۆڵه‌ندهاتوو بووین ، هه‌ندێکجار به هۆڵه‌ندییه‌کی شه‌قوشڕ و جارجاریش به تورکی یان فارسی یان عاره‌بی ده‌چووینه کۆڕی گه‌رمی قوتابییانه‌وه . ده‌و کۆڕانه‌دا هه‌موو شتێک باسده‌کرا ، به‌ڵام ده‌که‌وته سه‌ر جۆری دانیشتنه‌کان . ئه‌گه‌ر شانسی ئه‌وه‌مان به‌رکه‌وتبا که مێزی زۆرینه کوڕه‌کان پڕبووبان و ته‌نیا له‌سه‌ر مێزی زۆرینه‌کچان جێگا مابا ، ئه‌وه ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی دانیشتنه‌که‌ماندا ده‌رباره‌ی هه‌راوکێشه‌کانی تۆم کروز و هاوسه‌ره‌که‌ی ، نرخی سمته‌کانی بریتنی سپیرز و فیلمه وروژێنه‌ره‌که‌ی پاریس هیڵتۆن ده‌مانبیست ، دواترێش ئه‌و فه‌توا ژنانه‌یانه‌ی مه‌هشیدخانمی ئاشقه شا سه‌باره‌ت به خیانه‌تی ژنان له مێرده درۆزنه‌کانیان ده‌یدان ، وایلیده‌کردین به بێزارییه‌وه کۆڕی خانمان به جێبێڵێن و له بیرۆکه‌ی ناسکبوونه‌وه له سه‌رمێزێکی ژنانه‌ش په‌شیمان بینه‌وه .
* * *
( پینار ) کچه قوتابییه‌کی تورکی بیست ساڵه بوو ، ئه‌و هه‌میشه به ته‌نیا یان له حه‌وشه پیاسه‌یده‌کرد ، یانیش له کافتێریا به ده‌م قاوه‌خواردنه‌وه‌وه له خه‌ڵکی ده‌وروبه‌ری خۆی ده‌ڕوانی ، ئه‌و ته‌نیاییه‌ی وی بۆ من ببووه جێی پرسیار ، بۆیه‌ش رۆژێک له رۆژان لێی چوومه‌پێشێ و پرسیم : بۆ چی هه‌میشه به ته‌نێی ؟ ، ئه‌ویش ته‌ماشایه‌کی کردم و به پێکه‌نینه‌وه گوتی : ئاخر هۆڵه‌ندی جوان قسه‌ناکه‌م ، بۆیه شه‌رمده‌که‌م بێمه‌لای ئه‌وانی دی . پێمگوت : مه‌گه‌ر ئێمه هه‌موومان جوان قسانده‌که‌ین ؟ ، سه‌ری راوه‌شاند و گوتی : نازانم .. به‌ڵام ده‌زانم که له من باشترن . ئه‌و رۆژه پینارم هاندا که وا بیرنه‌کاته‌وه و بێته‌پێشێ ، وه‌بیریشم هێنایه‌وه که تا له هه‌ڵه‌کردن بترسێ هیچ شتێک فێرنابێ ، ئه‌ویش زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌کی میهره‌بانانه‌ی کرد و گوتی : راستده‌که‌ی ... له‌وه‌ودوا هه‌وڵده‌ده‌م له هه‌ڵه‌کردن نه‌ترسێم !.
* * *
رۆژێکی دیکه ، له‌وانه‌ی کۆمه‌ڵناسیدا نۆره‌مهات که نیوکاژێر باسی پرسێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بکه‌م ، ئه‌زیش باسی ( هاوسه‌رگیریی ئه‌له‌کترۆنی ) مکرد و نموونه‌ی ( هۆگر محه‌مه‌د ) یش که گه‌نجێکی کوردستانییه و ده‌گه‌ڵ کچێکی ئامریکاییدا به شێوازی ئه‌له‌کترۆنی ئاشنابووه م هێنایه‌وه . پاش ته‌واوبوونی کۆڕه‌که ، پینار هاته‌لام و گوتی : باسی کوردستانت کرد ، کوردستان له کوێیه ؟ ده‌توانی له‌سه‌ر نه‌خشه نیشانمده‌ی ؟ ، ئه‌زیش به خۆشحاڵییه‌وه نه‌خشه‌یه‌کی کوردستانم که له مۆبایله‌که‌مدابوو ده‌رهێنا و پێشانمدا ، به‌ڵام ئه‌و وه‌ک پێشتر نه‌خشه‌که‌ی دیتبێ ، ده‌ستی له‌سه‌ر به‌شی باکوری نه‌خشه‌که دانا و گوتی : ئه‌م پارچه گه‌وره‌یه تورکیایه کوردستان نییه ! ، به ده‌نگێکی که‌مێک تووڕه ، به‌ڵام به رێزه‌وه وه‌ڵاممدایه‌وه : راسته به‌ره‌سمی تورکیایه ، به‌ڵام له دڵی دانیشتوانه‌که‌یدا کوردستانه . به‌ڵام ئه‌و زۆر لێم تووڕه‌بوو و گوتی : وامده‌زانی که‌سێکی میهره‌بانی .. به‌ڵام وادیاره وانییه ! .
* * *
ده‌مێک بوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لای من ئامه‌د نێوی دیاربه‌کر نه‌بوو ، باکوری کوردستانیش تورکیا نه‌بوو ، پینار نه‌یده‌دواندم . رۆژێکیان که جه‌ژنی له‌دایکبوونی خۆیده‌گێڕا شیرینیی به پۆله‌که‌دا گێڕا و ناچار دایه منیش ، ئه‌زیش به ساردی پیرۆزباییم لێکرد . دوای ئه‌وه له وانه‌ی مێژوودا باسی ده‌وڵه‌تی مۆدێرنی تورکیامان کرد ، مامۆستاکه‌مان ئاتاتورک ی وه‌ک نموونه‌ی سه‌رکرده‌یه‌کی مۆدیرنویست و دێموکراسیناسی رۆژهه‌ڵاتی ناڤین ناساند ، من که تا ئه‌وکاته گوێمراگرتبوو ، ده‌ستم به‌رزکرده‌وه و پرسیم : که‌سێک مۆدێرنیزه‌کردنی کۆمه‌ڵگایه‌ک به هۆی کوشتاری به‌کۆمه‌ڵ و سه‌رکوتکردنی گه‌لانی ناتورک ئه‌نجامبدات ، به کام پێودانگ ده‌بێته نموونه‌ی سه‌رکرده‌یه‌کی دێموکراسیناس؟! ، ( سه‌مه‌د ) که گه‌نجێکی خه‌ڵکی ئانکارا یه پشته‌ڤانیی قسه‌کانی منیکرد وشتێکیش باسی که‌مالیزمی کرد ، لێ پاش ئه‌وه‌ی گفتوگۆکه‌مان گه‌رمبوو ، پینار به تووڕه‌ییه‌وه به رووی مه‌دا قیژاندی و تاوانباریکردین که ویستوومانه تورکان ئیهانه‌بکه‌ین !.
* * *
مامۆستای مێژوو ئه‌و حاڵه‌ته‌ی به‌لاوه سه‌یربوو ، ده‌شیگووت : نازانم بۆ هه‌میشه قوتابییه تورکه‌کانمان به دوو شت زۆر هه‌ستیارن ، یه‌که‌م : به نێوی ئاتاتورک ، دووه‌میش : به باسی کورد ! . سه‌مه‌د به له‌سه‌رخۆیی گوتی : ئاخر ئێمه که منداڵبووین فێریانده‌کردین که ئاتاتورک په‌یامبه‌ره و جگه له تورکیش گه‌لێکی دیکه له تورکیا ناژیت ، بۆیه‌ش ئیستا که ده‌بیستین باسی په‌یامبه‌ره‌که‌مان ده‌کرێت تووڕه ده‌بین و که ده‌شزانین کورد یش له تورکیا هه‌ن هه‌راسانده‌بین . منیش هه‌ناسه‌یه‌کم هه‌ڵکێشا و به سه‌مه‌دم گوت : ئه‌گه‌ر هه‌موو تورک وه‌ک تۆ له دنیایان ڕوانیبا ، ئێستا ده‌مێکبوو وڵاته‌که‌تان له ئاشتیدا ده‌ژیا .
|
نووسه‌ر
Hemn له Saturday, June 17, 2006
( بۆچوونی تۆ )
(0)
|
| |
Wednesday, May 17, 2006
|
چیرۆکی په رله مانتێرێکی درۆزن ..
|
ئه‌وه‌ی ئه‌م رۆژانه مێدیا و خه‌ڵکی هۆڵه‌ندای به‌خۆیه‌وه مژۆڵ کردووه، بوویه‌رێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو و ئاشکرابوونی ریسواییه‌کی سیاسیی گه‌وره‌یه ، ئه‌و رۆژانه خه‌ڵکی هۆڵه‌ندا هه‌م تووڕه و هه‌م حه‌په‌ساو له کێشه و مشتومڕه‌کانی نێو په‌رله‌مانه‌که‌یان ده‌ڕوانن و به کۆمه‌ڵێک پرسیاره‌وه چاوه‌ڕوانی روونکردنه‌وه له ده‌سته‌ڵاتداران ده‌که‌ن . به‌ر له‌هه‌رشتێکیش ده‌پرسرێ : ئایا ئه‌وه‌ی رووده‌دات ، گه‌مه‌یه‌کی سیاسییه ، یان به‌ڕاست دزه‌کردنی زانیاریی شاردراوه‌یه له رێگای مێدیاوه بۆ نێو خه‌ڵک ؟
* * *
ئێواره‌ی رۆژی 11ی مای 2006 یه‌کێک له که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌کانی هۆڵه‌ند ، به‌رنامه‌یه‌کی تایبه‌تیی له‌سه‌ر په‌رله‌مانتێری هۆڵه‌ندیی به‌ره‌چه‌ڵه‌ک سۆماڵی ( ئه‌یان حیرسی عه‌لی ) په‌خشکرد . له‌و به‌رنامه‌یه‌دا له‌رێگه‌ی که‌س و کار و شووی پێشووی خانمی ناوبراوه‌وه پرسیاری ئه‌وه کرابوو که ئایا په‌رله‌مانتێره ( ئه‌نتی ئیسلامی ) یه‌که‌ی هۆڵه‌ندا کاتی خۆی به رێگای یاسایی و زانیاریی راست ودروسته‌وه داوای مافی په‌نابه‌رێتیی کردووه یان نا ؟ ، دوایێش ئه‌وه پرسرابوو که : ئایا نێوبراو له‌ترسی ئه‌وه‌ی که به‌زۆر به‌شوو بدرێت و به‌پێی ئه‌وه‌ی که خۆی نێویلێده‌نێت ( کولتوری ئیسلامی ) بکوژرێت ، وڵاته‌که‌ی به جێهێشتووه یان هۆکاری دیکه له‌پشت ئه‌و به‌جێهێشتنه‌وه بوون ؟ . ئه‌وه‌ی له راپۆرته‌که‌دا و له دانپێدانانی خۆیشیدا ده‌ر‌که‌وت ، ئه‌یان ی ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه درۆی سه‌باره‌ت به مێژووی له‌دایکبوون و له چیرۆکی په‌نابه‌رێتییدا کردووه و له‌راستیدا شتێکیش به‌نێوی به‌زۆربه‌شوودان و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن له‌گۆڕێ نه‌بووه!.
* * *
له‌و چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ته‌وژمێکی دژه ئیسلامی که به گوته‌ی خۆیان : ئه‌رکیان ئاشکراکردنی رووی دزێوی ئیسلامیی کۆنسێرڤاتیسته ، له هۆڵه‌ندا سه‌ریهه‌ڵدا، ئه‌وانه‌ی سه‌ر به‌و ته‌وژمه بوون و هێشتاش هه‌ن باوه‌ڕمه‌ندن که ئیسلام ئایینی پێکه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه نییه و دێموکراسیش به‌و دینه نائاشنایه، بۆیه‌ش قسه‌کردن سه‌باره‌ت به ئیسلام و هه‌ندێکجاریش تانه‌وته‌شه‌ردان له موسوڵمانان دوو خه‌سڵه‌تی جیاکه‌ره‌وه بوون که ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی پێده‌ناسرانه‌وه و ده‌ناسرێنه‌وه. ئه‌یان حیرسی عه‌لی یش یه‌کێک له رێبه‌رانی ئه‌و ده‌سته سیاسه‌توان و رووناکبیرانه بوو که زۆرترین قسه‌وباسی ده‌رباره‌ی ئیسلام له کۆمه‌ڵگای هۆڵه‌ندیدا ده‌وروژاند، ئه‌و هاوکار و هاوبیری رۆژنامه‌نووسی تێرۆرکراو ( تێیۆ فانخۆخ ) بوو، کاتێکیش پارساڵ فانخۆخ له‌سه‌ر فیلمێک که به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌یاندا سه‌باره‌ت به ئیسلام ده‌ریهێنابوو ، له‌لایه‌ن گه‌نجێکی موسوڵمانی فه‌نده‌مێنتالیسته‌وه تێرۆرکرا، نامه‌یه‌ک له‌سه‌رسنگی ئه‌و پیاوه‌دا به‌جێمابوو که تێیدا نووسرابوو : ئه‌یان نۆره‌ی تۆش دێت ! . بۆیه‌ش ئه‌وکات و پێشتریش ئه‌یان له ژێر چاودێریی توندی پۆلیس و ده‌زگای هه‌واڵگریی هۆڵه‌ندیدا ژیانی ده‌برده‌سه‌ر و کاری په‌رله‌مانتێریی ده‌کرد. وێنه‌ی ئه‌و خانمه‌ش له وڵاتی ئازادیی راده‌ربریندا وێنه‌ی مرۆڤێک و ژنێکی بوێر بوو که ناچاربوو به هۆی بۆچوونه‌کانییه‌وه له ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی هه‌میشه‌ییدا بژیت، ئه‌و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که گوتبووی له ده‌سه‌ڵاتی باوک و برایان یاخی بووه و چیدی به‌رگه‌ی ئه‌وه‌ی نه‌گرتووه که وه‌ک ژنێکی موسوڵمان له‌ژێر گوشاردابێت ، بوو به خاوه‌نی ده‌یان خه‌ڵاتی ئه‌وروپی و نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌رلیستی یه‌کێک له گرنگترین پارته‌کانی هۆڵه‌نداش خۆی گه‌یانده په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته ، به‌ڵام ئێستا کاتێک که ده‌رکه‌وتووه ته‌واوی ئه‌و داستانه تراژێدییانه‌ی که باسی کردوون درۆ بوون ، زۆرن ئه‌وانه‌ی که نازانن پێی پێبکه‌نن یان بۆیبگریێن ! .
* * *
وه‌زیری کاروباری بێگانه‌کان و سروشتیبوون ، که هاوکار و دۆستی نزیکی ئه‌یانه و هه‌ردووکیشیان سه‌ربه‌یه‌ک پارتی سیاسین، دوای ئه‌وه‌ی نامه‌یه‌کی له‌یه‌کێک له په‌رله‌مانتێره‌کانه‌وه به‌ده‌ستگه‌یشتووه و داوایلێده‌کات که سه‌باره‌ت به دۆسییه‌ی ئه‌یان روونکردنه‌وه‌ی زیادتر پێشکه‌شی په‌رله‌مان بکات ، له ماوه‌ی چل و هه‌شت کاژێردا به نامه‌یه‌ک هه‌م وه‌ڵامی ده‌سته‌ڵاتی دایه‌وه و هه‌میش په‌یامێکی بۆ دۆست و هاوکار و هاوبیره‌که‌ی نارد ، ئه‌ویش ئه‌وه بوو که : بڕیاردرا ره‌گه‌زنامه‌ی هۆڵه‌ندی له ئه‌یان خان بستێندرێته‌وه!(1) . له‌و نێوه‌نده‌دا حکومه‌ت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یکرد تا ئه‌یان رۆژێک دواتر 16 ی مای 2006 له پرێسکۆنفرانسێکدا رایگه‌یاند که ئیدی به نائومێدییه‌وه هۆڵه‌ندا به جێدێڵێ و ده‌چێته ئامریکا بۆ ئه‌وه‌ی له په‌یمانگای ( ئامێریکان ئینته‌رپرایس ئینستیتوت ) کاربکات ، دوای ئه‌و کۆنفرانسه هه‌ر هه‌مان رۆژ په‌رله‌مان له کاژێر دووی دوای نیوه‌ڕۆوه تا سێی نیوه‌شه‌و هه‌ر دوو وه‌زیری کاروباری بێگانه‌کان وداد ی بۆ لێپرسینه‌وه له دانیشتنێکی نائاساییدا بانگکرد و سه‌باره‌ت به‌و سکانداڵه سیاسییه گفتوگۆ و تاوانبارکردنی وه‌زیر و خه‌ڵکانی دیکه‌ی په‌یوه‌نددار ده‌ستیپێکرد .
* * *
ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی که له ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به ئیسلامی سیاسی و تێرۆری ئیسلامی ده‌کرێن ، هه‌ندێکجار ده‌گه‌نه ئاستی ئه‌وه‌ی که ده‌گه‌ڵ سووکایه‌تیپێکردن و دزێواندنی ئیسلام تێکه‌ڵ بکرێن ، جا ئه‌وه‌ی ده‌و نێوه‌نده‌دا ده‌بێته قوربانی ، دیالۆگێکی راسته‌قینه‌یه له‌نێوان موسوڵمانان و ناموسوڵماناندا . ئه‌یان حیرسی عه‌لی و هاوشێوه‌کانی ، شێوازێکی تووند و ته‌ڕ و وشک پێکه‌وه سووتێنه‌ریان له‌و نێوه‌نده‌دا گرتبووه به‌ر و ئه‌وه‌ی ئێستاش له داوه‌تنامه‌ی په‌یمانگا ئه‌مریکییه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌وه‌یه که ره‌نگه ئه‌و تووند و تیژی و بووغزاندنه‌ی ئیسلام که دوای رووداوه‌کانی یازده‌ی سێپتێمبه‌ر له نیویۆرک سه‌رتاسه‌ری ئه‌وروپای گرتبۆوه و وایکردبوو هه‌ندێکجار رۆڵی گفتوگۆکاره نیازپاکه راستینه‌کان ونبێت ، به‌رنامه‌یه‌کی له پێشدا دارێژراو بووبێت .
* * *
به‌ر له چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک و پێش ئه‌م بوویه‌ره ، دادگای هۆڵه‌ندی بریاری ئه‌وه‌یدا که له مانگی ئۆگستۆسی ئه‌مساڵدا شوێنی حه‌وانه‌ی ئه‌یان چۆلبکرێ و لێیبستێندرێته‌وه، دوای ئه‌وه به هۆی پرۆگرامێکی ته‌له‌فزوێنییه‌وه رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌یان ئاشکرا کرا ، به دواشیدا بڕیاری لێستاندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه و په‌یدابوونی یه‌کێک له گه‌وره‌ترین کێشه سیاسییه‌کانی هۆڵه‌ندا سه‌ریهه‌ڵدا ، له هه‌مووشی سه‌یرتر ئه‌وه‌بوو که له‌و نێوه‌نده‌دا په‌یمانگایه‌کی ئه‌مریکی که کاریگه‌ریی به‌سه‌رسیاسه‌توانانی ئه‌مریکاییه‌وه هه‌یه و به‌وه ناسراوه که رۆڵی دژه‌ئیسلامییانه ده‌له‌یزێت ، داوه‌تنامه‌ی فه‌رمیی هاوکاریکردنی بۆ خانمی په‌رله‌مانتێری بێڕه‌گه‌زنامه نارد ! . ئه‌وه‌ی که تا نووسینی ئه‌و دێڕانه ئاشکرایه ، ئه‌وه‌یه که له هۆڵه‌ند هه‌ندێککه‌س ئه‌و رووداوه به گه‌مه‌یه‌کی سیاسی نێوده‌به‌ن که ره‌نگه ده‌ستی شاردراوه‌ی ئه‌مریکییه‌کانیشی له‌پشته‌وه‌بێت، هه‌ندێکی دیکه‌ش وایده‌بینن که ئه‌مه یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی هه‌ندێک ململانێی حیزبییه و له‌ولاشه‌وه رێکخراوه ئیسلامییه‌کانی هۆڵه‌ندا( ساده‌بینانه ) به خۆشحاڵییه‌وه له‌و رووداوه ده‌روانن و ئومێده‌وارن که لێره‌وه ده‌ستپێکێکی نوێ بۆ پێکه‌وه‌ژیان و یه‌کدیبریندارنه‌کردن له جڤاکی هۆڵه‌ندیدا بێته ئاراوه .
(1) به پێی یاسای هۆڵه‌ندی ، پاش ده‌رچوونی هه‌ر بڕیارێک ، که‌سی بڕیارله‌سه‌ردراو بۆی هه‌یه له ماوه‌ی شه‌ش هه‌فته‌دا داوای چاوخشاندنه‌وه به بڕیاره‌که‌دا بکات ، بۆیه‌ش مه‌سه‌له‌ی لێستاندنه‌وه‌ی ره‌گه‌زنامه‌ی ئه‌یانیش ده‌کرێ چاوی پێدابخشێندرێته‌وه.
|
نووسه‌ر
Hemn له Wednesday, May 17, 2006
( بۆچوونی تۆ )
(0)
|
| |
Saturday, March 18, 2006
|
قسه گه لێک ..ده رباره ی هه موو شتێک و هیچ شتێک !
|
په‌یامبه‌ری له‌ززه‌ت
ئه‌و رۆژانه نووسینێکم سه‌باره‌ت به ( مه‌زده‌ک ) خوێنده‌وه ، که‌سایه‌تیی ئه‌و مرۆڤه‌م زۆر که‌وتۆته به‌ردڵ ، چونکه که‌سێک بووه چاک تێگه‌یشتووه که چۆن رووناکبینیی خۆی وه‌ک دیارییه‌ک ببه‌خشێته هاوڕه‌گه‌زه‌کانی و به چ شێوازێکیش ئه‌و کاره‌بکات. مه‌زده‌ک دۆستی نزیکی شاهه‌نشای هه‌خامه‌نشیی ئێرانی که‌ڤنار بووه ، ئه‌و به‌وه ناسراو بووه که رێفۆرمێکی قووڵی له ده‌زگای خواپه‌رستیی زه‌رده‌شتییانه‌دا کردووه و کاریگه‌رییه‌کی هونه‌رمه‌ندانه‌شی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای ئه‌وده‌مه‌وه هه‌بووه. مه‌زده‌ک خۆی وه‌ک په‌یامبه‌ر نه‌ناساندووه ، به‌ڵام فه‌لسه‌فه و ئایدیاکانی وی هیچی له‌و په‌یامانه‌ی که په‌یامبه‌رانی دیکه هێناویانه - ئه‌گه‌ر زۆرتر نه‌بووبێت - که‌متر نه‌بووه . ئه‌و گوتوویه‌تی : مرۆڤه‌کان ده‌بێ له‌و دنیایه‌دا شادبن و ئه‌وه‌شیان قبوڵبێت که ئه‌گه‌ر خوایه‌ک هه‌بێت ئه‌وه ئه‌و خوایه له ناخی خودی ئاده‌میزاده‌کاندایه نه‌ک له شوێنی دی . مه‌زده‌ک پێیوابووه که دنیای ئێره بۆ چێژوه‌رگرتن و خۆشگوزه‌رانییه ، وه‌لێ مه‌رجیشه که خه‌ڵک هۆشیان هه‌بێت بۆ ناسینی چاک و خراپ ،جا توانای هه‌ڵبژاردنی چاکه‌کانیان هه‌بێت و بیناسنه‌وه و دواجاریش چێژ له ژیان وه‌رگرن . به کورتی لای وی ژیان چوار قۆناغه ( هۆشمه‌ندی ، توانای هه‌ڵبژاردنی چاکه ، هه‌بوونی زه‌ین بۆ ناسینه‌وه‌ی چاکه و دواجاریش چێژوه‌رگرتن ) . ئه‌وه‌ی جێی داخیشه ، ئه‌و رێفۆرمیست و بیرمه‌نده مه‌زنه‌ی دیرۆکی مرۆڤایه‌تیش وه‌ک زۆری دیکه به پیلانێکی دزێو کوژراوه.
دۆڕاوی ئه‌وجاره کێیه؟
هه‌رچه‌نده ده‌زانم که ره‌وشی عێراقی عاره‌بان زۆر ناله‌باره و لێره‌وله‌وێش ده‌نگۆی هه‌ڵایسانی شه‌ڕی نێوخۆیی له ئارادایه ، به‌ڵام هه‌رچه‌ندی ده‌که‌م ناتوانم بڕوابکه‌م که ئه‌و بارگرژییانه ده‌گه‌نه حاڵه‌تی ته‌قینه‌وه‌ی یه‌کجاری . ئه‌وه‌ی ئه‌وڕۆ له به‌غدا رووده‌دات ، مانۆڕێکی خۆنوێنانه‌ی هێزه‌شیعییه‌کانه بۆ پاوان‌کردنی زۆرتری پۆسته‌گرنگه‌کانی ده‌وڵه‌ت و پێشده‌چێت دۆڕاوی ئه‌وجاره‌ی گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتبازیی پاش رووخانی سه‌ددام ، له نێوان کورد و عاره‌بی سوننه‌دا ، شێر و خه‌تی بۆ بکرێت!.
چۆنه ئێوه شێت نابن؟!
نووسین بۆ من دڵه‌ڕاوکێییه‌کی قووڵه .. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی زۆریشه نه‌منووسیوه ، هه‌ستده‌که‌م خۆم ونکردووه و له‌بیرمچۆته‌وه که کێم ؟ ، بۆیه‌ش ده‌پرسم : ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی وه‌ک من که‌مدوێن ، نه‌یانتوانیبا بشنووسن، ده‌بوو چی‌یان لێهاتبا ؟ ، یان به‌ڕاست ئه‌وانه‌ی ئێستا وان و نه‌ده‌نووسن و نه‌زۆریش ده‌لێن ، چۆن ته‌عبیر له خواسته ده‌روونییه‌کانیان ده‌که‌ن و چۆنیشه شێت نابن ؟!.
به‌و دوعایه ناڵێم ئامین ..
پاش ده‌یه‌یه‌ک له له‌به‌ریه‌کترازان ، حوکمه‌ته لۆکاڵییه‌که‌ی باشووری کوردستان خه‌ریکه ده‌بێته‌وه یه‌ک . ئومێدمده‌کرد که پاش ئه‌و ماوه زۆره له به‌به‌ریه‌کداهه‌ڵشاخان و دوژمنایه‌تیی بێئه‌نجام ، هه‌ردوو حیزب به‌وه که‌فاره‌تی گوناهه‌کانیان بده‌نه‌وه که حوکمه‌تێکی به‌هێز و خاوه‌ن پلانی کرده‌یی دامه‌زرێنن ، وه‌لێ مخابن ئه‌وه‌ی تێبینیکراوه له ئێستاوه کۆنه ئه‌ندام و لێپرسراوه مادامولعومره‌کانی سه‌رکردایه‌تیی دوو پارته‌که مرخیان له پۆسته‌کان خۆشکردووه ، بێگومان به‌وه‌ش لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه‌ی درێژکراوه‌ی لاپه‌ڕه‌کانی پیشووتری دیرۆکی ناکاراییی ده‌سه‌لاتی راپه‌راندنی کوردستان هه‌لده‌درێته‌وه. ئه‌ز نه خۆشحاڵم به‌و ئه‌گه‌ره و نه موباره‌کباییشی لێده‌که‌م .
ئه‌گه‌ر خزمه‌تکار نیت ، هاوڵاتیکوژیش مه‌به !
تۆ که خوێنه‌رێکی کوردیت و هاوڵاتییه‌کی کوردستانیشی ، ئه‌گه‌ر وا بیربکه‌یته‌وه که ئه‌وه‌ی هه‌فته‌ی رابردوو له هه‌ڵه‌بجه روویدا ، ته‌نێ بوویه‌رێکی چکۆله‌ی راپه‌ڕینی خه‌ڵک بووه به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی ، ئه‌وه مخابن تووشی هه‌ڵه بوویت، چونکه ئه‌وه‌ی له‌وێ روویدا قسه‌ی دڵی زۆربه‌ی کورد ، له زۆربه‌ی ماڵه‌کوردییه‌کاندا بوو . نازانم لێدوانی ئه‌و کچۆڵه‌یه‌ی ده‌یگوت :( مۆنۆمێنتی هه‌ڵه‌بجه ، به‌ڵای گیانی ئێمه‌یه)ت چۆن لێکدایه‌وه؟ ، ده‌زانی ، ئه‌و کاته‌ی ئه‌و رسته‌یه‌م خوێنده‌وه گوتم : حوکمه‌تی کوردی و هه‌ڵه‌بجه‌ی راپه‌ریو ، زۆرتر له‌و منداڵ و زڕدایکه ده‌چن ، که کاتێک خه‌ڵک و خوێش دیاربن ، زڕدایک ده‌بێته فاتیمه‌ی زه‌هرا ! و که که‌سیش دیارنه‌ما با زارۆک له ده‌ردی بێ‌دایکی و بێ خزمه‌تکاریی خۆیدا بتڵیته‌وه ! . کاتێک کچۆڵه‌یه‌کی چوارده‌ساڵه بێژێت : مۆنۆمێت به‌ڵای گیانمانه ، ئه‌وه نیشانه‌ی وه‌ده‌رکه‌وتنی ئه‌و ئازاره‌یه که زارۆک له کاتی فرمێسک رشتنی تیمساحییانه‌ی زردایکدا ده‌یچیژێت . حوکمه‌تی کوردی ، ئه‌گه‌ر گیرفانی هه‌ڵسوڕێنه‌ره گه‌وره‌کانی پرده‌کا ، ئه‌گه‌ر له کاتێکدا خه‌ڵک بێکاره‌با و سووته‌مه‌نین خه‌مێکی زۆر جددییان لێناخوا ، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر پرۆژه‌یه‌کی چوکه‌ڵه به پاره‌ی گه‌ل دنیایه‌ک تڕومنه‌ت له ته‌له‌فزوێن و میدیاکانییه‌وه به‌سه‌ر خه‌ڵکدا ده‌کات،ئه‌وه ده‌بێ چاوه‌ڕوانی رابوونی نه‌ته‌وه‌یه‌کیش بکا ، که هێشتا برینه به سوێکانی ته‌قینه‌وه به رووی زۆرداره‌کانی دیکه‌دا به جه‌سته‌وه‌یه‌وه قه‌تماغه‌ی نه‌به‌ستووه .
.خاوه‌نشکۆکان ... ئه‌گه‌ر خزمه‌تکار نین ، هاوڵاتیکوژیش مه‌بن !.
|
نووسه‌ر
Hemn له Saturday, March 18, 2006
( بۆچوونی تۆ )
(0)
|
| |
Thursday, January 12, 2006
|
ده بێ که ی بتبینمه وه ؟
|
چوارساڵ ده‌بێ سۆرانم نه‌دیوه ، دوایین جار که دیتم ، ئێواره‌یه‌کی دره‌نگی کۆتاییی هاوین بوو ، ئه‌و ئێواره‌یه ، ئێواره‌ی به‌ر له سه‌فه‌رکردنم بوو بۆ کیشوه‌ری ته‌نهاییه‌کان، ئێواره‌یه‌ک بوو که ده‌بوایه تێیدا هه‌م گه‌ردنئازایی له چه‌ند که‌سێکی نزیکم بخوازم و هه‌میش به‌و شاره‌ی باوه‌شی میهره‌بانانه‌ی بۆ خستنه‌ڕووی هه‌وڵه‌کانم کردبۆوه بێژم : شاره میواندۆسته‌که .. کاتێک لێره که‌س تێکنا‌گا ، لێم زویر مه‌به که ناچاربم به‌جێتبێڵم ! .
* * *
یه‌که‌مین جار که سۆرانم دیت ، چه‌ند مانگێک دوای راپه‌رین بوو ، ئه‌وکات زارۆکێکی له په‌ناهه‌نده‌یی گه‌ڕاوه بووم و قه‌زای سدیق یش یه‌که‌مین شار بوو ، که له جیاتیی عه‌سکه‌ر و پاسدار ، ده‌مدیت پێشمه‌رگه حوکمی تێداده‌که‌ن . وه‌بیرمه ماڵمان له ناو لۆرییه‌کدا بوو و به نێوشاردا تێده‌په‌ڕین ، کاتێک دوکان و بازاڕه ته‌نه‌که‌یی و زۆر دواکه‌وتووه‌کانی قه‌زای سدیق م دیت ، له باوکم پرسی : ئه‌رێ باوکه .. کوردستان هه‌موو شوێنێکی ئاوا ناخۆشه ؟! ، ئه‌ویش پێکه‌نی و گوتی : نا کوڕم ، کوردستان وڵاتێکی خۆشه ! .
* * *
چه‌ند ساڵێک دواتر ، ئه‌و شاره‌ی که جاران پێمناخۆشبوو ، بوو به نشینگه‌ی خۆم و خانه‌واده‌که‌م و شوێنێک که هه‌م یه‌که‌مین هه‌وڵی نووسینمم تێداخسته‌ڕوو و هه‌میش تامی یه‌که‌مین بوغزاندن و تۆراندنم له‌سه‌ر نووسین ، تێداچه‌شت . ئه‌گه‌ر سۆران بۆ هێندێک که‌س ، ته‌نێ نوایه‌ک بووبێ بۆ په‌ناوه‌به‌رهێنان له کاتی لێقه‌وماندا ، ئه‌وه بۆ من له‌وه واوه‌تر بوو و ئه‌و شوێنه‌بوو که تێیدا خۆم وه‌ک مرۆڤ ناسی و زانیم وه‌ک رۆڵه‌ی گه‌لێکی مافویستیش ، ئه‌رکی سه‌رشانم چییه ؟ .
* * * سۆران شاری فه‌رهه‌نگ و په‌روه‌رده جیاوازه‌کانه ، شارێک که هه‌م کاریگه‌ره به فه‌رهه‌نگی ئێرانی و هه‌م مۆزیکی تورکیی تێدا لێده‌درێ و هه‌میش له رێگای کتێبه‌کانی قوتابخانه‌وه ، مێژووی نیشتمانی عاره‌بیی تێدا ده‌خوێندرێ ! ، ئه‌گه‌ر دانیشتووی ئه‌و شاره نه‌بی و به رێکه‌وت رێت له‌وێ بکه‌وێ ، سه‌رت له‌و پێکهاته هارمۆنیکه‌ی زاراخافتنه‌کان سووڕده‌مێنێ ، که سۆران له خۆیدا هه‌مبێزی کردووه . له‌وێ ده‌شێت خانه‌خوێکه‌ت به زاراخاوتنه باڵه‌کانه شیرینه‌که‌ی، سه‌دجار پێتبڵێ : به خێر بێی .. سه‌رچاوێ برایێ خۆ ! ، ده‌شکرێت دوکاندارێکی دۆڵه‌مه‌ری ، به لوتفێکی زۆره‌وه بێژێ : ما پاره چییه ؟ .. حه‌ز ئێکه‌ی پاره‌ی هه‌ر مه‌ده ! .
* * * خه‌ڵکی سۆران حه‌زێکی سه‌یریان بۆ ئیش ده‌گه‌ڵکردن و نێزیکبوونه‌وه له ماسمێدیا هه‌یه ، بۆیه‌ش له ماوه‌ی چه‌ندساڵی رابردوودا هه‌م له نێو شاری خۆیان و هه‌میش له‌سه‌رئاستی کوردستان ، زۆر رۆژنامه‌ڤان و نڤیسه‌ری چه‌له‌نگیان تێدا هه‌ڵکه‌وتووه . دوایین جار که سۆرانم به‌جێهێشت ، نه هه‌فتینامه و گۆڤاری مانگانه‌ی تێدا ده‌رده‌چوو ، نه کردنه‌وه‌ی کافێی ئینته‌رنێتیش باسی هه‌بوو ، ئێستا دوای چوارساڵ ، ده‌بیستم ئه‌وانه‌ی هه‌موو تێدا په‌یدابوون ، بۆیه‌ش زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ک ده‌که‌م و له ژێر لێوه‌وه ده‌ڵێم : نوخشه‌بێت له کتێبخانه‌یه‌کی گشتی و شتی تریش ! .
* * *
چوارساڵ پێش ئێستا سۆرانم به جێهێشت ، ئه‌وێ رۆژێ که خه‌ونم به ( به‌هه‌شتی مافی مرۆڤ تێداپارێزراو) ه‌وه ده‌بینی ، به حه‌سره‌ته‌وه ده‌مگوت : ئای نیشتمان .. ده‌بێ که‌ی به‌جێتبێڵم ؟ ، ئێستا دوای چوارساڵ ، کاتێک بۆمده‌رکه‌وتووه ، مافی مرۆڤ وه‌ک هه‌رکاڵایه‌کی بازرگانیی دیکه ، ده‌کرێ له هه‌ڕاجخانه‌کانی ئه‌وروپادا مامه‌ڵه‌ی له‌سه‌ربکرێ ، سه‌رله‌نوێ روویتێده‌که‌مه‌وه و ده‌ڵێم : ئای نیشتمان .. ده‌بێ که‌ی بتبینمه‌وه ؟. ...................................................................................................... * ئه‌م نووسینه له‌سه‌رداوای سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری ( کۆوار) که مانگانه‌یه‌کی رووناکبیرییه و له ( شاری سۆران ) ی باشووری کوردستان ده‌رده‌چێت ، نووسراوه و لێره‌دا ته‌نێ بۆ ئارشیڤکردن دانراوه‌ته‌وه .
|
نووسه‌ر
Hemn له Thursday, January 12, 2006
( بۆچوونی تۆ )
(1)
|
| |
Friday, December 16, 2005
|
چاره ی ئه م گرێ ده روونییه چییه ؟
|
ئێواره‌ی دوایه‌مین رۆژی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی ئێراق ، کۆمه‌ڵێک هاوڕێی دانیشتووی هۆڵه‌ند م ته‌له‌فۆنیان بۆ کردم و داوایانکرد که له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ئوترێختم ، شوێنی ده‌نگدانیان پێشانده‌م ، ئه‌زیش ده‌گه‌ڵیان چووم و له ده‌رێ چاوه‌ڕوانم کردن تا له ده‌نگدان بێنه‌وه .. ئه‌وان چوونه ژورێ ، منیش بۆ چاوه‌ڕوانکردن ، له نزیک ئاپۆرای ئه‌و خه‌ڵکه وه‌ستام که هوتافیان ده‌کێشان و به ئاڵا گه‌وره و پۆسته‌ره ره‌نگاوره‌نگه‌کانیانه‌وه ، وه‌ک بازاڕی له‌نگه‌فرۆشان ، بانگه‌شه‌ی چاکتربوون و هه‌رزانیویستیی لیسته‌کانیان ده‌کرد ! . به‌ڵام پێده‌چوو ئه‌و بانگه‌شانه ، یه‌کدی تووڕه‌کردنێکیشی به‌دوادا بێت .
* * *
سه‌ره‌تای یه‌کتر تووڕه‌کردنه‌که له‌و ده‌سته‌لاوه‌وه ده‌ستیپێکرد که به ئاڵایه‌کی شینی مانگ و ئه‌ستێره له‌سه‌رنه‌خشاو ، هاواریان ده‌کرد : - یاشاسن تورکومان ( 1). دوای وان ، له‌وبه‌ره‌وه ده‌سته‌یه‌ک گه‌نج به ئاڵایه‌کی کوردستانه‌وه و به قامکڕاوه‌شاندن ده‌یانگوت : بژی کوردستان .. بژی پارتی ، په‌که‌که !!. به دوای وان‌دا ، پۆلێک کوڕی گه‌نج و کچی له‌چکبه‌سه‌ر ، به ئاڵایه‌کی ئێراقیی ئه‌ڵڵاهوئه‌کبه‌ر له‌سه‌رنه‌خشاو و وێنه‌یه‌کی ئایه‌توڵلا ئه‌لحه‌کیم و چه‌ند په‌رچه‌مێکی ( یا حوسێن ) تێدا نووسراو ، هاتن و وه‌ک مه‌راسیمی یادکردنه‌وه‌ی حه‌سه‌نی به غه‌درکوژراو ، ده‌ستیان به‌ره‌و له‌شکره‌که‌ی به‌رامبه‌ریان که کورد بوون ڕاداشت و هاواریان کرد : لبیک یا عراق .. لبیک یا عرب (2) .
* * *
پۆلیسی هۆڵه‌ندی ، له لێواری شۆسته که ، به‌ده‌م ئاماده‌باشییه‌وه راوه‌ستابوون ، ئه‌وان پێنه‌ده‌چوو چاوه‌ڕوانی شتێکی ترسناک بکه‌ن ، چونکه وه‌ک دیاربوو ، هوتافکێشانه‌کان ، زۆرتر له هوتافی کێبڕکێ و شه‌ڕه‌په‌ڕۆی هه‌ڵبژاردن ده‌چوون ، به‌ڵام له راستیدا ئه‌وان له بیریانکردبوو که تێکه‌ڵبوونی له‌شکری تورکمان و شیعان و راوه‌ستانیان به‌رامبه‌ر کوردان ، زۆرتر له‌وه‌ی کێبڕکێی هه‌ڵبژاردن بێت ، وێکهه‌ڵنه‌کردن و یه‌کدیقبوڵنه‌کردنێکی دیرۆکییه ..
* * *
پاش ئه‌وه‌ی عاره‌ب ئاڵای ئێراقییان راوه‌شاند ، کورده‌کان به ئاڵای کوردستانه‌وه هاتنه پێشێ و ده‌ستیانکرد به هاوارکردن : ئای له‌ڤ ی‌و بووش .. ئای له‌ڤ ی‌و ئامریکان (3) ، ئیدی پێده‌چوو لێکنزیکبوونه‌وه‌که گه‌یشتبێته راده‌ی پێکهه‌ڵپژان ، پێکهه‌ڵپژانێک که زۆرتر شه‌ڕه‌شیری زه‌مانی کافر و موسوڵمانانت وه‌بیربێنێته‌وه و کۆتاییه‌که‌ی به سه‌رشکان و شه‌ل و سه‌قه‌ت بوونی چه‌ند جه‌نگاوه‌رێکی هه‌ردوولا ته‌واو بێت ! ، بۆیه‌ش پۆلیس هاتنه نێوه‌ندی ئاپۆراکه‌وه و به هۆی دروستکردنی دیوارێکی مرۆییانه‌وه ، رێگه‌یان له هه‌ڵایسانی ئه‌و شه‌ڕه ته‌قلیدییه گرت ! .
* * * ئه‌ز له پشت له‌شکری عاره‌ب و تورکمانانه‌وه راوه‌ستابووم ، کۆمه‌ڵێک گه‌نجی تووڕه‌ی عاره‌ب ، هاتنه ته‌نیشتمه‌وه و که‌وتنه قسه‌کردن ، یه‌کێکیان ده‌یگوت : ئه‌و کوردانه ، سه‌د ساڵی دیکه‌ش تێپه‌ڕێت ، ناتوانن عاره‌بیان خۆشبوێن ، ئه‌وانه گرێی ده‌روونیان هه‌یه ! ، ئه‌وانی دیکه‌ش به سه‌رڕاوه‌شاندنه‌وه ده‌یانگووت : زۆر راسته .. زۆر راسته ! .
* * *
کاتێک هاوڕێکانم هاتنه‌وه ، ورده‌ورده به‌ره‌و ماڵ گه‌ڕاینه‌وه ، ئه‌وان له بیری ئه‌وه‌دا بوون که هاوپه‌یمانێتیی کوردستان چه‌ند کورسیی پێویسته تا له پارله‌مێنتی ئێراقێدا خاوه‌نی قسه‌ی یه‌کلاکه‌ره‌وه بێت ؟ ، ئه‌زیش له بیری ئه‌وه‌دا بووم که کورد دوای ئه‌و سه‌د ساڵه‌ی که گه‌نجه عاره‌به‌که باسیکرد ، ده‌بێ چه‌ند ساڵی دیکه‌ی پێویست بێت تا گرێی ده‌روونیی ( سه‌ربه‌خۆییخوازی و وڵاتپارێزی ) چاره‌سه‌ربکات و به بێده‌نگی و بێ کێشه ، له بنده‌ستی برا داگیرکه‌ره‌کانیدا بژیت ؟!! .
----------------------------------------------------------------------------
(1) بژی تورکمان . (2) بۆت بمرم ئێراق .. بۆت بمرم عاره‌ب . (3) خۆشمده‌وێی بووش .. خۆشمده‌وێی ئه‌مریکا .
|
نووسه‌ر
Hemn له Friday, December 16, 2005
( بۆچوونی تۆ )
(0)
|
| |
Wednesday, October 05, 2005
|
فه رهه نگ و تارمایی
|
هاوبیری هێژا ( هاوڕێ باخه‌وان ) که خاوه‌نی ماڵپه‌ری باخه‌وان و ئاماده‌کاری پرۆگرامی هاورێنامه یه ، ماوه‌یه‌کی زۆره سه‌رقاڵی پرۆژه‌یه‌کی جوانه بۆ دامه‌زراندنی وشه‌دان ( فه‌رهه‌نگ ) ێکی کوردی به زمانه‌کانی دیکه ، به شێوه‌یه‌کی ئۆنلاین . ئه‌و پرۆژه‌یه ئێستا له چوارچێوه‌ی ماڵپه‌رێکی جوان و ئاسان بۆ ده‌کاربردن ، درێژه‌ی پێده‌درێ . ئه‌گه‌ر تۆش یه‌کێک له زمانه‌کانی دنیایێ ( به کوردیشه‌وه ) ده‌زانیت و حه‌زده‌که‌یت له دامه‌زراندنی ئه‌و وشه‌دانه ئۆنلاینه‌دا پشکی هاوکاریکارانه‌ت پێببڕێ ، له رێگه‌ی خودی مالپه‌ڕه‌که‌و هاورێ باخه‌وانه‌وه ، یانیش به هۆی مایل ئه‌دره‌سی منه‌وه ، ده‌توانیت داوای پێدانی ناوی کاربه‌ری و پاسوۆرد بکه‌یت . ................................................ پێده‌چێ پاش زۆرتر له چوارده‌ساڵ ، ئه‌زمونداری له به‌رێوه‌بردن و موماره‌سه‌کردنی ژیانی دێمۆکراسی ، تازه به تازه روناکبیران و خه‌ڵکی ناقایل ، هه‌وڵبده‌ن به‌رهه‌ڵستکاریی مه‌ده‌نییانه‌ی که‌موکوڕی و گه‌نده‌ڵییه‌کان بکه‌ن ، ئه‌ویش له رێگه‌ی سازدانی خۆپێشاندان وجڤینه جه‌ماوه‌رییه‌کانه‌وه . نه‌به‌ز گۆران که نووسه‌رێکی ناڕازیی باشوری کوردستانه ، ئه‌و رۆژانه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک که‌سی دیکه‌دا ، گروپی تارماییان دامه‌زرادووه و ده‌یانه‌وێت له رێگه‌ی ئه‌و گروپه‌وه په‌ره به چالاکیی خۆپیشانده‌رانه بده‌ن . یه‌که‌مین ده‌نگیش که له‌و گروپه‌وه بیستراوه ، ئه‌و نووسینه‌یه که نه‌به‌ز له رۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا نووسیویه‌تی . |
نووسه‌ر
Hemn له Wednesday, October 05, 2005
( بۆچوونی تۆ )
(0)
|
| |
Sunday, September 18, 2005
|
بۆ مه رگی له ناکاوی ئازاژنێک
|
بۆ مه‌رگی له ناکاوی ( مه‌رزیه فه‌ریقی ) .. دوو دڵۆپ فرمێسک و هه‌نسکدانێک زیاترم نییه ..
**** ئارام بنوو ، ئه‌ی ئازاژنه‌که‌ی کورد .. خه‌وت ئاسووده‌بێ ، ئه‌ی شه‌نگه بێرییه له تاراوگه‌دا نازنه‌دیوه‌که………… ئێمه‌ش ته‌نیا فرمێسکت بۆ ده‌ڕێژین و ئه‌وه ئازارمانده‌دا که خه‌ونه گه‌وره‌که‌ت، که ( سه‌رخۆبوون و یه‌کێتیی وڵاتێکی شه‌قارشه‌قارکراو بوو ) نه‌هاته‌دی ****.
* * *
سه‌ره‌خۆشی له هه‌موو کوردان و به تایبه‌تیش له هونه‌رمه‌ند ( ناسر ره‌زازی ) ی هاوسه‌ری ( مه‌رزیه ) ی ره‌وانشاد ده‌که‌م .
|
نووسه‌ر
Hemn له Sunday, September 18, 2005
( بۆچوونی تۆ )
(0)
|
| |
Monday, September 12, 2005
|
بۆ بێده نگم ؟
|
خوێنه‌رگه‌لێکی زۆر نامه‌یان بۆ نووسیوم و پرسیویانه : دوو هه‌فته‌یه بێده‌نگی ، بۆ ناتبیستین ؟ .. وه‌ڵامی منیش ئاوایه :
سه‌رقاڵی کاتێکی وای بۆ نه‌هێشتوومه‌ته‌وه ، بۆیه‌ش ناچارم ماوه‌یه‌ک بێده‌نگ بم . ره‌نگه جارجاره به دانانی لینکێک یانیش نووسینێکی رۆژنامه‌ڤانی بێمه‌وه لاتان ، وه‌لێ پێناچێ به‌و زووانه بتوانم وه‌ک پێشێ به‌به‌رده‌وامی و هه‌موو رۆژێکی سێشه‌ممه نووسینێکی نوێتان پێشکه‌شکه‌م.. .....
ئه‌گه‌ر تا ئێستا لوتفت کردووه و خوێنه‌ری به‌رده‌وامی ئه‌و وێبلاگه بوویت ، له که‌مێک سارد و سڕیی ئه‌و ماوه‌یه‌ی ئێره دڵگران مه‌به و زوو زوو وه‌ره سه‌رێکی پێدابکه ، ره‌نگه به فۆرمێکی نوێ و به شێوازێکی باشتر بێمه‌وه خزمه‌تتان .
......
دڵنیابن خوێنه‌ری به‌رده‌وامی هاوسێ ئه‌له‌کترۆنییه‌کانم ده‌بم و وێبلاگه‌کانیان به بایه‌خه‌وه سه‌یرده‌که‌م ، بۆیه وامه‌زانن که بێده‌نگیم نیشانه‌ی دابڕانمه له بلاگئاوا ..
|
نووسه‌ر
Hemn له Monday, September 12, 2005
( بۆچوونی تۆ )
(0)
|
| |
Monday, August 29, 2005
|
کۆلا خواردنه وه حه رامه !
|
ناسیاوه‌که‌م ، که پیاوێکی نوێژکه‌ری دژه (جوله‌که و کریستیان ) ی ئه‌وروپانشینه و هه‌رگاڤ ده‌بێژێت : خوایه ، ته‌ختی کافران وه‌رگێڕی ، پێمده‌ڵێ : ( کۆکا کۆلا) ناخۆمه‌وه ، هه‌رچه‌نده زۆریشم حه‌زلێیه ، به‌ڵام خۆم تووشی گوناهان ناکه‌م ! ، لێیده‌پرسم : مه‌گه‌ر کۆلا خواردنه‌وه گوناهه ؟! ، سه‌رڕاده‌وه‌شێنێ و ده‌ڵێت : برای من .. نازانی پاره سه‌رفکردن له شتێکدا که دژی موسوڵمانان به‌کاربێت ، چه‌ند گوناهه ؟! ، پێکه‌نین ده‌مگرێ ، به‌ڵام دان به‌خۆمداده‌گرم و ده‌پرسمه‌وه : ده‌کرێ بزانم ( کۆکا کۆلا ) و ( موسوڵمان ) له کوێ بوونه‌ته ئاشنا و که‌نگێش بوونه‌ته دوژمن ؟! ، به له‌سه‌رخۆیی ده‌ڵێت : سبه‌ینێ کاغه‌زێکت بۆ دێنم ، هه‌موو شتێکی تێدایه .
* * *
رۆژی دواتر ، ناسیاوه ئیمانداره‌که‌م ، کاغه‌زێکی ره‌ش و سپیی ته‌واو گه‌چڵاوم له‌پێشداده‌نێ و ده‌ڵێت : فه‌رموو وه‌یخوێنه ، ئه‌وجا ده‌زانی لۆ واده‌رێم ! . کاغه‌زه‌که ، به عاره‌بییه‌کی فه‌سیح و به زوبانێکی مه‌لیح ، تێیدا نووسراوه : هه‌رکه‌سێک موسوڵمان بێت ، کۆکا کۆلا ناخواته‌وه ، چونکه ئه‌گه‌ر مارکه‌ی سه‌ر قوتووه‌کانی به ئاوه‌ژوویی ته‌ماشابکه‌ی ، ده‌بێته ( لا محمد ، لا مکه ) ! . تۆزێک تێیه‌وه‌ڕاده‌مێنم ، ده‌بینم زۆر له راستی ده‌چێت ، بۆیه‌ش ده‌ڵێم : درۆیه‌کی جوان و ورده‌کاریتێداکراوه ، به‌ڵام ناسیاوه‌که‌م تووڕه‌ده‌بێ و به بێتاقه‌تییه‌وه ده‌ڵێت : کاکه وامه‌ڵێ .. با تووشی غه‌زه‌بی ئیلاهی نه‌بین ! .
* * * ئه‌و رۆژانه ، دوور له هه‌واڵی بێنه و به‌رده‌ی ده‌ستوورداڕشتن و گوێخه‌واندوو له هاوار و ناڕه‌زاییی عاره‌به سوننه به زۆر خۆبه هاونیشتمانیکردووه‌کانمان و چاونووقاندووش له‌و به‌ره‌وپاشگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ی له ده‌ستووری ئێراقێدا سه‌باره‌ت به مافی کوردان و مه‌سه‌له‌ی ژنان ده‌بینرێ ، خۆم به کتێبخانه‌ی ناوه‌ندیی شاری ئوترێختدا کرد . له‌وێ ده‌مه‌ویست پرۆگرامی به‌ناوبانگی- هاووڵاتیی جیهانی – (1) ، که بۆ به‌هێزکردن و فێربوونی زمانی ئینگلیزییه بدۆزمه‌وه ، وه‌لێ چاوم په‌رژایه سه‌ر ناونیشانێکی دیکه ، که نه‌ده‌کرا به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕم : ( چیرۆکی سه‌رکه‌وتنی په‌نجا مارکه‌ی جیهانی ) ، له‌و کتێبه‌دا به پوختی سه‌رگوزه‌شته‌ی دامه‌زراندن و نهێنییه‌کانی سه‌رکه‌وتنی مارکه‌گه‌لی وه‌ک ( تۆیۆتا ، مایکرۆسۆفت ، ماکدۆناڵد ، ئای بی ئێم و .... هتد ) روونکرابۆوه ، له هه‌مووشی سه‌رنجراکێشتر ، باسێکی تێروته‌سه‌لی ده‌رباره‌ی ( کۆکا کۆلا ) تێدا بوو .
* * *
به پێی ئه‌و کتێبه ، ئه‌و ( کۆکا کۆلا ) یه‌ی ئێستا ده‌ستاوده‌ستده‌کا و چه‌ند وڵاتێکی دنیاش بۆ دژایه‌تیکردنی ئامریکا ، فرۆشتنییان یاساغ کردووه ، له ساڵی 1886ی زایینی ، ده‌رمانسازێکی ئامریکایی ، به نێوی (جۆن پێمبه‌رتۆن ) ، وه‌ک چاره‌سه‌رێک بۆ نه‌خۆشییه‌کانی گه‌ده و وه‌ک ده‌رمانێکی یارمه‌تیده‌ر بۆ ئاسانتر هه‌رسکردنی خۆراک ،دۆزیویه‌ته‌وه . ئه‌و ده‌رمانسازه ، حه‌وت جۆره ده‌رمانی گیاییی له ئافریکا و ئامریکای باشوره‌وه هێناوه ، که ده‌نێویاندا ، دوو ده‌رمان ناویان ( کۆکا ) و ( کۆلا ) یه ! . که‌واته ، ئه‌و ( کۆکا کۆلا ) یه‌ی له ده‌رمانێکی نێو ده‌رمانخانه‌کانه‌وه هاتۆته ناو بازاڕ و بۆته خواردنه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری ، نه ناولێنانی و نه مه‌به‌ستی به‌رهه‌مهێنانیشی ، هیچ پێوه‌ندییه‌کی به ( لا محمد ، لا مکه ) وه نییه و ئه‌وه‌ی واشیگوتووه ، درۆی هه‌ڵبه‌ستووه.
* * *
له رۆژاوا ، به زه‌قی هه‌ست به که‌مزانیاریی کورده موسوڵمانه‌کان سه‌باره‌ت به ئایینه‌که‌یان ده‌کرێت ، زۆر جار تووشی دۆستی وابووم که ئاماده نه‌بووه بچێته ماکدۆناڵد نانبخوات ، چونکه به بڕوای وی: پاره‌ی ماکدۆناڵد ، ده‌ڕواته‌وه بۆ ده‌وڵه‌ته کافره‌کان و موسوڵمانی پێده‌کوژرێن ، به‌ڵام به شانازییه‌وه چووه‌ته رێستورانتێکی تورکی و به کڕینی دۆنه‌رێک ، بێئه‌وه‌ی بزانێت ، هاوکاریی به‌هێزبوونی ئابووریی ده‌وڵه‌تێکی کردووه ، که تا ئێستاش کوردان قه‌تڵوعامده‌کا و ئینکاریکردوون ! . مخابن ئه‌و که‌مزانیاری و خۆشباوه‌ڕییه ، ماکێکی قوڵی له نێوماندا هه‌یه و زۆریشی وه‌پاشخستووین .
(1)citiezen of the world / pc programma
|
نووسه‌ر
Hemn له Monday, August 29, 2005
( بۆچوونی تۆ )
(0)
|
| |
Tuesday, August 23, 2005
|
پیاوی ریلاکس
|
به‌رێز کۆهێن ، ته‌مه‌نی له کوڕێکی بیست ساڵه ده‌چێ ، به‌ڵام بۆخۆیده‌ڵێ : سی و سێ ساڵم و کچۆڵه‌یه‌کیشم هه‌یه ، ئه‌و جگه‌ره‌کێشێکی بێڕه‌زا و که‌مدوێیه‌کی بێئۆقره‌یه، هه‌میشه‌ش که لێیده‌پرسم : چۆنی ؟ ، بێئه‌وه‌ی ده‌موچاوی تێکنێ ، یان پێبکه‌نێ ، ده‌ڵێت : ریلاکس .... (1) . پێیده‌ڵێم : سه‌یره له‌و دنیا پڕ له ئازاره‌دا ، ده‌توانی ریلاکست هه‌بێ ، بزه‌یه‌ک ده‌کا و ده‌ڵێت : شه‌ڕی نائارامییه‌کان ، به ریلاکس ده‌کرێ .
* * * به‌رێز کۆهێن ، تێکه‌ڵه‌یه‌کی فه‌رهه‌نگییه ، باوکی ، جاران خه‌ڵکی یه‌مه‌ن بووه ، به‌ڵام دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی جوله‌کان ، بۆته ئیسرائیلی ، دایکیشی سوێدییه و له‌به‌رئه‌وه‌ی له زووه‌وه چۆته ئامریکا ، ئێستا به ئینگلیزی قسانده‌کا و به‌هێزترین پاسپۆرتی دنیای ده‌باخه‌ڵدایه . بۆخۆیشی هه‌رچه‌نده له ئیسرائیل له دایکبووه ، به‌ڵام زۆر چکۆله‌بووه که ئه‌و وڵاته‌ی به‌جێهێشتووه و پاش چوونه ئیسپانیا و فه‌ره‌نسا و به‌رازیل وشاری جیهانیی نیویۆرک ، ئێستا خه‌ڵکی هۆڵه‌نده و چووه دژی ده‌ستووری ئه‌وروپی و ئه‌وانه‌ی به‌قه‌ولی وی ( بازرگانانی دێموکراسین ) ، ده‌نگیداوه . ئه‌و زۆر تووڕه‌ده‌بێ که به - به‌رێز کۆهێن – بانگیده‌که‌م و هه‌موو جارێ ده‌ڵێت : نێوم( رۆنێن) ه ، تکاده‌که‌م هێنده ره‌سمی مه‌به ، ئه‌زیش سه‌ری بۆ راده‌وه‌شێنم و ده‌ڵێم : ده‌زانم ، به‌ڵام له کولتوری مندا ، ناکرێ که‌سێکی له‌خۆم به‌ته‌مه‌نتر ، به نێوی چکۆله بانگ بکه‌م ؛( رۆنێن) که‌مێک داده‌مێنێ وده‌ڵێت : چه‌ند کولتورێکی به‌ڕێزتان هه‌یه ! ، یه‌کسه‌ر ده‌ڵێمه‌وه : وایه .. به‌ڵام هه‌ندێجار ئه‌و به‌ڕێزییه سه‌ر‌ئێشه‌یه ! .
* * *
به‌رێز کۆهێن ، باسی ئیسرائیل ده‌کات ، ئه‌و پێیوایه که هاوژیانی ده‌گه‌ڵ عاره‌بان زه‌حمه‌ته ، بۆیه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا دروستکردنی ده‌وڵه‌تی جوله‌کان، له ته‌نیشت وڵاته عاره‌بییه‌کان ، به هه‌ڵه‌ی گه‌وره ناوده‌با ، ئه‌و ده‌ڵێت : له ئیسرائیل فره کولتوری زاڵه ، دێموکراسی ئاشنایه و خۆشگوزه‌رانیش هه‌ستپێکراوه ، به‌ڵام که عاره‌بێکی ناباوه‌ڕمه‌ند به فره‌کولتوری و نائاشنا به دێموکراسی و خۆشگوزه‌رانی نه‌ناس ، دێت وله پاسێکدا له نێوه‌ڕاستی تێلئه‌ڤیڤ خۆیده‌ته‌قێنێته‌وه ، ئیدی خه‌ڵکی ئیسرائیل وه‌ک شانه‌ی هه‌نگ بڵاوده‌بن و دێموکراسییه‌ت و هه‌موو شته‌جوانه‌کانیان له بیرده‌چێته‌وه ، ئه‌و ده‌ڵێت : له قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کانی ئیسرائیل‌دا ، زمانی عاره‌بی ده‌خوێندرێ ، له کنێست (2) دا په‌رله‌مانتاری عاره‌ب هه‌ن ، تابلۆکانی هاتووچۆ و دوکانداره‌کان و به‌رهه‌مه پیشه‌سازییه‌کان ،هه‌موویان به زمانی عیبری و عاره‌بی ده‌نووسرێن ، له هه‌ر ده ئیسرائیلییه‌ک ، نۆیان به چاکی به عاره‌بی قسانده‌که‌ن ، که‌چی هه‌رواش ئیسرائیلی و عاره‌ب لێک تێناگه‌ن !! .
* * * به‌رێزکۆهێن ، سه‌باره‌ت به کوردستان پرسیارانده‌کا ، باسی باشوری کوردستانی بۆده‌که‌م ، پێیده‌ڵێم : ئه‌زیش هاوژیانیم ده‌گه‌ڵ عاره‌بان پێزه‌حمه‌ته ، به‌ڵام ره‌وشی خۆشمانم پێ له‌وان چاتر نییه ، له وڵاتی من نه فره‌ده‌نگی زاڵه ، نه دێموکراسیی راستینه ئاشنایه و نه حوکمه‌تیش زۆر به خۆشگوزه‌رانیی هاووڵاتییانه‌وه به‌خه‌مه . بۆیه‌ش که عاره‌بێکی ناباوه‌ڕمه‌ند به فره‌ده‌نگی و نائاشنا به دێموکراسی و خۆشگوزه‌رانی نه‌ناس، نایه‌ت خۆی له پاسێکدا ، له نێوه‌ڕاستی هه‌ولێر بته‌قێنێته‌وه ، ئه‌وه بۆیه نایکات ، چونکه هاوزمانه‌کانی خۆم له جیاتیی وی ده‌یکه‌ن و که رۆژنامه‌نووسانیش قسه‌یه‌کیان کرد ، هه‌ر حوکمه‌ته‌که‌ی خۆم قڕوقه‌پیان پێده‌کا. له وڵاتی مندا ، هه‌ر له قوتابخانه سه‌ره‌تاییه‌کانه‌وه، وانه‌ی تووند و تیژی خوڵقێن ده‌خوێندرێ ، ئه‌وانه‌ی هه‌ڵگری ئایدیای توندوتیژویستن ده‌بنه ئه‌ندامی په‌رله‌مان و له ته‌له‌فزوێن و له‌سه‌ر شه‌قام و له ئۆفێسی وه‌زیر و وه‌زیرزاده‌کانیشدا، توندوتیژی ساده‌ترین دیارده‌یه که ده‌یبینیت . بۆیه‌ش ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر ده‌کوردێک بپرسیت : کێ هانی توندوتیژی ده‌دات ؟ ، ئه‌وه نۆیان پێتده‌ڵێن : ئێمه و حوکمه‌ت و ئیرهابی و توندوتیژویسته‌کان!! .
* * *
به‌رێز کۆهێن ده‌ڵێت : هه‌وڵده‌ده‌م پاره‌ی کڕینی به‌له‌مێک و دوکانێکی چکۆله‌ی ماسیفرۆشتن کۆبکه‌مه‌وه و بچم له کوبا ، له قه‌راغ ده‌ریایه‌ک ، ژیانێکی ساده‌ی پڕ له ریلاکس بژیم ، لێمده‌پرسێ : تۆ ده‌ته‌وێ چی بکه‌ی ؟ ، پێیده‌ڵێم : خوێندنم ته‌واوده‌که‌م ، دوایێ ڕه‌نگه چاوه‌ڕێی ئه‌وه بکه‌م که پارچه‌یه‌ک زه‌وی سه‌رخۆبوون وه‌رگرێ و له یوئێن پێیبڵێن : ده‌وڵه‌تی کوردستان ، ئینجا بۆیده‌گه‌ڕێمه‌وه و خزمه‌تیده‌که‌م . سه‌رڕاده‌وه‌شێنێ و ده‌ڵێت : که‌واته تۆ( پیاوی ریلاکس) نیت !! .
................... (1) هێمنیی ده‌روونی (2) په‌ڕله‌مانی ئیسرائیل
|
نووسه‌ر
Hemn له Tuesday, August 23, 2005
( بۆچوونی تۆ )
(0)
|
| |
Monday, August 15, 2005
|
ئاخوند و رۆژنامه نووس
|
سه‌ربورده‌ی ته‌شقه‌ڵه‌کردنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی ئێران به رۆژنامه‌نووسان ، مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه و یه‌کێکه له‌و دۆسییانه‌ی ، به‌رده‌وام به هۆیه‌وه ، ئێران وه‌ک سه‌رکوتکاری مافویستنه مه‌ده‌نییه‌کان ده‌هێنرێته ناساندن ، رێکخراوه‌ی رۆژنامه‌نووسانی بێ‌سنوور ، له ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی خۆیدا ، به فۆنتێکی گه‌وره نووسیویه : ئێران ، گه‌وره‌ترین زیندانی رۆژنامه‌نووسانه له رۆژهه‌ڵاتی نێویندا . هه‌روه‌تر ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ و رێکخراوه‌کانی دیکه‌ی پاراستنی مافی مرۆڤ ، ده‌وڵه‌تی ئێران ، وه‌ک خاوه‌نی ناخاوێنترین مه‌له‌ف له بواری دژایه‌تیکردنی نڤیسکاران و رۆژنامه‌نووسانی راجیاواز ، دێننه ناساندن . ئه‌نجومه‌نه‌کانی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسانی ئێرانیش ، هه‌میشه به ده‌نگی به‌رز داوای ده‌فریا که‌وتنی ئه‌و قه‌ڵه‌مانه ده‌که‌ن ، که ئاخونده‌کان ، ده‌یانه‌وێ به که‌یفی وان بنووسن و بیر بکه‌نه‌وه !. لێ پرسیاری سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه که : ئایا ده‌ستێکی نه‌جاتبه‌خش هه‌یه ، که رۆژنامه‌نووسان له چه‌نگاڵی مه‌لایان رزگار بکات؟!
* * * له‌و دواییانه‌دا ، ئه‌وه‌ی سه‌رنجی دنیای به‌لای ئێران‌دا راکێشا ، دوور له کێشمه‌کێشی په‌ره‌پێدان و په‌ره‌پێنه‌دانی وزه‌ی ئه‌تۆمی، باسێکی تراژیدیی دیکه بوو . رۆژنامه‌نووسێک به‌ر له زۆرتر له پێنج ساڵ ، - له رواڵه‌تدا - به تۆمه‌تی به‌شداریکردن له کۆنفراسێکی ده‌نگه ناڕازییه ئێرانییه‌کان له به‌رلین و - له راستیشدا - به هۆی سه‌رکێشییه رۆژنامه‌ڤانییه‌کانی ، بۆ ئاشکراکردنی ئه‌و ده‌ستانه‌ی له کوشتنی زنجیره‌ییی کۆمه‌ڵێک روناکبیر و چالاککاری فه‌رهه‌نگیدا ئاڵوده بوون و پله‌و پایه‌ی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌تیشیان هه‌یه ، له زیندان تووندکرا . ئه‌وێڕۆژێ ، دنیا ئه‌و رووداوه‌ی وه‌ک به‌شێک له ململانێی نێوان هێزه ریفۆرمیسته‌کان و موحافه‌زه‌کاره‌کان سه‌یرکرد و زۆر خۆی پێوه به‌خه‌منه‌کرد ، لێ ئیراده‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه بۆ مانه‌وه له سه‌ر هه‌ڵوێسته‌کانی ، وایکرد که ( ئه‌کبه‌ر گه‌نجی ) ببێته ره‌مزی ئابڕووچوونی ده‌وڵه‌تی ئێران و خۆی بخزێنێته نێو هه‌ر قسه‌وباسێکه‌وه که له‌سه‌ر ئاستی جیهانیدا سه‌باره‌ت به‌و وڵاته دێته گۆڕێ .
* * *
ئه‌کبه‌ر گه‌نجی ، زۆرتر له پێنج ساڵی له زیندانێکی هاوشێوه‌ی مه‌حه‌ته‌ی هه‌ولێر دا گوزه‌راندووه ، له‌و پێنج ساڵه‌دا ئه‌وانه‌ی به تۆمه‌تی مرۆڤکوشتن و دزیکردن و سه‌رپێچییه یاساییه‌ناله‌باره‌کانی دیکه گیراون ، ده‌گه‌ڵ ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ی که تاوانه‌که‌ی ته‌نیا قه‌ڵه‌موه‌شێنییه ، هاوزیندان بوون ، ئه‌وان مافی ته‌له‌فۆنکردن و به ئیجازه‌چوونه‌وه بۆ ماڵیان هه‌بووه ، لێ گه‌نجی ئه‌و مافه‌شی وه‌ک پێویست نه‌بووه . ئه‌وان توانیویانه خه‌ون به ده‌رچوون له زیندانه‌وه ببینن ، لێ گه‌نجی – وه‌ک به نووسینه‌کانی نێو زیندانییه‌وه دیاره - نائومێدییه‌کی ته‌واو باڵی به‌سه‌رداکێشاوه . بۆیه‌ش کاتێک وێنه‌ی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه ، به‌ر له زیندانیکردن ده‌بینین ، گه‌نجێکی پڕ له وزه‌مان دێته پێشچاو ، به‌ڵام له دوایین وێنه‌کانیدا ، پێره‌مێردێکی بڕستلێبڕاو ده‌بینین ، که زوڵمی ناتێگه‌یشتووییی ده‌سه‌ڵاتداران ، تووشی دنیایه‌ک نه‌خۆشیی کردووه .
* * * مخابن ئه‌وه‌ی له په‌یامی رۆژنامه‌نووسان تێناگا و واده‌زانێ سه‌رکوتکردن و زیندانیکردن ، توانای بێده‌نگکردنیانی هه‌یه ، ته‌نیا ده‌وڵه‌تی ئێران نییه ، به‌ڵکو به‌شێکی زۆری حوکمه‌ته‌کانی وڵاتانی جیهانی سێ ، ئه‌وه ته‌رزی بیرکردنه‌وه‌یانه . بۆیه‌ش ده‌ڵێم : ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی رۆژنامه‌نووسان له زیندان تووندبکات ، ده‌بێ چاوه‌ڕێی دووباره‌بوونه‌وه‌ی داستانی گه‌نجییه‌کانیش بکات .
* * *
ئه‌وڕۆ یه‌کێتیی ئه‌وروپا ، ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ، رێکخراوه‌کانی پاراستنی مافی مرۆڤ و داکۆکیکارانی ئازادیی رۆژنامه‌نووسان ، به جددی پێ له‌سه‌ر ئازادکردنی گه‌نجی داده‌گرن و ده‌وڵه‌تی ئێرانیش به قووڵی هه‌ستی به‌و گۆبه‌نده کردووه ، که گرتنی رۆژنامه‌ڤانێک به قه‌ڵه‌مێکه‌وه بۆیخوڵقاندووه ، لێ کێشه‌که له‌و شوێنه‌دایه که ئازادکردنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه ، هێنده‌ی له زینداندا هێشتنه‌وه‌ی کێشه‌ی به‌دواوه‌یه و هه‌رچۆنێک بێت ، بووه‌ته ره‌مزی پرسینه‌وه له نادادگه‌رییه‌ک که حوکمی مه‌لاکان و گوێگرتن لێیان له ده‌سه‌ڵاتداریدا هێناویه‌ته ئاراوه . بۆیه ، ئازادکردن یان نه‌کردنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه ، هیچ گۆڕانێکی له‌و نێوزڕانه‌دا پێناکرێ ، که ئێران بۆخۆی دروستیکردووه.
|
نووسه‌ر
Hemn له Monday, August 15, 2005
( بۆچوونی تۆ )
(0)
|
| | |
|